بەشی یەکەمی هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

Print Friendly, PDF & Email

لەژێر ناونیشانی: ئەوەی شۆڕشی ٥٧ نەبوو، ئەوەی دەبێ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بێت.

 

چل و پێنج ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا زۆربەی هەرەزۆری جەماوەری ستەمدیتووی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، پاش یەک ساڵ خەباتی پڕجۆش و خرۆش و قارەمانانە، ڕژیمی پەهلەوی، یەکێک لە تەیارترین دام و دەزگای سەرکوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکایان لە ناوچەکە تێکڕووخاند. ئەو شۆڕشە مەزنەی کە کۆتایی بە پەنجا و حەوت ساڵە ستەم و سەرەڕۆیی بنەماڵەی پەهلەوی  هێنا و نیشانی دا کە شا “سێبەری خودا” نییە، لەگەڵ شکست لە لوتکەی سەرکەوتندا، ڕێگەی بۆ هاتنە سەر دەسەڵاتی ستەمکارێکی دیکە خۆشکرد کە خۆی بە “نوێنەری خودا” لەسەر زەوی دەزانێت. ئەو ستەمکارە نوێیەی کە دوای شۆڕشی ڕێبەندان سواری شانی زەحمەتکێشانی ئێران بوو و لەو ڕێگایەوە گەیشتە دەسەڵات، نەک هەر ستەمکارێکی تەقلیدی نەبوو، بەڵکوو هێزێکی سەرەڕۆ و فاشیزمی ئایینی بوو کە هاوکات لەگەڵ توندوتیژترین سەرکوتی سیاسی، بەربڵاوترین سەرکوتی فرهنگی و ئاپارتایدی فرەلایەنەی بە تایبەتی لە دژی ژنانی وڵات و کەمینە نەتەوەیی، ئایینی، جنسی و جێندەرییەکان و هتد…ی ڕێکخستووە و ڕێکدەخات.

چل و پێنجەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ١٣٥٧ دەرفەتێکە بۆ تاوتوێکردنی هەندێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی شکستی شۆڕشی ڕێبەندان، واتە ئەو گەورەترین شۆڕشە لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتدا. وانەکانی شکستی شۆڕشی ڕێبەندان دەتوانێت ببێتە چرایەکی ڕێنما بۆ تێگەیشتنێکی دروست لە ئەرکەکانی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان لە چوارچێوەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە ئێستا پایەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خستووەتە لەرزە.

یەکەم – لە شۆڕشی ڕێبەندان دا خەڵک بە دروشمی “مەرگ بۆ شا” لەسەر بنەمای ئەوەی کە نەیانویست، هاتنە مەیدان، نەک ئەوەی کە دەیانەویست. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە لە نێوان بزووتنەوەکە و داواکارییە ڕەواکانی و ڕێبەریی کۆنەپەرستی بزووتنەوەکەدا، کەلێن و ناتەبایییەکی گەورە دروست ببێت و بە ڕاکێشانی بەشێک لە خەڵکی هەژار و دەستکورتی کۆمەڵگا بە شوێن ڕەوتی کۆنەپەرستی ئایینی (ڕۆحانییەت ) بە ڕێبەرایەتی خومەینی کە ئاراستەی بزووتنەوەکەی بەدەستەوە گرتبوو، هێزێکی گەورەی سەرکوت، کەوتە بەردەست کۆنەپەرستانی ئیسلامی. ئەوان توانیان بە سەرکوت و توندوتیژییەکی بێ وێنە  هەموو دەستکەوتەکانی شۆڕش لە ناو ببەن. هەربۆیە شۆڕشی ڕێبەندان نیشانی دا کە ڕووخاندنی ستەمکارێک خۆی لەخۆیدا ئازادی و دێموکراسی و یەکسانی لێ ناکەوێتەوە. ئەوە یەکەم وانەی گەورەی شۆڕشی ڕێبەندان بوو.

دووەم: وانەیەکی گرنگی تری شۆڕشی ڕێبەندان سەلماندنی ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە بوو کە شۆڕش ئەرکی جەماوەرە. سەرەڕای قارەمانێتی و گیانفیدایی جێگای ستایشی بزووتنەوەی چریکی و لەوانە بزووتنەوەی فێدایی، لە خەبات دژ بە دیکتاتۆریی پەهلەویدا، بەداخەوە تیۆری پێشڕەوگەرایی (ئاوانگاردیسم)ی جیا لە جەماوەری ئەو بزووتنەوەیە، تەرکیزی شۆڕشگێڕترین هێزی چەپ و پێشکەوتنخوازی بۆ ڕێکخستنی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵک لە خوارەوە، پشتگوێ خست. ئەمە ڕێک پێچەوانەی ڕەوتی کۆنەپەرستی ئایینی ( ڕۆحانییەت) بوو، کە لە ڕێگەی فۆرمی جۆراوجۆری تۆڕ و تەشکیلاتی ئایینیەوە توانیان بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی هەژار و دەستکورت و ڕووناکبیرانی ناڕازی ئایینی لە گەشەی ناهاوسەنگی ئابووریی دوو دەیەی کۆتاییەکانی دەسەڵاتی پەهلەوی، ڕێکبخەن و ڕێبەریی بزووتنەوەکە بەدەستەوە بگرن. کەواتە ئەرکی هێزە شۆڕشگێڕەکان، نەک دڵخۆشکردن بە دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤ لە سەرەوە، بەڵکوو بریتییە لە هاندان و هەڵخڕاندنی توانایی و داهێنانی جەماوەر و ڕێکخستنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی ئەوان لە خوارەوە، وەک ڕەمزی سەرکەوتنی شۆڕش.

سێیەم: یەکێکی دیکە لە گرنگترین وانەکانی شۆڕشی ڕێبەندان و شۆڕشەکانی تر ئەوەیە کە تەنیا هاتنە مەیدانی جەماوەر بەس نییە بۆ بەکردەوە دەرهاتن و وەدیهاتنی ئەو چاوەڕوانییە قووڵانەی کە لە سەر بەستێنی شۆڕش دەپشکوێن. تەنانەت بۆ گەیشتن بە کەمترین ئاست لەو داواکاریانەی کە لە پڕۆسەی شۆڕشدا دەخرێتەڕوو، ڕێکخستنی چینی کرێکار ڕۆڵێکی گرنگ و چارەنووسساز دەگێڕێت. بە کردەوە دەرهێنانی ئەم ڕێکخستنەش لەسەر بەستێنی خەباتی داواکاری تەوەر و هاتنە مەیدانی هەرچی زیاتر و بەربڵاوتری چین و توێژی کرێکاران و زەحمەتکێشان وەک بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، مومکین دەبێت. هەر لەم پڕۆسەیەدایە کە تێکەڵکردنی خەباتی ئابووری-بژێوی لەگەڵ خەباتی سیاسی و دژ بە ستەمکاریی جەماوەر بەشێوەیەکی گشتی، یان تێکەڵکردنی خەبات لەپێناو نان لەگەڵ خەبات لەپێناو ئازادی، بکەری مێژوویی گۆڕانکارییە ڕاستەقینەکان دەهێنێتە مەیدانی بەرەوڕوو بوونەوەی هێزەکانی شۆڕش لەگەڵ دژە شۆڕش، لە چوارچێوەی پەرەسەندنی قەیرانی شۆڕشگێڕیدا.

چوارەم- شۆڕشی ڕێبەندان هەروەها نیشانی دا کە ئازادی و دێموکراسی و یەکسانی کۆمەڵایەتی بە یەکگرتن و هاوپەیمانییەکی پاسیڤ و هەموو بەیەکەوە، بەدی نایەت. ئەم جۆرە یەکگرتوویی و هاوپەیمانیانە زۆرتر لەسەر بنەمای دروشم گەلێکی نەرێنی گشتی شکڵ دەگرێت و ویست و داواکاری ڕاستەقینەی خەڵک و بەتایبەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان، کەمینە نەتەوەیی و جنسییەتییەکان، لە مەیدانە جۆراوجۆرەکان دا دەخاتە ژێر سێبەر و کاریگەری ئەو سات و سەودا و سازانە بێئەنجامانەی کە هێزەکانی سەر بە چینە دەسەڵاتدارەکان، دوای بوونی خەباتی جەماوەریی بە سیالەشکری گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی، تەنانەت لە بەڵێن و ڕێککەوتنە زۆر گشتییەکانیشیان پاشگەز دەبنەوە.

درێژەی هەیە…

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net