پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

هاوپشتی، نەک لەگەڵ کۆنەپەرستی، بەڵکوو لەگەڵ جەماوەر وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەڵەستین

 

کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٧٧ ڕۆژی ٢٩ی نوامبری وەک “ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەڵەستین” ڕاگەیاند. ڕێک سی ساڵ پێش ئەوە، ڕێکەوتی ٢٩ی نوامبری ١٩٤٧، هەمان کۆبوونەوە بە پەسەندکردنی بڕیارنامەی ١٨١، پلانی دابەشکردنی فەڵەستینی بۆ دوو دەوڵەتی یەهوودی و عەرەب قبووڵ کرد. بەم شێوەیە بناغەی ئەو ستەمەی کە ئەمڕۆ لە خەڵکی فەڵەستین دەکرێت، لە هەمان ئەو دامەزراوەیەدا دانرا کە ئێستا ساڵانە ڕۆژی هاوپشتی لەگەڵ ئەو خەڵکە بەرز ڕادەگرێت.

ئەمساڵ ئەم ڕۆژە لە هەلومەرجێکدا بەرز ڕادەگرین کە زیاتر لە ساڵێک بەسەر ئاگربەستی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ لە غەززەدا تێپەڕیوە. بەڵام ئاگربەست بە واتای کۆتاییهاتنی ئازار نەبووە، کوشتار لە غەززە لە ئاستێکی هەندێک کەمتر بەڵام هەروا بەردەوامە و لە کەرتی ڕۆژاواش دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان خێراییەکی بێوێنەی بەخۆیەوە گرتووە.

پێشینەی ئەم ململانێیە لانیکەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی کۆتایی شەڕی جیهانیی یەکەم و ڕێککەوتننامەی سایکس–پیکۆ لە ساڵی ١٩١. بەپێی ئەم ڕێککەوتننامەیە، بریتانیا و فەڕانسە خاکە عەرەبییەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییان لەنێوان خۆیاندا دابەش کرد. ساڵێک دواتر، بەڵێننامەی بالفۆر بەڵێنی “ناوەندی نیشتمانیی نەتەوەیی یەهوودی” لە سەرزەمینێک دا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەب بوون. ئەم دابەشکارییە کۆڵۆنیالیستییە هەم کێشەی کورد و هەم کێشەی فەڵەستینی وەک زامێکی بەناسۆر بەجێهێشت و زیاتر لە سەد ساڵ ئازار و ئاوارەیی بەسەر هەردوو نەتەوەدا سەپاند.

ڕۆژی ١٤ی ئایاری ١٩٤٨ “ئاژانسی یەهوود” کە کۆچی یەهوودییەکانی ڕێکدەخست و پەیوەندیی لەگەڵ گرووپە چەکدارە یەهوودییەکاندا هەبوو، سەربەخۆیی دەوڵەتی ئیسرائیلی ڕاگەیاند. ساڵێک دواتر، لە ئایاری ١٩٤٩، ئیسرائیل بووە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان. بەڵام هەر لە سەرەتاوە بەشی یەهوودییەکان نەخت و بەشی فەڵەستینییەکان بوو بە قەرز. یەهودییەکان پێشوەختە دامەزراوەکانی دەوڵەتی خۆیان دروست کردبوو، بەڵام فەڵەستینییەکان خاوەن ڕێبەریی و ڕێکخراوێکی یەکگرتوو نەبوون و زیاتر لە حەوت سەد هەزار کەسیان لە ڕەوتی “نەکبەت“دا لە ماڵ و حاڵی خۆیان دوور خرانەوە.

دەوڵەتی ئیسرائیل لە دەیەکانی دواتردا بە پشتیوانیی زلهێزە ڕۆژاواییەکان، بەتایبەت ئەمریکا، قەڵەمڕەوی خۆی فراوانتر کرد. لە شەڕی ١٩٦٧ەوە کەرتی ڕۆژاوا، قودسی ڕۆژهەڵات و غەززە لەژێر داگیرکاریی ئەودان. ئێستا حەفتاو هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئیسرائیل و چل و نۆ ساڵ بەسەر ناونانی ئەم ڕۆژەدا تێدەپەڕێت و هێشتا ملیۆنان ئاوارەی فەڵەستینی لە کەمپەکانی سووریا، لوبنان و ئوردن بە هیوای گەڕانەوە بۆ زێدەکەیان دەژین.

بەپێی ڕاپۆرتی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، تا ٢٦ی نوامبری ٢٠٢٦ ژمارەی کوژراوان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە گەیشتووەتە ٧٤٬٧٧٢ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ١٧٦٬٢٩٨ کەس. زۆربەی قوربانییەکان ژنان و منداڵانن. تەنانەت دوای ئاگربەستی ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥یش زیاتر لە ١٦٧٠ کەسی دیکە گیانیان لەدەست داوە و تەرمی ژمارەیەکی زۆریش هێشتا لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە.

زیاتر لە دوو ملیۆن ئینسان لە کەرتێکی وێرانبوو، لەژێر خێوەت و لە سەرمای زستاندا بەسەر دەبەن. هەر لەم هەفتەیەدا چوارکەس لە ئاوارەکان، لەنێویاندا سێ منداڵ، بەهۆی داڕمانی بەربەستێک لە تەنیشت خێوەتەکانیان گیانیان لەدەست دا. هاتنەناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان هێشتا تەنها لەو دەروازانەوە مومکینە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە.

لە کەرتی ڕۆژاوا سیاسەتی داگیرکاری بەشێنەیی بووەتە کردارێکی ئاشکرا. کابینەی ئیسرائیل لە فێوریەی ٢٠٢٦دا کۆمەڵێک ڕێوشوێنی پەسەند کرد کە دەسەڵاتەکانی حکوومەتی خۆبەڕێوەبەر سنووردار دەکات و ڕێگە بۆ دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی بەربڵاوتر خۆش دەکات. پلانی نۆزدە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی نوێش پەسەند کران. ئێستا نزیکەی ٧٥٠ هەزار دانیشتووی کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان لە کەرتی ڕۆژاوا و قودسی ڕۆژهەڵات دەژین. نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مارسی ٢٠٢٦دا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٣٦ هەزار فەڵەستینی بە زۆر ئاوارە کراون. فەڵەستینییەکان هێشتا لە پشت دیوارە کۆنکرێتییەکان و خاڵەکانی پشکنین گەمارۆ دراون.

بۆ تێگەیشتن لە ڕەوایی دۆزی خەڵکی فەڵەستین، واتە مافی چارەی خۆنووسین، هەر ئەوەندە بەسە سەیرێکی کارنامەی خودی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین. کۆبوونەوەی گشتی و ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵی ١٩٤٨ەوە تا ئێستا سەدان بڕیارنامەیان لە ئیدانەکردنی داگیرکاری، پێویستیی ڕاگرتنی پرۆسەی دروستکردنی شارۆچکەکان و مافی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەرکردووە. دەوڵەتی ئیسرائیل نەک هەر ملەکەچی ئەم بڕیارنامانە نەبووە، بەڵکوو ئەو ڕێککەوتنانەشی پێشێلکردووە کە خۆی قبووڵی کردبوون.

کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سێپتامبری ٢٠٢٥ بە سەرۆکایەتیی ناڤی پیلای ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لە غەززە جینۆسایدی ئەنجام داوە، دۆسیەی سکاڵای ئەفریقای باشوور لەدژی ئیسرائیل لە دادگای نێودەوڵەتیی دادیش بەردەوامە. دادگا وادەی وەڵامدانەوەی ئەفریقای باشووری بۆ نوامبری ٢٠٢٧ و وەڵامی کۆتایی ئیسرائیلیشی بۆ ئایاری ٢٠٢٩ دیاری کردووە. لەم ماوەیەدا، سێ بڕیاری کاتیی دادگا بۆ پاراستنی خەڵکی غەززە هێشتا پابەندکەرن.

لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیشدا شەپۆلێکی نوێ سەریهەڵدا. لە سێپتامبری ٢٠٢٥دا بریتانیا، فەڕانسە، کانەدا، ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی دیکە دەوڵەتی فەڵەستینیان بە فەرمی ناساند. ئێستا نزیکەی ١٥٧ وڵات لە کۆی ١٩٣ ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بوونی فەڵەستینیان وەک دەوڵەت بە فەرمی ناسیوە. بریتانیاش لەم دواییانەدا سزای بەسەر کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان بە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکاندا سەپاند.

هەڵسەنگاندنی ئەم کارەساتە بەبێ ناسینی باکگراوەندە مێژووییە سەد ساڵەکەی مومکین نییە. ئەم مێژووە لە سەدان کتێب و بەڵگەنامەدا تۆمار کراوە و خوێندنەوەی وردی ئەو مێژووە ئێمە لە داوی شیکارییە ڕووکەش، سۆزداری و هەندێک جاریش فریوکارانە دوور دەخاتەوە.

هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەڵەستین بە واتای هاوسۆزی و هاوڕێیەتی لەگەڵ حەماس یان کۆماری ئیسلامی نییە. هێرشی حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ و کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنیی ئیسرائیلی تاوان بوو و هەژموونی ڕەوتی کۆنەپەرستی حەماس بەسەر چارەنووسی خەڵکی غەززەدا زیانی پێگەیاندوون. کۆماری ئیسلامیش دۆزی فەڵەستینی کردووەتە ئامرازێک بۆ مەبەسەتە پاوانخوازییە ناوچەییەکانی خۆی. بەڵام هیچ کام لەمانە نەیانتوانیوە ڕێگری بکەن لە دەربڕینی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی ستەملێکراوی فەڵەستین.

لەم سێ ساڵەدا، ملیۆنان کەس لە شارەکانی جیهان هاتنە سەر شەقامەکان، لەوانە ژمارەیەکی بەرچاو لە یەهوودییەکانی دژی شەڕ. ئەم ویژدانە بەئاگاهاتووانە نیشانیان دا کە کێشەی فەڵەستین نەک ململانێیەکی ئایینی، بەڵکوو کێشەی داگیرکاری، یەکسانی و مافی چارەی خۆنووسینە.

٢٩ی نوامبری ئەمساڵ وەبیر ئەوە وەبیردەهێنێتەوە کە ئاشتیی بەردەوام تەنها بە کۆتاییهاتنی داگیرکاری، ڕاگرتنی پرۆسەی دروستکردنی شارۆچکەکانی نیشتەجێبوون، ئاوەدانکردنەوەی غەززە، چارەسەرێکی دادپەروەرانەی کێشەی ئاوارەکان و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینی مومکین دەبێت. ئەمە مافێکە کە جیهان بیست و نۆ ساڵ لەوەپێش بەڵێنی دا و هێشتا جێبەجێی نەکردووە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *