پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

ئاوڕدانەوەیەک لە باروودۆخی نابینایان لە ئێران

 

پانزەهەمی ئۆکتۆبر بەرامبەر لەگەڵ (٢٣ی ڕەزبەر) ڕۆژی جیهانیی نابینایانە، ڕۆژێکی کە لە نیوەی سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا لە زۆربەی وڵاتەکان بەمەبەستی پاراستنی سەربەخۆیی و مافەکانی نابینایان و وەبیرهێنانەوەی پێداویستییەکانیان ڕێزی لێ دەگیرێت. گۆچانی سپی، کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بوو بە هێمای نابینایان، نیشانەیەکە لەم مافە سادەیەی کە مرۆڤی نابینا دەبێت بتوانێت بە ئازادی و بەوپەڕی ئەمنییەتەوە لەناو شاردا هاتوچۆ بکات، بخوێنێت، کار بکات و لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا پشکی یەکسانی هەبێت. ئێستا چەند هەفتەیەک بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێپەڕیوە و ئەم مەودایە دەرفەتێکە تا لە ڕێوڕەسم و پەیامە ڕەسمییەکانی پیرۆزبایی دوور بکەوینەوە و بپرسین: دوای بێدەنگبوونی مینبەرەکانی دڵسۆزیی ڕیاکارانەی بەرپرسان، ژیانی نابینایان و کەمبینایان لە ئێران چۆن تێدەپەڕێت؟

بەپێی دوایین ئامارە ڕەسمییەکانی وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوەی بێهزیستی، نزیکەی ٥٠٠ هەزار گەورەساڵ لە ئێران نابینا یان توشی کەمبینایی توند بوون، نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس نابینای تەواون و بە گشتی نزیکەی یەک ملیۆن کەس بە جۆرەها شێواوی بیناییەوە ژیان بەسەر دەبەن. ئێران لە ڕووی ڕێژەی نابینایان بەپێی ڕێژەی دانیشتووان، لە ڕیزی ١٦ وڵاتی یەکەمی جیهاندایە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئامارە ڕەسمییەکانی ئێران زۆرجار وێنەیەکی تەواوی ئاستی زیانە کۆمەڵایەتییەکان ناخەنەڕوو، زۆر کەس، بەتایبەت لە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان، هەرگیز بەرچاو ناکەون و تۆمار ناکرێن و خەمڵاندنەکان باس لە ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دەکەن. بەڵام تەنانەت هەر ئەم ژمارە ڕەسمییانەش بۆ نیشاندانی ئاستی ئازار و بێبەشیی ئەم بەشە لە کۆمەڵگا بەسن.

بەشێکی گرنگی نابیناییەکان لە ئێران شیاوی پێشگیریی لێکردنن. کەمیی خزمەتگوزارییە پزیشکی و چارەسەرییەکان، نەبوونی پشکنینی ساڵانەی ڕێکوپێکی چاو، هەژاری و خۆراکی نەگونجاو، و ئەو نەخۆشییانەی چاو کە لە کاتی خۆیدا چارەسەر ناکرێن، لە زومرەی هۆکارە سەرەکییەکانن. لەگەڵ ئەمانەشدا، دەرئەنجامەکانی شەڕ، ڕووداوی هاتوچۆ و تەقینەوەی مینە بەجێماوەکان لە ناوچە سنوورییەکان هەموو ساڵێک کەسانی تر دەکەنە قوربانی.

بەڵام لیستی هۆکارەکان تەنیا بەمانە کۆتایی نایەت. ئەشکەنجە و زیانە جەستەییەکانی ناو زیندانەکان، دەستڕێژی گوللە لە کۆڵبەران لە کوردستان و سووختبەران لە بەلووچستان، و دەستڕێژی گوللەی ساچمەیی لە خۆپیشاندەران لە شەقامی شارەکانی ئێران، ژمارەی ئەو کەسانەیان بینایی خۆیان لەدەست داوە، زیاتر کردووە. ئەمانە نابینایەکن کە نەک ئاکامی نەخۆشین یان ڕووداو، بەڵکوو ئاکامی ڕاستەوخۆی توندوتیژین.

چوونە دەرەوەی کەسی نابینا لە ماڵ زۆرجار لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو دەبێتەوە. پیادەڕەوی بەرتەسک و پڕ لە بەرزی و نزمیی، سایەبانە نزمەکانی دووکانەکان کە زۆرجار مەترسین بۆ سەروچاوی ڕێبواران، چاڵوچۆڵە سەر ئاواڵە و بێ پەرژینەکان، و پەڕینەوە لە شەقام و ڕێگا نائەمنەکان، بەشێکن لە ئەزموونی ڕۆژانەی نابینایان لە شارەکانی ئێران. سەگی ڕێنیشاندەر، کە لە زۆر وڵاتدا هاوڕێیەکی ناسراوی نابینایانە، لە ئێران نە دابین دەکرێت و نە بۆ پەروەردەکردنی هیچ پلانێک هەیە. نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاویش ئەو دژوارییانەی چەند قات کردووە.

پرسی گونجاندنی ژینگەی شار ساڵانێکە لە وتارەکانی بەرپرسان، بەتایبەت لەم ڕۆژانەی مانگی ڕەزبەردا، دووپات دەکرێتەوە، بەڵام لە کردەوەدا بەرەوپێشچوونێک بەرچاو ناکەوێت. لە کاتێکدا نابینایانی وڵاتانی پێشکەوتوو بەشوێن سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا نوێیەکانەوەن بەمەبەستی ئاسانکاریی بۆ ژیان، نابینایانی ئێران هێشتا بە سەرەتاییترین کێشەوە گرفتارن، واتە هاتوچۆی ئەمن لە کۆڵان و شەقامەکاندا.

چارەنووسی ڕۆژنامەی “ئێرانی سپید“، تاکە ڕۆژنامەی تایبەت بە نابینایان کە بە خەتی بریل بڵاو دەکرایەوە، نموونەیەکی ڕوونی ئەم کەمتەرخەمییەیە. یەکەم ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیە لە خەزەڵوەری ١٣٧٥دا بڵاو بووەوە و نزیکەی چارەکە سەدەیەک پەنجەرەیەک بوو بۆ دەستڕاگەیشتنی نابینایان بە هەواڵ و زانیاری. خاوەنی ئیمتیازەکەی ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی، واتە دامەزراوەیەکی حکوومی، بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژنامەکە داخرا و هەموو ڕۆژنامەنووسەکانی لە کار دەرکران. لە سەردەمێکدا کە زۆربەی وڵاتەکان، بەتایبەت کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان، ئیمکاناتی زیاتر بۆ فێرکردن، زانیاری گەیاندن، کار و ژیانی نابینایان دابین دەکەن، داخستنی تاکە ڕۆژنامەی بریلیی وڵات واتا بێبەشکردنی سەدان هەزار کەس لە یەکێک لە ڕێگا دەگمەنە سەربەخۆکانی دەستڕگەیشتن بە زانیاری.

کێشەکانی نابینایان تەنیا جەستەیی نین، بەشێکی گەورەی کۆسپ و ئاستەنگەکانی ژیانیان ڕیشەی کولتووری، بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتییان هەیە. نیگای بەزەیی ئامێز، جیاکاری لە دامەزراندن و نەبوونی شوێنێک بۆ گەشەکردنی تواناکان، زۆرێک لە نابینایان پەراوێز دەخەن و کار بووەتە یەکێک لە گرنگترین دڵەڕاوکێکانیان. لەم نێوەدا بنەماڵەکان زۆرترین ئەرکیان دەکەوێتە سەرشان. بەتایبەت لە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان کە دەرفەتی خوێندن و کار کەمە، بنەماڵەکان سەرەڕای خۆشەویستی و هەستی بەرپرسیارێتییەکی جێگەی پێزانین بەرامبەر بە ئازیزانی نابینایان، بە کردەوە توانای دابینکردنی مەرجە پێویستەکانیان نییە بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن تا ئاستی زانکۆ یان دۆزینەوەی کارێکی گونجاو. کاتێک دەوڵەت غایبە، ئەم هاوپشتییە بنەماڵەییە بە تەنیا بەس نییە.

هەریەکێک لە ئێمە لە شوێنی ژیان و کارکردندا دەتوانین گرنگی بە پێداویستییەکانی نابینایان بدەین: دراوسێیەکی کە لە پیادەڕۆی بەردەم ماڵەکەی کۆسپ و ئاستەنگ دروست ناکات، کاسبکارێکی کە سایەبانی دوکانەکەی بەرزتر دادەمەزرێنێت و شوفیرێکی کە بە بینی گۆچانی سپی دەوێستێت. بارهێنانی شۆفیر و خاوەن ئامێرەکانی گواستنەوە، بە مەبەستی لەبەرچاوگرتنی ئەمنییەت و ئاسایشی نابینایان و کەم ئەندامان، هەنگاوێکی سادە، بەڵام زۆر پێویستە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، بەرپرسیارێتیی سەرەکی لە ئەستۆی حکوومەتە. دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمانی، لەوانە پشکنینی ڕێکوپێکی ژنانی دووگیان بەمەبەستی بۆ پێشگیریی لە لەدایکبوونی نابینای زگماکی، پەرەپێدان بە فێرکردن و پەروەردە، دروستکردنی دەرفەتی کار، گونجاندنی شوێنە گشتییەکان، دابینکردن و پەروەردەکردنی سەگی ڕێنیشاندەر و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی تایبەت بە نابینایان، ئەرکێکی ئاسایی هەر حکوومەتێکن، ئەرکگەلێکی کە کۆماری ئیسلامی ئامادە نەبووە تێچوو و بەرپرسیارێتییەکەیان قبووڵ بکات.

ئەمڕۆ لە جیهاندا گەلێک لە نابینایان گەیشتوونەتە بەرزترین پلەکانی زانستی، هونەری، وەرزشی، سیاسی و ئابووری. ئەم ئەزموونە نیشان دەدات کە کێشە توانای نابینایان نییە، بەڵکوو ئەو دەرفەتانەیە کە کۆمەڵگا و حکوومەت بۆیان دەڕەخسێنن. دامەزراوە جەماوەریی و دیموکراتییەکانیش دەبێت بۆ گەشە و پەرەپێدان بە تواناکانی ئەم بەشە لە کۆمەڵگا پلانێکی ڕوون و کردارییان هەبێت.

ڕۆژی گۆچانی سپی هات و تێپەڕی. بەڵام پێوەری ڕاستەقینەی پابەندبوون بە مافەکانی نابینایان، نەک پەیامە پیرۆزباییەکانی مانگی ڕەزبەر، بەڵکوو بریتییە لە پیادەڕۆی ئەمن، پۆلی خوێندنی شیاوی دەستپێڕاگەیشتن، کارێکی ئابڕومەندانە و مافی دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە زانیاریی لە هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *