
لە سەروبەندی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی لەدژی ژنانداین. هاتنی ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەو واقیعە تاڵەی کە لە جیهانێکی پڕ لە ستەم و هەڵاواردن و نادادپەروەری و شەڕ و توندوتیژیی دڕندانەدا، ژنان زۆرترین قوربانی ئەم توندوتیژیانەن. توندوتیژی دژی ژنان بابەتێکی جیاواز یان پرسێکی تایبەت نییە، پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، یاسایی و کولتوورییە کە جەستە و ژیان و ئیرادەی ژن لەلایەن دەسەڵاتە جیاوازەکانەوە واتە لە بنەماڵەوە تا دەگاتە دەوڵەت و کۆمەڵگا کۆنترۆڵ و خاوەندارێتی دەکرێت. ئایین و پیاوسالاری و دەوڵەت تەواوکەری یەکترن لە بەڕێوەچوونی توندوتیژی لەدژی ژنان. بارودۆخی ژنان لە ئێران نموونەیەکی ڕوون و ئاشکرایە لە پەیوەندی نێوان ئایین و پیاوسالاری و دەسەڵاتی سیاسی، لە بەرهەمهێنان و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژیدا، توندوتیژییەک کە هەم لە یاسادا نووسراوە، هەم لە داب و نەریت و کولتووردا باوە و لە ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان ژندا ڕەنگ دەداتەوە.
بەڵام بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوە ڕاستەقینەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان، پێویستە چاوێک بە پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان لە مێژوودا بخشێنین. بە دوورخستنەوەی ژنان لە بەرهەمهێنان و خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی و پێناسەکردنی پیاوان وەک سەرچاوەی بژێوی ژیان، سەرپەرشتیار و خاوەن دەسەڵاتی بنەماڵە، ژنان بەرە بەرە پێگەی خۆیان وەک “مرۆڤێکی ئازاد” لەدەستداوە و بوونەتە ژێردەسەتە و “ڕەگەزی دووەم“. لە ئاوا پێکهاتەیەکدا ژن لە پرۆسەی بڕیاردانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی دوور دەخرێتەوە، کاری ناوماڵ و بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاریان هیچ بەهایەکی فەرمی ئابووری و کۆمەڵایەتی نییە، جەستە، کات، وزە و هەستەکانیان بە “ئەرک” و “قوربانییەکی سروشتی” بنەماڵە دادەنرێت. ئەم جێگە و پێگە ژێردەستەییە، بریتییە لە هەمان ئەو بەستێنەی کە هەر چەشنە توندوتیژییەک لە سوکایەتی بەردەوامەوە بگرە تا کوشتن بەناوی شەرەفی، لەسەر بنیات دەنرێت.
ژنان لە ئێران هاوکات لە دوو بەرەدا لە ژێر گوشاری توندوتیژیدان: یەکەمیان بریتییە لە یاسای فەرمی و حکوومەتی ئایینی و دووەم بریتییە لە کولتوری پیاوسالاری و پەیوەندییە بەردەوامەکانی ناو بنەماڵە و کۆمەڵگا. توندوتیژی یاسایی و سیاسی، لە بابەتەکانی وەک حیجابی ناچاری، کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگی ژنان و حزووری کۆمەڵایەتی ژن، هەڵاواردن لە جیابوونەوەدا، سەرپەرشتیکردن و میرات، بە تاوان زانینی زۆرێک لە ڕەفتار و هەڵسووکەوتە سروشتییەکانی ژن لە ژێرناوی “گەندەڵی”، “لەشفرۆشی” یان “ڕەچاونەکردنی حیجاب”دا بەرچاو دەکەوێت. سەرکوتکردنی توندوتیژی ژنانی ناڕازی و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی ژنان و ئەو کەسانەی کە لەدژی حیجابی ناچاری و یاسا و ڕێساکانی هەڵاواردن وەستاونەتەوە. بەکارهێنانی ئایین لەلایەن حکوومەتەوە وەک ئامرازێکی سەرکوتکردن، پاساوکردنی زیندان و شەلاق و تەنانەت کوشتنیش لە زومرەی ئەرکە یاسایی و فەرمییەکانی توندوتیژی لەدژی ژنانە. بەرەی دووەمی توندوتیژی بنەماڵەیی و زێهنی و دەروونی: توندوتیژی دژی ژنان تەنیا لێدان و کوشتن نییە. جۆرە باوەکانی توندوتیژی ڕۆژانە بریتین لە: سوکایەتیکردن، جوێن و قسەی نەشیاو، بێڕێزیکردن، هەڕەشەکردن، چاوترسێن کردن، سنووردارکردنی هاتوچۆ و پەیوەندییەکان، کۆنترۆڵی ئابووری، پێنەدانی ئیزنی کارکردن، وابەستە هێشتنەوەی ژنان بە داهاتی پیاوان، سەپاندنی ڕۆڵی نەریتی و بێ بایەخ کردنی پۆتاسێل و تواناکانی ژنان، گوشار بۆ هاوسەرگیریی زۆرەملێ، دووگیانی نەخوازراو یان ڕێگریکردن لە جیابوونەوە. کچێنی کچ لە پڕۆسەی هاوسەرگیریدا دەبێتە پێوەرێک بۆ “شەرەفی بنەماڵە”، پیاوی “بەغیرەت ” ئەو کەسەیە کە ژن لە بنەماڵەکەیدا کۆنتڕۆڵ و سنووردار دەکات، “نەبوونی غیرەت” تۆمەتێکی جدییە کە پیاوان هاندەدات بۆ توندوتیژی دژی ژنان.
لە زۆرێک لە ناوچە بێبەشەکان، ئاستی ئەم گوشارانە ئەوەندە زۆرە کە ژنان ناچار دەکات بۆ دەربازبوون لەو ژیانە تاقەت پروکێنە پەنا دەبەنە بەر خۆسووتاندن.
بەرزبوونەوەیئاماریخۆسووتاندنوکوشتنبەناویشەرەفلەئێران،زەنگێکیمەترسیجیددییە. ڕەهەندێکی تری کە زۆرجار لەبەرچاو ناگیرێت، بریتییە لە کاریگەری توندوتیژی دژ بە ژنان لەسەر منداڵان: ئەو منداڵانەی بەردەوام شایەتی لێدان و سوکایەتی و بێ حورمەتیکردن بە دایکیانن، لە کەشێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و نائەمنی بەردەوامدا گەورە دەبن. بە ئەگەرێکی زۆر ئەم منداڵان لە داهاتوودا هەمان توندوتیژی لە بنەماڵەکانیاندا بەرهەم دەهێننەوە. خەبات دژبە توندوتیژی بۆسەر ژنان، خەباتێکی سیاسی، چینایەتی، فەرهەنگی و فیکرییە. یەکەم، خەباتێکی سیاسییە، چونکە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە پێکهاتەی دەسەڵات و یاساوە. دووەم، خەباتێکی چینایەتییە، لەبەر ئەوەی ژنانی کرێکار و بێبەش چەند هێندەی ژنانی چینی دەوڵەمەند، لەگەڵ توندوتیژی و هەژاری و چەوسانەوە بەرەوڕوو دەبنەوە. سێیەم، خەباتێکی فەرهەنگی و فیکرییە، چونکە دەبێ بەهاکانی پیاوسالاری لە هەموو ئاستەکاندا، لە بنەماڵەوە بگرە تا کۆمەڵگا و بزووتنەوە سیاسییەکان، تووشی ئاڵەنگاری بکات. سەرەڕای هەمووی ئەمانەش، تا کاتێک ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەو یاسا و ڕێسای شەریعەت و دام و دەزگا سەرکوتگەرە ئایینییەوە لەسەرکار بێت، نە دەتوانرێت قسە لە ڕزگاری ڕاستەقینەی ژنان بکرێت، نە لە کۆتایی هاتنی توندوتیژی. لەمڕووەوە، ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و جیایی تەواوەتی دین لە دەوڵەت، مەرجێکی پێویستە، ئەگەرچی بەس نییە، بۆ خەباتێکی کاریگەر لە دژی توندوتیژیی سیستماتیک دژ بە ژنان.