لە چوارچێوەی سێ دۆسیەی جیاوازدا، هەریەک لە سینا ئیسلامی، محەممەد ئەحمەدی فەیزئابادی و سیامەک سادقی چەهرازی (چالاکوانی سەندیکاییی مامۆستایان)، سزای زیندانی تەعزیری و سزای تەواوکەریان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، سینا ئیسلامی کە هاووڵاتییەکی خەڵکی سمنانە و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانە، لەلایەن دادگای سمنانەوە سزای ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها محەممەد ئەحمەدی فەیزئابادی، سزای ٦ مانگ زیندان و دوو ساڵ بێبەشکردن لە مافی بەرهەمهێنانی بەرنامە پەیوەندیدارەکان بە بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپێندراوە.
لە دۆسیەیەکی دیکەدا، دادگای شۆڕش لە ئەهواز سزای بەندکرانی بۆ سیامەک سادقی چەهرازی، چالاکوانی سەندیکایی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کانوونی سەندیکاییی مامۆستایانی خووزستان، دەرکرد. دادگا لە بڕیارە سەرەتاییەکەیدا سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیریی بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.


