
ئاخێزی مافخوازانەی جەماوەر، وەهمی سەرکەوتنی ئاسان
سێ هەفتە بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتی بەربڵاو لە بازاڕی تاران لە کاردانەوە بە گرانی هەوسارپچڕاو و دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن تێدەپەڕێت. ئەو چەخماخەی کە سەرەتا بەهۆی ناڕەزایەتی بازاڕیانەوە لێدرا، بەخێرایی چوارچێوەی داواکارییە پیشەییەکانی تێپەڕکرد و بوو بە بزووتنەوەیەکی سیاسی دژی تەواوەتی کۆماری ئیسلامی. ئەم پێشهاتە خێرا و مانادارە جارێکی دیکە نیشانی دا کە کۆمەڵگای ئێران لە دۆخێکی لێوانلێو لە توڕەیی، بێزاریی و ئامادەیی ناڕەزایەتیدا بەسەر دەبات. هیچ گومانێک لە ڕەوا بوونی ئەم توڕەییە و مەشروعییەتی ئەم ئاخێزە نییە. خەڵکی ئێران ساڵانێکە بە هەژاری، نەهامەتی، پەراوێزنشینی، دڵەڕاوکێی بەردەوام، نادڵنیایی و بە گشتی لەدەستدانی ژیانی ئاسایی، باجی سیاسەتە ئابوورییە کارەساتبارەکانی کۆماری ئیسلامی، گەندەڵی، سەرکوتی سیاسی و سەرکێشییە ناوچەییەکانی دەدەن. بەڵام ئەزموونەکانی ڕابردوو و ڕووی ڕاستەقینەی سیاسەت، فێرمان دەکات کە ڕەوابوونی بزووتنەوەیەک، ئەگەرچی مەرجێکی پێویست، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەس نییە بۆ بە ئاکام گەیشتنی. مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕانەکان پڕە لەو نموونانەی کە تیایدا تووڕەیی ڕەوای جەماوەر، بەهۆی نەبوونی ڕێکخراو و ڕێبەریی و ستراتێژی دروست، یان سەرکوت کراوە یان بە لاڕێدا براوە. مەسەلەی سەرەکی تەنیا ئەوە نییە کە “بۆچی خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان”، بەڵکوو “ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت ئەم ڕاپەڕینە بە سەرکەوتن بگات و بەر بە تێچووی کارەساتبار بگیرێت؟”.
بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، پێویستە سەرەتا بە دیدێکی بابەتیانە و واقیعبینانە، لە هاوسەنگی هێزی نێوان کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی و دەسەڵات بکۆڵرێتەوە. کۆماری ئیسلامی دوژمنێکی ئاسایی نییە. ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتێک بەرەوڕووین کە دەیان ساڵە نیشانی داوە لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەی هیچ سنوورێک ناناسێت. دام و دەزگا سەرکوتگەرەکەی تەیار بە هەموو جۆرە چەکوچۆڵێکە، لە هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی ناوخۆوە بگرە تا میلیشیا و هێزی بە وەکالەت لە ناوچەکە، هەموویان دەهێنێتە مەیدانی شەڕ. ئەم ڕێژیمە لە ساتەکانی قەیراندا نەک هەر لە بەکارهێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی درێغ ناکات بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ مانەوە بەکاری دەهێنێت. لە ئاوا هەلومەرجێکدا بانگەشەی خەڵک بۆ چوونە ناو “شەڕی کۆتایی و چارەنووسساز” بەبێ بوونی ڕێکخراو و ڕێبەریی و توانای پێویست، جگە لە یاریکردن بە ژیان و داهاتوویان هیچی تر نییە. شۆڕش وەک شەڕ وایە. هیچ فەرماندەیەکی شارەزا و لێهاتوو، بەبێ هەڵسەنگاندنێکی ورد سەبارەت بە توانای هێزەکان و ناسینی دۆخەکە، ناچێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوە لە شەڕێکدا کە هاوسەنگی هێز، ڕێکخستنی هێزەکان و ئیمکانات و ئامرازی پێویست بۆ شەڕێکی لەو شێوەیە ئامادە نەبێت. ئێمە لە ماوەی زیاتر لە ٤٧ ساڵدا قۆناغی جۆراوجۆرمان تێپەڕ کردووە. هەر لە بەهێزبوون و بینینی وێنەی خومەینی لەسەر مانگەوە بگرە تا هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتر و دواتریش بزووتنەوەکانی ٩٦ و ٩٨، بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و ئەم بزووتنەوەی ئێستا. هەتا هاتووین قەیرانەکان چڕتر بوونەتەوە و ناکارامەیی ڕێژیم زیاتر دەرکەوتووە، ئیرادەی گشتی بۆ تێپەڕبوون لە دەسەڵاتی ئیسلامی زیاتر و پتەوتر بووە. هاوسەنگی هێز بە قازانجی خەڵک باشتر بووە و ئێستا ئیتر زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگا دەسەڵاتدارێتی ئیسلامییان ناوێت. ئەوەی بەناوی دەسەڵات ماوەتەوە تەنها بریتییە لە دام و دەزگای سەرکوت. ئەوەی کە زۆرینەی کۆمەڵگا ئەو دەسەڵاتەیان ناوێت بە تەنیا و بەبێ بیرلێکردنەوە و ئامادەکردنی ئامرازەکانی وەک ڕێکخراوە و خۆڕێکخستن و گرتنەبەری تاکتیک گەلێکی کە بتوانێت ئەم دام و دەزگای سەرکوتە پڕ چەکوچۆڵە زەمینگیر بکات، حکوومەتی پێ ناڕووخێت، دام و دەزگایەکی کە لەپێناو مانەوەدا دەست بۆ تاوان دەبات. هەربۆیە لە قۆناغی ئێستادا، بابەتی سەرەکی بەر لە هەر شتێک، بریتییە لە پرسی زەمینگیرکردنی دەزگای سەرکوت و شێوازەکانی تێپەڕبوون لەم بەربەستە بێبەزەیی و جینایەتکارە. جگە لەوەش، هێزگەلێک هەن کە بەپێی سروشتی خۆیان لەم پرۆسەیەدا، لە هەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن تا ڕەوتی ئەم ئیرادە کۆمەڵایەتییە، بە هیوا هەڵچنین لەسەر ڕووخسارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بوەستێنن و لە سەرووی کۆمەڵانی خەڵکەوە، ئاکامی شۆڕشەکە بکەن بە گۆڕینی ڕووخسارەکان یان سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی هێزە کۆنەپەرستەکان.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە گەرمەی ئەم ئاخێزەشدا، سەرلەنوێ لەناو بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیدا، شاهیدی سەرهەڵدان یان چڕبوونەوەی گوتارێک بووین کە ڕێگای ڕزگاریی نەک لە هێز و ڕێکخراوبوونی جەماوەردا، بەڵکوو لە دەستێوەردانی دەرەکی و بە تایبەت دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکادا بەدی دەکەن. ئەم هێزانە بە ئاشکرا یان ناڕاستەوخۆ هیواکانیان لەسەر دەوڵەتی ئەمریکا و سەرۆک کۆمارەکەی واتە دۆناڵد ترامپ هەڵچنیبوو. هەروەک ئەو پەیام و بانگەواز و داخوازیانەی کە داوایان لێدەکرد “بەپەلە بە یارمەتی خەڵکی ئێرانەوە بێت” و بە دەستێوەردانی سەربازیی، ڕێگای ڕووخانی ڕێژیم خۆش بکات. ئەم تێڕوانینە پتر لە هەر شتێک، پشتبەستوو بوو بە تێگەیشتنێکی پێچەوانە لە سروشتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەتایبەتی ئیدارەی ترامپ. ستراتێژی ڕاگەیەندراوی ترامپ “ یەکەم ئەمریکا” بوو، واتە سەرەتا بەهەند گرتنی بەرژەوەندییە ئابووری، ژیۆپۆلەتیک و ئەمنییەکانی ئەمریکا، جا دواتر پرسەکانی تری وەک مافی مرۆڤ و دێموکراسی. لە چوارچێوەیەکی لەم شێوەیەدا، ئازادی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران نەک ئامانج، بەڵکوو لە باشترین حاڵەتدا ئامرازێکی لاوەکییە کە لە گەمەی زلهێزەکاندا بەکار دەهێنرێت. ئەو هێزانەی کە چاویان بڕیبووە دەوڵەتێکی لەو شێوەیە، یان تووشی وەهمێکی مەترسیدار ببوون یان بە ئەنقەست چاویان لە ڕاستییەکان دەپۆشی. لەوەش مەترسیدارتر ئەوە بوو کە ئەم وەهمەیان لەناو جەماوەری خەڵکیشدا پەرە پێدەدا و خەڵکیان لە چاوەڕوانییەکی ناواقیعیی بۆ دەربازبوونێکی ئاسان و خێرادا ڕادەگرت.
ئەزموونە بابەتییەکانی ناوچەکە و جیهان بە ڕوونی پووچی و بێبنەما بوونی ئەو هیوایەی نیشانداوە. تەنانەت ئەگەر پاڵنەرەکانی ئەمریکاش لەبەرچاو نەگرین و تەنیا بڕوانینە ئەنجامی دەستێوەردانە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، زۆر شتمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. شەڕ و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەیەکانی ڕابردوودا، نە دێموکراسییەکی جێگیر و بەردەوامی بەدیاری هێناوە و نە ژیانێکی ئابووری باشتر بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە. عێراق و لیبی و ئەفغانستان چەند نموونە و بەڵگەی زیندووی ترن لەم ڕاستییە تاڵە. داڕمانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، شەڕی ناوخۆ، گەشەی هێزە کۆنەپەرستەکان و بەردەوامیی ناسەقامگیری، لە زومرەی دەستکەوتە ڕاستەقینەکانی ئەو دەستێوەردانانە بوون. جیاوازی بنچینەیی ئەوەیە کە هێزە شۆڕشگێڕەکان لە پێناو کۆمەڵگایەکی باشتر و دڵخوازتر و پێشکەوتنخوازانەدا خەبات دەکەن و زلهێزە ئیمپریالیستەکان بە گەورە و بچوکەوە بەدوای بەرژەوەندییە ئابووری و ژیۆپۆلەتیک و سیاسییەکانیاندا دەگەڕێن و لەسەر ئەم بنەمایە تەنانەت ئەگەر حکوومەتی ئیسلامی ئێرانیش تەسلیمی ویست و داواکارییەکانیان بێت، دەبێتە هاوبەش و دۆستی ئەوان. هەروەک چۆن لەگەڵ حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی سعودیە و قەتەر و تورکیا نەک هەر دۆست، بەڵکوو هاوپەیمانن.
تەنانەت جگە لەم ئەزموونە مێژووییانە، واقیعی کۆنکرێتی ئێرانیش ئەوە نیشان دەدات کە هێرشێکی سەربازیی ئەمریکا، ئەگەر ڕووبدات، مەرج نییە، یان تەنانەت ئەگەری هەیە، نەبێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. ئەزموونی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەم دواییە نیشانی دا کە هێرشێکی لەو شێوەیە بە پێچەوانەوە دەتوانێت ڕێگە بۆ ڕژیم خۆش بکات کە بە کەڵک وەرگرتن لە کەشوهەوای شەڕ، سەرکوتەکانی ناوخۆ چڕتر بکاتەوە. لە ئاوا سیناریۆیەکدا خەڵک کە بە ئومێدی سەرکەوتنێکی خێرا و ئاسان هاتوونەتە مەیدان، هەر زۆر زوو دەچنەوە ماڵەوە، لە کاتێکدا ڕژێم لەسەر ڕووبارێکی خوێن، تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە. لەبەرچاونەگرتنی ئەم ڕاستیانە و پەرەپێدان بە ئومێد و چاوەڕوانییەکی پووچ و بێبنەما، نیشانەی کورتبینییەکی قووڵ و دابڕانی ئەم بەشەی ئۆپۆزسیۆنە لە کۆمەڵگەی ڕاستەقینەی ئێران. ئەم هێزانە زۆرجار تەنیا لە دوورەوە کاریگەری دەکەنە سەر دۆخەکە، نە بە گۆشت و خوێنی خۆیان هەست بە تێچووی سەرکوتکردن دەکەن و نە تێگەیشتنێکی وردیان لە داینامیکی ناوخۆیی کۆمەڵگا هەیە. سیاسەت کردن لە دەرەوە، بەبێ بوونی پەیوەندی ئۆرگانیک لەگەڵ جەماوەر و خەباتی ڕۆژانەیان، بە ئاسانی دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی وەهم و ڕەچەتەی مەترسیدار.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە مێژووی خودی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدات ئەم ڕێژیمە لەو ساتانەی کە هەست دەکات لە لێواری داڕماندایە، بەربڵاوترین و بێبەزەییانەترین توندوتیژی بەکاردەهێنێت. نموونەی هەرە دیاری بریتییە لە ساڵەکانی کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق. لەو کاتەدا حکوومەت بە خواردنەوەی “جامێکی ژەهر” کۆتایی بە شەڕ هێنا، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی بەر بە هەر بوارێکی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆڕێکخستن بگرێت، دەستیدایە یەکێک لە ترسناکترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران، واتە کۆمەڵکوژکردنی هەزاران زیندانی سیاسی لە هاوینی ١٣٦٧دا. ئەم ئەزموونە مێژووییە هۆشدارییەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە لە کاتێکدا ڕێژیم مانەوەی خۆی لە مەترسیدا دەبینێت، نابێت لە ڕادەی دڕندەیییەکەی غافڵ بین. ئاخێزی ئەم سێ هەفتەی ڕابردووش لە هەمان جۆرە، ئاخێزێکی کە کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر بوونی خۆی دەزانێت. لەمڕووەوە ڕژیم هەرچی زیاتر ڕواڵەتی دژە ئینسانیی خۆی ئاشکرا دەکات. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمنێکی لەو چەشنە پێویستی بە تاکتیک و ستراتێژێکە کە بەرهەمی شرۆڤە و شیکارییەکی دیاریکراو لەسەر بارودۆخێکی دیاریکراو بێت، نەک لە ڕووی خولیا و ئاوات و سەرکێشی، یان پشتبەستن بە هێزێکی دەرەکی.
لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە ئێمە بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی پێشوو، بەتایبەتی سەردەمی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ئەم ئاخێزەوە لەسەر پێویستی ئاوێتەیەک لە شکڵ و شێوازە جۆراوجۆرەکانی خۆڕاگریی و خەبات و مانگرتنی سیاسی گشتی، جەختمان کردەوە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە مانگرتنی گشتی، کاتێک لە یەک کاتدا و بە هاوئاهەنگی لە نێوان کرێکاران، بازاڕیان، خوێندکاران و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک پێکدێت، دەتوانێت دەزگای سەرکوتی ڕژێم ئیفلیج بکات. حکومەتێکی کە ئابووری و بەشی گواستنەوە و وزە و خزمەتگوزاری شارەوانیەکانی لەکار بکەوێت، تەنانەت ئەگەر هێزی سەرکوتیشی لەبەردەستدا بێت توانایی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەدەست دەدات. مانگرتنی سیاسی گشتی تەنیا ئامرازی گوشاری ئابووری نییە، بەڵکوو هێمای هێزی بەکۆمەڵ و هاوپشتی ئەو جەماوەرەیە کە چارەنووسێکی هاوبەشیان هەیە. ئەم فۆرمە لە خەبات، ئەولاتر لە ویست و داواکاری پیشەیی، ئاسۆیەکی سیاسی ڕوون دیاریدەکات و نیشانی دەدات کە گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە یەکگرتوویی و کردەی بەکۆمەڵی جەماوەرەوە سەرهەڵدەدات، نەک لە ئاسمانی سیاسەتی دەوڵەتی ترامپەوە. مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، دیاردە گەلێکی دینامیکی و مێژوو سازن کە دەتوانن ڕەهەندە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت کولتوورییەکانی کۆمەڵگاش بگۆڕن.
نموونەی سەرکەوتووی ئەم تاکتیکەمان لە کوردستانی ئێران بینی. بەڕێوەچوونی مانگرتنی سیاسی گشتی لەم ناوچەیە توانی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێکخستنی سەرکوتی بەربڵاو و کوشتاری بەکۆمەڵ ببەستێت. کاتێک کۆمەڵگا بە شێوەیەکی یەکگرتووانە لە ئاستی ملیۆنیدا “نا” بە ڕێژیم دەڵێت، تێچووی سەرکوت بۆ ڕێژیم بە شێوەیەکی بەرچاو زیادتر دەکات و مەودای مانۆڕدانی بەرتەسک دەبێتەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ، زیاتر لە هەمیشە، لە لێواری داڕمان نزیک بووەتەوە. قەیرانە ئابوورییە کەڵەکەبووەکان، کەلێنی قووڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بێ توانایی لە خستنەڕووی هیچ ئاسۆیەکی ئومێدبەخش، ئەم دەسەڵاتەی خستۆتە دۆخێکی زۆر لاوازەوە. بەڵام ئەمە بە مانای داڕمانی لەخۆوە یان خێرای نییە. بێ گومان بزووتنەوەی مافخوازانەی جەماوەر بە شێوازی نوێ و هەمەچەشنتر سەرهەڵدەداتەوە. لە قۆناغی داهاتوودا مانگرتنە کاریگەرە کرێکارییەکان لە کەرتە سەرەکییەکانی وەک نەوت، پێترۆشیمی، گواستنەوە، خزمەتگوزاری شارەوانی، فوولاد، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و پیشەسازییە قورسەکان، بە ناچاری سروشتێکی سیاسی بەخۆوە دەگرن و دەبنە گۆڕەپانی سەرەکی ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەر و ڕژیم. لە هەناوی پرۆسەیەکی ئەوتۆدایە کە ڕێکخراو، ڕێبەریی و هێزی پێویست بۆ لێدانی گورزی کۆتایی پێکدێت. ڕزگاری خەڵکی ئێران نەک لە ڕێگەی دەستێوەردانی ئیمپریالیستی یان وەهمی مەترسیدارەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی پشتبەستن بە هێزی خۆ، ڕێکخراوی سەربەخۆ، هاوپشتی سەرتاسەری و دیاریکردنی تاکتیک گەلێکەوە دەستەبەر دەبێت کە لەگەڵ واقیعی هاوسەنگی هێزدا بگونجێت. تەنیا لەم حاڵەتەدایە کە ئاخێزە ڕەواکانی جەماوەر دەتوانێت ببێتە هۆی ئازادی، عەداڵەت و دامەزرانی کۆمەڵگایەکی ئینسانی تر و یەکسانتر.