مانگرتنی کرێکاران و ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینکراوان لە گۆشە و کەناری ئێراندا لە ئارادایە و سەرەڕای سەرکوت و توندوتیژیی ڕژێم، هێشتا بەردەوامە. هەموو شێوازەکانی ئەم ناڕەزایەتییانە و لەوانەش مانگرتن، بەلای ڕژێمی کۆماری ئیسلامییەوە بزاڤێکی دژی یاسایە. لە درێژایی دەسەڵاتی ئەم ڕژێمە چەندین جار یاسای کار نوسراوەتەوە و تێبینی و هەموارکراوەی جۆراجۆری بۆ زیاد کراوە یان لێ کەمدراوەتەوە، بەڵام لە هیچ کام لە پێشنووسەکاندا و لە هیچ کام لە دەقە پەسەندکراوەکاندا تەنانەت یەک جار وشەی “مانگرتن” بەکار نەهاتووە. وەک ئەوەی بزاڤێکی لەو شێوەیە لە کۆمەڵگەی ئێراندا هەر بوونی نەبێت. بەڵام سەرەڕای نکۆڵی و پەردەپۆشکردنی ڕژێم، مانگرتنە کرێکارییەکان، کابووسی بەردەوامی دەزگا سەرکوتگەرە ڕاستەوخۆکان لە وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپا، فەرماندار و ئۆستاندارەکانەوە بگرە تا دەزگا سەرکوتگەرە ناڕاستەوخۆکانی وەک ڕێکخراوە دژە کرێکارییەکانی “خانەی کارگەر” و “شۆڕا ئیسلامییەکان” و هتد بووە.
مانگرتن و ناڕەزایەتی بەشێکی دانەبڕاوە لە چینەی کە سامان و سەروەتە کەڵەکەبووەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، بەرهەمی ڕەنج و کاری ئەوە. ئەو کرێیەی سەرمایەدارەکان دەیدەنە کرێکاران تەنها بەشی ژیانێکی مەمرەومەژی خۆیان و بنەماڵەکەیان دەکات بۆ ئەوەی بتوانن سبەی رۆژ دیسانەوە بگەڕێنەوە سەر کار و دیسانەوە بچەوسێنرێنەوە و سامان بەرهەم بهێنن. بەڵام کرێکاران لە بەرامبەر ئەم بارودۆخە ستەمکارانەیەدا تەسلیم نەبوون و بێ ئیرادە نیین. ئەگەر سەرمایەدارەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بە پێدانی کرێی کەمتر بە کرێکاران، بە خۆبواردن لە ئەنجامدانی ئەو بەڵێنانەی بە کرێکارانی دەدەن، قازانجی خۆیان زیاد بکەن، لە بەرامبەردا کرێکارانیش بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان مانگرتن وەک چەکێکی کارا دژی سەرمایەدارەکان و دەوڵەتی پشتیوانیان بەکار دەهێنن.
خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراوی کرێکاران بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان، دەستپێکی ئامانجدارانەی تێکۆشانی کرێکارانە وەک چینێک دژی سیستەمی سەرمایەداری. تا پێش ئەوە، کرێکاران تەنها بە شێوەی تاکەکەسی کەوتوونەتە ململانێ لەگەڵ سەرمایەدارەکان. بەڵام لەمە بە دواوە کرێکاران فێر دەبن کە چۆن هێزی بەکۆمەڵی خۆیان لەم نەبەرەدا بەکار بهێنن. کرێکاران فێر دەبن کە تێکۆشانی تاکەکەسییان لەگەڵ سەرمایەدارەکاندا بە هیچ ئاکامێک ناگاێت. کرێکاران لە ڕەوتی ئەم تێکۆشانەدا لەژێر بار قورسی ئەو سووکایەتیکردنە بەردەوامەی کە لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە پێیان دەکرێت، پشت ڕاست دەکەنەوە و متمانە بەخۆبوون و کەرامەتی ئینسانی خۆیان بەدەست دەهێننەوە. بە دەستپێکردنی هەر حەرەکەتێکی ناڕەزایەتی وەک مانگرتن و هتد، خاوەنکارەکان بۆیان دەردەکەوێت کە دەسەڵاتداریی ئەوان دژی کرێکاران سنوورێکی هەیە و ئەوان ئیتر حاکمی موتڵەق نین بەسەر چارەنووسی کرێکاراندا. کرێکارانیش بۆیان دەردەکەوێت کە ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون لەو کارەساتەی کە سەرمایەدارەکان بەسەریدا سەپاندوون بوونی هەیە و هیوای ڕزگاربوون لە پێگەی ژێردەستەیی لە دەروونییان دا گەشە دەکات.
لە ڕەوتی مانگرتندا، کرێکاران ڕووبەڕوو لەگەڵ سەرمایەدارەکاندا دادەنیشین بۆ گفتوگۆ، مافەکانی خۆیان بە پشتیوانیی هێزی یەکگرتوویان داوا دەکەن. بەم شێوەیە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت هەست دەکەن کە لەگەڵ سەرمایەدارەکاندا لە پێگەیەکی یەکساندا جێگیر بوون. لە ڕۆژانی مانگرتندا ئەوە کرێکارانن کە فەرمان بە سەرمایەدارەکان دەکەن و بڕیاردەرن. ترس لە شکڵگرتن و جێگیربوونی ورەیەکی لەو شێوەیەیە کە دەوڵەتە پشتیوانەکانی سەرمایەداران تووشی شۆک دەکات و بەوپەڕی سەرلێشێواویەوە ئامرازە سەرکوتگەرە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی خۆیان دژی کرێکاران بەکار دەهێنن. کاردانەوەی دەوڵەت ئەوە فێری کرێکاران دەکات کە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی ئەم نەبەردە دەبێت وشیارتر، ڕێکخراوتر و لێبڕاوانە تر بچنە مەیدانی ئەو نەبەردە:
مانگرتن، چاوی کرێکاران نەک تەنها بە سروشتی سەرمایەدارەکان بەڵکوو بە سروشتی دەوڵەت و یاساکانیشی دەكاتەوە، هەر مانگرتنێک ئەم ڕاستییە بیردەخاتەوە کە دەوڵەت دوژمنی کرێکارانە و چینی کرێکار دەبێت خۆی بۆ خەبات و تێکۆشان لەدژی دەوڵەت و بۆ بەدیهێنانی مافەکانی جەماوەر بەگشتی ئامادە بکات. مانگرتن فێری کرێکاران دەکات بەیەکەوە یەکگرتوو بن، پێیان نیشان دەدات کە ئەوان تەنها کاتێک یەکگرتوو بن دەتوانن لەدژی هەموو سەرمایەداران تێبکۆشن. مانگرتن فێری کرێکاران دەکات کە بیر لە تێکۆشان لەدژی حوکمڕانیی پۆلیسی بکەنەوە و بۆ ئازادیی هەموو خەڵک، هەموو ئەوانەی کە لەژێر کۆت و بەندی ستەمکاراندا زەحمەت دەكێشن خەبات بکەن.
بەم شێوەیە، مانگرتن مەیدانەکانی تێکۆشانی سیاسی بەڕووی کرێکارانی پێشڕەو و ڕێبەرانی کرێکاریدا دەکاتەوە. فێریان دەکات کە ئەرکی گۆڕینی ئەم کۆمەڵگە پێچەوانەیەی کە چارەنووسی لە دەستی چینێکی چاوچنۆک و مشەخۆردایە، لە ئەستۆی ئەوانە. ئەوان لە درێژەی ئەم خەبات و تێکۆشانەدا فێر دەبن کە سەرجەم هەڵاواردنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، برسیەتی، قاتوقڕی، ستەمکاری بەرامبەر بە ژنان، هەڵاواردنی ڕەگەزی، ماددە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی، کارکردنی منداڵان، منداڵانی سەر شەقام و سەرجەم گەندەڵییەکانی ئەم کۆمەڵگەیدا، بەرهەمی سیستەمێکە کە تەمەنی مێژوویی بەسەرچووە و بە دەستی بەهێزی چینی کرێکار دەتوانرێت بگۆڕدرێت.
بزووتنەوەی کرێکاری لە هیچ وڵاتێکدا داوای پێدانی مافی مانگرتنی لە ڕژیمە سەرمایەدارییە دەسەڵاتدارەکان نەکردووە، بەڵکوو ئەم مافەی بە هێزی یەکگرتوویی و خەبات و تێکۆشانی خۆی بەدەستهێناوە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا ئەگەرچی ڕژیم هەرگیز وەها مافێکی بۆ کرێکاران بە فەرمی نەناسیوە، بەڵام مانگرتن بەردەوام یەکێک بووە لەو ئامرازانەی کە جەماوەری کرێکار بۆ دەرکێشانی بەشێک لە مافەکانیان لە قوڕگی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان پەنایان بۆ بردووە.
مانگرتن، ئامرازی تێکۆشانی بەکۆمەڵی کرێکارانە. مانگرتن قوتابخانەیەکە بۆ فێرکردنی چینی کرێکار لەو خەبات و تێکۆشانە چارەنووسسازەی کە لە پێشیانە. مانگرتن هەلێکە بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنی چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری. لە ڕەوتی مانگرتندایە کە کرێکاران هەست بە پێویستیی ڕێکخراوبوون یان پتەوکترکردنی هەرچی زیاتری ڕێکخراوەکانیان دەکەن. لە ڕەوتی مانگرتندایە کە کرێکاران خاڵە بەهێز و لاوازەکانی حەرەکەتەکەیان دەدۆزنەوە و ئەزموونی خۆیان بۆ خەبات و تێکۆشانە چارەنووسسازەکانی داهاتوو دەوڵەمەندتر دەکەن. لە ڕەوتی مانگرتندا، هاوڕێیەتی و هاوهەڵوێستیی کرێکاری بەهێزتر دەبێت. لە ڕۆژانی مانگرتندا بنەماڵە کرێکارییەکان زیاتر لە جاران لە یەک نزیک دەبنەوە و لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ڕۆژانەیاندا بە هانای یەکدییەوە دەچن.
هیچ ڕادەیەک لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و بیمەکان، هیچ بڕێک لە زیادبوونی کرێ، هیچ باشبوونێک لە بارودۆخی ئەمنییەتی کاردا، بەرهەمی بڕیاری ئارەزوومەندانە و دڵخوازانەی سەرمایەداران نەبووە. هەر مافێکی کە لەم بوارانەدا بەدەستهاتووە یان بڕیارە لە داهاتوودا بەدەستبێت، تەنها بەرهەمی تێکۆشانی ڕاستەوخۆی کرێکاران یان ترسی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان بووە لە کاردانەوەی توندتر و بەربڵاوتری کرێکاران. سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان تا ئەو کاتەی ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و تێکۆشانی کرێکاران لە شێوەی مانگرتن نەبنەوە، بایەخ بە خواستەکانی کرێکاران نادەن. بەڵام کاتێک کرێکاران پرۆسەی بەرهەمهێنان و سوودی سەرمایەدارانیان ڕاگرت، ئەوکاتەیە کە ترس لە دڵیان دەنیشێت و بۆیان دەردەکەوێت کە چۆن شوشەی تەمەنی سیستەمەکەیان لە دەستی ئەو توێژە بێبەش و هەژارانەدایە کە تا دوێنێ بەکۆیلەی دەکردن و سووکایەتیی پێدەکردن.


