کرێکارانی کانگەی زێڕ و مسی جانجا لە ناوچەی سپیدئابەی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، دەنگی ناڕەزایەتییان دژ بە نالەباری و ناتەندروستیی خۆراک، پێنەدانی مووچە و بیمە، کەمیی پێداویستییە سەرەتایییەکان و مامەڵەی جیاکارانە و سووکایەتیپێکەرانە هەڵبڕی. بەگوێرەی لێدوانی یەکێک لە کرێکاران، جگە لە خراپیی کوالێتیی خۆراک، حەقدەست و مافی بیمەی مانگی خەرمانانی کرێکاران تا ئێستا نەدراوە و کارگێڕیی کانگەکەش هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ دانەوەی ئەو شایستانە دەستنیشان نەکردووە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە هەر کاتێک کرێکارێک دەنگی ناڕەزایەتی بەرز دەکاتەوە دەستبەجێ لەسەر کارەکەی لادەبرێت؛ بە جۆرێک لە دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ کرێکاری ناوچەکە بە بیانووی بێبنەما دەرکراون.


