
ڕۆژی سێشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی فولادی ئیسفەهان، دژبە خراپی دۆخی ژیان و مەعیشەتیان کۆبوونەوە.
خانەنشینکراوانی ناڕازی بە کۆبوونەوە لەبەردەم بینای ئوستانداری ئەو پارێزگایە و بە وتنەوەی درووشم دژ بە بایەخ نەدانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە داخوازییەکانیان، خوازیاری بەرزکردنەوەی ئاستی حەقدەست بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان، دابین کردنی بیمەی دەرمانی کارامە و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، پێدانی حەقدەست و مەزایا دواخراوەکان، کۆتایی هاتنی گوشاری ناوەندە ئەمنیەکان لە سەر خانەنشینکراوانی ناڕازی و هەروەها ئازادی دەستبەجێی هاووڵاتیانی ناڕازی بوون. لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا ناڕازیان جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە سەرەڕای بەڕێوەبردنی چەندین کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی، نەک تەنیا بەڵێنەکانی بەرپرسان وەدینەهاتووە، بەڵکوو گوشارەکان بوو سەر هاووڵاتیان بەرزتر بووەتەوە.