
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتڕاستی کردەوە کە لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ یپووشپەڕەوە، قۆناغێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران دەستپێکردووە.
لەو چوارچێوەیەدا، میدیا فەرمییەکانی سەر بە ڕژیم، لەوانە ئاژانسەکانی فارس و تەسنیم، بڵاویان کردەوە کە فڕۆکەخانەی ئێرانشار لە پارێزگای سیستان و بەلۆچستان و پردێک لە بەندەری خومەیر کراونەتە ئامانجی هێرشەکان. هاوکات سدا و سیمای ڕژیم باس لە بیستنی دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە لە شارەکانی بووشێهر، بەندەرعەباس، قشم و ئەهواز دەکات. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێرش کراوەتە سەر وێستگەیەکی پەیوەندیی شەمەندەفەر لە بەندەرعەباس و پردێکی پەیوەندی لە نێوان بەندەرعەباس و لار. لەم بارەیەوە، فەرمانداری بووشێهر ڕایگەیاند کە دوو تەقینەوە لەو شارە ڕوویان داوە، و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش تەنیا لە گەڕەکی “تەپەی ئەڵڵاهوئەکبەر“ی شاری بەندەرعەباس لانی کەم حەوت کەس بریندار بوون.