
ڕۆژی دووشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە کرێکارانی لە سەر کار دەرکراوی پترۆشیمی سەلمان فارسی لە شارستانی ماهشەهر، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ٣٢ کەس لە کرێکارانی یەکەی نۆژەنکردنەوە و ڕاگرتنی ئەم پترۆشیمییە، لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە و هاوکات لەگەڵ گرژییە سەربازییەکان لە کارەکانیان بێکار کراون. ئەم کرێکارانە ئاماژە بەوە دەکەن کە پاش هێرشە سەربازییەکان و داخرانی کاتیی کارگەکان، سەرجەم کرێکارانی دیکە لە سەرەتای مانگی پووشپەڕەوە گەڕاونەتەوە بۆ سەر کارەکانیان. لەم نێوەندەدا، تەنیا ئەم ٣٢ کرێکارە لە گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان بێبەش کراون و بە بێ هیچ هۆکارێکی دیار لە کارەکانیان دەرکراون. کرێکارانی ناڕازی جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە تا ئێستا چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە بەردەم ناوەندە دەوڵەتییەکانی ڕژیم وەک ئوستانداری و فەرمانداری ڕێکخستووە، بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو بەدواداچوونانە، بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ هەنگاوێکیان بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ سەر کار نەناوە و بەتەواوی داخوازییەکانیان پشتگوێ خستووە.