
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکیی تاوانکارانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر یەکێک لە بارەگاکانی حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، بەداخەوە ٩ پێشمەرگەی ئەم حزبە گیانیان بەخت کرد.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە لە بنەماڵەی داغداری گیانبەختکراوان، هاوڕێیان و هاوسەنگەرانیان بە دڵەوە سەرەخۆشی دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.
لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، ئۆردوگا و بارەگاکانی حزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان چەندین جار کراونەتە ئامانجی هێرشی موشەکی و درۆنیی کۆماری ئیسلامی و لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، بەداخەوە ژمارەیەک لە ئەندامان و پێشمەرگەکانی ئەم حزبانە گیانیان لەدەست داوە. دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە، بەشێکە لە سیاسەتی سەرکوت، تیرۆر و هەناردەکردنی قەیران بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران؛ ئەو سیاسەتەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارانی پەیڕەوی دەکات.
ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی توندی ئەم هێرشە تاوانکارانەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە هیچ ڕۆڵێکیان لە هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی و بەردەوامییدا نەبووە، خوازیاری کۆتاییهاتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە و ڕەچاوکردنی ئەمنییەت و مافی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانین. هەروەها داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەکەین لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژییانەدا، بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی گیانیی دانیشتووانی ئۆردوگاکان و بارەگاکانی حزبەکانی کوردستانی ئێران، هەنگاوی بەپەلە بنێن.
بێگومان ئەم کردارە تاوانکارانە تووڕەیی گشتی دژی حکوومەتی ئیسلامی زیاد دەکات و ناتوانێت چارەنووسی ڕژێمێک بگۆڕێت کە بە حوکمی مێژوو، بارودۆخی بابەتیی کۆمەڵگای ئێران و ڕقی قووڵی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی، زوو بێت یان درەنگ مەحکوومە بە نەممان. موشەک و سەرکوت ناتوانێت ناڕەزایەتی و خەباتی گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان و ئێران بۆ ئازادی، یەکسانی و ڕزگاری کپ بکات.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥