کۆمەڵگەی ئێران لە بەردەم قۆناغێکی ڕاگوزەری مەترسیدای دوای شەڕ

زیاتر لە مانگێک بەسەر شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تێدەپەڕێت، شەڕێکی کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چۆن کۆتایی دێت، هەرلە ئێستاوە ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە کۆمەڵگەی ئێران نەک تەنیا لەگەڵ قەیرانێکی سەربازی، بەڵکوو لەبەردەم گۆڕانکارییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیدایە. لە ئاوا دۆخێکدا، پرسی سەرەکی دوای کۆتاییهاتنی شەڕ تەنیا بێدەنگبوونی چەکەکان و ڕاوەستانی بۆردومانەکان نابێت. بەڵکوو ئەوەی کە دەکەوێتە چەقی سەرنجەوە، بریتییە لە ئاستی وێرانکاری، ئەگەر یان مەحاڵبوونی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و چارەنووسی ژیانی کۆمەڵایەتی لە وڵاتێکدا کە ژێرخانە سەرەکییەکان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و تۆڕەکانی خزمەتگوزاریی گشتیی، زیانی جددییان بەرکەوتووە.

شەڕەکان کاتێک کۆتاییان دێت کە لایەنەکان بگەنە جۆرێک لە ڕێککەوتن، یان لاوازبوون و پەککەوتەیی نیزامیی و حکوومیی کۆماری ئیسلامی، بەکردەوە ئیمکانی بەردەوامیدان بەم شەڕە مەحاڵ بکات. بەڵام بۆ کۆمەڵگەیەک کە کەوتووەتە بەر وێرانکارییەکی بەربڵاو، کۆتاییهاتنی شەڕ خۆی لەخۆیدا بە واتای گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی نییە. کۆمەڵگەی دوای شەڕ، بەتایبەت لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کە پێشتریش لەگەڵ قەیرانی بەردەوام و پێکهاتەیی بەرەوڕوو بووە، پێدەنێتە قۆناغێکەوە کە تێیدا ئاوەدانکردنەوە، نەک تەنیا پڕۆژەیەکی تەکنیکی، بەڵکوو پرسێکی چارەنووسساز دەبێت بۆ مانەوە، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و داهاتووی سیاسی.

ئەگەر دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، گەمارۆی ئابووریی ئێران بەردەوام بێت و هیچ کرانەوەیەک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ هاتنی سەرمایە، تکنۆلۆژی، کەرەستەی خاو و سەرچاوە پێویستەکانی ئاوەدانکردنەوە ڕونەدات، وێرانکارییەکانی سەرچاوەگرتوو لە شەڕ، نەک هەر نۆژەن ناکرێنەوە، بەڵکوو دەبنە بەشێک لە پێکهاتەی ئاسایی ژیانی ڕۆژانە. ئەم دۆخە بەو واتایەیە کە وێرانکاری لە ڕووداوێکی کاتییەوە دەبێتە دۆخێکی جێگیری کۆمەڵایەتی، دۆخێکی کە تێیدا خەڵک ناچارن لە ناو جەرگەی کەموکوڕی، پەککەوتەیی و ناسەقامگیریدا بژین.

ئەنجامەکانی ئاوا دۆخێک زۆر ڕوونە: هەژاری بەربڵاوتر دەبێت، ئاستی ژیان ئەوەندەی تر دادەبەزێت، خزمەتگوزارییە گشتییەکان زیاتر لە جاران لاواز دەبن، بێکاری هەرچی زیاتر پەرە دەسێنێت، ڕەوتی بەرهەمهێنان و دابەشکردن تێکدەچن و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەبنەوە. ئەوەی پێشتریش لە ئەنجامی گەندەڵیی دامەزراوەیی، گەمارۆ، هەڵاوسانی بەردەوام، ناکارامەیی و سیاسەتە دژە خەڵکییەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنرابوو، دوای شەڕ ئاستێکی بەربڵاوتر و وێرانکەرتر بەخۆیەوە دەگرێت.

شەڕ، وەک هەمیشە، لە زمانی فەرمیدا بە ناوی دەوڵەتەکان و دەسەڵاتەکانەوە تۆمار دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوە خەڵکن کە باجەکەی بە نان، گیان، داهاتوو و کەرامەتی خۆیان دەدەن. برسییەتی هەرچی زیاتر، پەرەسەندنی بێ ماڵوحاڵی، زیادبوونی زیانە کۆمەڵایەتییەکان، کۆچبەری، کاری منداڵان، نائەمنی دەروونی و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێک دەبن لە ئەگەرەکانی کۆمەڵگەی دوای شەڕ.

ئاشکرایە کە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی دوای شەڕ، کارێکی خێرا و سادە نییە و خۆی لەخۆیەوە ڕوونادات. ئاڵمانی دوای شەڕی جیهانیی دووەم، کە بە ڕادەیەکی زۆر وێران ببوو، ساڵانێکی زۆری خایاند تا بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دۆخێکی تا ڕادەیەک ئاسایی. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی “تەرحی مارشاڵ”دا لە سەرمایە، تەکنۆلۆژی و پاڵپشتییەکی بەربڵاوی ویلایەتە یەکگرتووەکان سوودمەند بوو. بەڵام تەنانەت بەو حاڵەشەوە ئاوەدانکردنەوەی ئاڵمان پرۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆز بوو، نەک کارێکی کورتخایەن.

سەبارەت بە ئێران، ئاسۆکە لەوەش لێڵ ترە. چونکە ئەگەر وڵات دوای کۆتاییهاتنی شەڕ هەر بە گەمارۆدراوی و لە دۆخی دابڕانی ئابووریدا بمێنێتەوە، نە قسە لە سەرمایەی دەرەکیی بەربڵاو دەبێت، نە گواستنەوەی تکنۆلۆژی و نە بەرنامەیەکی ئاوەدانکردنەوە بە پشتگیریی نێودەوڵەتی. لەبەر ئەوە، بەراوردی مێژوویی پێمان دەڵێت کە کۆمەڵگەی ئێران لە ئەگەری نەبوونی وەها دەرفەتێکدا، لەوانەیە هەیە بچێتە ناو خولێکی درێژخایەن لە ڕکود، پەککەوتەیی و هەژاریی درێژخایەنەوە.

نموونەی نزیکتر، شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقە. ئەو شەڕە، سەرەڕای جیاوازیی زۆری لەگەڵ ئەو دۆخەی ئێستا، بەڵام نیشانی دا کە ئاسەوارە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی شەڕ، دەتوانن بۆ چەندین دەیە لەسەر کۆمەڵگەیەک بمێننەوە. ئێستاش دەبێت بە واقیع‌بینییەوە قبووڵ بکرێت کە ئەو شەڕەی ئێستا، تەنانەت ئەگەر لە ئاستی سەربازیشدا کۆتایی بێت، شوێنەوارەکانی لە ئاستێکی قووڵتری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەردەوام دەبن.

بەڵام ئەم واقیعە بە هیچ جۆرێک بە واتای سەقامگیریی یان ئەوەی کە ئەو نەزمە سیاسییەی ئێستا لەگەڵ هیچ ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەک بەرەوڕوو نابێتەوە، نییە. بەڵکوو بەپێچەوانەوە، کۆمەڵگەی دوای شەڕ، ئەگەری زۆرە بکەوێتە ناو یەکێک لە ناسەقامگیرترین قۆناغەکانی ژیانی هاوچەرخی خۆیەوە. ئەو دام دەزگا سیاسییەی کە پێش شەڕیش لەگەڵ قەیران، ناکارامەیی، گەندەڵی، بێتوانایی لە بەڕێوەبردنی ئابووری و کەلێنێکی قووڵ لەگەڵ کۆمەڵگە ڕووبەڕوو بوو، دوای شەڕ لەگەڵ ئەو ویست و داواکارییانەدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە چیتر ناتوانرێت بە دانی بەڵێنی دووبارە و بەو زمانەی پێشوو، یان میکانیزمە ئاساییەکانی سەرکوت کۆنترۆڵ بکرێت.

پرسی نان، کار، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، دەرمان، پەروەردە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاوەدانکردنەوە، دەبنە پرسە بەپەلە و حاشاهەڵنەگرەکانی کۆمەڵگە. کۆمەڵگەیەکی کە وێرانکاریی، بە گۆشت و پێستی خۆی هەست پێکردووە، چیتر بە ئاسانی تەسلیمی تەبلیغات و پڕوپاگەندەی فەرمی نابێت. لە ئاوا دۆخێکدا، دژوازی نێوان بێتوانایی پێکهاتەیی دەسەڵات و پێویستییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە، دەبێتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی قەیرانی سیاسی. ئەمە هەمان ئەو دۆخەیە کە تێیدا جارێکی تر دۆسیەی دەسەڵاتی سیاسی دەکرێتەوە.

کۆتاییهاتنی شەڕ، هاوکات دەبێتە ساتی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ڕیزبەندیی هێزە سیاسییەکانیش. لە ساتە قەیراناوییەکانی مێژوودا، دروشمە گشتییەکان و بانگەشە ڕواڵەتییەکان، زوو یان درەنگ جێگەی خۆیان دەدەن بە داوەرییە عەینییەکان. کۆمەڵگە بە دروستی دەپرسێت: کێ بوون ئەوانەی لە ناو جەرگەی شەڕدا، ئازاری خەڵکیان بینی و کێ بوون ئەوانەی دیلی هاوکێشەکانی دەسەڵات یان وەهمە سیاسییەکانی خۆیان بوون؟ چ هێزگەلێک بەردەوامیی شەڕ و قووڵکردنەوەی وێرانکارییان قبووڵ کرد و چ هێز و لایەنێک بوون کە هەوڵیاندا بەرژەوەندیی زۆرینەی خەڵک و پێویستیی ڕزگارکردنی کۆمەڵگە بکەنە ئەولەوییەتی سەرەکی خۆیان؟

لەو ڕوانگەیەوە، کۆتاییهاتنی شەڕ، ساتی تاقیکردنەوەی متمانەی سیاسییە. ئەو ڕەوتانەی بەبێ بچووکترین سەرنجدان بە ئەنجامە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی شەڕ، پێشوازییان لە درێژەکێشانی کردووە یان لە بەرامبەر وێرانبوونی کۆمەڵگەدا بێدەنگ بوون، بێگومان لەگەڵ داخوران و لاوازبوونی پێگە و متمانەی خۆیان بەرەوڕوو دەبنەوە. لە بەرامبەردا، ئەو هێزانەی کە توانیویانە سنووری خۆیان هەم لەگەڵ شەڕ و هەم لەگەڵ ئەو نەزمەی کە شەڕ بەرهەم دەهێنێت دیاری بکەن و لە هەمان کاتدا پرسی ڕزگارکردنی کۆمەڵگە و ئاوەدانکردنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی، بخەنە سەرووی هەموو شتێکەوە، دەرفەتی زیاتریان دەبێت بۆ بینینی ڕۆڵ و کاریگەریی لە قۆناغی پاش شەڕدا.

لەەم نێوانەدا، بەرپرسیارێتی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەگەر ئەم هێزانە بیانهەوێ لە قۆناغی ڕاگوزەری داهووتوودا ڕۆڵێکی ڕاستەقینە بگێڕن، هیچ ڕێگە چاره‌یەکیان نییە جگە لەوەی کە دەبێ لە تەسکبینیی گرووپیی و پەنابردن بۆ فۆرموڵە زێهنییە چەق بەستووەکان تێپەڕن. ئێستا کاتی ئەوە نییە کە سیاسەتی ڕزگاریخوازانە تەنیا لە قاڵبی ئاماژەی ڕواڵەتی بە چەمکە گەورەکان بەرهەم بهێنرێتەوە، بەڵکوو کاتی “شیکردنەوە و لێکدانەوەی دیاریکراوە بۆ بارودۆخێکی دیاریکراو”.

چەپ، ئەگەر بیهەوێ ببێتە هێزێکی کاریگەر، دەبێت بتوانێت پەیوەندی لە نێوان ئاسۆی مێژوویی سۆسیالیزم و پێویستییە بەپەلە و هەنووکەییەکانی ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵایەتی دروست بکات. پرسی ئەمڕۆی کۆمەڵگە، لە هەنگاوی یەکەمدا، بریتییە لە بەرهەمهێنانەوەی دەرفەتی ژیان. کۆمەڵگەیەکی کە لەگەڵ وێرانکاری، بێکاری، کەمی، برسییەتی، نائەمنی و داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرەوڕووە، پێش هەر شتێک پێویستی بە وەڵامێکی ڕوون هەیە بۆ پرسی مانەوە و کەرامەتی مرۆیی. هەر هێزێک دەرک بەم واقیعە نەکات، تەنانەت ئەگەر ڕادیکاڵترین وشەکانیش بەکار بهێنێت، لە کۆمەڵگە دادەبڕێت.

لەمڕووەوە، ئەرکی بەپەلەی هێزە پێشکەوتنخوازەکان ئەوەیە کە سیاسەت بگەڕێننەوە بۆ ئاستی ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک. پشتگیریکردن لە ڕێکخستنی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان، داکۆکیکردن لە مافی ڕێکخراوەیی، پێداگری لەسەر دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئیمکانات، پێداگری لەسەر دەستڕاگەیشتنی گشتی بە دەرمان، پەروەردە، نیشتەجێبوون و بژێوی ژیان و هەروەها ڕاوەستان لە بەرامبەر ئەمنییەتی کردنی ویست و داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان، دەبێت ببنە پاڵنەرە سەرەکییەکانی دەستێوەردانێکی بەرپرسیارانە. لە درێژەی ئاوا پرۆسەیەکدایە کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و چەوساوە، ئاڵتەرناتیڤ و جێگرەوەی دڵخوازی خۆیان بۆ ڕژێمی دوای شەڕ ئامادە دەکەن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net