
ژینا ئەمینی، کیژێکی کوردی ٢٢ ساڵە، ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ لە کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن گەشتی ئیرشادی تارانەوە کەوتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و بەهۆی ئەزییەت و ئازار و بەرکەوتنی زەبری سەخت لە سەری و خوێنبەربوونی مێشک، دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەسرا، ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان گیانی لەدەستدا. گیانلەدەستدانی ئەو بوو بە هێمایەک بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سەرکوت، هەڵاواردن و توندوتیژی، بەتایبەتی لەدژی ژنان لە ئێران.
بەشداریی هەزاران کەس لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ژینای جوانەمەرگ لە زێدەکەی خۆی لە شاری سەقز، لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١، ئەم مەراسیمەی کرد بە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکی بەربلاو. ناڕەزایەتییەکی کە بووە پریشکێک بۆ تەقینەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کەڵەکەبووی چەندین ساڵەی چین و توێژە جیاوازە ژێردەستەکانی کۆمەڵگە لەدژی کۆماری ئیسلامی و بە خێرایی سەرانسەری وڵاتی گرتەوە. دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بووە بە وێردی زمان و دروشمی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان. کچان و ژنان بە ئاگرتێبەردانی حیجابی زۆرەملێ لەسەر شەقامەکان بوونە هەوێن و پێشەنگی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان. گەنجان، کرێکاران، خوێندکاران و نەتەوە ژێردەستەکانیش یەک لە دوای یەک لە شارە جیاوازەکان بە ناڕەزایەتییەکانەوە پەیوەست بوون.
زۆری نەخایاند کە ناڕەزایەتییەکان لە دژایەتیکردنی حیجابی زۆرەملێ تێپەڕی و بوو بە ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە کە لە درێژەیدا توێژە جیاوازە ژێردەستەکانی کۆمەڵگە خوازیاری ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی مرۆیی بوون. گرنگیی ئەم ڕاپەڕینە ئیتر تەنیا لە ژمارەی ناڕەزایەتییەکان یان ڕەنگدانەوەی لە پەرلەمانەکانی ئەوروپادا نەبوو. بەڵکوو بۆ یەکەمجار، لێکهەڵپێکرانی ماف و ئازادییەکانی ژنان، ئازادییە تاکەکەسییەکان، پێکەوەیی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پێکهاتەی سیاسیی کۆماری ئیسلامی بووە تەوەرەی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا.
لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“دا، خەڵک بە شێوازێکی بەربڵاو و بەردەوام، نزیکەی چوار مانگ لە کۆڵان و سەر شەقامەکاندا حزووری بەرچاویان هەبوو. بەداخەوە بەهۆی زۆر هۆکاری بابەتییەوە، لەوانە سەرکوتی لەڕادەبەدەر، چاوەڕوانیی نابەجێ و نا وەخت و هەروەها هەلپەرستیی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست، ئەم ڕاپەڕینە دوای چوار مانگ تا ئاستێکی زۆر پاشەکشەی پێکرا و پێی نایە قۆناغێکی ترەوە. قۆناغێکی کە تێیدا ڕاپەڕینی سەر شەقام جێگەی خۆی دا بە ناڕەزایەتیی پرشوبڵاو و شێوازە جیاوازەکانی خۆڕاگریی مەدەنی.
ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا گەلێک دەستکەوت و ئەزموونی گرنگی بۆ خەڵک بەدیهێنا. ئەم ڕاپەڕینە ڕۆڵی بڕیاردەری ژنانی لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا تۆخکردەوە و هێزی هاوپشتی لە نێوان توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا نیشاندا. هەروەها ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی مرۆیی زیاتر لە ڕابردوو کردە ویست و داواکاریی گشتی و خواست و تێڕوانینی جیاوازی نەوەی گەنجی دەرخست. یەکێک لە ئەنجامە گرنگەکانی ئەم ڕاپەڕینە، بریتی بوو لە لاوازبوونی توانای سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و پەرەسەندنی خەبات و خۆڕاگریی مەدەنیی ژنان. لە هەمووی گرنگتر، ئەم ڕاپەڕینە کەلێنی قووڵی نێوان بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە و کۆماری ئیسلامیی ئاشکراتر کرد و نیشانیدا کە کۆمەڵگەی ئێران لە ڕووی بەها، داواکاری و شێوازی ژیانەوە، گۆڕانکاریی قووڵی بەخۆیەوە بینیوە و ئەم ئاراستەیە هەروا بەردەوامە.
بەداخەوە ئهم ڕۆژانە شاهیدی پەرەسەندنی شەڕ، نائەمنی سیاسی و ئابوورین. بارودۆخێکی کە زیاتر لە هەمووان، خەڵکی ئاسایی کردووەتە قوربانی و خستوونیەتە ژێر گوشارەوە. لەم نێوەندەدا ناكرێت ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە شکڵگرتن و خۆشکردنی ئاگری ئەم شەڕەدا پشتگوێ بخرێت. حکومەتێکی کە بە سیاستە شەرخوازیە ناوچەییەکانی، بەردەوام زەمینەساز و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی ئەم بارودۆخە بووە. لە لایەکی ترەوە، ئەمریکا و ئیسرائیلیش بە سیاستی نیزامیی و شەخوازانەیان بوونەتە هۆی توندتربوونەوە و پەرەسەندنی قەیرانەکە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەرچی ئەم سێ هێزە ئامانج و بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە کردەوەدا ئەنجامی سیاستەکانی هەر سێکیان، بریتی بووە لە سەپاندنی هەزینەیەکی قورسی ئەمنییەتی و ئابووریی بەسەر خەڵکدا. بەم مانایە، کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرێت وەک سێ لایەن و سەبەبکاری ئەم بارودۆخە پڕ لە نەهامەتییە سەیر بکرێن.
هیواخوازین لە داهاتوویەکی نزیکدا شاهیدی کۆتاییهاتنی شەڕ و و نائەمنی و گەڕانەوەی هێمنی ئاسایش بۆ کۆمەڵگە بین. لە درێژەدا، پێویستە بزووتنەوە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان، لەوانە بزووتنەوەی کرێکاری، ژنان، خوێندکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، بزووتنەوەی دادخوازی و پارێزەرانی ژینگە، زیاتر لە هەمیشە پەرە بستێنن و پەیوەندی و هاوکاریی نێوانیان بەهێزتر بێت. هاوکارییەکی لەم شێوەیە دەتوانێت ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ گۆڕانکارییە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتییەکان و لە کۆتاییدا، شکڵگرتنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لەپێناو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان و ئینسانی.
کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، یاد و خەباتی ژینا و سەرجەم گیانبەختکردووانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” بەرز ڕادەگرێت و سڵاو دەنێرێت بۆ بنەماڵە سەربەرز و خۆڕاگرەکانیان. هەروەها، بۆ سەرجەم ئەو ئازیزانەی کە لە ڕەوتی ئەم ڕاپەڕینەدا زیانیان پێگەیشتووە و بریندار یان کەم ئەندام بوون، ئاواتی تەندروستی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت.
کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١١ی سێپتامبری ٢٠٢٦