
بە پێی ڕاپۆرتەکان، 16 هاووڵاتی لە شاری ئیسفەهان لە پەیوەندی لە دوسییەی مەیدانی شوهەدای ئیسفەهانەوە حوکمی سێدارە و زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لە رەوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو لە مەیدانی شوهەدای شاری ئیسفەهاندا، یەکێک ئەندامی سپای پاسداران و بە وتەی رژیم یەک کەسی بێخانمانیش کوژراون. لەم پەیوەندیدا 16 هاووڵاتی لە شاری ئیسفەهان دەستبەسەر کراون و لە لایەن دەزگای قەزایی ڕژیمەوە بە تۆمەتی “لە ناوبردنی داراییە گشتییەکان، تێکدانی ئەمنییەتی وڵات و موحاربە”، 10 کەسیان حوکمی سێدارە و 11 ساڵ زیندان و 6 کەسی دیکەیشیان حوکمی سەرجەم 146 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا. شایانی باسە کە لە کۆبوونەوەی دادگایی ئەو کەسانەدا هیچ ئاماژەیەک بە چۆنیەتی پەیوەندی ئەو هاووڵاتییانە بە کوژرانی ئەو دوو کەسە نەکراوە و پارێزەرانی ئەو هاووڵاتییانەش سەبارەت بە ئەم بابەتە و سنوورداربوونی زانیارییەکانی دوسییەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.