
چیرۆکی ژیان و گوزەرانی کەم ئەندامان و نەخۆشە فەرامۆش کراوەکان
لهو ڕۆژانەی کە سەرلەنوێ تەمومژ و سێبەری شەڕ بەسەر ئاسمانی ئێراندا دەسووڕێتەوە، هەندێک لە چین و توێژەکانی خەڵک زیاتر لە هەمووان دەکەونە بەر مەترسی فەرامۆشبوون. کەمئەندامان، نەخۆشە تایبەتەکان، نەخۆشە درێژخایەنەکان و سەرجەم ئەوانەی کە ژیانیان بەستراوەتەوە بە دەوا و دەرمان، ڕاهێنانەوە، دیالیز، خوێن، دەرمانەکانی مەینی خوێن، کورسیی کەمئەندامی، پەرستار و چاودێریی بەردەوام، لە زومرەی ئەو کەسانەن. لە وڵاتێکدا کە بودجەکەی زیاتر لەوەی خەرجی چەرخی ویلچەر، دەرمانی نەخۆشەکان و ئامێری دیالیز بکرێت، خەرجی مووشەک، دامەزراوەکانی سەرکوت و سەرکێشییە سەربازییەکان دەکرێت، ملیۆنان کەس بە سەختی شەو و ڕۆژ تێپەڕ دەکەن.
ئێرانی ئەمڕۆ لەگەڵ نزیکەی ٩ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەمئەندام بەرەوڕووە. ئەم ئامارە فەرمییە خۆی سەلمێنەری کارەساتێکی مرۆییە. لەم ژمارەیە، تەنیا نزیکەی ۳ ملیۆن کەسیان لەژێر چاودێریی ڕێکخراوی بێهزیستی یان (خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی)دان. واتا زیاتر لە ۶۰٪ی کەمئەندامانی وڵات بە کردەوە لە هەر چەشنە پاڵپشتییەکی فەرمی بێبەشن، وەک بڵێی هەر لە بنەڕەتدا لە پلان و بەرماکانی حکومەتدا هیچ حیسابێکیان بۆ ناکرێت.
بەڵام تەنانەت ئەو کەسانەش کە لەژێر چاودێریی بێهزیستیدان، لە پاڵپشتییەکی ڕاستەقینە بەهرەمەند نین. لە ناو ئەم کۆمەڵە خەڵکەدا، نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس مووچەخۆرن، ئەویش بە هاوکارییەکی دارایی لە نێوان ۱۰ بۆ ۳۰ دۆلار لە مانگێکدا. ئەم بڕە پارە کەمە نەک هەر هیچ گرێیەک لە ژیان ناکاتەوە، بەڵکوو تەنانەت بەشی کڕینی یەک جۆرە دەرمانی تایبەت، یەک جار فۆتۆگرافی یان فیزیۆتراپی، یان چاککردنەوەیەکی سەرەتایی ویلچەرێکیش ناکات. لە وڵاتێکدا کە هێڵی هەژاری بە خێراییەکی بێ وێنە بەرز دەبێتەوە، کۆمەکێکی لەو شێوەیە زیاتر لە سووکایەتی پێکردن دەچێت نەک پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی.
لە نێوان کەمئەنداماندا، نزیکەی ۵۳۰ هەزار کەسیان کەمئەندامی توند و زۆر توندن، ئەو کەسانەی کە زۆر جار تەنانەت توانای کارکردنیان نییە، پێویستیان بە چاودێریی بەردەوامە و بنەماڵەکانیان لەژێر باری قورسی تێچووە داراییەکاندا پشتیان چەماوەتەوە. لە زۆربەی ئەم بنەماڵانەدا، کەمئەندامان و نەخۆشە تایبەتەکان نە پەرستاریان هەیە، نە ئامێری گونجاو، نە ماڵێکی گونجاو، نە بیمەیەکی کارامە و نە داهاتوویەکی ڕوون.
بۆ زۆرێک لە کەمئەندامانی جەستەیی، چوونەدەرەوە لە ماڵ، خۆی بووەتە کارێکی دژوار و سووکایەتی ئامێز. پیادەڕەوە پڕ لە چاڵ و چۆڵ و ناستانداردەکان، پاسە نەشیاوەکان بۆ بەکارهێنان، بینا حکومییەکانی بێ ئەسانسۆر و بێ تەوالێتی گونجاو و ئەو شەقامانەی کە بۆ ویلچەرنشینان لە مەیدانی ڕاکردنی بەربەستدار دەچن، هەموویان نیشانی دەدەن کە شارەکانی ئێران بۆ هەموو هاووڵاتیان دروست نەکراون. لە ڕاستیدا، زۆرێک لە کەمئەندامان نەک بەهۆی بێتوانایی جەستەیی، بەڵکوو بەهۆی بێتوانایی و نابەرپرسیارییەتی ڕژێمی دەسەڵاتدارەوە، لە ماڵەوە ماونەتەوە.
کەمئەندامانی زێهنی و دەروونی لەگەڵ دیوارێکی بەرزتر ڕووبەڕوون، دیواری نیگای سووکایەتی ئامێز و نەبوونی پەروەردە و وشیاریی گشتی. لە زۆربەی بنەماڵەکاندا، ئەو کەسەی کەمئەندامیی زێهنی یان دەروونی هەیە لە چاوی کۆمەڵگە دەشاردرێتەوە. ئەم شاردنەوەیە نەک لەبەر ناخۆشەویستیی بنەماڵەکەی، بەڵکوو زۆرجار لە ترسی قەزاوەت، سووکایەتی و گوشاری کۆمەڵایەتییە. کۆمەڵگەیەکی کە سەبارەت بە کەمئەندامی پەروەردە نەکراوە، لەبری پاڵپشتی، شەرمەزاری بەرهەم دەهێنێت. ئاکامەکەی دەبێتە ئەوەی کە کەسی کەمئەندام، هەم لە لایەن حکومەتەوە پشتگوێ دەخرێت و هەم لە لایەن کۆمەڵگەوە پەراوێز دەخرێت.
هەڵاوسانی هەوسارپچڕاوی ساڵانی ڕابردوو، قەیرانی کەمئەندامان و نەخۆشە تایبەتەکانی چەند قات کردووە. بنەماڵەکان لە لەگەڵ بژاردەیەکی نامرۆڤانە و نادروست بەرەوڕوو دەبنەوە، وەک ئەوەی کە تێچووی چارەسەری بدەن یان کرێی خانوو؟ دەرمان بکڕن یان خۆراک؟ فیزیۆتراپی بەردەوام بکەن یان پووڵی کارەبا و گاز بدەن؟ لە زۆر حاڵەتدا، بنەماڵەکە ناچارە دەرمان وەلا بنێت، ئەڵبەتە نەک لەبەر بێباکی و هەستنەکردن بە پێویستییەکەی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی مانەوە لە ژیاندا بووەتە یەکەم ئەولەوییەت. بەم شێوەیە، کەمئەندامان و نەخۆشە تایبەتەکان بەرەبەرە لە پڕۆسەی چارەسەری دەسرێنەوە و بەمجۆرە مەرگ و ڕەنجەکەیان لە هیچ ئامارێکی فەرمیدا نابینرێت.
خزمەتگوزارییەکانی ڕاهێنانەوەی تایبەت (ئەهلی) زۆر گرانن و بیمەکان تێچووی ڕاستەقینەی ئەو کارانە لە ئەستۆ ناگرن. گوتاردەرمانی، فیزیۆتراپی، ڕاوێژکاریی دەروونی، ئامرازەکانی یارمەتیدەری ڕاهێنانەوە، ویلچەر، ئامێری بیستن، چاویلکە و پڕۆتێز بۆ زۆرێک لە بنەماڵەکان بوونەتە کاڵایەکی لۆکس. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمانە بۆ کەسی کەمئەندام، ئامرازی ژیانن. کاتێک منداڵێکی کەمئەندام لە گوتاردەرمانی بێبەش دەکرێت، داهاتووی پەیوەندییکردنی زیانی پێدەگات. کاتێک کەسێکی کە توانای ڕێگە ڕۆیشتنی نییە ویلچەری گونجاوی بۆ دابین ناکرێت، لە کۆمەڵگە وەلا دەنرێت. کاتێک کەسێکی نابینا ئامرازی پەروەردەیی نییە، مافی خوێندنی بە کردەوە پێشێل دەکرێت.
لە پاڵ کەمئەنداماندا، نەخۆشە تایبەت و درێژخایەنەکانیش لە بارودۆخێکی دژوارتردان، بەتایبەت لە هەلومەرجێکدا کە نە شەڕی فەرمی لەئارادایە و نە ئاشتییەکی ڕاستەقینە برقرارە. بۆ نەخۆشانی هیمۆفیلی، کەمیی دەرمان هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر گیانیان. نەبوونی دەرمانی مەینی خوێن، تەنانەت خوێنبەربوونێکی سادەش دەتوانێت ببێتە هۆی مەرگی کەسەکە.
نەخۆشانی دیالیزیش لە نۆرە درێژماوە و تاقەتپڕووکێنەکاندا گیریان خواردووە. دیالیز بۆ ئەم نەخۆشانە، مەرجی زیندوو مانەوەیە. کەمیی ئامێر، تەخت، کەرەستەی بەکارھێنان، کادری دەرمانی و نەبوونی ناوەندی خاوەن ئیمکاناتی پێویست، دەبێتە هۆی ئەوەی دوورکەوتنەوەی مەودای چارەسەر، مەترسیدار بێت. نەخۆشێک کە دەبێت بەردەوام دیالیز بکرێت، ئەگەر بەهۆی کەمیی ئامرازەکانەوە لە نۆرەدا بمێنێتەوە، لەوانیە لەگەڵ سستیی توند، ژەهراویبوونی جەستە و مردن ڕووبەڕوو ببێتەوە.
نەخۆشانی تالاسیمیاش لەگەڵ کەمیی خوێن و دەرمانە سەرەکییەکان دەستەویەخەن. لە هەندێک حاڵەتدا، کەمیی خوێن یان دەرمانی کۆنترۆڵکردنی ئاسن، بووەتە هۆی مرگ و گیانلەدەستدانی هەندێک لە نەخۆشەکان کە بە تەواوی دەکرا ڕێگرییان لێبکرێت.
ڕێکخراوی بێهزیستی کە دەبوو قەڵغانی بەرگریی کەمئەندامان بێت، خۆی بووەتە بەشێک لە قەیرانەکە. ئاشکرابوونی دزی و تاڵان و بڕۆ ملیاردییەکان و مایەپوچبوونی دامەزراوە گەلێکی کە ئەرکی پاڵپشتیکردنی بێبەشترین توێژەکانی کۆمەڵگەیە، نیشانی دەدات کە چۆن گیان و کەرامەتی مرۆڤ لەم وڵاتەدا یاری پێدەکرێت.
لە ناوچە سنوورییەکانی وەک سیستان و بەلووچستان، کوردستان و ناوچە بێبەشەکانی تر، ئەم دۆخە گەلێک ڕەهەندی کارەساتبارتری هەیە، ئەو کەسانەی کە بەهۆی مینە بەجێماوەکانی شەڕ کەمئەندام دەبن، ئەو کۆڵبەرانەی کە لە ئەنجامی تەقەکردن یان کەوتنەخوارەوە و سەرما تووشی کەمئەندامی بوون و هەروەها ئەو بنەماڵانەی کە تەنانەت دەستیان بە کەمترین خزمەتگوزاریی ناوەندی پارێزگاکانیش ڕاناگات، لە بێدەنگیدا دەناڵێنن. هەژاری، هەڵاواردنی نەتەوەیی و دەستڕانەگەیشتن بە ناوەندە دەرمانییەکان، هەموویان دەستیان داوەتە دەستی یەک تا کەسانی کەمئەندام لەم ناوچانە، مەحکووم بن بە گۆشەگیری و هەژاریی هەژاریی هەرچی زیاتر.
بڕان یان گرفتی ئینتەرنێتیش زەبرێکی جیدی لە کەمئەندامان داوە. بۆ زۆرێک لە کەمئەندامان، ئینتەرنێت تەنیا ئامرازی کات بەسەربردن نییە، بەڵکوو ڕێگایەکە بۆ خوێندن، کار، پەیوەندی، کڕینی دەرمان، وەرگرتنی ڕاوێژ، چالاکیی کۆمەڵایەتی و تەنانەت پەیداکردنی داهاتیش. کاتێک ئینتەرنێت دەبڕدرێت یان سنووردار دەکرێت، زۆرێک لە کەمئەندامان دیسانەوە لە ماڵەکانیاندا زیندانی دەکرێنەوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا، دەستڕاگەیشتنی دیجیتاڵی بەشێکە لە سەربەخۆیی تاکەکەسی. زەوتکردنی ئەو ئیمکانە، بۆ کەمئەندامان واتا داخستنی یەکێک لە دواین ڕێگاکانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە.
بە هەموو ئەمانەشەوە، وێنەکە بە تەواوی تاریک نییە. کەمئەندامانی ئێران لە نێوان ترس و ئومێددا وەستاون. کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لە لایەن بنەماڵەکانەوە، چالاکییە مەدەنییەکان، پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵە نافەرمییەکان و هەوڵی گرووپە سەربەخۆکان، تروسکاییەکی بچووکی بەرگرییان بە زیندوویی ڕاگرتووە.
تا ئەو کاتەی کە بودجەی وڵات خەرجی سەرکێشیی سەربازی، دەزگای سەرکوت و دامەزراوە گەندەڵەکان دەکرێت، کەمئەندامان و نەخۆشە تایبەتەکان هەروا لە نۆرەی دەرمان، چارەسەر، ویلچەر، دیالیز و خوێندا دەمێننەوە. لەو ڕۆژانەی کە سەرلەنوێ سێبەری شوومی شەڕ باڵی بەسەر ئێراندا کێشاوە، نابێت بهێڵرێت دەنگی ئەم فەرامۆشکراوانە ون بێت. کۆمەڵگەیەکی ئینسانی ئەوەیە کە بێبەشترین و ئازارچێشتووترین ئەندامەکانی بخاتە چەقی سەرنجی خۆیەوە. کەمئەندامان و نەخۆشە تایبەتەکانی ئێران نە بەزەیییان دەوێت و نە بەڵێن، بەڵکوو مافی ژیان، چارەسەر، ئیمکانی دەستڕاگەیشتن، کەرامەت و داهاتوویەکی مرۆییان دەوێت.