پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

بۆچی دەنگدەرانی ئەمەریکا پشتیان لە حیزبی دەسەڵاتدار کرد؟

 

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی ناوینی ئەمەریکا، کە ڕۆژی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، یەکێک بوو لە قورس‌ترین شکستەکانی کۆمارییەکان لە چەند دەیەی ڕابردوودا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرەیان بەدەست هێنا و لە چەند ئەیالتێکی سەرەکیشدا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. زۆرێک لە شرۆڤەکاران ئەم هەڵبژاردنە بە جۆرێک لە ڕاپرسی دەزانن لەسەر کردەوە و ڕەفتاری دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ. بەڵام لە پشت ئەم گۆڕانکارییە سیاسییەوە، پرسیارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆی شاردووەتەوە: شەڕ لەگەڵ ئێران بۆ کێ لە ئەمەریکا سوودبەخش بوو و کێ باجەکەی دا؟ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە تا ڕادەیەکی زۆر ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی دەنگدەرانی ئەمەریکا پشتیان لە حیزبی دەسەڵاتدار کرد.

گەورەترین دۆڕاوانی ئەم شەڕە، بنەماڵە ئاساییەکانی ئەمەریکا بوون. شەڕ لەگەڵ ئێران کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی کردە سەر بازاڕەکانی جیهانیی وەزە و نرخی نەوت و سووتەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە. لە ئەنجامدا، تێچووی گواستنەوە، سووتەمەنی، کارەبا و زۆرێک لە کەرەستە بنەڕەتییەکان زیادی کرد. بۆ بنەماڵەیەکی کە هەموو ڕۆژێک بە ئۆتۆمۆبیل دەچێتە سەر کار یان زستان بە هەزینەیەکی زۆری سووتەمەنی بەڕێ دەکات، شەڕ نەک ڕووداوێکی دوور، بەڵکو واقعێکی بەرچاو بوو لە ژیانی ڕۆژانەیدا.

بەپێی هەڵسەنگاندنە ئابوورییەکان، تێچووە ناڕاستەوخۆکانی شەڕ بۆ هەر بنەماڵەیەکی ئەمەریکا بە نزیکەی دوو هەزار دۆلار خەمڵێنراوە. کۆی گشتیی ئەو زیانانەی بەر ئابووریی ئەمەریکاش کەوتوون نزیکەی ۲۶۵ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. ئەم ئامارانە مانای کەمبوونەوەی توانای کڕین، بچووکبوونەوەی پاشەکەوت و فشارێکی زیاترە لەسەر بودجەی بنەماڵەکان.

لەناو ئەم دۆڕاوانەدا، چینە کەمدرامەتەکان و کرێکاران زۆرترین زیانیان پێگەیشت. هۆکارەکەش ڕوونە: پشکی وزە و گواستنەوە لە سەبەتەی تێچووی ئەم گرووپانەدا زۆر زیاترە لە بنەماڵە دەوڵەمەندەکان. کاتێک نرخی بەنزین بەرز دەبێتەوە، بۆ بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند تەنیا ژمارەیەکە لە فاکتۆری مانگانەدا دەگۆڕێت، بەڵام بۆ بنەماڵەیەکی کرێکار ڕەنگە مانای وازهێنان بێت لە تێچووە پێویستەکانی تری ژیان. چینی مامناوەندیش لەم فشارە بێبەش نەبووە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و هەڵاوسان بەرەوڕوو بووەتەوە.

دۆڕاوێکی تر، باجدەرانی ئەمەریکی بوون. تێچووی ڕاستەوخۆی سەربازیی شەڕ لە سنووری ۴۷ ملیار دۆلار تێپەڕیوە، بڕە پارەیەکی کە لە سەرچاوە گشتییەکان و لە کۆتاییدا لە گیرفانی هاووڵاتییان دابین دەکرێت. بەم شێوەیە، خەڵکی ئاسایی دوو جار باجیان دا: جارێک لە ڕێگەی باجەوە بۆ دابینکردنی تێچووە سەربازییەکان، و جارێکی تریش لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاڵاکانەوە.

لە لایەکەی تری ئەم هاوکێشەیەدا، گرووپێکی بچووک لە ئەکتەرە ئابوورییەکان هەبوون کە لەم قەیرانەدا سوودێکی بێوێنەیان بەدەست هێنا. بەپێی خەمڵاندنی نیویۆرک تایمز، ۵۱ کۆمپانیای گەورەی نەوت و گازی ئەمەریکا لە نێوان مانگی ئاوریل بۆ سێپتامبری ۲۰۲۶ زیاتر لە ۱۳۰ ملیار دۆلار سوودیان بەدەست هێناوە. ئەم ژمارەیە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی پێشتردا کەمتر لە ۴۷ ملیار دۆلار بوو، واتە سوودی ئەم کۆمپانیایانە لە ماوەی شەڕدا نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە.

خاڵی گرنگ ئەوەیە کە بەشی زۆری زیادبوونی ئەم سوودە نەک بەرهەمی داهێنان، بەرزکردنەوەی بەرهەمداری یان سەرمایەگوزاریی نوێ، بەڵکوو ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی جیهانی و ڕاگرتن یان کەمبوونەوەی خستنەڕووی وزە بوو لە دوای شەڕەوە. بە مانایەکی تر، هەمان ئەو قەیرانەی کە بۆ ملیۆنان بەکاربەر مانای تێچووی زیاتر بوو، بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزە بوو بە دەرفەتێکی زێڕین.

جگە لە کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت و گاز، پاڵاوگەکان و بەرهەمهێنەرانی بەرهەمە نەوتییەکانیش لە زومرەی براوە سەرەکییەکان بوون. سنووردارکردنی خستنەڕووی بەنزین و گازوایل، ڕێژەی سوودی پاڵاوگەکانی گەیاندە ئاستێکی بێوێنە. هەرچەندە نرخی سووتەمەنی لە وێستگەکاندا بەرزتر بووایەتەوە، سوودی کۆمپانیا چالاکەکان لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی وزەش زیاتر دەبوو.

پشکدارە گەورەکان و گەورە سەرمایەدارەکانیش کەوتنە ڕیزی براوەکانەوە. سوودە زۆر و زەوەندەکانی کۆمپانیاکانی وزە لە کۆتاییدا ڕژانە گیرفانی خاوەن پشکەکانیان، گرووپێک کە بە شێوەیەکی گشتی لە زومرەی دەوڵەمەندترین چینەکانی کۆمەڵگەی ئەمەریکان.

بەراوردکردنی ئەم دوو گرووپە وێنەیەکی ڕوون لە نادادپەروەری نیشان دەدات. لە لایەکەوە، تێچووی سەربازیی شەڕ لە ۴۷ ملیار دۆلار تێپەڕی و هەر بنەماڵەیەک نزیکەی دوو هەزار دۆلار تێچووی زیادەی بەسەردا سەپێنرا، لە لایەکی تریشەوە، کۆمپانیاکانی نەوت زیاتر لە ۱۳۰ ملیار دۆلار سوودیان بەدەست هێنا. بۆ زۆرێک لە ئەمەریکییەکان، ئەم دژوازییە هێمایەک بوو لە نادادپەروەریی ئابووری. ئەو بنەماڵانەی کە بۆ پڕکردنەوەی باکی ئۆتۆمۆبیل یان دابینکردنی هەزینەی وزە ناچار بوون دەست بە تێچووەکانی تریانەوە بگرن، لە هەمان کاتدا هەواڵی سوودە دەیان ملیار دۆلارییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانیان دەبیست.

لە ڕوانگەی ئەم هاووڵاتییانەوە، ئەو ج

شەڕەی کە وابڕیار بوو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمەریکا دابین بکات، لە کردەوەدا بووە هۆی گواستنەوەی سەروەت لە گیرفانی بەکاربەرە ئاساییەکانەوە بۆ هەژماری کۆمپانیا گەورەکانی وزە. ئەو هەستەی کە “تێچووەکان گشتین، بەڵام سوودەکان تایبەتن“، بوو بە یەکێک لە بەهێزترین پاڵنەرە سیاسییەکان لەم هەڵبژاردنەدا.

ئەم کەلێنە ئابوورییە زەبرێکی قورسی لە کۆمارییەکان دا. بەشێکی گرنگی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئەوان لە کرێکاران، فەرمانبەران و بنەماڵە کەمدرامەتەکان پێکدێت، واتە هەمان ئەو گرووپانەی کە زۆرترین فشاریان بەرکەوت بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و هەڵاوسان. ڕاپرسییەکانی دەرەوەی ناوەندی بنکەکانی دەنگدان دەریانخست کە نیگەرانی لەسەر ئابووری و تێچووی ژیان لە زومرەی پاڵنەرە سەرەکییەکانی دەنگدەران بووە.

دیموکراتەکانیش هەر ئەم بابەتەیان کردە چەقی بانگەشەکانی خۆیان. ئەوان چەندین جار جەختیان لەوە کردەوە کە بنەماڵە ئەمەریکییەکان باجی شەڕ لە ڕێگەی هەڵاوسان و کەمبوونەوەی توانای کڕینەوە دەدەن، لە کاتێکدا کە کۆمپانیا گەورەکانی وزە سوودێکی مێژوویی بەدەست دەهێنن. ئەم پەیامە بەتایبەتی لە ئەیالتە پیشەسازییەکان و ناوچە کرێکارییەکاندا دەنگدانەوەیەکی فراوانی هەبوو و بەشێک لەو دەنگدەرانەی کە پێشتر پشتگیرییان لە ترامپ کردبوو، هێنایە سەنگەری کاندیدە دیموکراتەکان.

هەڵبژاردنی خولی ناوین پەیامێکی ڕوونی هەبوو: دەنگدەرانی ئەمەریکا ئامادە نین باری ئابووریی شەڕ تەحەمول بکەن، لە کاتێکدا قازانجەکەی ببێتە نسیبی گرووپێکی سنووردار لە بەهێزترین ئەکتەرە ئابوورییەکان. لەم ڕوانگەیەوە، شکستی کۆمارییەکان کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگە بوو بەرامبەر بە هەستی نادادپەروەری لە دابەشکردنی تێچووەکان و قازانجەکانی شەڕ.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *