بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار بووین کە هاوڕێ “جەبار حاجیمورادی“، ناسراو بە “شاتر جەبار“، زیندانیی سیاسیی پێشوو، تێکۆشەری دێرین و هەڵسووڕاوی دڵسۆز و فیداکاری کۆمەڵە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، بە هۆی وەستانی دڵەوە، لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد. بە ڕۆیشتنی ئەو، دڵێک لە لێدان کەوت کە ساڵانێک لە پێناو ئازادی، یەکسانی و ڕزگاریی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا لێیدەدا.
هاوڕێ جەبار لە ساڵی ١٣٤٧ی هەتاویدا، لە شاری مەریوان، لە بنەماڵەیەکی کرێکاریدا لەدایک بوو. ژیانی لە سەرەتای منداڵییەوە لەگەڵ کار و ڕەنج ئاوێتە بوو. هەژاری و نەداری نەیهێشت زیاتر لە چەند کلاسێک دەرس بخوێنێت و بۆ یارمەتیدانی بژیوی بنەماڵەکەی، لە تەمەنێکی زۆر کەمدا ڕووی کردە کرێکاریی. بەڵام سەختییەکانی ژیان نەیانتوانی بەچۆکیدا بێنن. ئەم ئازارانە ئەویان کردە کەسایەتییەکی وشیار، شێلگیر و هەستیار بەرانبەر بە ڕەنج و ئازاری هاوچینەکانی. جەبار بە گۆشت و پێستەوە ستەم و نایەکسانییەکانی ئەزموون کردبوو، لەمڕووەوە هەر لە سەرەتای لاوییەوە ڕێگای خەبات و تێکۆشانی لە پێناو ڕزگاریی چینی کرێکاردا هەڵبژارد و تا دوا ساتەکانی ژیانی لەسەر ئەم ڕێبازە مایەوە.
هاوڕێ جەبار زۆر زوو لە نێو خەڵکدا، وەک کرێکارێکی نانەوا و تێکۆشەر، سەرەتا لە شاری کانیدینار و پاشان لە مەریوان و ژاوەڕۆ بوو بە کەسایەتییەکی خۆشناو و خۆشەویست. “شاتر جەبار” تەنیا نانی بۆ سەر سفرەی خەڵک نەدەکرد، بەڵکوو تۆوی هیوا و هاوپشتی و وشیاریشی لە نێوانیاندا دەچاند. دووکانی نانەواییەکەی بووبووە شوێنی چاوپێکەوتن و گفتوگۆی زەحمەتکێشان. ڕاستگۆیی، خاکەڕایی، میهرەبانی و پابەندبوونی بە ئامانجەکانییەوە، ئەویان کردبوو بە کەسێکی ناسراو و جێی متمانە لە نێو خەڵکی زەحمەتکێشی ناوچەکەدا.
لە ساڵی ١٣٨٩دا، دەزگا ئەمنی و سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی، کە لە نفووز و خۆشەویستیی کەسانی وەک ئەو لە نێو خەڵکدا دەترسن، هاوڕێ جەباریان کەوتە بەرچاو و زیندانییان کرد. ئەو بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندان و گوشار و سەختیی زۆری تەحەمول کرد، بەڵام نە زیندان و نە ئەشکەنجە و ئەزییەت و ئازار نەیانتوانی ئیرادەی پۆڵایینی تێک بشکێنن یان لە ڕێبازەکەی پاشگەزی بکەنەوە. جەبار سەربەرز و خۆڕاگر لە زیندان هاتە دەرەوە و گەڕایەوە نێو باوەشی بنەماڵە و ئەو خەڵکەی کە خۆشیان دەویست. ئەو هیوادارتر و لێبڕاوانە تر لە پێشوو چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی دەستپێکردەوە و نیشانی دا کە زیندان بۆ مرۆڤە وشیار و ئارمانخوازەکان نەک هەر کۆتایی ڕێگا نییە، بەڵکوو بەشێکە لە خەبات.
کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە مەرگی هاوڕێ جەبار، تێکۆشەرێکی بوێر، فیداکار، لێهاتوو و خۆڕاگریان لەدەستدا. جێی بەتاڵی ئەو لە نێو هاوڕێیان و لە کۆڵان و گەڕەکەکانی مەریوان، کانیدینار و ژاوەڕۆ بە ئاسانی پڕ ناکرێتەوە. بەڵام جەبار بەتەنیا نەما و ڕێگا و ڕێبازەکەی بە نیوەچڵ نامێنێتەوە. ئەو درێژەی ڕێگا و بەدواداچوونی ئامانج و ئاواتەکانی بە هاوڕێیانێک سپاردووە کە لە ژیان و خەباتی ئەو وانەیان وەرگرتووە. ئێمە پەیمان دەبەستین ئەو ئاڵایەی کە ساڵانێک بە دەستە قەڵەشاوەکانی ئەو دەشەکایەوە، هەروا بەرز و شەکاوە ڕابگرین و تا ڕزگاریی یەکجاریی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ستەم و چەوسانەوە، هەدا نەدەین.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە بۆنەی ئەم کۆستە دڵتەزێنەوە سەرخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی هاوسەر و جگەرگۆشەکانی، هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی، خەڵکی تێکۆشەری مەریوان، کانیدینار و ژاوەڕۆ و سەرجەم هاوڕێ و هاوخەباتەکانی هاوڕێ جەبار دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی


