
باشتربوونی ڕێژەیی ژیانی ئەمڕۆ و ئاسۆی ڕزگاریی سبەی، لە ڕێڕەوی ڕێکخراوی چینایەتیی کرێکارانەوە تێپەڕدەبێت
ساڵی ۱۴۰۵ بۆ ملیۆنان بنەماڵەی کرێکار لە ئێران، نەک بە ئومێدەواری، بەڵکوو بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی دەستی پێکرد. کرێکاران و زەحمەتکێشان پێش ئەوەی بیر لە داهاتوو بکەنەوە، ناچارن هەموو ڕۆژێک لە خۆیان بپرسن: کرێی خانوو چۆن بدەین؟ نان و خۆراک لە کوێوە دابین بکەین؟ دەوا و دەرمان، پۆشاک، پەروەردەی منداڵان و تێچووی هاتووچۆ بە کام داهات بدەین؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگە بەئازارە.
کاتێک هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ گەیشتووەتە زیاتر لە ۷٣ لەسەد و نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا گەیشتووەتە نزیکەی ۱۹۰ هەزار تمەن، لە ڕاستیدا ئێمە لەگەڵ نەهامەتییەکی ئابووریی تەواوی ژیانی خەڵک بەرەوڕووین. ئەم دۆخە واتە حەقدەستی کرێکار پێش ئەوەی بگاتە دەستی، بەشێکی زۆری بەهاکەی لەدەست داوە. واتە سفرەکان بچووکتر بوونەتەوە، کوالێتی خۆراک دابەزیوە، چارەسەری پزیشکی دواخراوە، خوێندنی منداڵان سەختتر بووە و ملیۆنان بنەماڵە بەرەو هەژارییەکی قووڵتر پاڵپێوە نراون.
شەڕیش ئەم قەیرانەی چەند هێندە کردووە. ئەو شەڕەی سەرەتا لە ئاسماندا دەبینرا، ئێستا گەیشتووەتە بازاڕەکانی کار، کارگەکان، پیشە دیجیتاڵییەکان، ژیانی ژنانی شاغڵ، کرێکارانی کۆچبەر، ئاسایشی دەروونیی کۆمەڵگە و سفرەی بنەماڵە کرێکارییەکان. لە دۆخێکی وەهادا، کرێکاران نەک تەنیا لەگەڵ هەڵاوسان و گرانی، بەڵکوو لەگەڵ بێکاری، هەڵپەساردنی گرێبەستەکان، مۆڵەتی زۆرەملێی بێ حەقدەست، سڕینەوەی ئیمتیازاتەکان، نەدانی بیمە و گۆڕینی گرێبەستی مانگانە بۆ ڕۆژانە، بەرەوڕوون.
یەکێک لە هەژێنەرترین پێوەرەکان، هەڵاوسانی خۆراکە کە گەیشتووەتە زیاتر ۱۱۵ لەسەد. بۆ کرێکاران و هەژاران، گرانیی خۆراک ڕاستەوخۆ بە واتای لابردنی پێداویستییە سەرەکییەکانە لەسەر سفرەکانیان. کاتێک نرخی میوە، مریشک و ڕۆن تەنیا لە یەک مانگدا دوو هێندە بەرز دەبێتەوە، بنەماڵەی کرێکار ناچار دەبێت لە نێوان “بڕی خۆراک، کوالێتی خۆراک و ژمارەی ژەمەکان” یەکێکیان بکاتە قوربانی. ئەم ڕەوتە، بەتایبەت لە بنەماڵە خێزاندارەکاندا، دەبێتە هۆی قەیرانی خۆراک، لاوازیی جەستەیی، نەخۆشی و زیانی درێژخایەن بۆ منداڵان.
لە هەمان کاتدا، لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی ساڵی ۱۴۰۵ نزیکەی ۱۶ ملیۆن تمەن دیاری کراوە، کە یەکسانە بە کرێی یەکەیەکی بچووکی ۴۵ مەتری لە تاران. بە بەرزبوونەوەی ۳۴ لەسەدیی کرێی خانوو لە پایتەخت، کرێکارێکی کە لە تاران دەژی، بە کردەوە دەبێت تەواوی مووچەکەی بدات بە کرێی خانوو. ئەی تێچووی خۆراک، دەرمان، هاتووچۆ، پۆشاک و خوێندن لە کوێوە دابین بکرێت؟ ئەم کەلێنە کارەساتبارەی نێوان حەقدەست و تێچووی ژیان نیشان دەدات کە لانیکەمی حەقدەست لە ئێران نەک لەسەر بنەمای سەبەتەی ڕاستەقینەی بژێوی، بەڵکوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت، خاوەنکاران و سیاسەتە دژە کرێکارییەکان دیاریدەکرێت.
ڕەهەندەکانی بێکاریش جێگای نیگەرانین. بە وتەی هەندێک لە چالاکانی کرێکاریی، شەڕ نزیکەی دوو ملیۆن کەسی بە ڕیزی بێکاران زیاد کردووە. کرێکارانی کارگە نیوە داخراو و زیان پێگەیشتووەکان، ناچار بە وەرگرتنی مۆڵەتی زۆرەملێی بێ حەقدەست کراون، هەندێک لە ئیمتیازاتەکان بڕدراون، بیمەکان نادرێن و گرێبەستەکانی کار ناسەقامگیرتر بوون.
لەو ناوەدا، ژنان و کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانی زیاتر لە کەسانی تر زیانیان بەرکەوتووە. پشکی ژنان لە کارکردنی فەرمیدا تەنانەت پێش شەڕیش زۆر کەم بوو، ئێستاش بە لەناوچوون یان پەککەوتنی پتر لە یەک ملیۆن هەلی کاری ئینتەرنێتی و ناوماڵ، بەشێکی گەورەی داهاتی ژنان لەناو چووە. زۆربەی ئەم کارانە، هەرچەندە ناسەقامگیر و کەم داهات بوون، بەڵام بۆ ژنان، بەتایبەت ژنانی سەرپەرشتیاری بنەماڵە، سەرچاوەیەکی ژیان بوون. پچڕانی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی فەزای دیجیتاڵ، بە کردەوە بە واتای بڕینی نانی بەشێکی زۆری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش بووە.
کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانیش لە دۆخێکی زۆر ناسکتردان. ئەوان پێش شەڕیش زۆربەی کات بەبێ گرێبەست، بیمە، ئەمنییەتی پیشەیی و پاڵپشتی یاسایی، کاریان دەکرد. ئێستا بە توندبوونی قەیرانەکان، یەکەمین قوربانیانی دەرکردن، کەمکردنەوەی حەقدەست، کاری زۆرەملێ و بێمافیی تەواون. دیفاع لە مافی ئەم بەشەی چینی کرێکار، نەک تەنیا ئەرکێکی مرۆیی، بەڵکوو بەشێکە لە خەباتی چینایەتی هاوبەش.
بەڵام قەیرانەکە تەنیا ئابووری نییە، بەڵکوو دەروونی و کۆمەڵایەتیشە. نائەمنی پیشەیی، ترسی بێکاری، بتوانایی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی بنەماڵە، شەرمەزاری لەبەردەم منداڵان، فشاری کرێ خانوو، قەرزداری، نەخۆشی و دڵەڕاوکێی شەڕ، تەندروستیی دەروونیی کۆمەڵگەی کرێکاریی تێکدەدات. خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، تووڕەیی پەنگخواردوو، هەڵوەشانەوەی شیرازەی بنەماڵەکان و پەرەسەندنی زیانە کۆمەڵایەتییەکان، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم دۆخەن.
لە ئاوا دۆخێکدا، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: ڕێگاچارە چییە؟ واقعییەت ئەوەیە کە هیچ چارەسەرێکی سیحراوی و خێرا بوونی نییە. کرێکارانی ئێران بەپێی ئەزموون تێگەیشتوون کە بە بوونی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، ئومێدێک بە باشتربوونی بەردەوامی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کرێکاران و خەڵکی هەژار نییە. ئەم ڕژێمە نە توانا و نە ویستی وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی کرێکارانی هەیە. پێکهاتەی ڕێژیم لەسەر سەرکوت، گەندەڵی، ڕانت، نیزامیگەری، تاڵانکردنی سەرچاوە گشتییەکان و سەپاندنی هەژاری بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا، بونیاد نراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە بە واتای دەست هەڵگرتن لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییە دەستبەجێکان نییە. بەپێچەوانەوە، هەرچی لە بواری مافی کرێکاراندا بەدەست دێت، تەنیا دەتوانێت بەرهەمی خەباتی ڕاستەوخۆ، ئاگایانە و ڕێکخراوی خودی کرێکاران بێت.
ئەرکییەکەمبریتییەلە: پەرەپێدانی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاریی. بەبێ ڕێکخراو، ناڕەزایەتییەکان بە پرشوبڵاوی دەمێننەوە و سەرکوت دەکرێن یان لاواز دەبن. ئەنجومەنەکان، کۆمیتەکانی شوێنی کار، کۆڕ و کۆبوونەوە نهێنی و ئاشکراکان، سندووقەکانی پاڵپشتی لە کرێکارانی دەرکراو و مانگرتوو و هەروەها پەیوەندی نێوان بەشە جیاوازەکانی چینی کرێکار، پێویستییەکی بەپەلەی ئەمڕۆن.
دووەم: دەبێت داخوازیی دەستبەجێ و ڕوون بێتە گۆڕێ، لەوانە: زیادکردنی حەقدەست بەپێی سەبەتەی ڕاستەقینەی بژێوی، پێدانی خێرای حەقدەستە دواکەوتووەکان، قەدەغەکردنی دەرکردن و مۆڵەتی زۆرەملێی بێ حەقدەست، پێدانی تەواوی بیمە، پاڵپشتی لە بێکاران، کۆنتڕۆڵکردنی کرێی خانوو، دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکان، بیمەی بێکاریی گشتگیر و پاڵپشتی تایبەت لە ژنانی شاغڵ و کرێکارانی کۆچبەر.
سێیەم: خەباتی کرێکاریی دەبێت بە خەباتی ژنان، مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران، خوێندکاران، بێکاران و هەژارانی شارەوە گرێ بدرێت. هەژاری و سەرکوت کێشەی گروپێکی جیاواز نییە، کێشەی زۆرینەی کۆمەڵگەیە.
چوارەم: دەبێت لە بەرامبەر شەڕخوازی و سیاسەتە وێرانکەرەکانی حکوومەتدا بوەستینەوە. کرێکاران هیچ سوودێکیان لە شەڕ و نیزامیگەری دا نییە. تێچووی شەڕ نەک خاوەن دەسەڵاتەکان، بەڵکوو کرێکاران و خەڵکی هەژار بە بێکاری، گرانی و وێرانبوونی ژیانیان دەیدەن.
لە کۆتاییدا، خەبات لەپێناو نان، کار، شوێنی نیشتەجێبوون، ئازادیی ڕێکخراوبوون و ئەمنییەتی پیشەیی، جیا نییە لە خەبات لەپێناو ڕزگاری لە کۆی ئەم سیستمە سیاسی و ئابوورییە. باشتربوونی ڕێژەیی ژیانی ئەمڕۆ و ئاسۆی ڕزگاریی سبەی، هەردووکیان لە ڕێڕەوی ڕێکخراوبوون، هاوپشتی و خۆڕاگریی ئاگایانەی چینی کرێکارەوە تێپەڕ دەبن.