لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا کڕین و فرۆشتنی ئەندامەکانی لەش لەبەر هۆکاری ئەخلاقی، یاسایی و پزیشکی قەدەغەیە. بەڵام ئێران یەکێکە لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە بۆ بەخشینی گورچیلە لەلایەن بەخشەرێکی زیندووی دەرەوەی چوارچێوەی خزمایەتی، میکانیزمێکی یاسایی و لەژێر چاودێری دەوڵەتدا بوونی هەیە کە پارەی تێدا دەدرێت، بڕە پارەیەکی کە بە ناوی ئابڕومەندانەی “دیاری بەخشراو” دەدرێت. لە تەنیشت ئەم پێکهاتە فەرمییەدا، بازاڕێکی ناڕەسمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەناڵەکانی تێلێگرام و دیواری دەوروبەری نەخۆشخانەکاندا دروست بووە، کە تێیدا گورچیلە، بەشێک لە جگەر، مۆخی ئێسک، گلێنە، تەنانەت هێلکە و سپێرمیش بە نرخێک دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن کە “ڕێککەوتنی لایەنەکان” دیاری دەکات.
بەڵام “ڕێککەوتن” لە نێوان کێدا؟ لایەکی ئەم مامەڵەیەوە نەخۆش یان بنەماڵەیەکە هەیە کە توانای دانی پارەی هەیە، لەولاشەوە گەنجێکی بێکار، کرێکارێکی قەرزدار یان باوکێکە کە ناتوانێت کرێی خانووەکەی بدات. ئەوەی لە ڕواڵەتدا وەک مامەڵەیەکی ئازادە لە نێوان دوو کەسدا دێتە بەرچاو، لە ڕاستیدا گواستنەوەی تەندروستییە لە هەژارانەوە بۆ دارا و دەوڵەمەندەکان. کاتێک کەسێک بۆ زیندوو ماونەوە ناچار دەبێت بەشێک لە جەستەی خۆی بفرۆشێت، ئیتر ناکرێت قسە لە “بژاردەی ئازاد” بکرێت، ئەمە ناچارییەکە کە لە بەرگی بازاڕدا خۆی نیشان داوە.
فرۆشتنی ئەندامی جەستە زۆرجار نەک یەکەم ئەڵقە، بەڵکوو دوایین ئەڵقەیە لە زنجیرەی داڕمانی ژیانی بنەماڵەیەک. سەرپەرشت یان ئەو کەسەی کە سەرچاوەی داهاتی بنەماڵەیە، سەرەتا بۆ دۆزینەوەی کار، دابینکردنی خەرجی دەرمان، خۆراک و کرێی ماڵ، لە هەموو دەرگایەک دەدات. پاشان دەست دەکات بە فرۆشتنی یەک لەدوای یەکی کەلوپەلەکانی ناوماڵ، لەوانە: قاڵی و یەخچاڵ، تەلەویزیۆن و دووچەرخە، و ئەو زێڕە کەمەی کە یادگاری بووکێنی بووە. دوای ئەوە نۆرەی قەرزوەرگرتنە، لە بەقاڵی سەرکۆڵانەوە بگرە تا هاوڕێ و ناسیاو. کاتێک چیتر شتێک نەماوە بۆ فرۆشتن و ڕێگای قەرزیش داخراوە، تەنیا سەروەتێکی کە بە دەستیانەوە دەمێنێت، جەستەیە.
ئەم ڕەوتە، چیرۆکی ژیانی چینی کرێکار و هەژارانی شار و لادێیە. ئەوەی سەرمایە، موڵک یان پاشەکەوتی هەیە، لە بەرانبەر قەیراندا ئامرازێکی بەرگریی هەیە، بەڵام ئەوەی جگە لە هێزی کاری خۆی هیچی نییە بۆ فرۆشتن، کاتێک تەنانەت ئەو هێزی کارەش کڕیاری نەبێت، ناچار دەبێت پارچەیەک لە جەستەی خۆی بفرۆشێت. ڕاپۆرتە مەیدانییەکان نیشان دەدەن کە زۆربەی فرۆشیارانی گورچیلە گەنجانی نێوان ٢٠ بۆ ٣٥ ساڵن، و لە ڕیکلامەکاندا ئاماژە بە هۆکاری وەک بێکاری، مایەپووچ بوون، قەرزداری، نەخۆشی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە یان ڕزگارکردنی ماڵ و منداڵ لە برسێتی دەکرێت. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا باس لە تازەلاوانی تەمەن ١٦ ساڵیش کراوە کە لەڕووی ناچارییەوە گورچیلەی خۆیان بە نرخێکی هەرزانتر خستووەتە ڕوو.
لەم بازاڕەدا، وەک هەر بازاڕێکی دیکە، سوودی سەرەکی دەچێتە گیرفانی دەڵاڵ و واسیتەکان. تۆڕێک لە دەڵاڵ و واسیتەکانی ناوەندە دەرمانییەکان و بەشێک لە کۆمەڵگەی پزیشکی کە تەنیا بیر لە قازانج دەکەنەوە، لەم بازرگانییە نامرۆڤانەیە سوود وەردەگرن. بە داکەوتنی بەهای ڕیاڵ، نرخی گورچیلە لەم بازاڕەدا گەیشتووەتە چەند میلیارد ڕیاڵ و تەنانەت هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باسیان لە فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە بۆ دەرەوەی وڵاتیش کردووە.
بۆ بینینی ڕووخساری ڕاستەقینەی هەژاری ناکرێت تەنیا پشت بە ئامارە فەرمییەکان ببەسترێت، ئەو حکوومەتەی تەنانەت ژمارەی قوربانییانی کارەساتە سروشتییەکانیش دەستکاری دەکات، هیچکات نایەوێت وێنەیەکی تەواوی هەژاری بڵاو بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت هەر ئەم ئامارە فەرمییانەش زۆر شت دەردەخەن. سەرۆکی دامەزراوەی بێهزیستی لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا ڕایگەیاند ژمارەی دانیشتووانی ژێر هێڵی هەژاری موتڵەق لە ماوەی دە ساڵدا لە نزیکەی ١٦ ملیۆنەوە گەیشتووەتە ٣٤ ملیۆن کەس، واتە نزیکەی ٤٠٪ی دانیشتووان، و ئەگەریشی هەیە نزیکەی دە لەسەدی دیکە لەو ئامارەش زیاتر بێت.
هەژاری لە ئێران بەرهەمی سروشتی کەمیی سەرچاوەکان نییە، بەڵکوو سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەت و ئابووری زاڵ. لە بواری سیاسەتدا، کۆماری ئیسلامی بە درێژەپێدانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، دەستێوەردان لە قەیرانە هەرێمییەکان، بەدواداچوونی پڕۆژە هەزینەبەرەکانی ناوەکی و مووشەکی، و خەرجکردنی سەرچاوەیەکی زۆرو زەوەند بەمەبەستی پەرەپێدانی دامەزراوە ئاینییەکان، سەروەتی نیشتمانی و بەرهەمی کار و ڕەنجی خەڵکی بە فیڕۆ داوە. هەموو ئەمانە لەسەر بەستێنی گەندەڵییەکی دامەزراوەیی ڕوویانداوە کە تێیدا ڕانت و دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵات، دیاریکەری سەروەتە. سزا و ململانێ سەربازییەکانیش فشارەکانیان توندتر کردووە، بەڵام بارگرانی ئەم فشارانەیان خستووەتە ئەستۆی کرێکاران، مووچەخۆران و چین و توێژە هەژارەکان.
لە بواری ئابووریدا، حکوومەتە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی باڵ و جەمسەرەکان، ئاراستەیەکی هاوبەشیان گرتووەتە بەر، و پڕۆسەی تایبەتیکردنی بەربڵاو کە زۆرجار بووەتە هۆی گواستنەوەی موڵکی گشتی بۆ نزیکانی دەسەڵات، لابردنی هەنگاو بە هەنگاوی یارمەتییەکان، کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، و دەرکردنی بەربڵاوی کرێکاران، بەشێک بووە لە سیاسەت و بەرنامەکانیان. کرێکاران بەبێ بیمەی بێکاریی پێویست لە کار دەرکراون، مافەکانی وەک مافی نیشتەجێبوون و بیمەی دەرمانی کەم کراونەتەوە، و گرێبەستی کاتی شوێنی ئەمنییەتی پیشەییان گرتووەتەوە. ئەم سیاسەتانە، هاوکات لەگەڵ هەڵاوسانی درێژخایەن و بێکاری ملیۆنی، بارگرانی قەیرانەکەیان لە سەرەوە گواستووەتەوە
بۆخوارەوەیکۆمەڵگە.
ئاکامی ئەم پرۆسەیە بریتییە لە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی بەربڵاوترین زیانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک: لەشفرۆشی، گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، گەڕان لەناو زبڵدانەکان، کارتۆنخەوی، کاری منداڵان و خۆکوشتن. فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە تەنیا یەکێکە لە “هەزار ڕووخسارەکەی” ئەم هەژارییە“، ڕووخسارێکی کە لەوانەیە زەقتر لە هەموو ڕووخسارەکان نیشانی دەدات کە ئەم سیستەمەی ئێستا تا کوێ ئامادەیە ژیانی مرۆڤەکان بکات بە کاڵا.
ستەم و سەرەڕۆیی و خەفەقان، هەڵاوسان و گرانی، بێکاریی ملیۆنی و کەلێنی قووڵی چینایەتی، تەنگیان بە ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش هەڵچنیوە. ئەو کرێکار و جەماوەرە ئازار چەشتووەی کە نزیکەی پێنج دەیەیە لەپێناو باشترکردنی دۆخی کار و ژیانیاندا خەریکی خەبات و تێدەکۆشانن، درێژە بەم تێکۆشانە دەدەن. فرۆشتنی گورچیلە بۆ دانی کرێی ماڵ، پرسێکی تاکەکەسی یان ئەخلاقی نییە کە بە ئامۆژگاری و یاسای توندتر چارەسەر بکرێت، بەڵکوو پرسێکی پێکهاتەیی و چینایەتییە. هەتا سەروەتی کۆمەڵگە لە دەستی کەمینەیەکدا چڕ ببێتەوە و بارگرانی قەیران بخرێتە سەر شانی زۆرینە، جەستەی هەژاران هەروا لە بازاڕدا دەخرێتە بەردەست.
ڕێگای دەربازبوون لەم دۆزەخە، بریتییە لە ڕێکخراوبوون و خەبات و تێکۆشانی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لەپێناو حەقدەستی دادپەروەرانە، بیمەی بێکاری و دەرمان و چارەسەری گشتی، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو و مافی ڕێکخراوبوون. تەنیا بە خەبات تێکۆشانێکی لەم چەشنە، شێلگیرتر و لێبڕاوانە تر لە جاران و لە هەموو بوارەکاندا، دەتوانرێت کۆتایی بەو سیستەمە بهێنرێت کە تێیدا مرۆڤ ناچار دەبێت بەشێک لە جەستەی خۆی بفرۆشێت تا زیندوو بمێنێتەوە.


