سیروان میکائیلی، چالاکی سیاسی و پەنابەری کوردی خەڵکی سنە کە لە تورکیا دەژی، بۆ جاری دووەم لە گرتووخانەی ئیدارەی کۆچ و پەنابەریی ئەو وڵاتەدا بەند کراوە و بە دەرچوونی بڕیاری دیپۆرتکردنەوە، لە مەترسییەکی جیددیدایە بۆ ڕادەستکردنەوەی بە ئێران.
ناوبراو پاش گواستنەوەی بۆ پارێزگای دیلۆک (غازی عەنتەب)ی تورکیا، سەرلەنوێ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی کۆچ و پەنابەریی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە ناوەندە داخراوەکانی ڕاگرتنی پەنابەران گوازراوەتەوە. بەپێی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی ئەم پەنابەرە، بەرپرسانی ئیدارەی کۆچ و پەنابەریی تورکیا دۆسیەکەیان بە «دیپۆرت» دیاری کردووە و لە هەر ساتێکدا مەترسیی ڕادەستکردنەوەی زۆرەملێی بۆ ئێران لە ئارادایە.


