ئەزیەت و ئازاری بەهاییەکان، زامێک بە جەستەی کۆمەڵگەی ئێرانەوە

بەیاننامەی ئەم دواییەی ١٣ ڕاپۆرتێری تایبەت و شارەزای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە توندبوونەوەی سەرکوتی بەهاییەکان لە ئێران، جارێکی تر یەکێک لە درێژخایەنترین و ڕێکخراوترین دۆسیەکانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا هێنایەوە چەقی سەرنجی بیروڕای گشتیی جیهان. لەم بەیاننامەیەدا، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئازار و ئەشکەنجە، دانپێدانانی زۆرەملێ و بێبەشکردنی دەستبەسەرکراوان لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، وەک نموونەی پێشێلکاریی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناویان براوە.

ئەگەرچی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنەکان لە مانگەکانی دواییدا نیگەرانیی بەربڵاوی لێکەوتووەتەوە، بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئەزیەت و ئازاری سیستماتیکی بەهاییەکان لە ئێران دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکوو مێژوویەکی زیاتر لە سەدە و نیوێکی هەیە و دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووەتە سیاسەتێکی دامەزراوەیی.

کۆمەڵگەی بەهایی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا لە ئێران شکڵی گرت. لە هەمان سەرەتاوە، پەیڕەوانی ئەم ئایینە بەرەوڕووی دژایەتیی توندی مامۆستایانی ئایینیی شیعه و حکومەتی قاجار بوونەوە. لە سەردەمە جیاوازەکاندا، بەهاییەکان بوونە قوربانیی هێرشی توندوتیژانە، دەستبەسەرداگرتنی سەرمایە و موڵک و تەنانەت لەسێدارەدان. ئەگەرچی ئاستی ئەم گوشارانە لە سەردەمە جیاوازەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام تێڕوانینی جیاکارییانە بەرامبەر بەوان هرگیز بە تەواوی لەناو نەچوو.

لە سەردەمی پەهلەویدا، ئەگەرچی بەهاییەکان لە بەشێک لە مافە شارستانییەکان بەهرەمەند بوون و ژمارەیەکیان لە بەشەکانی ئابووری، زانکۆیی و کارگێڕیدا چالاکییان هەبوو، بەڵام پڕوپاگەندەی دژە بەهایی بەردەوام بوو و هەندێک جاریش توندوتیژیشی لێدەکەوتەوە. هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی بەهاییەکان لە دەیەی ١٣٣٠ی هەتاویدا و هەڵمەتە پڕوپاگەندەیییەکان لەدژی ئەوان، ئەوەی نیشان دەدا کە دەمارگیریی ئایینی هێزێکی کاریگەرە لە کۆمەڵگەدا.

بە شۆڕشی ١٣٥٧ دۆخەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕا. یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی تەنها ئیسلام، مەسیحیەت، یەهوودییەت و زەردەشتیی وەک ئایینی فەرمیی ناسی و بەهاییەکان بە کردەوە لە سەرەتاییترین مافەکانی هاووڵاتیبوون بێبەش کران. حکومەت نەک هەر ئاینی بەهایی وەک ئایین ناناسێت، بەڵکوو وەک ڕێکخراوێکیلادەریاخود تەنانەت وابەستە بە بێگانەکان دەناسێنێت، تۆمەتێکی کە تا ئێستا هیچ دادگایەکی سەربەخۆ نەیسەلماندووە.

لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، سەدان کەس لە بەهاییەکان لەسێدارە دراون یان بێسەروشوێن کراون، هەزاران کەس دەستبەسەر کراون، موڵک و ماڵی زۆریان دەستی بەسەردا گیراوە و ژمارەیەکی زۆریان لە کارکردن لە بەشە حکومییەکان، خوێندن لە زانکۆ، وانەوتنەوە و تەنانەت بەخاکسپاردنی ئازیزانیان لە گۆڕستانە گشتییەکان بێبەش کراون. زۆرێک لە کار و کاسبیە بازرگانییەکانی سەر بە بەهاییەکان تەنها بەهۆی باوەڕی ئایینیی خاوەنەکانیانەوە داخراون. منداڵان و تازەلاوانی بەهاییش زۆر جار لە قوتابخانە و زانکۆکاندا لەگەڵ هەڵاواردن بەرەوڕوو بوونەتەوە.

یەکێک لە ناسراوترین نموونەکانی ئەم سیاسەتە، بریتی بوو لە بێبەشکردنی گەنجانی بەهایی لە خوێندنی باڵا. لە وەڵامی ئەم جیاکارییەدا، کۆمەڵگەی بەهایی تۆڕێکی ناڕەسمیی بۆ خوێندن لە ئاستی زانکۆدا دامەزراند کە ئەویش گەلێک جار بووە ئامانجی هێرشی هێزە ئەمنییەکان و مامۆستا و بەڕێوەبەرانی دەستبەسەر کران.

دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ زۆر جار ڕایانگەیاندووە کە ئەم هەنگاوانە پێچەوانەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانە. کۆماری ئیسلامی ئەندامی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە، پەیماننامەیەکی کە ئازادیی ئایین و باوەڕ، یەکسانبوون لە بەرامبەر یاسادا، مافی بەهرەمەندبوون لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و قەدەغەی ئەشکەنجە گەرەنتی دەکات. بەڵام ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لێبووردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی تر نیشانی دەدەن کە ئەم مافانە سەبارەت بە بەهاییەکان بەردەوام پێشێل کراون.

بەیاننامە نوێیەکەی شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەرلەم چوارچێوەیەدا شیاوی تێدەگەیشتنە. ئەوان هۆشدارییان داوە سەبارەت بە پەرەسەندنی دەستبەسەرکردنەکان هاوکات لەگەڵ شەڕ و قەیرانەکانی ئەم دواییە لە ئێران و باسیان لە بوونی شێوازێکی نیگەرانکەر لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ کردووە. ئاماژەی دیاریکراو بە دۆسیەی کەسانێکی وەک پەیوەند نەعیمی و بۆرنا نەعیمی، کە بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە کەوتوونەتە ژێر گوشاری توندی جەستەیی و دەروونی و تەنانەت لەسێدارەدانی نمایشی، نیشانی دەدات کە بابەتەکە تەنها چەند دۆسیەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو لەگەڵ سیاسەتێکی ڕێکخراو بەرەوڕووین.

بەرگریکردن لە مافی بەهاییەکان نە بە مانای بەرگریکردن لە باوەڕێکی ئایینی، بەڵکوو بەرگریکردنە لە پڕەنسیپی بنەڕەتیی یەکسانیی مرۆڤەکان. سێکولاریزم کاتێک مانا پەیدا دەکات کە دەوڵەت بەرامبەر بە باوەڕە ئایینی و نائایینییەکانی هاووڵاتیان بێلایەن بێت و هیچ کەسێک بەهۆی هەبوون یان نەبوونی بیروباوەڕی ئایینی یان گۆڕینی باوەڕەکەی، لە مافە مەدەنییەکان بێبەش نەکرێت.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە پابەندە بە نەریتی ئازادیخوازانە و عەداڵەتخوازانەی خۆی، ناتوانێت لە ئاست سەرکوتکردنی هیچ کەمینەیەکی ئایینی یان نەتەوەییدا بێدەنگ بێت. ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە سەرکوتکردنی توێژێکی کۆمەڵایەتی هەرگیز لە هەمان توێژدا نامێنێتەوە. حکومەتێکی کە ئەمڕۆ بەهاییەکان لە مافە بنەڕەتییەکان بێبەش دەکات، حکومەتێکە کە هەمان میکانیزم لەدژی دەروێشەکان، پەیڕەوانی مەزهەبی سوننە، مەسیحییە نوێیەکان، یەهوودییەکان، هەڵسووڕاوانی کرێکاری، ژنان، قوتابیان، نووسەران و نەیارانی سیاسیش بەکار هێناوە. بەرگریکردن لە مافی بەهاییەکان، بەرگریکردنە لە پڕەنسیپی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، واتە پرەنسیپێکی بەبێ جیاکاری.

لە هەمان کاتدا، بەرگریکردن لە ئازادیی ئایین نابێت بە مانای پارێزبەندی بێت بۆ ڕەخنەگرتن لە باوەڕە ئایینییەکان. هەروەک چۆن ئیسلام، مەسیحییەت، یەهوودییەت یان هر ڕێبازێکی فیكریی تر دەتوانێت بکەوێتە بەر ڕەخنەی ئازاد، ئاینی بەهاییش دەبێت لە فەزای ئازادی فیكریدا توانای ڕەخنەلێگرتنی هەبێت. بەڵام سنووری نێوان ڕەخنە گرتن لە ئایدیا و سەرکوتکردنی پەیڕەوانی ڕوونە. هیچ حکومەتێک مافی ئەوەی نییە هاووڵاتییەک بەهۆی باوەڕ یان ناسنامەی ئایینییەوە لە مافی خوێندن، کار، خاوەندارێتی، ئەمنییەت یان دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش بکات.

بەیاننامەی ئەم دواییەی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها هۆشدارییەک نییە سەبارەت بە دۆخی دەیان زیندانی، بەڵکوو وەبیرهێنەرەوەی بەرپرسیارێتییەکە کە کۆمەڵگەی ئێران لە بەرامبەر خۆیدا هەیەتی. لە هر کۆمەڵگەیەکدا، نه ئەمڕۆ و نە سبەینێ تا ئەو کاتەی هاووڵاتییەک تەنها بەهۆی بەهاییبوون، سوننەبوون، مەسیحیبوون، بێدینبوون یان هەبوونی هر باوەڕێکی تر لە مافە بنەڕەتییەکانی بێبەش بێت، ناتوانرێت باس لە سەروەریی یاسا، دادپەروەری، یەکسانی یان دیموکراسی بكرێت. بەرگریکردن لە مافەکانی بەهاییەکان، لە کۆتاییدا بەرگریکردنە لە کەرامەتی ئینسانیی سەرجەم هاووڵاتیانی ئێران.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net