
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، کەژاڵ ڕەحمانی، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان کە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی لەگەڵ هاوسەر و براکەی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، هێشتا لە ژووری تاکەکەسیی کانونی چاکسازی و پەروەردەی سنە مانی لە خواردن گرتووە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، کەژاڵ ڕەحمانی پاش دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بۆ ژووری تاکەکەسیی کانونی چاکسازی و پەروەردەی سنە ڕاگوێزراوە و لەو ماوەیەدا مانی لە خواردن گرتووە. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە دەکەن کە هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی ناوبراو، هاوسەرەکەی “عیسا فەیزی” و براکەی “دانیاڵ ڕەحمانی“، دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون. شایانی باسە کە تا کاتی داڕشتنی لە لایەن ناوەندە ئەمنیەکانی ڕژیمەوە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن و هەروەها دۆخی تەندروستی دەستبەسەرکراوانی ئەم دۆسیەیە ئاراستەی بنەماڵەکانیان نەکراوە و لە هەمان کاتدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ بێبەش کراون.