
سپای پاسداران لە لیستی تیرۆریستانی یەکێتی ئورووپادا
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٦، لە برۆکسل بریارێک درا کە ساڵانێکە ویستی بەشێکی زۆری نەیارانی کۆماری ئیسلامی و بەشێکی بەرچاو لە ئێرانیانی دەرەوەی وڵات بوو. وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئوورووپا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە سپای پاسداران بخەنە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەو یەکێتییەوە. ئەم بڕیارە چ لە ڕووی یاسایی و چ لە ڕووی ڕەمزییەوە، سپای پاسداران لە ڕیزی گرووپەکانی وەک داعش و قاعیدە دادەنێت و بە دروستی وەک گۆڕانکارییەک لە ڕوانگەی ئورووپا سەبارەت بە پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراند سەیر دەکرێت. هاوکات دەوڵەتی بریتانیاش ڕایگەیاند کە سپای پاسداران بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت.
ئەم بڕیارە پەیوەندی بە پێشهاتە خوێناوییەکانی چەند هەفتەی ڕابردووەوە هەیە. خێراتربوونی ڕەوتی ناساندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی سپای پاسداران لە دوای سەرکوتی سەرتاسەری و دڕندانەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە. سەرکوتێکی کە هەزاران کوژراوی لێکەوتەوە و کەشوهەوای سیاسی ئورووپای بەرەو هەڵوێستێکی توندتر پاڵ پاڵپێوەنا. لێرەدا پێویستە لەسەر خاڵێک هەڵوێستە بکەین: زۆرێک لە دەوڵەتەکانی ئورووپا ساڵانێکی زۆرە سەرەڕای بوونی گەلێک بەڵگە و دیکۆمێنتی سەلمێنەر، بەڵام خۆیان لە ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بوارد. بیانووەکانیان زۆر بوون: “نیگەرانی لە داخستنی کەناڵە دیپلۆماسییەکان“، “هێشتنەوەی دەرگاکانی دانوستان“، “کۆنتڕۆڵکردنی گرژییە ناوچەییەکان“، یان تەنانەت لێک “جیاکردنەوەی ناوەندەکانی ڕژێم“. بەڵام دەرئەنجامی ئەم شێوە دیپلۆماسیانە چی بوو؟ ڕژێمێکی کە هەر هەنگاوێک زیاتر بەرەوپێش چوو، هەم لە سەرکوتی ناوخۆیی، هەم بارمتەگرتن و هەڕەشە لە دەرەوەی وڵات و هەم لە دروستکردنی تۆڕ و گرووپەکانی تیرۆر و تۆقاندن لە ناوچەکە و لە وڵاتانی ئورووپا، هەرگیز لە هیچ جینایەتێک دەستی نەپاراست. تۆمارکردنی سپای پاسداران لە لیستی تیرۆریستیدا، بۆ کۆمەڵگەی ناڕازی ئێران تەنیا سەرکەوتنێکی ڕەمزی نییە، بەڵکوو لێکەوتەی دیار و بەرجەستەی هەیە. یەکەم ئەوەی کە یەکێتی ئورووپا بەم بڕیارە هەر ٢٧ وڵاتەکەی ئەندام پابەند دەکات کە لەگەڵ سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵە بکەن. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەبێ تۆڕ و سەرچاوە داراییەکان، ناوەندە بەڕواڵەت فەرمییەکان و کەسانی پەیوەست بە سپای پاسداران لە ڕوانگەیەکی ئەمنی–قەزاییەوە چاودێری بکرێن، هاوکارییەکان ببڕدرێن، هاتوچۆکان سنووردار بکرێن و هەر کارلێکێکی ئابووری و ڕووپۆشێکی یاسایی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەم دامەزراوەیە بەهێز بکات، دەبێت بەدواچوونی یاسایی بۆ بکرێت. دووەم، ئەم بڕیارە فەزای سیاسی بۆ وڵاتەکانی دیکە بەرتەسکتر دەکاتەوە: ئەگەر تا دوێنێ، هەندێک لە دەوڵەتەکان دەیانتوانی لە پشت “ناکۆکییەکانی وڵاتانی ئورووپادا” خۆیان بشارنەوە، ئەمڕۆ بلۆکێکی ٢٧ ئەندامی ستانداردێکی نوێی داناوە.
بەڵام گرنگی بابەتەکە لە ئاستێکی قووڵتریشدا شیاوی تێگەیشتنە. سپای پاسداران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بڕبڕەی پشتی کۆماری ئیسلامی بووە. لە سەرکوتکردنی شەقامەوە تا کۆنترۆڵی ئابووری و لە دیاریکردنی سیاسەتی ناوچەییەوە تا ئەندازیاری کردنی هەڵبژاردنەکان. کاتێک دامەزراوەیەکی لەو چەشنە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن دەکرێت، پەیامە ناڕاستەوخۆکەی ئەوەیە کە یەکێتیی ئورووپا و ئەو وڵاتانەی دیکەی کە پێشتر بڕیارێکی لەو شێوەیەیان داوە، چیتر ناتوانن لەگەڵ سیمای فەرمی کۆماری ئیسلامی مامەڵە بکەن و سروشتی ڕاستەقینەی لەبەرچاو نەگرن. ئەم بڕیاره هەنگاوێکە بەرەو ئەو خاڵەی کە تەواوەتی کۆماری ئیسلامی وەک پێکهاتەیەکی ڕێکخراوی توندوتیژی و تیرۆر، ببێته بابەتی ناو دۆسیە نێودەوڵەتییەکان. خاڵێکی کە تیایدا پەروەندەی خامنەیی و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئەم حکوومەتە کە تۆمەتبارن بە تیرۆر و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، نەک تەنیا لە ئەدەبیاتی سیاسی دا بەڵکوو لە میکانیزمە قەزاییە نێودەوڵەتییەکانیشدا بە شێوەیەکی جددیتر بێتە گۆڕێ.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە مەسەلەکە تەنها سپای پاسداران نییە، ئەگەرچی سپای پاسداران بزوێنەری سەرەکی کوشتار و تۆقاندنە. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە تەواوی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی تۆڕێکی بەیەکەوە گرێدراوە لەو دامودەزگایانەی کە هەرکامەیان بەشێک لە سیستەمێکی سەرکوت و ئۆپەراسیۆنی نفووز بەرەوپێش دەبەن. هەر لە ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەکانەوە بگرە تا دام و دەزگای دادوەری و میدیا دەوڵەتییەکان و هەروەها لە ناوەندە ئابوورییەکانەوە تا ئەو دامەزراوانەی لەژێرناوی چالاکی فەرهەنگی دا کار دەکەن. جیاکاری دەستکردی نێوان « باڵی نیزامی» و « باڵی سیاسی »، ساڵانێکە ڕێگەی بۆ ڕژیم خۆشکردووە کە تێچووی جینایەتەکانی کەم بکاتەوە. هەربۆیە ئەمڕۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، دەبێت بە مانای کۆتاییهێنان بەم جیاکارییە دەستکردانە بێت.
بوارێکی سەرەکی کە ناتوانرێت چاوپۆشی لێ بکرێت، بریتییە لە ڕۆڵی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو گەلێک جار نیشانی داوە کە زۆربەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە کردەوە تیرۆریستییەکان و ئۆپەراسیۆنی هەڕەشەکردن و بەدواداچوونی نەیاران، سەرچاوەکەی گەیشتووەتەوە بە دامەزراوە فەرمییەکانی ڕێژیم و تۆڕەکانی پەیوەست بە باڵیۆزخانەکان. باڵیۆزخانەکان لە باشترین حاڵەتدا ئامرازێکن بۆ کاریگەری سیاسی و سیخوڕی و لە خراپترین حاڵەتدا لە کارنامەی کۆماری ئیسلامیدا دەتوانن ببنە ئاسانکاری ئۆپەراسیۆنەکان، نهێنی هێشتنەوە یان ئاڵقەی پەیوەندی نێوانیان. دابینکردنی ئیمکانات، ئاسانکاری بۆ سەفەر و هاتوچۆ، دروستکردنی پەیوەندی و پێدانی پاساوی فەرمی بە بریکارەکان، هەموو ئەمانە لەلایەن باڵیۆزخانەکانەوە ئەنجام دەدرێن. کاتێک ڕژێمێک تیرۆر و تۆقاندنی کردبێتە “سیاسەت“، دیپلۆماسییەکەشی بە ناچاری تێوە دەگلێت.
لەمڕووەوەیە کە باس لە “داخستنی باڵیۆزخانەکان و پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان” وەک هەنگاوی داهاتوو دێتەگۆڕێ، هەنگاوێکی کە هەتا ئێستاش هەندێک لە دەوڵەتەکانی ئورووپا ئامادەنین بیگرنەبەر. بەڵام ئەم دیاردەیە نە دەگمەنە و نە “توندڕەوی“. لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا حکوومەت گەلێک هەبوون کە بەهۆی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ، سروشتی نامەشروع، یان ڕەفتاری هەڕەشەئامێز، لەبواری دیپلۆماسییەوە پەراوێز خراون یان باڵیۆزخانەکانیان داخراوە. ئەفریقای باشوور لە سەردەمی ئاپارتایددا، ئەفغانستان لە سەردەمی تاڵیبان لە ساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠٠١ و تەنانەت خودی ئێرانیش دوای قەیرانی بە بارمتەگرتنی ساڵی ١٩٧٩، کاتێک زۆرێک لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوا پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا پچڕاند. ئەزموونەکان دەریدەخات کە هەندێک جار زمانی دیپلۆماسی بۆ ڕژێمەکانی وەک کۆماری ئیسلامی کارناکات، بەڵکوو دەبێتە دەرفەتێک بۆ کڕینی کات و بەرهەمهێنانەوەی سەرلەنوێی ماشێنی سەرکوت.
ئەگەر یەکێتی ئورووپا و بریتانیا بەڕاستی بەدەرئەنجامەکانی بڕیارەکەی ٢٩ی ژانویە پابەند بن، دەبێت بیکەن بە سیاسەتێکی کردەیی و تەواوکەر. داخستنی تۆڕ و ڕایەڵە بەڕواڵەت فەرمییەکان، داخستنی کەناڵە داراییەکان، دەرکردنی دارودەستە و بەکرێگیراوانی پەیوەست بە کردەوەی هەڕەشەکردن و بەدواداچوونی نەیاران و هەروەها پێداچوونەوەی جددی بە ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان. هەروەها پێویستە ڕاشکاوانە بڵێن کە: کۆماری ئیسلامی “دەوڵەتی ئێران” نییە، نوێنەرایەتی خەڵکی ئەم وڵاتە ناکات و مەشرعییەتی ئەخلاقی و سیاسی ئەوەی لەدەستداوە کە بەهرەمەند بێت لە ئیمکاناتی پەیوەندییە ئاساییەکان.
لە کۆتاییدا ئەم بڕیارە دەروازەیەکە. دەرفەتێکی کە دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی گوشاری کاریگەر بۆ ڕاگرتنی دام و دەزگای سەرکوت، بەو مەرجەی لە نیوەی ڕێگادا وازی لێ نەهێنرێت. ئێرانیانی ناڕازی، ساڵانێکە تێچوویەکی زۆریان داوە لەپێناو ئەوەدا کە جیهان لەوە تێبگەن مەسەلەکە “ڕەفتاری لێرە و لەوێ” نییە، بەڵکوو پێکهاتەیەکی ڕێکخراوە. بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، دانپێدانانی درەنگ وەختی ئەم ڕاستییەیە. ئێستا کاتی کردەوەیە: ئەگەر ئوورووپا سپای پاسداران هاوتای داعش و قاعیدە دادەنێت، پێویستە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیش نەک بە زمانێکی مەسلەهەتخوازانە، بەڵکوو بە زمانێکی گونجاو بدوێ و ئامرازەکانی جینایەتی لەدەست دەربێنن. داخستنی باڵوێزخانه و دام و دەزگا سیاسی، فەرهەنگی و سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت هەنگاوێکی لۆژیکی داهاتوو بێت، چونکه حکوومەتێکی بەم کارنامە و ڕابردووەوە شایستەی ئەوە نییە کە وەک نوێنەری خەڵکی ئێران بەفەرمی بناسرێت.