من کرێکارێکی ژنم؛ئەمە تاوانی منە سەرچاوە: ئاڕشیوی ڕادیۆ دەنگی شۆڕشی ئێڕان

ماڵپه‌ڕی په‌یام

Print Friendly, PDF & Email

 

چۆن لەسەر کرێکارانی ژن بیردەکەینەوە، ژنانێک کە دەستەکانیان قەڵەشاوە و فرمێسکی چاوەکانیان وشک بووە، بەڵام بە شانازیەوە سەریان بەرز ڕاگرتووە و نانی ڕەنج و زەحمەتی دەستەکانی خۆیان دەخۆن. ١١ی «گوڵان» بەرابەر لەگەڵ ئەوەڵی مانگی مەی، ڕۆژی جیهانی. کرێکارانە. لەم ڕۆژەدا تا چ ڕادەیەک ژنانی کرێکار بەرچاو دەکەون و دەبینرێن، ژنانێک کە بە پێڵاوە تەسک و دڕاوەکانیان لە بەرەبەیانییەوە تا درنگانێک لە شەو کار دەکەن بۆ ئەوەی داهاتووی منداڵەکانیانی پێ دابین بکەن. خۆزگە لانیکەم لەم ڕۆژەدا بە وردی چاو لە کرێکارانێک کە لە وێستگەی ئوتوبوسدا وەستاون، ژنێک کە لە رستوران مێزی نان خواردنەکەمان پاک دەکاتەوە و کچی خزمەتکاری ماڵەکان، بکەین و هەروا بە ئاسانی لێی بە کەناریاندا تێنەپەڕین. خۆزگە لانیکەم لەم ڕۆژەدا بە زەردەخەنەیێکەوە درگا لە خزمەتکاری ئیدارەکەمان بکەینەوە، خۆزگە لەم ڕۆژەدا ئەو ژنە وەبیر بێنینەوە کە دەیگوت: « لە منداڵیەوە هیچ کەسێک نەمیدەویست، کاتێک باوک و دایکم مردن، ئاوارەی ماڵی خەڵکی بووم، هەمووان دەیانگووت ئەگەر کوڕ بوایە دەمانتوانی کارێکی بۆ بکەین، بەڵام کچمان ناوێ

کچێک کە لە بێکەس و کاریدا لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا هاوسەرگیری دەکات و لە هاوسەرە موعتادەکەی جیا نابێتەوە تا سێبەری پیاوێک بەسەر سەریەوە بێت، ژنێک کە شەو و ڕۆژ سەوزە پاک دەکات تا منداڵەکانی بچنە قوتابخانە و هاوسەرەکەی لێی نەدات، ژنێک کە دەیگوت: تا پێش لەوەیکە دووگیان بم نانە وشکەم کۆدەکردەوە و دەمخوارد. بەڵام کاتێک دووگیان بووم بە بۆنەی منداڵەکەمەوە شیرم دەخوارد. ڕۆژێک کە ئەوەندە لە کاری ڕۆژانەی دەستفرۆشی ماندوو ببوم، چەند بەستە سەوزەیەکم کڕی، چاکیانم کرد و بۆ قووتابخانەیەکی کچانەم برد و فرۆشتمە مامۆستاکان، ماوەیەکی زۆر بوو کە خواردنی گەرممان نەخواردبوو. شەو بە چەند دانە هێلکە و تەماتە چوومەوە بۆ ماڵ، کاتێک نانی شێوم ئامادە دەکرد لەگەڵیدا فرمێسکم دەڕژاند، بانگی منداڵەکانم کرد کە وەرن نانی شێو بخۆن، خۆشحاڵی منداڵەکانم وای لێکردم کە تا بەیانی فرمێسکی خۆشحاڵی بڕژێنم.

ئەم ژنە زەحمەتکێشە لەسەر ئەم کارەی بەردەوام بوو، ئەوەندە کە کڕیارانێکی سابت و هەمیشەیی دۆزیەوە و ئێستا نزیک بە چەند ساڵە ئەم کارە بۆتە پیشەی. ئەم ژنە باسی ڕۆژێک دەکات، کە یەکێک لە کڕیارەکانی دیاریەک بە ئەو و منداڵەکانی پێشکەش دەکات و دەڵێت: کاتێک دیاریەکەمان کردەوە، دەستێک جل و بەرگی نوێ و تازە بوو، مانتۆ، شەڵوار، لەچک، و تەنانەت گۆرەویش. بە جێگای ئەوەیکە جل و بەرگەکان لەبەر بکەم، لە ئامێزم گرت و بۆنم دەکرد. چونکە من هیچکات هەستم بە بۆنی خۆشی جل و بەرگی نوێ نەکردبوو، تەنانەت ئەمە یەکەم جارم بوو لە ژیانمدا جل و بەرگی تازە و نوێم دەبینی. ئەم ژنە زەحمەتکێشە ئێستا توانیبووی، فەڕش و یەخچاڵێکی کۆنە و دەستی دوو بکڕێت، بەڵام عەباکەی لادەدات و جێگای ددانە خاڵییەکانی نیشان دەدات و دەڵێت: کاتێ کە سەوزەم بۆ ماڵێک دەبرد لە پلیکانەکانی کەوتمە خوارەوە و چوار ددانم پێکەوە شکا، تەنانەت ناتوانم بیر لە ددانی مەسنوعی بکەمەوە، ئەو پارەیەی کە بە دەستی دێنم تەنیا بۆ تێر کردنی زگی منداڵەکانمە تا چیتر لە گۆشەی شەقامەکاندا بەدوای نانە وشکەدا نەگەڕێم، ئەوەندە نیە کە بۆ دروستکردنی ددانەکانم بە فیڕۆی بدەم و حەرامی بکەم.

ئەم ژنە زەحمەتکێشە دوای شەش ساڵ سەوزە پاک کردن، دەستەکانی بەڕەنگی سەوز دەرهاتوون و بۆنی سەوزە دەدەن. من هیچ کات بیرم لەوە نەکردبۆوە کە مومکینە چ کەسێک ئابەم شێوەیە سەوزەی ماڵەکەمانی پاک کردبێت یان وشکی کردبێتەوە و منیش بە خەیاڵێکی ئاسودەوە هێلکەیەکی تێ دەشکێنم و دڵم خۆشە کە چێشتم لێناوە. هیچ کات بیرم لەوە نەکردبۆوە کاتێک دەرگای یەخچاکە دەکەمەوە و کەوچکێک پیازی ئامادە هەڵدەگرم و دەیکەمە نێو قابلەمەکەوە، لە پێناوی، فرمێسکی چاوی ژنێک وشک بووە، ژنێک کە کوڕەکەی کەم ئەندامە و هاوسەرەکەی جانبازی شیمیاییە و پەروەندەکەی سوتاوە و هەزینەی دەرمان و چارەسەرکردنی لە فرمێسکی چاو و بۆنی بەردەوامی پیازی گەرم دابین دەکرێت.

هیچ کات بیرم لەوە نەکردبۆوە کاتێک کە ماندوو دەگەڕێمەوە ماڵ و وەکوو تەرم لەسەر فەڕشی ماڵەکەمدا پاڵ دەکەوم تا ماندوویەتیم بحەسێتەوە، ژنێک لە پشت داری تەون، ئەوەندە شانەی لێداوە کە دەنگی شانە لێدان، بۆتە مۆسیقی و ئاوازی ژیانی، ژنێک کە لە هاوسەرە موعتاد و «کڕاک»یەکەی جیا بۆتەوە بەڵام دوای ١٠ ساڵ جیابوونەوە کەس نازانێت کە تەڵاقی وەرگرتووە، کەوشی پیاوانە لەبەر دەرگای ماڵەکەی دەمی خەڵک دەبەستێت و وابیر دەکەنەوە کە هاوسەرەکەی لە ماڵە و بێ کەس و کار نییە.

دە ساڵ لەوە پێش ماڵی خەڵکی خاوێن دەکردەوە، خراپترین ڕۆژی ژیانی کاتێک بوو کە پیرەپیاوێک کە دوو ساڵ دەبوو پەرەستاری لێ دەکرد و ئاگای لێی بوو، مرد. ئێستا دەبێ چی بکات، سەرلەنوێ ماڵی خەڵکی خاوێن بکاتەوە، بەڵام ئەمجارە شانس دەهێنێت، کار و پیشەیەک کە لە تەمەنی چوار ساڵیدا فێری ببو بەڵام بە بۆنەی نەبوونی سەرمایە نەیتوانیبوو شوێنی کەوێت، ئێستا کە پارەیەکی کۆکردۆتەوە دەستبەکار دەبێ. تەنانەت شاگردیشی هەیە و فێری فەڕش چنینیان دەکات، کچانێک کە لە سەرەتای لاوی دان و پێیان وایە شایەد ڕۆژێک ئەم هونەرە بەکەڵکیان بێت.

چاو لە هەر گۆشەیەکی ژیانمان دەکەین، کرێکارانێکی زەحمەتکێش دەبینین کە ئاسایشی ژیانمانیان دەستەبەر کردووە. زۆرێکیشیان ژنانی کرێکارن کە نە تەنیا بە کەم سەیر دەکرێن، بەڵکوو زۆر جاریش ناحەقیان بەرامبەر دەکرێت و بە بێ بەزەییانەترین شێوە، دەچەوسێندرێنەوە.

لە شوێنی کاری پیاوان و لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالارانەدا، ژنێک کە بەرپرسی حەراسەتی شیرکەتێکی گەورەی نیوە دەوڵەتییە دەڵێت: گشت هاوکارەکانم پیاون و دەزانن کە تەڵاقم وەرگرتووە. بەجۆرێک سەیرم دەکەن کە بەردەوام ناچارم لە بەشە جیاجیاکانی شیرکەتدا جێ بگۆڕم، ئێستا چەند ساڵێکە لە حەراسەتدا ماومەتەوە، بەڵام ناوێرم وڵامی سڵاوی هاوکارەکانم بدەمەوە، چوونکە پیاون و منیش ژنێکی تەنیام کە لە هاوسەرەکەم جیابوومەتەوە. لە لایەکەوە ئەگەر شان بە شانی پیاوان کار بکەی تەنانەت باشتر لەوانیش، قەت پلەت بەرز ناکرێتەوە، چوونکە ژمارەی پیاوەکان زۆرە و هاوکارە پیاوەکان پێیان خۆش نییە کە بە جێگەی ئەوان ژنێک پلەی بەرز بکرێتەوە.

ژنێک کە لە کارخانەیەکی دەرمانسازیدا کار دەکات و سەرپەرەستی بنەماڵەیەکە دەڵێت: لە کارخانەدا لەگەڵ کەسدا کێشەم نیە، تەنانەت کارخانەکەشمان «ڕەوزە»ی هەیە. کێشەی من کە شایەد کێشەی زۆر کەسی دیکەش بێت، یاساگەلێکە کە لە لایەن وەزارەتی کارەوە بەردەوام دەگۆڕدرێت و ئێستاش نیگەرانی یاسای کەمکردنەوەی سەعاتی کاری ژنانین، یاسایەک کە بە هۆیەوە لەوانەیە هەموومان کارەکانمان لە دەست بدەین و لەسەر کار دەر بکرێین.

خاوەنکارێک کە دەتوانێت پیاوێک دابمەزرێنێت کە دوو سەعات زیاتر لە منی ژن کار بکات، پیاوەکە دادەمەزرێنێت و قەراردادەکەی من درێژ ناکاتەوە، چوونکە پێی خۆش نییە زەرەر بکات و دەیهەوێت زیاتر قازانج بکات.

هەموومان لە ژیاندا کێشە و گرفتی زۆرمان هەیە، بەڵام شایەد وەها کێشە و گرفتگەلێک تەنیا لەنێو فیلمدا بینیبێتمان.

کاتێک لەگەڵ ئەم ژنانە قسە دەکەی و فرمێسکەکانیان دەبینی، باوەڕ بەوە دێنی کە چەندە لە قافڵە دووری و چەندە سەرسەری سەیری ژیانت کردووە. بیر لە ژنێکی سەوزە فرۆش دەکەیتەوە کە بەجێگای ئەوەی پێت بگووتبایە ماندوو نەبی! دەڵێی: چسەوزەیەک،چەپکێکیباییچەندە؟

  بەڵێ! ئەم دنیا پێچەوانە و پڕ لە هەڵاواردنە دەبێ بخرێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی و بە هەوڵی هەموو لایەک دانیایەک بنیات بندرێت کە بە دوور بێت لە چاوسانەوە، بەکەم سەیر کردنی ژنان و دنیایەک پڕ لە ئاسودەیی و ئاسایش.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net