پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

ژنکوژی لە ئێران، توندوتیژییەکی سەرچاوەگرتوو لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات

 

لە هەفتەکانی ڕابردوودا، هەواڵی کوژرانی ژنان بە دەستی نزیکترین کەسەکانی ژیانیان جارێکی تر بۆتەوە سەردێڕی ڕووداوەکان. ئەو ڕاپۆرتانەی لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٥دا بڵاو بوونەتەوە پیشانی دەدەن کە لانیکەم ٨٤ ژن و کچ لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی ڕەزبەر کوژراون. تەنها لە ٢١ ڕۆژی یەکەمی مانگی ڕەزبەردا لانیکەم ١٨ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە، واتە نزیکەی هەموو ڕۆژێک ژنێک گیانی لەدەست داوە.

لێکۆڵینەوەیەکی تر باس لە ٢٨ دۆسیە دەکات کە تێیاندا لە ماوەی دوو مانگدا ٣٨ ژن کوژراون، و ڕاپۆرتەکانی کۆتایی مانگی خەزەڵوەر ژمارەی قوربانییەکانی لە هەشت مانگدا گەیاندووەتە لانیکەم ١١٣ ژن و کچ. ئەم ژمارانە تەنها ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرن کە گەیشتوونەتە میدیاکان. ڕێژەی ڕاستەقینە بە ئەگەرێکی زۆر، زۆر لەوە زیاترە، چونکە زۆرێک لەم کوشتنانە لە بێدەنگیی بنەماڵە و تائیفی دا شاردراوەنەتەوە.

نەخشە و شێوازی هاوبەشی ئەم پەروەندانە ڕوونە. بکوژ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هاوسەر، هاوبەشی سۆزداریی پێشوو، باوک یان برایە و پاڵنەرەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ هاوسەرگیری یان پەیوەندیی سۆزداری، داوای جیابوونەوە، بەدگومانی و کێشەی ناو بنەماڵەکان. بە واتایەکی تر، ژن زۆر جار لەو ساتەدا دەکوژرێت کە دەیەوێت بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات، و پێویستە شیکاریی هەر لەم خاڵەوە دەست پێ بکات.

واقعییەت ئەوەیە کە ژنکوژی ناکرێت بۆ “کولتووری دواکەوتوو” یان شڵەژانی دەروونیی تاکەکەسی کورت بکرێتەوە. بنەماڵەی پیاوسالار لە مێژووی خۆیدا دامەزراوەیەک بووە بۆ گواستنەوەی سامان، ڕەچەڵەک و کار، و لەم دامەزراوەیەدا جەستە و هێزی کاری ژن بە بەشێک لە سامانی بنەماڵە یان هۆز هەژمار دەکرا. چەمکی “نامووس” دەربڕی کولتووریی هەر ئەم پەیوەندییە خاوەندارێتییەیە و پیاو وەک پارێزەری پێناسە دەکرێت.

لە پێکهاتەیەکی لەم شێوەیەدا، هەر نیشانەیەک لە سەربەخۆیی ژن، لە هەڵبژاردنی هاوسەرەوە تا کارکردن و جیابوونەوە، بە واتای لەدەستچوونی کۆنترۆڵ بەسەر ئەو سامان و ئابڕووە بەکۆمەڵەدا لێک دەدرێتەوە. کاتێک ئەم کۆنترۆڵە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، توندوتیژی دەبێتە ئامرازێک بۆ وەرگرتنەوەی و کوشتنیش لە زومرەی توندترین شێوازەکانییەتی.

لە سەدەی ڕابردوودا پێگەی ژنان لە ئێران گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. ژنان گەیشتوونەتە ئاستی خوێندنی باڵا، لە زۆرێک لە بەشە زانکۆییەکان زۆرینە پێک دەهێنن و ئاسۆی نوێیان بۆ ژیانی خۆیان دیاریکردووە. بەڵام ئەم گۆڕانکارییە بە شێوەیەکی یەکسان لە هەموو چین و ناوچەکاندا ڕووی نەداوە. تێکڕای ئامارەکان هەندێک جار ئەو وەهمە دروست دەکەن کە کۆمەڵگا لە پێکهاتە نەریتییەکان تێپەڕیوە، لە کاتێکدا لە زۆرێک لە ناوچە پەراوێزخراو و بێبەشەکاندا، هاوسەرگیریی پێشوەختە، کۆنترۆڵی توند بەسەر ڕەفتاری ژنان و باڵادەستیی پێکهاتە تائیفییەکان هێشتا بەردەوامە.

لێرەدا نایەکسانیی جێندەری لەگەڵ نایەکسانیی چینایەتی و ناوچەییدا تێکەڵ بووە و ئەو ژنانەی کەمترین سەرچاوەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان هەیە، زۆرترین زیان دەبینن. سەرەڕای ئەمەش، ژنکوژی تەنها لە چینەکانی خوارەوەدا نامێنێتەوە و لەنێو توێژە خوێندەوار و دەوڵەمەندەکانیشدا بەرچاو دەکەوێت، چونکە لۆژیکی خاوەندارێتی بەسەر ژندا لە سنوورە چینایەتییەکان تێدەپەڕێت.

ئەم توندوتیژییە لە بۆشاییدا ڕوو نادات. پێکهاتەی یاساییی ئێستا لە هەندێک بارودۆخدا باوک و هاوسەر لە سزای قەساس دەبەخشێت و بەم شێوەیە ئەو پەیامە دەدات کە گیانی ژن لە بەرامبەر “ماف“ی پیاوی بنەماڵە بەهای کەمترە. پڕۆژەیاساکانی پاراستنی ژنان لە بەرامبەر توندوتیژیدا ساڵانێکە لە هاتوچۆی نێوان دامەزراوە بڕیاربەدەستەکاندا پەکیان کەوتووە و ناوەندە ئەمنە ناحکوومییەکان، کە بۆ زۆرێک لە ژنان دوا پەناگە بوون، ڕوویان لە کەمی کردووە.

حکومەتێک کە سیاسەتە جێندەرییەکانی لەسەر بنەمای بەهێزکردنی بنەماڵەی نەریتی و چاودێریکردنی جەستەی ژنان دامەزراندووە، لە ڕاستیدا لەگەڵ لۆژیکی پیاوسالاریی ناو ماڵدا هاوئاهەنگ دەبێت. کۆنترۆڵی فەرمی بەسەر جلوبەرگ و ڕەفتاری ژنان لە شوێنی گشتی و کۆنترۆڵی توندوتیژانە لە ناو ماڵدا، دوو ڕووی یەک سیستەمن.

گوشاری ئابووریش ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە. هەڵاوسان، بێکاری، کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و نائەمنیی بژێوی، هەم وابەستەیی ئابووریی ژنان بە پیاوانی بنەماڵە زیاد دەکات و هەم دەرفەتی جیابوونەوە و ژیانی سەربەخۆیان لێ دەستێنێتەوە. ژنێکی کە داهات، خانوو و پشتیوانیی دامەزراوەیی نەبێت، ڕێگایەک بۆ ڕزگاربوون لە ماڵی پڕ لە توندوتیژی بەدی ناکات.

لە لایەکی ترەوە، ئەو پیاوانەی لە ئابوورییەکی قەیراناویدا پێگە نەریتییەکەی خۆیان وەک سەرپەرشت و سەرچاوەی داهات لەدەست دەدەن، هەندێک جار تەنها مەیدانێکی کە شکی دەبەن بۆ پیادەکردنی دەسەڵات و هەژموونی خۆیان، ناوماڵ و جەستەی ژنانە. سیاسەتەکانی سک هەڵگوشین و کەمکردنەوەی پشتیوانییە کۆمەڵایەتییەکان بەم مانایە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژمارەی قوربانییان هەیە.

لەوانەیە لە خودی ئەم کوشتنانەش تاڵتر، ئەو بێدەنگییە بێت کە دایاندەگرێت. لە بەشێک لە کۆمەڵگادا هێشتا ئەو تێڕوانینە باوە کە لە ڕووداوی کوشتنی ژنێکدا سەرەتا دەبێت لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری ژنکە بکرێت، وەک بڵێی قوربانی دەبێت بۆ مافی ژیانی خۆی ڕوونکردنەوە بدات. ئەم تێڕوانینە لە جیاتی مەحکومکردنی بێ شەرتومەرجی توندوتیژی، بەدوای پاساوکردنیدا دەگەڕێت و پشتیوانییەکی ئەخلاقی دەبەخشێتە بکوژ.

ئەم بێدەنگییە بەڕێکەوت نییە. کولتوور هێواشتر لە تەکنەلۆژیا دەگۆڕێت و کۆمەڵگایەک دەتوانێت هاوکات زانکۆ، ئینتەرنێت و باوەڕە جیاکارییە ڕیشەدارەکانی پێکەوە هەبن. کاتێک دامەزراوە فەرمییەکان و میدیا باڵادەستەکان ئەم کوشتنانە بۆ ئاستی هەواڵی پرشوبڵاوی ڕووداوەکان کورت دەکەنەوە، تایبەتمەندییە پێکهاتەییەکەیان شاراوە دەمێنێتەوە.

لە پاڵ ئەمەدا، ناسینی ئێمە لەبارەی گۆڕانکارییە ناسنامەییەکانی پیاوانەوە زۆر سنووردارە. کۆمەڵگا کەم تا زۆر دەزانێت ژنان چییان دەوێت، بەڵام کەمتر ئەوە دەزانێت کە ئایا پیاوان ئەم گۆڕانکارییانە وەک دەرفەتێک بۆ پەیوەندیی یەکسانتر دەبینن یان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵات و پێگەی خۆیان. پیاوەتیی نەریتی، کە لەسەر کۆنترۆڵ و غیرەت بنیات نراوە، پیاوانیش لە چوارچێوەی ڕۆڵە سەپێنراوەکاندا زیندانی دەکات. بەبێ گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ پیاوان و سەبارەت بە پیاوەتیی، بەشێکی گرنگی ڕیشەکانی توندوتیژی بە دەستلێنەدراوی دەمێننەوە.

چاکسازیی لە یاسادا مەرجێکی پێویستە، بەڵام بەس نییە. ئەزموونی جیهانی پیشانی دەدات کە تەنانەت پێشکەوتووترین یاساکانیش بە تەنها توندوتیژی بنبڕ ناکەن. بەڵکوو هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندییە یاساییەکانی باوک و هاوسەر، پەسەندکردنی یاسایەکی گشتگیر بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ توندوتیژیی بنەماڵەیی و دابینکردنی بودجەی گشتی بۆ ناوەندە ئەمنەکانیش پێویستن.

بەڵام ئەم چاکسازییانە دەبێت هاوڕێ بن لەگەڵ دابینکردنی سەربەخۆیی ئابووریی ژنان، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە گشتییەکان، پەروەردەی گشتی و ئازادیی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی ژنان. دامەزراوە مەدەنییەکان، میدیا و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دەتوانن بە بەڵگەمەندکردن، هۆشیارکردنەوە و دروستکردنی گفتوگۆی کۆمەڵایەتی ڕوانگەکان بگۆڕن، بە مەرجێک لەژێر گوشاری ئەمنیدا بێدەنگ نەکرێن. بەشداریی پیاوانیش لەم ڕێگایەدا پێویستە، چونکە یەکسانیی جێندەری بابەتێک نییە تەنها تایبەت بێت بە ژنان.

ژنکوژی دیاردەیەکی لێرەولەوێ و تاک و تەرە نییە، بەڵکوو نیشانەی ناکۆکییەکی قووڵە لەنێوان دوو جیهانی بەهاییدا. یەکێکیان لەسەر کۆنترۆڵ و خاوەندارێتی دامەزراوە و ئەوی تریشیان جەخت لەسەر مافی هەڵبژاردن و سەربەخۆیی تاکەکەسی دەکاتەوە. پرسی ڕزگاری ژنان جیا نییە لە ڕزگاربوونی تەواوی کۆمەڵگا لە دەست پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدارێتی و خواستی سەربەخۆیی و یەکسانیی ژنان بەشێکی جیانەکراوەی هەر پڕۆژەیەکی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە لە ئێرانی ئەمڕۆدا.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *