کۆتاییهاتنی بیانووی شەڕ و پێویستیی پەرەسەندنی بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان

واژۆکردنی گرێبەستی ئاگربەست و یادداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا، بە واتای کۆتاییهاتنی فەرمی و عەمەلیی قۆناغێک لەو شەڕە وێرانکەرەیە کە سێبەری خۆی بەسەر ژیانی خەڵکی ئێراندا کێشابوو. ئەم کۆتاییه، بێگومان نە بە واتای دەستپێکی لەخۆڕای خۆشگوزەرانی و ئازادییە و نە دەبێتە هۆکاریش بۆ گەشبینی بە نییەتەکانی کۆماری ئیسلامی یان دەوڵەتی ئەمریکا. بەڵام لە ڕوانگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەی ئێران گرنگییەکی زۆری هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بیانووی شەڕ بۆ دواخستنی وەڵامدانەوە بە ویست و داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵک کۆتایی پێهاتووە. کەمبوونەوەی فشاری شەڕ و هێوربوونەوەی کەشی نائاسایی، دەتوانێت دەرفەتی هەناسەدانی کۆمەڵایەتی زیاتر بکات و مەجالێک بڕەخسێنێت تا خەڵک ویست و داواکارییە کەڵەکەبووەکانی خۆیان بە هێزێکی نوێوە بێننەوە گۆڕێ.

کۆماری ئیسلامی لە تەواوی سەردەمی قەیرانەکەدا هەوڵی دا شەڕ بکاتە قەڵغانێک بۆ پشتگوێخستنی داواکارییەکانی کۆمەڵگە. بەڵام ئێستا ئەم قەڵغانە درزی بردووە. ئەگەر شەڕ بۆ ماوەیەکی کاتیی توانی قەیرانە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە بشارێتەوە، بەڵام چارەسەری نەکردن. هەژاریی لەڕادەبەدەر، هەڵاوسان، بێکاری، داڕمانی ئاستی بژێوی ژیان، کەلێنی چینایەتی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، سەرکوتی سیاسی، قەیرانی ژینگە و ڕق و بێزاری کەڵەکەبووی جەماوەر وەک خۆیان ماونەتەوە. کەواتە کۆتاییهاتنی شەڕ، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە ململانێی کۆمەڵگە لەگەڵ حکومەتێکدا کە لەپێناو مانەوەی خۆیدا دانوستان دەکات، نەک بۆ ڕزگارکردنی خەڵک.

کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێران لە بەردەم گۆڕانکاریی قووڵ و چارەنووسسازدایە. لە لایەکەوە، و لێکەوتە و ئاسەوارەکانی شەڕ، هەژاری و بێکاری، بەرۆکی کۆمەڵانی خەڵکی گرتووە و ژیانی ملیۆنان کەسی گەیاندووەتە ئاستێکی تاقەتپڕووکێن. لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتی سەرەڕۆ هەوڵ دەدات بە توندکردنەوەی سەرکوتی خوێناوی و سیستماتیک، مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. بەڵام هەر ئەم ئاوێتەبوونەی قەیرانی ئابووری، بێ‌متمانەیی سیاسی و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییە، زەمینە بابەتییەکانی پەرەسەندنی بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکانی خۆشتر کردووە. خەڵکێک کە کارد گەیشتووەتە سەر ئێسکیان، هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان نییە جگە لەوەی کە بۆ ڕزگاربوون لەو دۆزەخەی کۆماری ئیسلامی دروستی کردووە، بە لێبڕاوانەتر لە ڕابردوو بێنەوە مەیدان.

لەم نێوەندەدا، ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە، ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێران لە ناو جەرگەی ڕووداوەکاندا زۆر خاراوتر و خاوەن ئەزموونی زیاترە. لە مانگرتنی کرێکارییەوە بگرە تا ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، لە بزووتنەوەیژن، ژیان، ئازادییەوە تا خەباتی موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینان، دادخوازان و مووچەخۆرانی دیکە، هەر شەپۆلێکی ناڕەزایەتی، نەوەیەکی هۆشیارتر و بەئەزموونتری لە دوای خۆی جێهێشتووە. ئەم ئەزموونانە لەناو نەچوون، لە بیرەوەریی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەدا تۆمار کراون و ئەمڕۆ بوونەتە سەرمایەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

خەڵکی ئێران ئەمڕۆ باشتر لە ڕابردوو دەزانن کە حکومەت چۆن بە ئەمنیەتیکردنی کەشەکە هەوڵ دەدات ویست و داواکارییە ڕاستەقینەکان پەراوێز بخات. لە بەرامبەردا، کۆمەڵگەش باشتر لە ڕابردوو دەزانێت کە بۆ بەرەوپێشبردنی داواکارییەکانی پێویستی بە هاوپشتی، ڕێکخراوبوون، خۆڕاگریی، داهێنان و گرێدانی بزووتنەوە جیاوازەکان بە یەکترەوەیە. ئەگەر کرێکاران، موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینان، ژنان، گەنجان، دادخوازان و چین و توێژە بێبەشەکان بتوانن لەسەر بنەمای ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی خۆیان داواکارییەکانیان بە شێوازێکی ڕێکخراوتر پێوشوێن بگرن، هەر کەلێنێک لە سەرەوەی دەسەڵاتدا دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ فشار لە خوارەوە.

زەمینە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم فشارە لە مێژە شکڵی گرتووە. کۆمەڵگەی ئێران لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا گەلێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە شێوازی ژیانی دڵخوازی خۆی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت. شێوازەکانی ژیان گۆڕاون، ئینتەرنێت، سەتەلایت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مۆسیقا، ئەدەبیات، سینەما و هونەر سنوورەکانی سانسۆر و ئایدیۆلۆژیای فەرمییان تێپەڕ کردووە. ئایین، بەتایبەت لە نێوان گەنجاندا، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمڕەنگ بۆتەوە و مزگەوتەکان ڕەونەقی پێشوویان نەماوە. ژنان سەرەڕای هەموو سەرکوتەکان، دیوارە سەپێندراوەکانیان تێکشکاندووە و لە کایە کۆمەڵایەتی، کولتووری، وەرزشی و سیاسییەکاندا حزووری پێشەنگانە و چالاکتریان هەیە.

پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئێرانیش گۆڕاوە. ژمارەی دانیشتووانی وڵات لە سەردەمی حکومەتی ئیسلامیدا نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە، کۆچی بەربڵاو لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان ڕووی داوە و زیاتر لە بیست ملیۆن پەراوێزنشین لە دەوروبەری شارە گەورەکاندا بوونیان هەیە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کرێکاران، زەحمەتکێشان، بێکاران و بێبەشان پێکدێن. پەراوێزی شارەکان ئەمڕۆ مەکۆی هەژاری، بێکاری، زیانە کۆمەڵایەتییەکان و لە هەمان کاتدا ڕق و توڕەیی کەڵەکەبووی چینایەتین. ئەم بەشەی کۆمەڵگە، ئەگەر ڕێکبخرێت و بە بزووتنەوە داواکارییەکانەوە پەیوەست بێت، دەتوانێت ببێتە یەکێک لە هێزە گرنگەکانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی.

لە بەرامبەر ئەم گۆڕانکارییە مەزنانەدا، پێکهاتەی سیاسی، یاسایی و ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی هەر وەک هەمان پێکهاتەی داخراو و کۆنەپەرستانەی ڕابردوو ماوەتەوە. سپای پاسداران وەک هێزێکی سەربازی، ئەمنی و ئابووریی باڵادەست، نەک هەر باڵی سەرکوت، بەڵکوو یەکێکە لە گەورەترین ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی لە وڵاتدا. ئەم دژوازییە لە نێوان کۆمەڵگەیەکی گۆڕاو، گەنج و ناڕازی لەگەڵ حکومەتێکی ئایدیۆلۆژیک، گەندەڵ و سەرکوتگەردا، حکومڕانیی بۆ کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ دژوارتر کردووە.

له‌م ڕوانگەیەوە، پەرەسەندنی بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان، پێویستییەکی کۆمەڵایەتییە. داواکارییەکانی نان، کار، شوێنی نیشتەجێبوون، دەوا و دەرمان، خوێندن، ئازادیی جلوبەرگ، ئازادیی ڕێکخراوبوون، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی زیندانیانی سیاسی، یەکسانیی ژن و پیاو، مافی مانگرتن، مافی کۆبوونەوە و کۆتاییهێنان بە سەرکوت، داواکاریی گەلێکی جیاواز لە یەکتر نین. ئەم داواکارییانە ئەڵقەکانی یەک زنجیرن. لە هەر شوێنێک کرێکارێک لەپێناو وەرگرتنی حەقدەستە دواکەوتووەکانی مان بگرێت، لە هەر شوێنێک موعەلیمێک لەپێناو خوێندنی بێبەرامبەر و بژێوێکی ئینسانیدا کۆببێتەوە، لە هەر شوێنێک پەرستارێک لەدژی فشاری کار و هەڵاواردن بوەستێتەوە و خانەنشینێک داوای مافی ژیان بکات، هەر لەو شوێنە سیاسەتی ڕاستەقینە لە خوارەوە شکڵ دەگرێت.

گرنگیی بزووتنەوەی داواکاری تەوەر لەوەدایە کە بەهۆی پشتگوێخستنی خواستەکان لە لایەن ڕژێمەوە و وەڵامی سەرکوتگرانەی حکومەت، بە خێرایی سیاسی دەبێتەوە و سەرتاپای نەزم و سیستمی هەبوو تووشی ئاڵەنگاری دەکات. کۆماری ئیسلامی ناتوانێت تەنانەت ساکارترین ویست و داواکارییە پیشەیی و بژێوییەکان بەبێ نیگەرانیی ئەمنییەتی قبووڵ بکات، چونکە دەزانێت هەر پاشەکشەیەک دەتوانێت ئاستی متمانەبەخۆبوونی کۆمەڵگە بەرز بکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە، هەر ئەم خەباتانە، لە هەناوی خۆیاندا ڕێکخستن، ڕێبەریی و ئەزموونی پێویست بۆ پێشڕەویی گەورەتر بنیات دەنێن.

لەم ڕێگایەدا، بزووتنەوەی کرێکاری خاوەن جێگە و پێگەیەکی سەرەکییە. کرێکارانی ژن و پیاوی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بە مانگرتنەکان، داواکارییە ڕەواکان و هەڵوێست و دەربڕینەکانیان نیشانیان داوە کە توانای ئەوەیان هەیە ببنە کۆڵەکەی سەرەکیی خەباتی ڕزگاریخوازیی. بەڵام ئەم بزووتنەوەیە کاتێک بەهێزتر دەبێت کە لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان، موعەلیمان، خانەنشینان، پەرستاران، دادخوازان، داکۆکیکارانی ژینگە، گەنجان، ئازادیخوازان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا بەیەکەوە گرێ بدرێت. هاوپشتی و هاوخەباتی ئەم بزووتنەوانە ڕەمزی گەشەکردن و گەیشتن بە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە لە ئێرانە.

کۆماری ئیسلامی دەیەوێت پرسی ئاگربەست بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دەزگای سەرکوت و بەهێزکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت. بەڵام خەڵک دەبێت ئەم وچانە کاتییە بکەنە دەرفەتێک بۆ خۆڕێکخستن، خستنەڕووی داواکارییەکان و پەرەپێدانی هاوپشتی. ئێستا کاتی ئەوەیە کە دەنگی نان، کار، ئازادی بەرزتر بێتەوە، دەنگێکی کە نە شەڕی دەرەکی دەتوانێت نوێنەرایەتی بکات و نە حکومەتی سەرکوتگەر. ئەم دەنگە تەنیا لە دڵی بزووتنەوە داواکاری تەوەرە ڕێکخراو، بەردەوام و سەرتاسەرییەکانەوە بەرز دەبێتەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net