دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی دنیالە ئامادەکردنی پەیمان

ماڵپه‌ڕی په‌یام

Print Friendly, PDF & Email

 

 

ڕۆژی ٣ ی مانگی مەی ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە و جارێکی دیکە پیاداچوونەوەیەک بە دۆخی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان دەکەین. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکان و هەروەها ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دەیان ڕۆژنامەوان لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون یان هەراسانکراون و یانیش ڕێگرییان لێکراوە لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان و کەموکوڕییەکان.

لێرەدا دەپرسین:

دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا باشتر بووە لە ساڵی پێشووتری یان بە پێچەوانەوە؟

هەتا چەند ئەو قسانە ڕاستن کە دەڵێن دەسەڵات کە بیەوێت ڕۆژنامەوانێک لە کارەکەی ڕابگرێت کەیسێکی بۆ دروستدەکات؟

هەتا چەند ئەو قسانەش ڕاستن کە دەوترێت حزبە دەسەڵاتدارەکان بوجەیەکی لە ڕادەبەدەر بۆ میدیاکانی خۆیان تەرخان دەکەن؟

چی بکرێت بۆ ئەوەی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان ببێتە دەسەڵاتی چوارەم؟

کاروان ئەنوەر دەڵێ:

لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی چەندایەتی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە هیچ گرفتێکمان نییە، چونکە نزیکەی ١٧٠٠ دەزگای ڕاگەیاندن بە جۆراوجۆرییەوە هەیە، هەروەها نزیکەی نۆ هەزار ڕۆژنامەنوس ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانین، جگە لەوەی بە سەدان و هەزاران خەڵکی پڕۆفیشناڵ و ئەکادیمی میدیایی هەن، ئەوە لە ڕووی چەندایەتی، لە ڕووی چۆنایەتی، لە هەندێک شوێن هەموو شت دەڵێن، کە خۆی نابێ هەموو شت بوترێت، لە هەندێک شوێنیش هیچ ناڵێن، بابەتی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان چەند ساڵێک زۆر باشبوو، چەند ساڵێکیشە باش نیە، سەردەمی زێڕینی ئازادی ڕادەربڕین لە ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٢بوو، کە میدیای ئەهلیش هەبوو، لە دادگا کەیسەکان یەکلایی دەکرانەوە لە دوای ٢٠١٢ کێرڤەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، لێرە و لەوێ چەند ڕۆژنامەنوسێک تیرۆر کران، بەداخەوە تائێستا کەیسی تیرۆرکردنی پێنج ڕۆژنامەنوس یەکلایی نەکراوەتەوە، واتە کیرڤەکە لە هەڵبەز و دابەزدایە، لە هەندێک ڕووەوە پاشەکشەمان لەئازادی ڕادەربڕین کردووە، چونکە پێشتر هیچ ڕۆژنامەنوسێک لەسەر وتن و نوسین و چات و گروپی چات کەس حکوم نەدرابوو بەڵام ئێستا دەبینین کۆمەڵێک حکومدراومان هەیە، لە ڕاپۆرتە نێوەدەوڵەتییەکان ئاماژەی پێدەکرێث، جگە لە کۆمەڵێک کۆت و بەند کە بۆ ڕۆژنامەنوسان دروستکراون، هەر لەگرێبەستی کار و ڕێگەنەدان بەڕوماڵ و هاتوچۆ، بۆیە ناتوانم بڵێم لە ١٠٠% پاشەکشەی کردووە بەڵام دەتوانم بڵێم، بە بەراورد بەساڵانی تر چوارچێوەی کارکردنەکەی لێ تەسککراوەتەوە.

ڕاستە ئەم هەرێمەی ئێمە جەهەنەم نیە بۆ ڕۆژنامەنوسان بەبەراورد بەهەندێک وڵاتی ئەفەریقا و ئێران و سورییا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە دڵنیاییەوە بەهەشتی عەدەن نیە بۆ ڕۆژنامەنوسان.

زوو وڵاتانی دەرەوە و ڕێکخراوەکان بە هەرێمی کوردستانیان دەوت مێرگە سەوزەکەی ئازادی، جا ئازادی بۆ کاری ڕۆژنامەوانی و مافی ژنان و هەمووان، بەڵامئێستا ڕاپۆرتەکان وامان پێناڵێن و خۆشمان هەستمان بەو پاشەکشە کردووە، ئێستا ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێمان دەڵێن لە پاشەکشەدان ئاگاداربن، خۆ ڕاستە نەبۆتە دۆزەخ بەڵام ئێمە لە میدیای ئەهلی و ئازادەوە هاتبێتینە سەر پاشەکشە.

پاشەکشەکەی ئێمە لە پاشەکشە مەترسیدارەکان نیە، ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ئاماژەی بەوە کردووە و ئێمەش خۆمان دەزانین کە سنوردارکردنی میدیا هەنگاوی بۆ دەنرێت.

خاڵی نەنگی هەرێم ئەوەیە کە زانیاری بۆ هەندێک ڕۆژنامەنوس بەردەستە بۆ ئەوانی تر بە گشتی بەردەست نین، من سەرم سپی کردووە لە میدیادا کەچی لەوە تێناگەم بۆچی جێ بە چەکردنی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری دراوە بە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن نوێنەرەکانی میللەت کە پەرلەمانتارانە.

ئەوکاتەی یەکەم ڕۆژنامەنوس تیرۆرکرا ئەگەر حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری و سەندیکاکەی من کە هی ڕۆژنامەنوسانە بەجدی بهاتنایە دەنگ و بکوژانیان دەستگیربکردایە بەدڵنیاییەوە ڕۆژنامەنوسی دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم تیرۆر نەدەکران.

کە باسی ئاازادی ڕۆژنامەگەری دەکەین دوو سەرییە، هەرچۆن گلەییمان لە حکومەت و دەسەڵاتە ئاواش گلەییمان لە هەندێک ڕۆژنامەنوس و هەندێک دەزگا هەیە، بەڕاستی جاری واهەیە هەندێک کار دەکەن کە کاری ڕۆژنامەوانی نیە.

*******

لە لایەکی تریشەوە بەپێی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، عێراق لە ئازادیی راگەیاندندا لە ریزبەندی خراپترینەکانی جیهان و لە پلەی 11 دایە. نەرویج باشترین و ئەریتریاش خراپترینی جیهانن لەو بوارەدا.

رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، راپۆرتی ساڵی 2024ی تایبەت بە ئازادی راگەیاندن بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی گوشارە سیاسییەکان، ئازادییەکانی رۆژنامەڤانانخنکێندراوە“.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵی 2024دا، ئازادیی رۆژنامەڤانی لە زۆربەی وڵاتان پاشەکشەی کردووە. رێکخراوەکە دەڵێت: “دەسەڵاتداران بە چەندین رێگە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی راگەیاندن و میدیاکاران، لەوانە: تووندوتیژی، دەستبەسەرکردن،یاسا و سزا تووندەکان، گوشارە داراییەکان، گوشارە کۆمەڵایەتییەکان“. لە هەمانکاتداسەرجەم تاوان و تووندوتیژییەکان دژ بە رۆژنامەڤانان بێ سزا تێدەپەڕێت، ئەمە بەپێی پەیامنێرانی بێسنوور.

پەیامنێرانی بێسنوور، رایگەیاندووە، ئەمساڵ رووماڵکردنی جەنگ گەورەترین زیانی بە رۆژنامەڤانان گەیاندووە. بەتایبەتی جەنگی غەززە کەرۆژنامەڤانان باجێکی قورسیان داوە“. ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە دەڵێت لە سەرەتای ئەو جەنگەوە، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 100 رۆژنامەڤانی کوشتووە. لە هەمانکاتیشدا ئیسرائیلییەکان کۆنترۆڵی هەموو زانیارییەکیان کردووە کە لەنێو ئەو کەرتەوە بۆ جیهان بڵاودەبێتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەمساڵ، ئیسرائیل لە پلەی 101ـەمینی جیهان دێت و بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە، پێشەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بۆ قەتەر لەدەستداوە کە ئێستا ئەو وڵاتە عەرەبییە باشترینی وڵاتانی ناوچەکەیە بۆ ئازادی راگەیاندن و لە پلەی 84مین دێت.

بەگوێرەی ئەو پۆلێنکارییە، سووریا دووەم خراپترین وڵاتە لە جیهاندا بۆ ئازادی راگەیاندن و لە پلەی 179دایە. بەراورد بە ساڵی رابردوو، چوار پلەی دیکە چووەتە دواوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هێشتا ئەو وڵاتە بەیەکێک لە خراپترن و ناسەلامەتترین وڵاتانی جیهان بۆ رۆژنامەڤانان و میدیاکاران هەژمار دەکرێت.

ئەمە بێجگە لەوەی ئەو رۆژنامەڤانە سووریایانەی بەهۆی قەیرانی 13 ساڵەی وڵاتەکەوە، سووریایان بەجێهێشتووە و روویان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە و لە وڵاتانی لوبنان، تورکیا و ئوردن، هەڕەشەیان لێدەکرێت بەوەی دیپۆرتیان دەکەنەوە.

ئان بۆکاندی، بەرپرسی بۆردی رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور رایگەیاند: “رێکخراوەکە نیگەرانە لە دابەزینی ئاستی پاڵپشتی و رێز بەرامبەر بە راگەیاندنی سەربەخۆ و زیادبوونی گوشارەکان لەلایەن دەوڵەتان و ئاکتەرە سیاسییەکان. وڵاتان و هێزە سیاسییەکان بەردەوامن لەوەی رۆڵیان کەم ببێتەوە لە پاراستنی ئازادی رۆژنامەگەری“.

 په‌یام

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net