
پەیوەندییە گرژ و مێژووییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کوبا سەرلەنوێ پێی ناوەتە قۆناغێکی قەیراناوییەوە. حکومەتی ئەمریکا بە گرتنەبەری کەمپەینی “گوشاری بێ ئەوپەڕ“، توندترین سزا و گەمارۆی نەوتیی بەسەر ئەم دوورگە بچووکەی دەریای کارائیبدا سەپاندووە. ئەم گوشارانە بوونەتە هۆی کەمبوونی ئێجگار زۆری سووتەمەنی و خۆراک و پچڕانی درێژخایەنی کارەبا لە کوبا و ئەم وڵاتەیان خستووەتە لێواری داڕمانی ئابوورییەوە. بەڵام بۆ تێگەیشتن لە بنەڕەتی ئەم قەیرانە، پێویستە چاوێک بە مێژووی درێژخایەنی دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ئەم دوورگەیەدا بخشێندرێت، مێژوویەکی کە پتر لە سەدەیەک پێشینەی هەیە.
دەستێوەردانی ئەمریکا لە کوبا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە دەستی پێکرد. دوای شەڕی ئیسپانیا و ئەمریکا لە ساڵی ۱۸۹۸دا، حکومەتی ئەمریکا بە کردەوە کۆنترۆڵی سیاسیەتی ناوخۆ و دەرەوەی کوبای گرتە دەست و مافی دەستێوەردانی سەربازیی لەو وڵاتەدا بە خۆی دا. بەدرێژایی دەیەکانی ڕابردوو، کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکان، کانەکان و پیشەسازییەکانی کوبایان کۆنترۆڵ کرد، لە کاتێکدا زۆربەی خەڵکی کوبا لە هەژاریدا دەژیان.
دوای شۆڕشی ۱۹۵۹ و هاتنەسەرکاری فیدل کاسترۆ، ئەمریکا هەموو ئامرازە بەردەستەکانی بۆ ڕووخاندنی حکومەتی شۆڕشگێڕ بەکارھێنا. شەرمەزارانەترین نموونەی ئەم هەوڵانە، بریتی بوو لە ئۆپەراسیۆنی کەنداوی بەرازەکان لە ساڵی ۱۹۶۱دا، هێڕشێکی کە بە شکستی ئەمریکا کۆتایی هات. هەروەها ڕێکخراوی سیخوڕیی “سی ئای ئەی” دەیان پلانی بە مەبەستی تیرۆرکردنی فیدل کاسترۆ داڕشت کە هەموویان شکستیان هێنا. گەمارۆی ئابووری کە لە ساڵی ۱۹۶۲ەوە دەستی پێکردووە، پتر لە شەش دەیەیە بەردەوامە و بووەتە یەکێک لە درێژخایەنترین سزا ئابوورییەکان لە مێژوودا.
ئەم سزایانە تەنیا یەک ئامانجیان هەبووە، ئەویش بریتی بووە لە خنکاندنی ئابووریی کوبا و سەپاندنی گۆڕینی ڕژێم لە ڕێگەی گوشارخستنە سەر خەڵکەوە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانێکە بە زۆرینەیەکی ڕەها ئەم سزایانە سەرکۆنە دەکات، بەڵام ئەمریکا هێشتاش بەردەوامە لەم گەمارۆ ستەمکارانەیە.
ئەمڕۆش هەمان لۆژیک دووبارە دەبێتەوە. یەکێک لە بژاردە ڕادیکاڵەکانی سەر مێزی ترامپ، بریتییە لە هێرشی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆسەر ئەو وڵاتە بەمەبەستی لابردنی کەسایەتییە سەرەکییەکانی حکومەتی کوبا. دوای ئەوەی وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕاوول کاسترۆی بە خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی مەدەنی لە ساڵی ۱۹۹۶دا تۆمەتبار کرد، ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ دەستگیرکردنی ئەو پەرەی سەندووە.
کارێکی لەم شێوەیە بێپێشینە نییە. لە مانگی ژانویەی ڕابردوودا، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەدا لە ڤێنزوێلا، نیکۆلاس مادۆرۆیان دەستگیر کرد. لە ساڵی ۱۹۸۹یشدا، هێرشی هەزاران سەربازی ئەمریکا بۆ سەر پانەما بووە هۆی دەستگیرکردنی مانوێل نۆریگا. ئەم نەریتە دووباتبۆوە، نیشانی دەدات کە ئەمریکا هێشتا خۆی بە خاوەن مافی تاکلایەنە دەزانێت بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە وڵاتە سەربەخۆکانی ئەمریکای لاتیندا، ڕوانگەیەکی کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ “دکتۆرینی مۆنرۆ“، کە ئەمریکای لاتین بە حەوشەی پشتەوەی خۆی دەزانێت.
حکومەتی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گوشارەکان، دەرگاکانی دیپلۆماسیشی بە کراوەیی هێشتووەتەوە. دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ کەسانێک لە ناوخۆی کوبادا لە پەیوەندیدایە و مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەش، جەختی لەسەر خواستی حکومەتەکەی کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە ئاکامی گفتوگۆدا بەدی بێت. ئەمریکا بەدوای گۆڕانکارییەکانی وەک کردنەوەی ئابووریی کوبا، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و کۆتاییھێنان بە هەژموونی ڕووسیا و چین لەو دوورگەیەوەیە.
ترامپ وێڕای ئاماژە بە دۆخی ئابووریی کوبا وتوویەتی: پێویست بە توندکردنەوەی گرژییەکان ناکات… ئەوێ خۆی لە حاڵی داڕماندایە. بەڵام ئەم داڕمانە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو سزایانەیە کە خودی ئەمریکا سەپاندوونی، ڕاستییەکی کە ترامپ نایەوێت باسی بکات.
لە هەمانکاتدا، کوبا لە هەندێک بواردا دەستکەوت گەلێکی ئەوتۆی بەدەستهێناوە کە زۆرێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانیش نەیانتوانیوە پێی بگەن. سیستەمی تەندروستیی خۆڕایی و گشتگیری کوبا وەک یەکێک لە باشترین سیستەمەکانی چارەسەری پزیشکی لە جیهانی گەشەسەندوودا دەناسرێت. ڕێژەی خوێندەواریی سەد لە سەد، خوێندنی خۆڕایی لە هەموو قۆناغەکاندا لە سەرەتاییەوە تا زانکۆ و بەرنامە بەربڵاوەکانی واکسیناسیۆن کە ڕێژەی مردنی منداڵانی گەیاندووەتە نزمترین ئاست لە ناوچەکەدا، لە زومرەی ئەم دەستکەوتانەن. هەروەها کوبا پزیشک و پەرستارەکانی خۆی ڕەوانەی دەیان وڵاتی هەژار لە ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و ئاسیا کردووە، جۆرێک لە دیپلۆماسیی مرۆڤدۆستانە کە لەگەڵ بەها مرۆییەکاندا زۆر گونجاو و کاریگەرترە لە ناردنی هێزی سەربازی. ئەم دەستکەوتانە نیشانی دەدەن کە خەڵکی کوبا شایستەی ڕێز و هاوکارین، نەک گەمارۆ و سزا.
ئەم دەستکەوتانە بەو مانایە نین کە کوبا کۆمەڵگایەکی بێکەموکوڕییە. ناکارامەیی بیرۆکراتی، لاوازبوون لە بواری هاندان بۆ داهێنان، گەندەڵی کارگێڕی و وابەستەیی زۆر بە حکومەت وەک خاوەنکاری سەرەکی، کێشە گەلێکی حاشاهەڵنەگرن. پچڕانی ڕۆژانەی کارەبا، ڕیزە دوور و درێژەکان و کەمیی ماددە خۆراکییەکان، بەشێکی بەئازارن لە واقیعی ئەمڕۆی کوبا. بەڵام خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەبێت لە ناخی خودی کۆمەڵگای کوبا و ئیرادەی خەڵکەکەیەوە سەرچاوە بگرێت، نەک لە ڕێگەی گەمارۆ، هەڕەشەی سەربازی یان سەپاندنی جۆرێک لە نیۆلیبرالی لە دەرەوە.
کوبا دوورگەیەکی بچووکە لەگەڵ جەماوەرێکی خۆڕاگر کە پتر لە شەش دەیەیە لەژێر گوشاری گەمارۆدا دەژین. ئەوان نە “هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و نە شایستەی سزای بەکۆمەڵن، بەڵکوو شایانی ڕێز، هاوکاری و دەرفەتێکی ڕاستەقینەن بۆ ئەوەی خۆیان داهاتووی خۆیان دروست بکەن.
بەرگریکردن لە کوبا لە بەرامبەر سیاسەتی شەڕانگێزانەی ئەمریکادا، بە مانای چاوپۆشیکردن لە کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە نابێت هیچ جەماوەرێک لەبەر هەڵبژاردنی ڕێگایەکی جیاواز، سزا بدرێن.