
٢٥ی نوامبر، وەبیرهێنەرەوەی خەبات و خۆڕاگریی ژنانە لە سەرانسەری جیهان لە دژی ستەم و هەڵاواردن و توندوتیژییەکی کە ڕیشەی قووڵی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا داکوتاوە و سیستەمی سەرمایەداریی سەردەم بەش بەحاڵی خۆی هۆکار و سەبەبکاری مانەوەیەتی. ئەم ڕۆژە هاواری بەرزی ملیۆنان ژنە کە بەرامبەر بەو توندوتیژییەی بەسەر جەستە و ژیان و ئازادیدا سەپێنراوە، ڕاپەڕیون. دونیای ئەمڕۆ لەژێر گوشاری سیاسەتە سەرکوتگەرانەکان، شەڕەکان، بناژۆخوازی ئایینی و قەیرانە ئابوورییەکان، توندوتیژی دژ بە ژنانی زیاتر لە هەمیشە چڕ کردووەتەوە. توندوتیژییەکی کە بەشێکە لە کردەی پیاوسالاری، و سەرمایەداری وەک سیستەمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی سوودی لێ وەردەگرێت. توندوتیژی بنەماڵەیی یەکێکە لە بەربڵاوترین جۆرەکانی ئەم دیاردەیە دژی ژنان کە هەر لە هەڕەشە و سوکایەتی و بێ حورمەتی پێکردنەوە بگرە تا بێبەشکردنی ژنان لە مافی خوێندن و کارکردن، وابەستەیی زۆرەملێی ئابووری، هاوسەرگیریی منداڵان، کوشتن بەبیانووی شەرەف، تا دەستدرێژی لەناو بنەماڵە و خۆسووتاندن و خۆکوشتن بەهۆی نائومێدیەوە، لەخۆدەگرێت. ئەم ڕەوتە بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو پەیوەندییانەیە کە وادەکات پیاوان ببنە دەسەڵاتی زاڵ و ژنانیش ملکەچ و گوێڕایەڵ بن.
ژنان جگە لە توندوتیژی بنەماڵەیی، بەردەوام لەژێر هەڕەشەی توندوتیژیی دەوڵەتی لەوانە: حیجابی زۆرەملێ، کۆنترۆڵی جەستە و جل و بەرگ، هەڵاواردنی ڕەگەزی، سەرکوتکردنی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و سزای نامرۆڤانەشدان. یاسا و ڕێسای پیاوسالارانە و سیستەمێکی دادوەری دژە ژن، نەک هەر پێش بەم توندوتیژییە ناگرن، بەڵکوو شەرعییەتی پێدەبەخشن. لەمڕووەوە خەبات لەدژی توندوتیژی دژ بە ژنان، نەبەردێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕادیکاڵە لەدژی سەرجەم ئەو بنەمایانەی کە هۆکاری ستەم لەسەر ژنان و بەردەوام مانەوەی ئەو دیاردەیەن. بەڵام ئەم خەبات و تێکۆشانە تەنیا کاتێک بە سەرەنجام دەگات کە یەکەم، ڕێکخراو بێت و دووەمیش، لەگەڵ بزووتنەوە ڕزگاریخواز، دژە ستەم و سەرەڕۆیی و دژە چەوسانەوەکانی دیکه ئاوێتەی یەکتر بن.
لە ئێران بزووتنەوەی ژنان لەم ساڵانەی دواییدا بە هێزێکی بێ وێنەوە هاتۆتە مەیدان. لە ئاخێزی ساڵەکانی ٩٦ و ٩٨ەوە تا بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، ژنان پێشەنگترین هێزی خەبات و خۆڕاگریی بوون لە بەرامبەر ستەم و سەرەڕۆیی دەسەڵاتدار و نیشانیان داوە کە خواستی ئازادی و یەکسانی لە قووڵایی کۆمەڵگادا ڕیشەی داکوتاوە. سەرەڕای هەموو سەرکوتگەرییەکان، ژنان و بەتایبەتی نەوەی گەنج، هەروا پێداگرن لەسەر خەبات لەپێناو ڕزگاریی و ئاراستەی ئەو خەباتە ڕادیکاڵتر و وشیارانەتر بەرەوپێش دەبەن. کوردستان یەکێکە لە نموونە درەوشاوەکانی خەباتی ژنانی پێشکەوتنخواز و تێکۆشەری کە بە فیداکاری و گیانبازی خۆیان لە مەیدانەکانی خەباتی پێشمەرگانە و خۆڕاگریی قارەمانانە لەناو زیندانەکاندا، متمانە بەخۆبوونیان بە جەماوەری ژنانی ئەم ناوچەیە بەخشیوە لە خەبات دژی توندوتیژی و پیاوسالاری و داب و نەریت و یاسا و ڕێسای کۆنەپەرستانە، کە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بە شکۆدارترین شێوە و لە ئاستێکی جەماوەریدا خۆی نواند.
ئێمە لەم ڕۆژە جیهانییەدا، وێڕای ڕێزگرتن لەو ژنانەی کە لەم پێناوەدا گیانیانبەختکردووە یان لەژێر ئەشکەنجە و لەناو زیندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدان، لەسەر پێویستی شکڵگرتنی خەباتێکی یەکگرتووانە، ڕێکخراو و شێلگیر لە دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی جەخت دەکەینەوە. ئێمە هەروەها جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژی ژنان، تەنیا ئەرکی سەرشانی ژنان نییە، بەڵکوو ئەم خەباتە پێویستی بە هاوپشتی و بەرپرسیارێتی سەرجەم ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز هەیە. بێدەنگبوون لە بەرامبەر توندوتیژی دژ بە ژنان، بە واتای چاوپۆشی لێکردن و بەردەوامبوونییەتی. ئێمە لەو باوەڕەداین کە ڕزگاری ڕاستەقینەی ژنان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکساندا، بە هەوڵ و تێکۆشانی هاوبەشی سەرجەم هێزە ئازادیخوازەکان و هەموو ستەملێکراوانی ئەم کۆمەڵگایە دەستەبەر دەبێت.
بژی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”
کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
١ی سەرماوەزی ١٤٠٤
٢٢ی نوامبری ٢٠٢٥