
ئەگەری ڕاپەڕینی پەراوێزنشینانی نوقمی هەژاری و بێبەشی، کابوسی بەرپرسانی ڕێژیم
پەراوێزنشینی بە پانتایی ئێران خەریکە پەرەدەسێنێت. بڵاوکراوە حکومییەکان و هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم ناوبەناو پرسی پەراوێزنشینی دەهێننەگۆڕێ، ئەڵبەت نەک وەک کێشەیەکی کە پێویستی بە چارەسەرکردن هەبێت، بەڵکوو وەک مەترسییەکی کە هەڕەشەیە بۆسەر دەسەڵات و هەندێکجار تەنانەت کۆمەڵێک ئاماریش دەخەنە ڕوو. سەرچاوە حکومییەکان خۆیان لە خستنەڕووی ئاماری ورد لەسەر ڕێژەی دانیشتوانی پەراوێزنشینی وڵات دەبوێرن. خەمڵاندنەکان لە باشترین حاڵەتدا ژمارەی پەراوێزنشینانی ئێران بە ٢٠ ملیۆن کەس لەقەڵەم دەدەن، ژمارەیەکی بەرامبەر بە یەک لەسەر چواری دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە لە پەراوێزی ژیاندا و لە سەرەتاییترین مافی شارۆمەندی بێبەشن. تەنانەت ئامارە فەرمییەکانیش دەریدەخەن کە هەژاری و نەهامەتی ئابووری، بێ ماڵوحاڵی و بێبەشبوون لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، چۆن شارە گەورەکانی ئێرانی گەمارۆداوە. پەراوێزنشینی ئاکام و ئاسەواری نایەکسانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و قووڵبوونەوەی هەرچی زیاتری کەلێنی چینایەتیی و دەرئەنجامی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە و سەروەت و سامانی کۆمەڵگایە لە لایەن تاقمێک سەرمایەدار و چاوچنۆک و مشەخۆرەوە.
پەراوێزنشینان، بریتین لەو هاووڵاتیانەی کە بەهۆی فشاری هەژاری و بێکاری و بێبەشبوون لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و هەروەها وشکەساڵی یەک لە دوای یەک و میکانیزەبوونی هەرچی زیاتری کشتوکاڵەوە، لە گوند و شارۆچکەکانی شوێنی ژیانیان هەڵکەندراون و ڕوویان لە شارە گەورەکان کردووە. ئەم کۆچبەرە ناچاریانە لە پەراوێزی شارەکاندا نیشتەجێ بوون، ئەڵبەت نەک بە ویستی خۆیان، بەڵکوو لەڕووی ناچارییەوە. گەڕەکە پەراوێزنشینەکان زۆتر لەسەر ئەو زەوییە لێژ و هەڵەت و کەم بایەخانەی کە لە دەوروبەری ناوچە ناوەندییەکانی شارەکان هەڵکەوتوون، پەرەدەستێنن. شوێنی نیشتەجێبوونی پەراوێزنشینان، بەپێی توانا و ئیمکاناتێکی سنووردار کە هەیانە، ئەغڵەب لە کەرەستەی ناپایەدار و کەم دەوام و بەزۆری لەلایەن دانیشتووان خۆیانەوە دروست دەکرێن. بەڵام ئەمە تەنیا چیرۆکی کۆچبربوونی گوندنشینان نییە. بەشێک لە پەراوێزنشینان بریتین لەو کرێکارانەی کە بەهۆی بێتوانایی لە دابینکردنی هەزینەی زۆری کرێی خانووبەرە، بەناچار لە ناوەندی شارەکانەوە ڕوویان لە ناوچە پەراوێزەکان کردووە. ئەوان لە زومرەی قوربانیانی سیاسەتە ئابوورییەکان و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری هەزینەی کرێی خانووبەرەن کە بەردوام ڕوو لە زیادبوونن. ئەم بەشە لە هاوڵاتیان بە کردەوە لە مافی شارۆمەندی بێبەش کراون و بەهۆی بە نافەرمی ناوبردنی شوێنەکانی نیشتەجێبوونیان، هیچ یاسایەک نایانگرێتەوە. زۆربەی هەرەزۆری گەڕەکە پەراوێزنشینەکان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی شار لەوانە ڕێگاوبانی قیرتاوکراو، کارەبا و سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆ بەهرەمەند نین.
واتە ئەو گەڕەکانەی کە خاوەنی کوچە و کۆڵانی تەسک و پێچاوپێچن و هیچ ئاسەوارێک لە ناوەندی تەندروستی و پزیشکی و قوتابخانە و فەزای سەوز بوونی نییە. لە هەندێک کۆڵانەکان ئاوەڕۆی ماڵان بە جۆگەلە سەرئاواڵەکاندا دەڕوات، کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تەشەنەکردنی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان لەو گەڕەکانە. ئەو منداڵانەی لەبری باخچەی ساوایان و قوتابخانە لەناو تۆز و خۆڵدا یاری دەکەن، ئەو گەنجە بێکار و بێبەش لە خوێندن و بێ ئاسۆیانەی کە لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و جگەرە دەکێشن، ئەو پیاوە تەمەن مامناوەندانەی کە کەوتوونەتە داوی ماددە هۆشبەرەکان و ئەو ژنانەی کە بەکۆمەڵ لە دەوری یەک لولەی ئاو کۆدەبنەوە و جلە شۆراوەکانیان ئاوکێش دەکەن، تەنیا گۆشەیەکن لە ژیانی پڕ لە چەرمەسەری پەراوێزنشینانی شارێک، دەرد و ڕەنجێکی هاوبەشی کە دانیشتووانەکەی ئازار دەدات. ئەم ناوچانە بەهۆی ئەو بێبەشییانەوە، بوونەتە ناوەندی زیانە کۆمەڵایەتییەکان. بەشێک لە کۆمەڵناسانی چینی دەسەڵاتدار، کێشەی پەراوێزنشینان و بێکاری بەربڵاو لەو گەڕەکانە دەگەڕێننەوە بۆ میرات و کولتووری گوندنشینیی ئەوان، بەڵام ئەم شیکارییە هیچ بنەمایەکی نییە. داتاکان دەریدەخەن کە نەوەی دووەم و سێیەمی پەراوێزنشینانیش بە هۆی دەستڕانەگەیشتن بە ئیمکاناتی ژیانی شار و خوێندن و ڕاهێنانی پیشەیی و هەروەها بەهۆی بوونی ملیۆنان بێکار لە سەرانسەری وڵاتدا، شانسی بەدەستهێنانی هەلی کاریان زۆر کەمە.
ئەم نەوانە لە داوی بێبەشیدا لەدایک دەبن، گەورە دەبن و درێژە بە ژیان دەدەن. بەردەوام وەک فاکتەرێکی دەرەکی و هەڕەشە و وەک کێشەیەک هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت نەک وەک هاوڵاتیانی خاوەن مافی یەکسان. ئەوەی کە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ناچارکردووە باس لە پەرەسەندنی دیاردەی پەراوێزنشینی و بارودۆخی خراپی ئەو توێژە بکەن، نەک لە ڕووی دڵسۆزی یان بەمەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزارییە شارییەکان بۆیان، بەڵکوو لە ترسی ئەگەری چاوەڕوانکراوی سەرهەڵدانی ئاخێز و شۆڕشە جەماوەرییەکانە لەو ناوچانە. بەلەبەرچاوگرتنی پێشینەی مێژوویی خەباتی پەراوێزنشینان، کاربەدەستانی ڕێژیم دەزانن کە ئەگەر چەخماخەی ئەم ناڕەزایەتیانە بە تایبەت لە بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگادا لێبدرێت، ناتوانرێت بە ئاسانی کۆنترۆڵ بکرێت. پەراوێزنشینان بریتین لەو چین و توێژە ستەمدیتووەی کە هیچیان نییە بۆ لەدەستدان، ئەم دۆخە وایکردووە کە ببنە هێزێکی مەترسیدار بۆسەر دەسەڵات. ئاشکرایە کە دانیشتووانی ئەو ناوچە پەراوێزنشینانە لە زومرەی ئەو کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکە هەژار و بێبەشەن کە لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆری جەماوەری خەڵکی ستەملێکراوی کۆمەڵگا خاوەن ئازار و نەهامەتی هاوبەشن. لە ڕاستیدا بوونی گەڕەک و ناوچەی پەراوێزنشین نیشانەی هەژاری و نەهامەتی ئابووریی ملیۆنان ئینسانی ستەملێکراوە کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا لە لانیکەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانێکی شارستانی ئەمڕۆیی بێبەشن.
پەراوێزنشینی دەرئەنجامێکی سروشتی ئەو سیاسەتە ئابوورییانەیە کە تێیاندا سامان لە دەستی کەمینەیەکدا چڕ دەبێتەوە و زۆرینەش پەراوێز دەخرێن. ئەم دیاردەیە واقیعییەتێکی چینایەتییە. واقیعییەتێکی کە سیستەمی سەرمایەداریی هۆکار و سەبەبکاری مانەوەیەتی. تا کاتێک شوێنی نیشتەجێبوون، تەندروستی، پەروەردە، و کاری شایستە، وەک مافێکی بنەڕەتی بۆ هەر هاووڵاتییەک بە فەرمی نەناسرێن و دەوڵەت پابەند نەبێت بە دابینکردنیان، پەراوێزنشینی بەردەوام پەرەدەسێنێ و جوگرافیای هەژاری و بێبەشیی، شارەکانی ئێران هەرچی زیاتر گەمارۆ دەدات.