
یەکەم: ڕاپۆرتە مەیدانییەکان
بیست ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییە دژە حکوومەتییەکان لە ئێران تێدەپەڕێت و لە کاتێکدا کە پچڕانی ئینتەرنێتی سەرتاسەری هەروا بەردەوامە، هەندێک هەواڵی ناخ هەژێن سەبارەت بە سەرکوتی توندوتیژانەی ئەو ناڕەزایەتیانە بەدەست دەگات. ئەو ڕاپۆرتانەی لە کەناڵە جۆراوجۆرەکانەوە دەست دەکەون، تا ڕادەیەک ڕەهەندە بەربڵاوەکانی سەرکوت و کوشتاری سیستماتیکی خۆپیشاندەران لە سەرانسەری ئێران ئاشکرا دەکەن. تا پێش لە پچڕانی ئینتەرنێتی سەرتاسەری، لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، ناڕەزایەتییەکان لە هەموو پارێزگاکانی وڵات و نزیکەی ٢٠٠ شاری ئێران بەردەوام بوون. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ١٨ی بەفرانبار بەملاوە سەرەڕای سەرکوتی توند، ناڕەزایەتییەکان لە زۆرێک لە شارەکان بەردەوام بووە. ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە سەرانسەری ئێران، بە بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی چالاک لە کوردستان، مانگرتنێکی سیاسی گشتیی لە ٥٠ شار و شارۆچکەی کوردستان بەڕێوەچوو. ئەو مانگرتنە شکۆدار و سەرکەوتووانە لە هەمان کاتدا ئەزموونی بەکارهێنانی تاکتیک و شێوازە جۆراوجۆرەکانی خەباتی بەمەبەستی بەردەوامبوونی ئەم بزووتنەوەیە و پووچەڵکردنەوەی هێزی سەرکوتگەری دوژمن، سەرلەنوێ خستەوە ناو بەرنامەی کار.
پچڕانی ئینتەرنێت کە لە ئێوارەی ١٨ی بەفرانبارەوە دەستی پێکرد، هێشتا بەردەوامە. بەپێی ڕاپۆرتی نێتبلاکس کە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئینتەرنێت لە جیهاندا دەکات، لە بەیانی ١٩ی بەفرانبارەوە، ٩٩ لەسەدی ئینتەرنێتی ئێران کەوتووەتە دۆخی خامۆشیی دیجیتاڵییەوە. تەنها کۆمەڵێکی کەم لە هاووڵاتیان لە ڕێگەی سیستەمی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینکەوە دەستیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕادەگات، هەرچەندە بەگوێرەی زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان هێزەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکان و دەستیان بەسەر دیشی ماهوارەکانیاندا گرتووە. گەلێک بەڵگەی زیندوو لەسەر بەکارهێنانی چەکی قورسی وەک دۆشکا و تیربار لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەت لە کاتی هێرش بۆسەر ناڕازییان و کوشتاری بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران لە ڕۆژەکانی نێوان ١٨ بۆ ٢١ی بەفرانبار لەبەردەستدایە. لە چەند ناوچەیەکی تاران لەوانە تارانپارس، سادقییە و چەند ناوچەیەک لە کەرەج سەر بە پارێزگای ئەلبورزیش، چەکی قورسی وەک دۆشکا لە دژی خۆپیشاندەران بە کار هێنراوە. لە ڕۆژئاوای وڵاتیش لە شارەکانی جوانڕۆ، مەهاباد و پیرانشار چەکی قورس بەکارهاتووە. ئەو وێنانەی لە مەشهەدەوە بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار، لە سەر باڵەخانەکانەوە بە چەکی قورس تەقە لە خۆپیشاندەران کراوە. هەروەها ئەو وێنانەی سەبارەت بە شاری تونیکابۆن لە مازەندەران بڵاوکراونەتەوە، ئاماژەن بۆ بوونی هێزێکی نیزامی زۆر بە چەکی قورسەوە لەناو ئەو شارە و مانۆڕ و هاتوچۆیان بەناو شەقامەکاندا.
ئێوارەی ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار لە کاتێکدا دەستەیەک لە ناڕازییان لە مەیدانی پوونەک لە تاران سەمای کوردییان دەکرد، تەقەیان لێکرا و ژمارەیەکیشیان کوژران. بە پێی ئەم هەواڵانە، سیاوەش شێرزاد، خەڵکی بۆکان، یەکێکە لەو گیانبەختکردوانە. بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە زۆرێک لە گیانبەختکردوان لە پشتەوە کراونەتە ئامانج. مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، دەڵێت: ئەو چیرۆکە ترسناکانەی شایەتحاڵەکان سەبارەت بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران لە کاتی ڕاکردن و بەکارهێنانی چەکوچۆڵی شەڕ و ئێعدامی بریندارەکان لەسەر شەقامەکان، دەیگێڕنەوە، هەموویان ئاماژەن بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی پلان بۆ داڕێژراو و بەربڵاو بە ئامانجی کوشتنی زۆرترین کەس. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەگەڵ تۆمارکردنی ناوەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، لانیکەم سێ هەزار و ٤٢٨ خۆپیشاندەر کوژراون و هەزاران کەسیش برینداربوون. بەڵام بەپێی زۆرێک لە بەڵگەکان ئەگەری زۆرە ژمارەی گیانبەختکردوان زۆر لەوە زیاتر بێت. ئەم ئامارە هەروەها ئەو ژمارە فەرمییەش کە سەبارەت بە ڕێژەی خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە نێوان ١٨ بۆ ٢٢ی بەفرانبار تۆمار کراوە و لە ڕێگەی سەرچاوەکانی سەر بە وەزارەتی بێهداشت و دەرمانی کۆماری ئیسلامییەوە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕاگەیەندراوە، لەخۆ دەگرێت. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان بەختکردووە تەمەنیان کەمتر لە ٣٠ ساڵ بووە و لانیکەم ١٠ کەسیان ژن بوون و هەروەها لانیکەم ١٧ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە.
مەزەندە دەکرێت ژمارەی ڕاستەقینەی خۆپیشاندەرانی گیانبەختکردوو زۆر زیاتر لەو ئامارە پشتڕاستکراوە بێت. هەندێک ئاماری پشتڕاستنەکراوە ئاماژە بە کوژرانی لانیکەم پێنج بۆ ٢٠ هەزار خۆپیشاندەر دەکەن کە بەهۆی پچڕانی بە تەواوەتی ئینتەرنێت و دەستڕانەگەیشتن بە زانیارییەکان، بابەتی پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆیانەی ئەو ژمارانە لە ئێستادا لەگەڵ ئاستەنگی جددی بەرەوڕوو بووەتەوە. هەروەها بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەدا نزیکەی ٢٠ هەزار کەس دەستگیرکراون. ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە زۆرێک لە شارەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزێکی زۆری نیزامی و ئەمنییەتی لە سەرانسەری شارەکاندا جێگیر کراون و لە ئێوارەی ١٨ی بەفرانبار بەملاوە جۆرێک لە باری نائاسایی یان حکوومەت نیزامیی بەڕێوە دەچێت. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە لە هەندێک لە شارەکانی ئێران لەوانە تاران، کەرەج، هەمەدان و قەزوین قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیاندراوە. هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لە بوونی خاڵی پشکنینی بەربڵاو و جۆرێک لە حکوومەت نیزامیی لە شارەکانی ئیلام، دێهلوڕان، کرماشان، مەریوان، سەقز، بانە، دیواندەرە، دێهگولان، قوروە، سنە و زۆربەی شارە کوردنشینەکانی دیکەی ئێران دەکەن. هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی گیانبەختکردوان لە شارە جۆراوجۆرەکان بۆتە مەیدانێکی تر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی. ڕۆژی ٢٣ی بەفرانبار ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلیڕەزا سەیدی، ناڕازی تەمەن ١٦ ساڵ لە شاری ئابدانانی ئیلام بە بەشداری جەماوەرێکی زۆر بەڕێوەچوو. وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم قەتڵە حکوومەتییە نوێژی مردووی لەسەر نەکرا. هەروەها هاوکات هێزێکی زۆری سەرکوتگەر لە دەوروبەری گۆڕستانەکە جێگیرکرابوون و دەنگی تەقەی لێرە و لەوێش دەبیسترا.
دووەم: پێویستی پەرەسەندنی مانگرتنە کرێکارییەکان
بیست ڕۆژ بەسەر ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆیدا بزووتنەوەیەکە لەپێناو “نان، کار و ئازادی”، تێدەپەڕێت. ئاخێزێکی کە ڕیشەی لە هەژاری، گرانی، بێکاری و بێبەشبوون لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤدایە. لە بەرامبەر ئەم ناڕەزایەتیانەدا کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە هەموو هێزی سەرکوتگەرانەی خۆی هێناوەتە مەیدان، واتە هەر لە گوللە و زیندانەوە بگرە تا پچڕانی پەیوەندییەکان و ترس و تۆقاندنی بەربڵاو. بەم حاڵەشەوە ئەزموونی مێژوویی ئێران ئەوە نیشان دەدات کە سەرکوت بە تەنیا ناتوانێت بزووتنەوە خاوەن جێگە و پێگە کۆمەڵایەتییە دابمرکێنێتەوە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، پێویستی هاتنی چارەنووسسازی چینی کرێکار بۆ ناو مەیدانی خەبات، نەک وەک تاکی پەرش و بڵاو، بەڵکوو وەک چینێکی ڕێکخراو و وشیار، لە هەموو کاتێک زیاتر، خۆی نیشان دەدات.
ئەمرۆ گرانی هەوسارپچڕاو و هەڵاوسانی بەردەوام و هەژاریی لەڕادەبەدەر، بەربینگی تەواوی کۆمەڵگای ئێرانی گرتووە، بەڵام قورسایی سەرەکی ئەم قەیرانانە دەکەوێتە سەر شانی چینی کرێکار. ئەو کرێکارانەی کە لەگەڵ حەقدەستی ژێر هێڵی هەژاری، گرێبەستی کاتی، نائەمنی پیشەیی و زەوتکردنی بەردەوامی مافە پیشەییەکان بەرەوڕوون، لە زومرەی یەکەمین قوربانیانی سیاسەتی ئابووریی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامین. لەمڕووەوە پەیوەندی نێوان ویست و داواکارییە بژێوییەکانی کرێکاران و داواکارییە سیاسییەکانی کۆمەڵگا، پەیوەندییەکی قووڵ و واقیعییە.
مانگرتنیکرێکاران،بەتایبەتلەکەرتەسەرەکییەکانیئابووریدا،بەردەوامیەکێکبووەلەئامرازەکاریگەرەکانبۆبەرەوڕووبوونەوەلەگەڵدامودەزگایسەرکوت. ئەزموونە سەرکەوتووەکانی ڕابردوو بە ڕوونی نیشان دەدەن کە هەر کاتێک چەرخی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لە کار بکەوێت، هێزی سەرکوتی ڕژێمیش بە شێوەیەکی جددی ئیفلیج دەبێت. مانگرتنی کرێکارانی فەرمی و گرێبەستی پیشەسازی نەوت و پێترۆشیمی، وەک سەرچاوەی سەرەکی ئابووری کۆماری ئیسلامی، نموونەیەکی بەرجەستەی ئەم هێزەیە. وەستان یان دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی وزە، نەک هەر سەرچاوە داراییەکانی ڕێژیم سنووردار دەکات، بەڵکوو توانای دابینکردنی تێچووی سەرکوت و ئەمنییەتیکردن و پڕوپاگەندەش تا ڕادەیەکی زۆر کەمدەکاتەوە. هاوشانی ئەوانە، مانگرتنی کرێکارانی بەشی گواستنەوە، لە خاوەن بارهەڵگر و شۆفێری کامیۆنەکانەوە بگرە تا کرێکارانی هێڵی ئاسن و بەندەرەکان، لەم ساڵانەی دواییدا گەلێک جار نیشانی داوە کە چۆن دەتوانێت ڕژێم لەگەڵ ئاستەنگی جددی بەرەوڕوو بکاتەوە. دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم گواستنەوەی کاڵا، مەوادی خۆراکی و سووتەمەنی، بەکردەوە کۆنترۆڵی ڕۆژانەی کۆمەڵگا لە دەست هێزەکانی سەرکوت دەردەهێنێت و هاوسەنگی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی جەماوەریی دەگۆڕێت. خاڵی گرنگ و چارەنووسساز ئەوەیە کە مانگرتنی پەرش و بڵاو و پچڕپچڕ، ئەگەرچی گرنگە، بەڵام ناتوانێت بە تەنیا ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێت. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، بریتییە لە پەرەسەندنی مانگرتنە سەرتاسەرییەکان و هەماهەنگ و گرێدراو بە بزووتنەوەی شەقامەوە، مانگرتن گەلێکی کە بە خستنەڕووی ویست و داواکاری ڕوونی بژێوی و سیاسی، ئامرازەکانی سەرکوتی ڕژێم لەکاربخەن. ئەزمونی شۆڕشی ١٣٥٧ و هەروەها شەپۆلە ناڕەزایەتییەکانی دەیان ساڵی ڕابردوو، ئەوە نیشان دەدات کە هەرکاتێک چینی کرێکار وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ و ڕێکخراو هاتبێتە مەیدان، هاوکێشەکانی هێز بە خێرایی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆش له جەرگەی ئەم ئاخێزەی ئێستای خەڵکی ئێراندا، ڕۆڵی مانگرتنە کرێکارییەکان دەتوانێت چارەنووسساز بێت، ڕۆڵێکی که نەک هەر سیاسەتە سەرکەوتگەرانەکانی کۆماری ئیسلامی بێکاریگەر دەکات، بەڵکوو ڕێگا بۆ دەستەبەرکردنی ویست و داواکارییە بنەڕەتییەکانی جەماوەر لەوانە نان، کار و ئازادی، خۆش دەکات.