
لە رۆژانی ڕابردوودا، سێ هاووڵاتی لە شارەکانی کەرەج و سمنان لە لایەن دەزگای قەزایی ڕژیمەوە حوکمی سێدارە و زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، دوو هاووڵاتی خەڵکی شاری سمنان بە ناوەکانی ، “مەهدی باغانی و ئێحسان محەممەدی” لە لایەن دادگای ئینقیلابی سمنانەوە هەر یەک حوکمی سی مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا بەڵام تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە تۆمەتەکانیان بڵاو نەکراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە کە ئەو دوو کەسە رێککەوتی 18 و 19 مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە رەوتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستبەسەر و پاشا ماوەیەک لێپرسینەوە لە گرتووخانەکانی سپای پاسداران، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کران. هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “رەزا زەنگەنە” خەڵکی ناوچەی مەلایر سەر بە پارێزگای ئەڵبورز، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە. ناوبراو رێککەوتی 14ی خاکەلێوە بە هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی قزڵحەساری کەرەج کرابوو و دواتر لە لایەن دادگای ئینقیلابی کەرەجەوە بە سەرۆکایەتی “سەبزەواری و نەریمانی” بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ وڵاتە دژبەرە کانی کۆماری ئیسلامی و موحاربە” حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا.