13

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکارانی کانگەی مسی درەخشانی تەختی گومبەت لە شارستانی سیرجان، دژ بە بایەخ نەدانی بەرپرسان بە دۆخی ژیانیان، دەستیان لە کار کێشاوە.
کرێکارانی مانگرتوو وێڕای ئامادەبوون لە کانگاکەدا، پرۆسەی بەرهەمهێنانیان بە تەواوی ڕاگرت و بە وتنەوەی دروشم، داوای پێدانی سێ مانگ حەقدەستی دواخراوی خۆیان و دەستبەجێ هاتنەدەنگی بەرپرسانی پێوەندیداریان کرد. تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەڕێوەبەرایەتی کانگاکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی حەقدەستی کرێکاران نەداوە، لە کاتێکدا کە گرانیی بژێوی ژیان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، کرێکارانی لە دۆخێکی زۆر خراپی دارایی و گوزەراندا هێشتووەتەوە.