له بەشەکانی پێشووتردا باسی به‌ستێنە بابه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تییەکانی شكڵگرتنی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی ئێرانمان كرد. هه‌روه‌ها بارودۆخی سیاسی جیهانی ئه‌و سه‌رده‌م و ده‌وری زلهێزه‌كان له گۆڕانكاری ئه‌و ده‌وره‌یه‌مان ده‌ستنیشان كرد. له درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا ده‌چینه سه‌ر پرسی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئەو بارودۆخەی كه بووه هۆی هاتنه سه‌ركاری ڕژیمی ئیسلامی له ئێران. له ڕاستيدا بزاوى ئیسلامیش، لایه‌نێكی به‌هێز بوو له‌و سه‌رهه‌ڵدانه جه‌ماوه‌رییه‌دا. لایه‌نێك كه به پێچه‌وانه‌ى لایه‌نه‌كانى تر، خاوه‌ن ڕێبه‌ری بوو، دامه‌زراوه‌كانى تایبه‌ت به خۆى هه‌بوو، خاوه‌ن بنه‌ماى فیكرى خۆى بوو و به‌درێژایى ساڵانێكى زۆر وه‌ك ده‌وڵه‌تێك له ناو ده‌وڵه‌تدا، له كۆمه‌ڵگاى ئێران‌دا ژیابوو. ئه‌گه‌ر چاوێك به سه‌ر مێژووى یه‌ك سه‌دساڵه‌ى ئێران‌دا، له شۆڕشى مه‌شروته‌وه به‌م لاوه بخشێنین، ده‌بینین كه له سه‌ده‌ى ڕابردوودا، كۆمه‌ڵگاى ئێران سێ گوڕانكارى به‌رچاو و گرینگى سیاسى بهخۆیەوه دیوه. هه‌ر جاره و كۆمه‌ڵگاى ئێران به سه‌ر قۆناغێكى قه‌یراناویدا تێپه‌ڕیوه و له هه‌ر سێ جاره‌كه‌دا، دۆسییه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى كراوه‌ته‌وه و چووته ژێر پرسیاره‌وه. هه‌رجاره و ئیمكانى گۆڕ‌انى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى، به پشت به‌ستن به هێزى جەماوەر هاتووه‌ته ئاراوه، به‌ڵام هه‌موو جارێک خه‌باتى جەماوەر بۆ وه‌ده‌ست هێنانى ئازادى و ژیانێكى باشتر ڕووبه‌رووى شكست بۆته‌وه.
بێگومان خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنى لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ڕیزبه‌ندى هێزه سیاسییه‌كان له هه‌ر كام له‌و سێ ده‌وره‌یه‌دا یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ تێگه‌یشتنێكى بنه‌ڕه‌تى له هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌م شکستانه. به درێژایى مێژووى ئه‌م سه‌دساڵه، به تایبه‌ت له ده‌سپێكى سێ دهورهى قه‌یراناوى و ناسه‌قامگیریی، واته شۆڕشى مه‌شروتیه‌ت (١٢٩٩ ـ ١٢٨٥)، دهورهى پاش ڕووخانى دیكتاتورییەتى بیست ساڵه‌ى ڕه‌زاشا و شه‌ڕى دووه‌مى جیهانى ( ١٣٣٢ ـ ١٣٥٧) و سه‌رئه‌نجام دهورهى شۆڕشى دژی سه‌ڵته‌نه‌تى (١٣٦١ـ١٣٥٧ )، سێ ڕه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى شان به شانى ئه‌و حیزب و گرووپانه‌ى هه‌ڵگرى ئه‌و بۆچوونانه بوون، به‌رچاو ده‌كه‌ون.
یه‌كه‌م ڕه‌وت كه به هه‌موو توانایه‌وه تینووى وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات بووه و هه‌یه، ڕه‌وتى سیاسى ـ ئایینى شیعه‌یه. ئه‌م ڕه‌وته به‌رده‌وام به شێوه‌ى ده‌وڵه‌تێكى ناو تارمایى، له مێژووى یه‌ك سه‌دساڵه‌ى ئه‌م دواییانه‌ى كۆمه‌ڵگاى ئێران‌دا بوونی هه‌بووه و به‌شێكى زۆر له چۆنییه‌تى كاروبارى ڕۆژانه‌ى جه‌ماوه‌ر له لایه‌ن ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌وه به‌ڕێوه براوه، له كاروبارى پێوه‌ندیدار به مهحكهمهوه بگره تا پێكهێنانى خێزان و ته‌ڵاق و هتد … به تایبه‌ت ده‌سكه‌وتى ماڵى ئه‌م ده‌وڵه‌ته له سه‌رچاوه‌ى شوێنه وه‌قف كراوه‌كان و دوكان و خانووبه‌ره‌وه بگره تا هه‌زاران پارچه زه‌وى كشت و كاڵى و تۆڕى كۆكردنه‌وه‌ى داهاتی ئایینى له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه و خه‌رج كردنیان له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، مه‌جال و ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى پێ‌درابوو تا ڕێكخراوێكى پان و به‌رین و ده‌وڵه‌مه‌ند، له ژێر كونترۆڵى بێ هاوتاى مه‌رجه‌عییه‌تى شێعه‌دا پێك بهێنێت. هه‌روه‌ها ئه‌م ڕه‌وته خاوه‌ن ڕێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به خۆی بوو كه له لایه‌ن كه‌سانێكى به‌ناوبانگه‌وه ڕێبه‌رى ده‌كرا. به تایبه‌ت كه شه‌ریعه‌تى ئیسلامى و ئه‌و ته‌فسیرانه‌ى كه ئه‌م یان ئه‌و مه‌رجه‌عى ته‌قلید له شه‌ریعه‌ت ده‌یكرد، وه‌ك پلاتفورمێكى سیاسى ـ كۆمه‌ڵایه‌تى ڕێك و پێك و ئاماده‌ى په‌یڕه‌ویكردن، له به‌رده‌ستیاندا بوو. پێوه‌ندى ئه‌م ڕه‌وته له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا دوو ڕووى جیاوازى سۆز و نه‌فره‌تى به خۆیەوه دیتووه. به‌شێكى زۆرى ئه‌م ڕه‌وته له ده‌سپێكى شۆڕشى مه‌شروتییه‌تدا، به ناچار له شۆڕشدا به‌شدارى كرد، به‌ڵام دواى ماوه‌یه‌كى كورت، سه‌ره‌تا نامۆبوونی خۆى لەگەڵ ئامانجه ئازادیخوازییهكانى شۆڕشى مه‌شرووتییه‌ت ده‌ربڕى و په‌ناى بۆ مه‌شروعه برد و دواتر به ته‌واوه‌تى پشتى له ئامانجه‌كانى شۆڕش كرد. له دهورهى شه‌ڕى دووه‌مى جیهانیدا و له سه‌رده‌مى موسهدیقدا، دیسان له گۆڕه‌پانى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى ئێران‌دا چاومان به بوونى ئه‌م ڕه‌وته ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌ر چه‌ند له‌م دهورهیەدا ئه‌م ڕه‌وته له په‌راوێزدا بوو، به‌ڵام له ئاست توانایى خۆیدا زیانى گه‌یانده بزووتنه‌وه‌ی دێموكراسیخوازى ئێران. هه‌ر ئه‌م ڕه‌وته بوو كه له سه‌رده‌مى شۆڕشى ٥٧ (دهورهى سێهه‌م) لەگەڵ شه‌پۆله‌كانى شۆڕشدا سەرلەنوێ سەری هەڵداوە و له كۆتاییدا به زاڵ بوون به سه‌ر ڕه‌وته‌كانى تردا و دواى كۆنترۆڵ و سه‌ركوت كردنى شۆڕش، ده‌ستى به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرت.
ڕه‌وتی دووه‌م ـ بریتییە لە ڕه‌وتى ناسیونالیست ـ لیبراڵى لایه‌نگرى رۆژئاوا. سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنى ئه‌م ڕه‌وته، پێوه‌ندى به ده‌ركه‌وتنى بەشێنەیی پێوەندیی سه‌رمایه‌داریی له ئێران‌دا هه‌یه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵه‌كانى سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌م. ڕێبه‌ران و تێئۆریسیهنهكانى ئه‌م ڕه‌وته بوون كه فه‌رهه‌نگى مودێڕنى سه‌رده‌مى خۆیان له ئورووپاوه گواسته‌وه بۆ ئێران. كۆمه‌ڵایه‌تى بوونی ئه‌م ڕه‌وته له شۆڕشى مه‌شروتییه‌تدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت. ئه‌م ڕه‌وته له دوایین ساڵه‌كانى دهورهى دووه‌مدا (١٣٣٢ ـ ١٣٢٠) له سیمای ده‌وڵه‌تى موسهدیقدا ئاڵاهه‌ڵگرى میللی كردنى نه‌وت و سه‌ربه‌خۆیى سیاسى ئێران بوو. ئه‌م ڕه‌وته له دهورهى شۆڕشى ٥٧دا له به‌رامبه‌ر ڕه‌وتى ئایینى دا بەچۆکدا هات و سه‌رى بۆ دانه‌واند. ده‌بێ ناكارامهیى و هۆكارى بێ توانایى ڕه‌وتى ناسیونالیست ـ لیبڕاڵ له نواندنى ڕۆڵى سیاسى كاریگه‌ر له شۆڕشی
٥٧دا، له پێگه‌ى چینایه‌تى ئه‌م ڕه‌وته‌دا بدۆزینه‌وه. چاكسازییه‌كانى شا بنه‌ماى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌شه‌ى ئه‌م ڕه‌وته‌ى لاواز كردبوو. ئه‌مانه به درێژایى دهورهى حكوومه‌تى شا ته‌نها ڕۆڵى ره‌خنه‌گرێكى بێ ئازارى (ئۆلیا حه‌زره‌ت) یان نواندبوو. به‌شێك له‌م ڕه‌وته كه له ناو ئوپۆزسیونى شادا جێیان گرتبوو، توانایى وروژاندنى جه‌ماوه‌رى نه‌بوو. به‌م هۆیه‌وه توانایى خه‌ڵك هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنى، به به‌راورد له گه‌ڵ ڕه‌وتى ئیسلامی‌دا سنووردار بوو. له دهورهى شۆڕشى ٥٧دا هاوپه‌یمانه دوا ڕۆژه‌كانى ڕه‌وتى ناسیونالیست ـ لیبڕاڵی لایه‌نگرى ڕۆژئاوا باوه‌ڕیان به توانایى ئه‌و ڕه‌وته بۆ كونتڕۆڵى شه‌پۆله‌كانى شۆڕش نه‌مابوو. ئه‌مه‌ش بووه هۆى ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ڕه‌وته له وه‌رگرتنى پشتگیرى ڕۆژئاوا له به‌رامبه‌ر ڕه‌وتى ئیسلامی‌دا، پله‌ى دووه‌م وه‌ربگرێت. له‌م دهورهیەدا ئه‌م ڕه‌وته هیچ شانسێكى بۆ وه‌ده‌ست هێنانى ده‌سه‌ڵات، به هۆى پێگه‌ى شۆڕشگێڕییه‌وه نه‌بوو و ته‌نها له حاڵه‌تێكدا ده‌یتوانى ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت كه هێزێكى ده‌ره‌كى پاڵپشتى لێبكات. ئه‌و حاڵه‌ته، هه‌نووكه‌ش هه‌ر له ئارادایه و هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه پاشماوه‌كانى ئه‌و ڕه‌وته بۆ وه‌ده‌ست هێنانى ده‌سه‌ڵات چاوه‌ڕوانی هێرشى سه‌ربازى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران بن.
ڕه‌وتى سێهه‌م، ڕه‌وتى چه‌پ و سۆسیالیسته. ڕابردووى مێژوویى ئه‌م ڕه‌وته له ئێران‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مانێك كه كرێكارانى ئازه‌ربایجان و پارێزگاكانى باكوورى ئێران، به مه‌به‌ستى كاركردن له كێڵگه نه‌وتییه‌كانى باكۆدا ڕوویان ده‌كرده ئه‌و هه‌رێمه. ئه‌و كرێكارانه له‌وێ له گه‌ڵ هزرى شۆڕشگێرانه و چینایه‌تى سۆسیالـ دێموكراتیك دا ئاشنا بوون. شۆڕشى ١٩٠٥ی ڕووسیا ڕۆڵێکى گرینگى هه‌بوو له چاندنى تۆوى ئاگابوونهوهى چینایه‌تى له ناو ئه‌و كرێكاره كۆچبەرانەی كه له كێڵگه‌كانى نه‌وتى باكۆدا كاریان ده‌كرد. ئه‌م ڕه‌وته كه له دهورهى شۆڕشی مه‌شروتییه‌تدا، هاوپه‌یمانى جیددى ڕه‌وتى لیبڕاڵ و نه‌ته‌وه‌خواز بوو، به پێكهێنانى حیزبى (ئیجتماعیون ـ عامیون) و دواتر دروستکردنی یه‌كه‌مین حیزبى كۆمۆنیستى ئێران له ساڵى ١٩٩٢ى هه‌تاویدا، پێى نایه ناو گۆڕه‌پانى خه‌باتى سیاسى و له ساڵه‌كانى دواتردا وێڕای گشت ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ى كه له سه‌ر ڕێگه‌یدا دركهوتن، بوو به یه‌كێك له ڕه‌وته به‌شداره گرینگه‌كانى گۆڕه‌پانى تێكۆشانى سیاسى ئێران. ئه‌م ڕه‌وته كه بۆ ماوه‌ى ده‌یان ساڵ به‌سه‌ر فه‌زاى فیكرى، سیاسى و فه‌رهه‌نگى ڕووناکبیرانی كۆمه‌ڵگاى ئێران‌دا زاڵ بوو، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه به هۆى گرێدراوى حیزبى توده‌وه به سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، زیانى به‌رچاوى به‌رده‌كه‌وت. به‌ڵام به‌رده‌وام بوو له گێڕانى ڕۆڵى خۆى له گۆڕه‌پانى تێكۆشانى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى ئێران‌دا. ئه‌م ڕه‌وته له دهورهى شۆڕشى ٥٧دا به هۆى ناكۆكى فیكرى و باڵباڵێنى سیاسى و تهشكیلاتییهوه، نه‌یتوانى به پێى قورسایى خۆى له‌و هه‌لومه‌رجه له‌باره كۆمه‌ڵایه‌تییه كه‌ڵك وه‌ربگرێت و هاوسهنگییەكى باش له ناو هێزه سیاسییه‌كاندا پێك بهێنێت كه له به‌رژه‌وه‌ندى خۆیدا بێت. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆى ئه‌وه‌ی كه دواتر له لایه‌ن دەسه‌ڵاتى کۆنەپەرستی حاكمه‌وه سه‌ركوت بكرێت. هۆكارى شكستى ئه‌م ڕه‌وته لاوازبوونى پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى نه‌بوو، چونكه چینى كرێكار له شۆڕشى ٥٧دا به مانگرتن و به‌شدارى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى خۆى له شۆڕشدا پشتى ڕژیمی شاى شكاندبوو. شكستى ڕه‌وتى چه‌پ پێش له هه‌موو شتێك ئاكامی سه‌ركوتكردنه دڕندانه‌كانى دواى شۆڕش بوو. به‌م شێوه ده‌بینین كه كۆمه‌ڵگاى ئێران به درێژایى ئه‌م یه‌ك سه‌د ساڵه، له‌لایه‌كه‌وه گۆڕه‌پانی كێشمه‌كێشی ئه‌م سێ ڕه‌وته له هه‌مبه‌ر یه‌كتر و له لایه‌كی تره‌وه دژایه‌تیكردنیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی زاڵ بۆ وه‌ده‌سهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ناو جه‌رگه‌ی قه‌یرانه سیاسیه‌كاندا بووه.ئه‌م ڕژیمه له ئاكامى هاوسه‌نگى هێزه جیهانییه‌كانى ده‌ورانى شه‌ڕى سارددا و له باروودۆخێكدا كه ڕێکخراوه جه‌ماوه‌رییه كرێكارییه‌كان بوونیان نه‌بوو و ڕه‌وتى چه‌پ به هۆى هۆكارگه‌لێكى لاوازه‌وه، نه‌یتوانیبوو خۆى ڕێكبخات و ڕیزه‌كانى خۆى پته‌و بكات، به سه‌ر كۆمه‌ڵگاى ئێران‌دا داسه‌پا. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران به شێوه‌یه‌كى خۆڕسك و له باروودۆخێكدا كه پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد، دژ به ڕژیمی شا ڕاپهڕى بوون. به‌ڵام هێشتا ڕێبهرایهتییەكى شۆڕشگێڕى پێشكه‌وتنخواز بەمەبەستی ڕێنمایی کردنی ئه‌م بزووتنه‌وه، پێكنه‌هاتبوو. ئاشكرایه كه له وه‌ها باروودۆخێكدا جه‌ماوه‌رى ڕاپه‌ڕیو ناچنەوە ناو ماڵه‌كانیان، به‌ڵكوو به پشت به‌ستن به یه‌كه‌مین و به‌رده‌ست ترین به‌دیل، درێژه به بزووتنه‌وه‌كه‌یان ده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه خومه‌ینى بوو كه زووتر له‌وانى دیکە وه‌ها به‌دیلێكى خسته به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر. ئامانجى چاوه‌ڕوانكراوی خومه‌ینی واته ڕووخانى شا دابین ببوو. كه‌واته ده‌بوا ئاگرى شۆڕش دابمركێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ش پێویستى به به‌رنامه‌ى تایبه‌ت بوو. خومه‌ینى به زیره‌كییه‌كى تایبه‌ت، ستراتێژى خۆى بۆ ئه‌م مه‌به‌سته خسته‌گه‌ڕ و هه‌نگاو به هه‌نگاو به كارى هێنا. خه‌ڵك فریودانى خومه‌ینى و به نهێنى هێشتنه‌وه‌ى ڕاستى ئامانجه‌كانى له ڕاى گشتى كۆمه‌ڵگا، مه‌جال و ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى پێبه‌خشى كه خۆى بۆ سه‌ركوت كردنى کۆتایی شۆڕش ئاماده بكات. ڕۆڵى خومه‌ینى له شكست هێنانى شۆڕشى ئێران‌دا زۆر گرینگه. خومه‌ینى له ڕۆژانێكدا كه شۆڕشى ئێران خاوه‌ن هیچ ستراتێژێكى ڕوون نه‌بوو، ئامانجێكى ڕوون و دیاریكراوى خسته به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر و بێ ئەملاو ئەولا درێژه‌ى پێدا، ئه‌ویش بریتی بوو لە (ڕۆیشتنى شا‌و هیچى تر). خومه‌ینى به پشت به‌ستن به پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى وه‌ك مه‌رجه‌عێكى ته‌قلید و چالاكێكى سیاسى شیعه و هه‌روه‌ها به هۆى دژایهتێکردنی شا له ڕابردوودا و ئه‌و نفووزهى كه به هۆى بیرۆكه دژی ڕۆژئاواییهكانیهوه له ناو توێژێك له ڕووناکبیرانی كۆمه‌ڵگاى ئێران‌دا به ده‌ستى هێنابوو، لە پێگەی کەسێک دا خۆی دیتەوە کە توانی له دهورهى شۆڕشى 57دا و له هه‌لومه‌رجێكدا كه هیچ ئاڵترناتیڤێكى تر بوونى نه‌بوو، ئامانجێكى بەردەست و ئاسان بخاته به‌رچاوى جه‌ماوه‌ر. به‌م شێوه خومه‌ینى وه‌ك ستراتژیكێكى دژه شۆڕش، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ى به‌ده‌ستهێنا تا به به‌رده‌وامى گورزى خۆى ئاراسته‌ى شۆڕشى تازه سهرههڵداوى ئێران بكات و ئامانجێك كه ئیمکانی به‌دیهێنانی ڕهخساربوو، به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی راپه‌ڕیو نیشان بدات.