🚩 راگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی پەروەردە بە زمانی دایکی

ڕۆژی ٢١ی فێوریە بەرامبەر بە ٢ی مانگی ڕەشەممە، ڕۆژی جیهانی پەروەردە بە زمانی دایکییە. پەروەردە بە زمانی دایکی سەرەتاییترین و دیارترین مافی هەر مرۆڤێکە لە هەر گۆشەیەکی جیهاندا. ئەمڕۆ لە بەشێکی گەورەی جیهاندا مافی خوێندن بە زمانی دایکی بە فەرمی ناسراوە و بە ملیارد کەس لەو مافە کەڵک وەردەگرن. وڵاتێکی پڕ حەشیمەتی وەک هیندستان تەنیا یەکێک لەو نموونانەیە کە تیایدا دەیان زمانی فەرمی بوونی هەیە و پەروەردە بە هەموو ئەو زمانانە بەڕێوە دەچێت. گەلێک وڵات لە جیهاندا بوونیان هەیە کە تێیاندا دوو سێ زمانی فەرمی، نە تەنها لە بواری پەروەردە و بارهێناندا ڕێکخراوە، بەڵکوو زمانی فەرمی و میدیایی و یاسایی، هەر ئەو زمانە دایکییەیە کە ئەندامانی بنەماڵە لە ماڵەوە قسەی پێدەکەن. هیند، سوئیس، کانەدا و ئیسپانیا، نموونەی بەرجەستەی ئەو وڵاتانەن. سەدان ساڵە کارناسانی بواری زمان لەسەر ئەو بڕوایەن کە پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایکی، فاکتەرێکی جدییە بۆ گەشەی زێهنی و توانایی فێربوونی منداڵ و بە فەرمی نەناسینی ئەم مافە، گەلێک زیان و گرفتی لە بواری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و گەشەی زێهنیی منداڵان لێ دەکەوێتەوە.

زمانی دایکی تەنها ئامرازێکی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکوو دەریچەیەکە بۆ ناسینی خۆت، بۆ تێگەیشتن لە دونیای دەوروبەرت، بۆ پەیوەندیکردن بە مێژوو و فەرهەنگ و نەتەوەی خۆت. کاتێک منداڵێک لە ژینگەیەکی پەروەردەیی دا دەبێت کە زمانی دایکیی تیادا بێ نرخ و بێ بەها دەزانرێت، ئەمە تەنها ئازاری زمانی نییە، ئازاری کەسایەتی و ناسنامەی ئەو منداڵەش هەیە. لەبەر ئەوەش، ڕۆژی جیهانی پەروەردە بە زمانی دایکی تەنها بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو بانگەشەیەکە بۆ هوشیاری و بەرخۆدان لە دژی هەر شێوەیەک لە ستەم و دژایەتی فەرهەنگی.

جگە لەوەی کە پەروەردە بە زمانی دایکی مافێکی سەرەتایی و ئینسانی هەر تاکێکە لە جیهاندا، پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگاش پەیوەستە بە گەشەکردنی هەموو بەهرە و تواناکانی خەڵکی ئەو کۆمەڵگایەی کە پەروەردە بە زمانی دایکی، پایەیەکی بنەڕەتی و گرنگە تیایدا. منداڵان دەتوانن بە ئاسانی چەندین زمان فێربن و ئەو منداڵانەی کە بە چەند زمان دەتوانن قسە بکەن، پۆتانسێلێکی باشتر و زیاتریان هەیە بۆ فێربوون. بە فەرمی ناسینی مافی خوێندن لە هەموو ئاستەکاندا بە زمانی دایکی، پایەیەکی بنەڕەتییە لە گەشە و شکڵگرتنی کەسایەتی تەندروستی منداڵ و تازە لاوان و ڕێگایەکە بەرەو گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگا.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە ئێران کە وڵاتێکی فرە زمانە، لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمەکانی شا و ئیسلامیدا، وەک بەشێک لە ستەمی نەتەوەیی، مافی خوێندن بە زمانی دایکی بۆ ملیۆنان خوێندکاری کورد، تورک، عەرەب، بەلوچ و هتدبە شێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو و سیستماتیک پێشێل کراوە. کۆماری ئیسلامی نەک هەر خوێندنی بە زمانی دایکی قەدەغە کردووە، بەڵکوو بە ئەمنییەتی کردنی ئەو پرسە، هەڵسووڕاوانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و زمانەوانی لەگەڵ زیندان و ئەشکەنجە بەرەوڕوو کردووەتەوە.

لە ئێران منداڵ هەر لە سەرەتای چوونیان بۆ ناو باخچەی ساوایان یان قوتابخانە، خۆی لەگەڵ ئەو ژینگە نوێیە نامۆ دەبینێ و لەبەر ئەوەی کە دەستی بە دایک و باوک و کەسوکاری ئاشناش ڕاناگات، بە شێوەیەکی سروشتی هەست بە ترس و نیگەرانی دەکات. قسەکردنی موعەلیم بە زمانێکی تر، ئەو ترس و نامۆبوونەی منداڵ دوو هێندە دەکات. بەردی بناغەی پەیوەندی نێوان منداڵ و موعەلیم لەسەر ئەم نامۆبوونە بنیات دەنرێت. لە کاتێکدا ئەم ترسە دەتوانرێت لە ڕێگەی زمانێکی هاوبەشی کە بەگوێی منداڵەکە ئاشنا بێت، چارەسەر بکرێت. ڕێزگرتن لە موعەلیم، جێگەی ترس لە موعەلیم دەگرێتەوە. پردێک لە نێوان بنەماڵە و قوتابخانە دروست دەبێت. منداڵ بە ئارامییەکی زیاترەوە وانەکان فێردەبێت و هەستی متمانە بەخۆبوون تیایدا بەهێزتر دەبێت.

توێژینەوە زانستییە باوەڕ پێکراوەکان دەریدەخەن کە پەروەردە دەبێ لانیکەم تا تەمەنی ١٠ ساڵی بە زمانی دایکی بێت. تەنها بەم شێوەیە منداڵ دەتوانێت سوودی تەواو لە توانایی گەشە و شکڵگرتنی کەسایەتی خۆی وەربگرێت و بەهرە و تواناییەکانی گەشە دەکەن. توانایی بەکارهێنانی زمانی دایکی وا دەکات کە منداڵ لە فێربوونی زمانەکانی تردا تواناییەکی زیاتری هەبێت. بەم شێوەیە ڕێگا بۆ فێربوونی زمانەکانی دووەم و سێیەم و دەستڕاگەیشتن بە فەرهەنگ و بیرکردنەوە خۆش دەبێت. لە قۆناغەکانی داهاتووی پەروەردە بە زمانی دایکیدا، توانایی لاوان و تازە لاوان لە پرسی دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و بیرکردنەوە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا گەشە دەکات.

ئێستا دەتوانین بیهێنینە بەرچاومان ئەو ڕژیمەی کە ئەم مافە سەرەتاییە لە ملیۆنان منداڵی دانیشتووی ئەم وڵاتە درێغ دەکات، لە ڕاستیدا چ تاوانێکی گەورە بەرامبەر بەو منداڵانە و بەرامبەر بە هێزە بنیاتنەرەکانی دواڕۆژی ئەم کۆمەڵگایە ئەنجام دەدات. لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسیەکان لە بواری پەروەردە لە ئێراندا دەریانخستووە کە ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و ناسەرکەوتوویی، لەو ناوچانەی ئێران کە زمانی دانیشتووانەکەی فارسی نییە، گەلێک زیاترە و شادی و ڕەزامەندی منداڵان و خوێندکاران زۆر کەمترە. ئەمەش بە ئاشکرا دەریدەخات کە قەدەغەکردنی پەروەردە بە زمانی دایکی نەک هەر ستەم و نادادپەروەرییەکی فەرهەنگییە، بەڵکوو بە ڕاستەوخۆیی کاریگەری خراپی لەسەر ئاستی پەروەردەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی نەسلی نوێش هەیە.

لەبەر ئەوەش، کۆمەڵە، لەم ڕۆژەی گرنگدا پشتیوانی تەواو لە مافی خوێندن و پەروەردەی بە زمانی دایکی، لە هەموو ئاستەکانی پەروەردەدا، بۆ هەموو خەڵکانی ئێران دەکات. داوا لە هەموو هاووڵاتیانی ئازادیخوازدەکەین کە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە لە دژی ئەم بێ دادیە ئاشکراویە و لەگەڵ خوێندکاران و خێزانەکانیان بوەستنەوە بۆ ئەوەی مافی خوێندن و پەروەردەی بە زمانی دایکی بۆ هەموو کەسێک جێبەجێ بکرێت.

پەروەردە بە زمانی دایکی، لە هەموو ئاستەکاندا، قسەکردن بە زمانی دایکی لە ئیدارە دەوڵەتییەکان و لە شوێنی کار، دەرکەوتن لە میدیا و ڕاگەیاندنەکان بە زمانی دایکی، مافێکی بێ ئەملا و ئەولای هەر مرۆڤێکە. ئەم مافە تا کاتێک بە تەواوی پیادە نەکرابێت، تێکۆشانمان بۆی بەردەوام دەبێت.

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە

رێکخراوی کوردستانی حیزبی کمونیستی ئێران

٢١ فیوریە ٢٠٢٦

٢ی رەشەممە ١٤٠٤

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net