
ئەو شەڕەی کە لە ٢٨ی فێوریەی ٢٠٢٦ لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێکرد، هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە شەپۆلێک شیکاریی لەگەڵ خۆی هێنا. ژوورە هزرییەکان، دەزگا هەواڵگرییەکان، میدیاکان و بازاڕە داراییەکان، هەر کامەیان وێنەیەکی جیاوازیان لە ڕەوتی شەڕەکە نیشان دەدا. هەندێک باسیان لە پەرەسەندنی خێرای قەیرانەکە دەکرد، هەندێک لە لێدانی گورزی کوشندە لە پێکهاتەی حکومەت و هەندێکیش باسیان لە ناسەقامگیری ناوچەیی و جیهانی دەکرد. بەڵام لە ناو جەرگەی ئەم جیاوازیی بیروڕایانەدا، دەرەنجامێکی گرنگ دروست بوو، ئەویش ئەوەیە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بە تەنیا، بۆ داڕمانی خێرای دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران بەس نییە.
ئەم کۆبەندە بە ڕێکەوت نییە. ڕژێم لە ژێر فشاری شەڕدا لاواز دەبێت، توانای ئابووریی کەم دەبێتەوە، ئەگەری هەیە کەلێن و ناکۆکی ناوخۆی دەسەڵات پەرەبستێنێ و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانیش گەشە بکەن، بەڵام لە نێوان لاوازبوونی ڕژێمێک و داڕمانیدا، مەودایەکی ڕاستەقینە هەیە. ئەم مەودایە لەلایەن ڕێکخستنی سیاسی، دەزگای کارگێڕی، هێزی سەربازی و ئامێری سەرکوتەوە پڕ دەکرێتەوە. ڕژێمێک کە هێشتا توانای فەرماندەیی هەبێت، هێزی هەبێت، زیندانی هەبێت، هێشتا پارە و چەک و تۆڕی ڕێکخراوی هەبێت، ڕەنگە لە ژێر بۆردوماندا بلەرزێت، بەڵام هەروا لەسەر پێ دەمێنێتەوە.
سیستەمی سیاسی لە ئێران، لەسەر ناوەندێکی سادە و تاکەکەسی دانەمەزراوە. ئەم سیستەمە لەسەر تۆڕێکی لێکئاڵاوی دامەزراوە سیاسی، ئایینی، سەربازی و ئەمنییەکان بنیادنراوە. ڕێبەر، شۆڕای نیگەهبان، کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، حکوومەت، دەسەڵاتی دادوەری، سپای پاسداران، بەسیج، دامەزراوە ئایینییەکان، بونیادەکان و دەزگا هەواڵگرییەکان، پێکەوە پێکهاتەیەکی چەند لایەیان دروست کردووە. ئەم پێکهاتەیە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە کێبڕکێی ناوخۆییان هەیە، لە پاراستنی گشتێتی ئەو سیستەمەدا خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش. بەم هۆیەوە، لەناوبردن یان لاوازکردنی یەک سەر، خۆی لەخۆیدا نابێتە هۆی هەرەسهێنانی هەموو هەرەمەکە. ئەگەر کەسایەتییەک لابچێت، دامەزراوەکانی دیکە بۆ پاراستنی گشتێتی ڕژێم دەکەونە کار.
لەو نێوەندەدا، دەوری سپای پاسداران یەکلاکەرەوەیە. سپا تەنیا هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکوو دامەزراوەیەکی سیاسی، ئابووری، هەواڵگری و ئەمنییە. لە زۆرێک لە کەرتەکانی ئابووریدا ئامادەیی هەیە، لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا خاوەن نفووزە، لە سیاسەتی ناوچەییدا دەستی باڵای هەیە و لە کۆنتڕۆڵی ناوخۆییشدا دەوری سەرەکی دەبینێت. بەسیج، هێزە ئەمنییەکان، تۆڕە ناوخۆییەکان، بنکەکان، زیندانەکان و میکانیزمەکانی سەرکوت، هەموویان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم دامەزراوەیەدا کار دەکەن. بۆیە ئەگەر شەڕ بەشێک لە توانای سەربازی حکومەتیش لەناو ببات، بەڵام توانای کۆنتڕۆڵی ناوخۆیی، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەناو ناچێت.
ئەزموونی کۆماری ئیسلامیش ئەمەی نیشان داوە. ئەم ڕژێمە لە دەیەکانی ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە، لە شەڕ و گەمارۆوە تا دەگاتە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و کەلێن و ناکۆکییە ناوخۆییەکان. هەرجارە و ڕژێم، تەنیا بە پشت بەستن بە ئایدیۆلۆژیاکەی خۆی بەردەوام نەبووە، بەڵکوو ئەوەی ڕایگرتووە زیاتر لە هەموو شتێک، بریتی بووە لە ڕێکخراوی سەرکوت، بوونی یەکگرتووییەکی ڕێژەیی لەناو بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات و توانای کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە. بۆردومان دەتوانێت ئەم ئامێرە لاواز و ناکارامە بکات، بەڵام مادام ئەم ئامێرە بەتەواوی لە کار نەکەوتووە، داڕمانی سیاسی مسۆگەر نییە.
لە لایەکی دیکەوە، هەبوونی ناڕەزایەتییەکی قووڵی جەماوەری، بە تەنیا بە مانای ئامادەیی بۆ قۆناغی ڕاگواستنی دەسەڵات نییە. کۆمەڵگەی ئێران لێوانلێوە لە تووڕەیی، کرێکاران، ژنان، گەنجان، خانەنشینان، مامۆستایان، پەرستاران و بێکاران ناڕازین. ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بەڵام ناڕەزایەتی بەربڵاو ئەگەر گرێ نەدرێت بە ڕێکخستنێکی کاریگەر و ڕێبەرایەتییەکی سیاسی ڕوونەوە، مەرج نییە کۆتاییەکەی بریتی بێت لە ڕووخانی ڕژێم. ناڕەزایەتی دەکرێت پەرە بسێنێت، بەڵام دیسان سەرکوت بکرێتەوە. دەکرێت قارەمانانە بێت، بەڵام هەروا بە پەرتەوازەیی بمێنێتەوە.
ئۆپۆزیسیۆنیش ڕووبەڕووی لاوازیی جدی بووەتەوە. دووبەرەکی لە نێوان هێزەکاندا قووڵە، هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر جێگرەوەیەکی سیاسی بوونی نییە و ڕێبەرایەتییەکی یەکگرتوو کە لەلایەن کۆمەڵگاوە بەشێوەیەکی گشتی قبووڵکراو بێت، دروست نەبووە. ڕێکخستنی ناوخۆیی لە ئاستێکدا نییە کە بتوانێت بۆشایی دەسەڵات پڕ بکاتەوە. بەشێکی گرنگی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵاتن. ئەم هێزانە دەتوانن میدیایان هەبێت، دەتوانن ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن، دەتوانن فشاری دیپلۆماسی دروست بکەن، بەڵام توانای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆیان لە گۆڕەپانی ناوخۆدا سنووردارە. هێزێکی کە نەتوانێت لە کاتی قەیراندا لە گەڕەکەکان، ناوەندەکانی کار، شارەکان و دامەزراوە ناوخۆییەکاندا حزوورێکی کاریگەری هەبێت، چۆن دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی حکومەتێکی کە لەبەردەم داڕماندایە؟
واقعییەت ئەوەیە کە شەڕ وێرانکەرە و دەتوانێت هاوسەنگییەکان تێک بدات، بەڵام بە تەنیا فاکتەری یەکلاکەرەوە نییە بۆ هەرەسهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران. ئەگەر بڕیار بێت ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ڕوو بدات، پێویستی بە هۆکارە قووڵە ناوخۆییەکان هەیە، پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی دەزگای دەسەڵاتدار، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە خوارەوە، دروستکردنی جێگرەوە (بەدیل) و شکاندنی قۆرخی سەرکوت هەیە. بێ ئەم توخمە سەرەکییانە، ئۆپەراسیۆنی دەرەکی ڕەنگە تەنیا شێوەی قەیرانەکە بگۆڕێت، نەک ماهیەتی دەسەڵاتەکە.
تەنانەت ئەگەر وای دابنێین کە شەڕ ببێتە هۆی داڕمانی ڕژێم، دیسان ئەم پرسە بێ وەڵام دەمێنێتەوە کە چی دەبێتە جێگرەوەی؟ هەرەسهێنانی دەوڵەتێک بە مانای دروستبوونی لەخۆڕای جێگرەوەیەکی پێشکەوتوو و جەماوەری نییە. ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل بیانەوێت جێگرەوەی دڵخوازی خۆیان جێگیر بکەن، ڕێگەیەکی ئاسانیان لە پێش نییە. کارێکی وا بەبێ داگیرکاری ناکرێت. دەبێت هێزی سەربازی داگیرکەر لەسەر زەوی جێگیر بکرێت و دەزگایەکی کارگێڕی نوێ لە سەرەوە بسەپێنرێت. ئەزموونی ئەفغانستان و عێراق، جیا لە ئەنجامە ڕاستەقینەکانی بۆ خەڵکی ئەو دوو وڵاتە، ئەزموونێکی لەو شێوەیە بوون.
سیناریۆیەکی دیکە ئەوەیە کە یەکێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن یان هاوپەیمانییەک لەوان، بتوانێت ببێتە جێگرەوەی ڕژێم. بەڵام ئەمە تەنیا بە ڕاگەیاندنی بوون لە میدیاکاندا یان پشت بەستن بە پشتیوانی دەرەکی ناکرێت. ئەم هێزە دەبێت ڕێکخراو بێت، ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی هەبێت، کادر و تەشکیلات و تۆڕی ناوخۆیی و توانای بەڕێوەبردنی کاروباری هەبێت. دەبێت بتوانێت لە کاتی قەیراندا ئاسایش، نان، خزمەتگوزاری و نەزمێکی کۆمەڵایەتی دابین بکات. نموونەکانی وەک ئیخوان موسلیمین لە میسر، ئەلنەهزە لە تونس و خودی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٧دا، نیشانی دەدەن کە جێگرتنەوەی دەسەڵات بەبێ ڕێکخستنی بەربڵاو و نفووزی کۆمەڵایەتی مەحاڵە.
بەڵام سیناریۆیەکی دیکەش هەیە کە بە بڕوای ئێمە هیوابەخشترین حاڵەتە، ئەویش بریتییە لە دروستبوونی “حکومەتێکی دووفاقی“. لەم دۆخەدا، ڕژێم بەهۆی شەڕ و قەیرانی ئابووری، ناڕەزایەتی و هەڵوەرینی هێزەکانی بە توندی لاواز دەبێت، بەڵام هێشتا بە تەواوی لەپێ نەکەوتووە. هەر لەو کاتەدا، دامەزراوە جەماوەرییەکان لە خوارەوە دەست دەکەن بە پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات. شۆڕا و کۆمیتەکانی گەڕەکەکان پێکدێن و دەست دەکەن بە چالاکی، ڕێکخراوە کرێکارییەکان، دامەزراوەکانی بەرگریکردن لەخۆ و ئەنجومەنە جەماوەرییەکان گەشە دەکەن. خەڵک تەنیا ناڕەزایەتی دەرنابرن، بەڵکوو بەڕێوەبردنی کاروباریش دەگرنە دەست.
ئەمە ئەو ڕێگەیەیە کە دەتوانێت جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە شکڵ پێبدات، جێگرەوەیەکی کە نەک لە دەرئەنجامی بۆردومان، بەڵکوو لە ئیرادە و ڕێکخستنی جەماوەرەوە سەرچاوە دەگرێت. لە ئاوا حاڵەتێکدا، دەسەڵات لە خوارەوە دروست دەبێت. دامەزراوە جەماوەرییەکان ڕاستەوخۆ هەڵبژێردراوی خەڵک و وەڵامدەرەوە دەبن. مەشروعییەت لە کۆمەڵگەوە دێت نەک لە داگیرکەر یان بیرۆکراسییەکی گەندەڵی کۆنەوە. ئەزموونی “ڕۆژاوا” لە سووریا، بە هەموو سنووردارێتی و دژوازییەکانیەوە، نیشانی دا کە لە ناو جەرگەی قەیران و شەڕدا، دامەزراوە جەماوەرییەکان دەتوانن سەرهەڵبدەن و بۆشایی دەسەڵات پڕ بکەنەوە.
لە بەرامبەردا، ئەگەر هیچ کامیان دروست نەبێت و ڕژێمیش بەهۆی شەڕەوە هەرەس بهێنێت، مەترسییەکی گەورە هەڕەشە لە کۆمەڵگە دەکات، ئەویش بریتییە لە پاشاگەردانییەکی بەربڵاو و زاڵبوونی هەژموونی گرووپە چەکدارە نابەرپرسیارەکان. لەم دۆخەدا، نە دەوڵەتی پێشوو دەمێنێت و نە جێگرەوەیەکی کۆمەڵایەتی ئامادەیە. بۆشایی دەسەڵات بە هێزە چەکدارە پەرتەوازەکان، مافیا ناوخۆییەکان، میلیشیاکان و هێزە بیانییەکان پڕ دەکرێتەوە. نموونەی لیبیا دوای بەهاری عەرەبی نموونەیەکی ڕوونە بۆمان. هەرەسهێنان ئەگەر لەگەڵ ڕێکخستنی جەماوەریدا نەبێت، دەتوانێت ببێتە کارەساتێکی گەورەتر لە خودی ڕژێمەکە.
بۆیە، کێشەی سەرەکی تەنیا ئەوە نییە کە کۆماری ئیسلامی هەرەس بهێنێت، کێشەکە ئەوەیە چ هێزێک، بە چ ئاسۆیەکی سیاسی و بە چ شێوازێکی ڕێکخستن، دەتوانێت جێگەی بگرێتەوە. لە دیدی ئێمەوە، باشترین سیناریۆ بریتییە لە دروستبوونی دەسەڵات لە خوارەوە. واتە دۆخێکی کە تێیدا خەڵکی ڕێکخراو، دامەزراوە بەرپرسیارەکانی خۆیان دروست بکەن. دەسەڵات و چەک بکەوێتە دەست دامەزراوە جەماوەرییە هەڵبژێردراوەکان، نەک دەوڵەتی داگیرکەر یان بژاردەی دەستنیشانکراو.
کەواتە دەبێت بە ڕاشکاوی بڵێین: ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە تەنیا گەرەنتی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نییە. تەنانەت ئەگەر یارمەتی لاوازبوونیشی بدات، هێشتا یەکلاکەرەوەی کۆتایی نییە. ئەوەی یەکلاکەرەوەیە، هاوسەنگی هێزی ناوخۆییە. ئەوەی یەکلاکەرەوەیە، ڕێکخستنی چینی کرێکار، چەوساوەکان، ژنان، گەنجان و کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازە. دروستبوونی دامەزراوەی جێگرەوە لە خوارەوە تەنیا ڕێگایەکە کە دەتوانرێت تێیدا هەم دژی ڕژێم شەڕ بکرێت، هەم سنوورێک لەگەڵ داگیرکاری و دەستێوەردانی دەرەکیدا دابنرێت و هەم ڕێگری بکرێت لە دروستبوونی پاشاگەردانی لەناو کۆمەڵگەدا.
ئەرکی ئێمەش هەر لەم خاڵەدا ڕوون دەبێتەوە، دەبێت بۆ دروستکردنی ئەم جێگرەوەیە کار بکەین. دەبێت لە پەیوەندیدا بین لەگەڵ خەباتە ڕاستەقینەکانی خەڵک. دەبێت پشت بە شۆڕاکان، ڕێکخراوەکان، دامەزراوە ناوخۆییەکان و ئیرادەی بەکۆمەڵ ببەستین. داهاتوویەکی ئازاد و یەکسان، نە لە ئاسمانەوە و نە لە مووشەکەکانەوە دادەبارێت، بەڵکوو ئەم داهاتووە تەنیا جەماوەری ڕێکخراو و وشیار، بە ئیرادەی خۆیان دروستی دەکەن.