
لە ململانێی پڕتێچوو و درێژخایەنی نێوان کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کاتێکدا کە ئەکتەرە سیاسییەکان لە هەردوو لا دەهۆڵی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە دەکوتن و هێزی خۆیان دەنوێنن، باج و تێچووی ڕاستەقینە و کوشندەی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر شانی چین و توێژە بێبەشەکان و جەماوەری زەحمەتکێشی کۆمەڵگە. ئامرازە توند و کاریگەرە ژیۆپۆلیتیکییەکان، لە گەمارۆی ئابووری و بانکییەوە بگرە تا ئاستەنگکردنی ڕێڕەوە بازرگانییەکان، لەهەنگاوی یەکەمدا تەندروستی و ئەمنییەتی خۆراکی خەڵکی ئاسایی دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە نەک بنەمای دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی. واقیعییەتی تاڵی ئەمڕۆ ئەوەیە کە ملیۆنان هاووڵاتیی ئێرانی، لە نێوان بەرداشی گوشارە دەرەکییەکان و بێکارامەیی و گەندەڵیی ناوخۆییدا گرفتار بوون.
گەمارۆی دەریایی بەندەر و کەناراوەکانی ئێران و هەوڵی ئەمریکا بۆ سفرکردنەوەی هەناردەی نەوت و ڕێگریی لە دەستڕاگەیشتنی وڵات بە میکانیزمە دارایی و بازرگانییەکانی جیهان، یەکێکە لە بێبەزەییانەترین مۆدێلەکانی گوشار لە گرژی و ململانێکانی ئێستادا. نەوت، وەک بڕبڕەی پشتی داهاتی دراوی بیانیی وڵات، بەکردەوە لەدەست چووە و هێنانی کەلوپەل و کاڵاکان بووەتە پرۆسەیەکی پڕتێچوو، ئاڵۆز و پڕزەحمەت. ئەم گوشارانە لەسەر کاغەز بە “ئامانجگرتنی ڕژێم” ناو دەبرێن، بەڵام بەکردەوە، ڕاستەوخۆترین دەرئەنجامەکانیان لە کەمبوونی کاڵا و هەوسارپچڕاوانەی نرخەکاندا دەردەکەوێت.
کاریگەریی هەرە بەرچاوی ئەم گەمارۆیە دەکرێت لە گۆڕینی ڕێڕەو و تێچووەکانی ترانزێتدا ببینرێت. شۆفێرێکی کە ساڵانێکە لە ڕێگەی گواستنەوەی کاڵا هاوردەکراوەکان لە سنوور و بەندەرە باشوورییەکانەوە بۆ شارە ناوەندییەکان کاری کردووە، ڕاستیی بابەتییانەی ئەم دۆخە بەم شێوەیە وەسف دەکات:
“پێشتر ڕێگەکە ڕاستەوخۆ بوو. ئێستا دەبێت بخوولێینەوە، لە چەند وڵات تێپەڕین، چەندین جار پشکنینمان بۆ بکرێت. تێچووی سووتەمەنی، باج، بیمە و هیتر… هەموو شتێک چەند هێندە زیادی کردووە.”
ئەم سەرگەردانییە لە ڕێگە دوورەکان و دەوردانەوە و تێپەڕکردنی ئاستەنگ و بەربەستەکانی گەمارۆکان، لە کۆتاییدا تێچوویەکە کە دەچێتە سەر نرخی کۆتایی کاڵاکان، تێچوویەکی کە دواجار لە ڕێگەی گرانبوونی خۆراک و پێداویستییەکانی ژیانەوە دەکەوێتە سەر شانی کرێکاران و بنەماڵە هەژارەکان.
بەرپرسانی دەوڵەتی بەردەوام هەوڵ دەدەن هۆکاری تەواوی ڕەهەندەکانی داڕمانی بژێوی ژیان بگەڕێننەوە بۆ گۆڕانکارییە دەرەکییەکان. مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار، لە لێدوانەکانی ئەم دواییەدا بەرزبوونەوەی نرخەکانی بە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن، دابەزینی داهاتەکانی نەوت و زیانگەیشتن بە هەندێک لە پیشەسازی و کارگەکان ناو بردووە. ئەگەرچی کاریگەریی وێرانکەری گەمارۆ و ئابڵۆقەکان حاشاهەڵنەگرە، بەڵام گەڕاندنەوەی تەواوی قەیرانەکە بۆ گوشارەکانی ئەمریکا، جۆرێکە لە خۆدەربازکردن لە ژێر باری بەرپرسیارێتی.
ئابووریی ئێران ساڵانێکە بەدەست خراپبەڕێوەبردنی بەردەوام، ڕانتخۆری، گەندەڵیی سیستەماتیک و تەرخانکردنی بودجەی زەبەلاح بۆ دامەزراوە ئایینییەکانی پەرەپێدەری خورافاتەوە دەناڵێنێت. دەسەڵات لەبری دروستکردنی قەڵغانی پاڵپشتی و بەهێزکردنی خۆڕاگریی توێژە بێبەشەکان، بارگرانیی کورتهێنانی بودجەی لە ڕێگەی چاپکردنی پوڵی بێ پاڵپشتی، زیادکردنی باجی ناڕاستەوخۆ و دەستکاری کردنی نرخەکانی دراو، خستووەتە سەر شانی کۆمەڵگە. لەم نێوەندەدا، بەشێکی هەرەزۆری سەرچاوەکانی وڵات دەخرێتە خزمەت سپای پاسداران و میلیتاریزەکردنی زیاتری ئێران، لە کاتێکدا بودجەکانی خۆشگوزەرانی، تەندروستی، دەرمان و پەروەردەی گشتی ساڵ بە ساڵ کەمتر و لاوازتر دەبنەوە.
کاتێک ئەم دوو هۆکارە لەگەڵ یەکتر تێکەڵ دەبن، دەرئەنجامەکەی بە خێرایی پێوەرە گەورە ئابوورییەکان تێپەڕ دەکات و ڕۆدەچێتە قووڵترین لایەنەکانی ژیانی بنەماڵەکانەوە. لە یەکێک لە گەڕەکەکانی باشووری تاران، دایکێک بەم شێوەیە باس لە دۆخی بنەماڵەکەی دەکات:
“پێشتر هەموو هەفتەیەک شیر و ماستمان دەکڕی. ئێستا منداڵەکان تەنها لە قوتابخانە شیر دەخۆنەوە. نرخەکان بەجۆرێک بەرزبوونەتەوە کە وەک بڵێی بەرهەمە شیرەمەنییەکان بوونەتە کاڵایەکی لۆکس. شووەکەم کرێکاری بیناسازییە و داهاتەکەی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم هەڵاوسانەدا ناگونجێت. هەر ڕۆژە و شتێک گرانتر دەبێت ئێمە تەنها سەیر دەکەین و هیچمان لە دەست نایەت.”
ئەمە تەنها بەسەرهاتێکی تاکێک نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی دۆخی ملیۆنان بنەماڵەی کرێکار و زەحمەتکێشە کە ناچار بوون گۆشت، مریشک، شیرەمەنی، میوە و تەنانەت جۆرە سەرەکییەکانی خۆاردنیش لە سەبەتەی خۆراکیان دەرهاوێژن. زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە بەدخۆراکی لە ناوچە بێبەش و پەراوێزخراوەکان خەریکە دەبێتە قەیرانی نەوەکان. ئەو منداڵانەی کە بەهۆی هەژارییەوە لە خۆراکە سەرەکییەکان بێبەش دەبن، لە زومرەی یەکەمین قوربانیانی شەڕێکن کە بەبێ هاویشتنی موشەک، ژیان و داهاتوویانی بەئامانج گرتووە.
لە کێشمەکێشە ناهاوسەنگدا، خڵکی ئاسایی نەک لایەنێکی ململانێکان، بەڵکوو بوونەتە ئامرازی گوشار و قوربانیی سیاستەکانی هێز و هەیمەنە. لە لایەکەوە، سیاستداڕێژەران لە واشنگتۆن بە سەپاندنی گەمارۆ سەرتاسەرییەکان، جەماوەری خەڵک بەرەو هەژاریی موتڵەق پاڵپێوە دەنێن تا لە ناڕەزایەتی گشتیی ئامرازێکی سیاسی دروست بکەن. لە لایەکی ترەوە، دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیش لە بوونی گەمارۆکان وەک قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی ناکارامەییەکانی خۆی، سەرکوتکردنی داواکارییە ڕەواکانی بژێوی ژیان و پاساوکردنی گرانیی بەردەوام کەڵک وەردەگرێت، لە کاتێکدا توێژە دەسەڵاتدارەکان و دەڵاڵانی نزیک لە دەسەڵات، لەم کەشوهەوای ئاستەنگ و گەمارۆیانەدا سەرمایەیەکی زۆر و زەوەند بەدەست دەهێنن.
لە کۆتاییدا، کرێکاران، هەژاران، ژنانی سەرپەرشتیاری بنەماڵە و منداڵانی ئێران، لە نێوان دوو بەرداشدا گرفتار بوون: سیاستەکانی گەمارۆ و ئابڵۆقەی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ڕێگە سەرەکییەکان دادەخات، و لەلایەکی تریشەوە سیاستە دژەخەڵکییەکانی کۆماری ئیسلامی کە هیچ بەهایەک بۆ مافی ژیان و خۆشگوزەرانی خەڵک دانانێت. هەردوو لایەن، بە زمان و ئامرازی جیاواز بەڵام بە کارکردێکی هاوبەش، برسییەتییان کردووەتە ڕاستییەکی بەردەوام لە ژیانی چین و توێژە هەژار و دەستکەوتەکانی ئێراندا.