هەڵسەنگاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

راە کارگر و حزب کمونیست ایران

Print Friendly, PDF & Email

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی فاشیزمی ئایینی، لە ژێر سایەی شەڕدا

یەکەم: مانگرتنی سیاسی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتی بە لەسێدارەدانی چوار لاوی کورد، سەردان و هاوسۆزی بەربڵاوی خەڵک لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییەکان، مانگرتنی خەڵکی سێمیرۆم لە ناڕەزایەتی بە حوکمی لەسێدارەدان لە هەفتەی ڕابردوودا، جارێکی تر هاودەنگییەکی جێی ستایشی جەماوەریی و مەیدانێکی دیکەی لە بەردەوامبوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، نیشاندا. بەڵام خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە کە بانگەوازی مانگرتن بە دروشمی “نا بۆ سزای لەسێدارەدان” سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو و بوارێکی بەرینی بۆ پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی دروشمی مێحوەری “هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان” خۆش کرد. ڕاگەیاندنی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی قەزڵ حەسار و پاڵپشتی زیندانیانی سیاسی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، نیشاندەری تووڕەیی و نەفرەتی بەرین و پۆتانسێلێکی بەربڵاوی دژ بە سزای لەسێدارەدان لە کۆمەڵگادایە.

دووەم: کوژرانی سێ ئەفسەری ئەمریکایی لە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە ئوردن و برینداربوونی نزیکەی چل سەربازی دیکە، مەترسیی پەرەسەندنی شەڕی لە ناوچەکە زۆر زیاد کردووە. گوشارەکانی سەر دەوڵەتی بایدن وایکردووە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە قامکدانان لەسەر ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی، فەرمانی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەرتەشی ئەمریکا لە دژی هێزە هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و سوریا دەربکات. ئەم هێرشانە تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس لە ئەندامانی ڕێکخراوە عێراقییەکان. هەرچەندە کۆماری ئیسلامی چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هیچ ڕۆڵێکی لەم کردەوانەدا نییە، بەڵام کردەوەی “سەربەخۆیانەی” هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەدژی بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا لە عێراق، سوریا و ئوردن، دەتوانێ وردە وردە پێی کۆماری ئیسلامیش بۆ ناو مەیدانی ئەو شەڕە ڕابکێشێت. ئەم دۆخە هەلومەرجی ناوچەکەی زۆر هەستیار و مەترسیدار کردووە. ڕاستە کە هەم حکوومەتی ئیسلامی و هەم دەوڵەتی بایدن چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە خوازیاری شەڕ لەگەڵ یەکتر و پەرەسەندنی شەڕ نین، بەڵام ئەم شەڕ و ململانێ بە وەکالەتانە وردە وردە خەریکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت. لێکدانەوەی هەڵەی حکوومەتی ئیسلامی لە هێرش بۆسەر هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق، پاکستان و هەروەها هەرچی زیاتر تاک کەوتنەوە و گۆشەگیربوونی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، ئاماژەیە بۆ لەکار کەوتوویی و داڕمان و بێدەسەڵاتی دیپلۆماسیەتی دەرەکی حکوومەتی ئیسلامی.

سێیەم: هاوکات لەگەڵ بۆردومانی پێگەی گروپە هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و سوریا، بۆردومانی بنکەی حوسییەکان لە حەوت پارێزگای یەمەن بەشێوەیەکی بێ وێنە بەردەوامە. حوسییەکانیش ڕایانگەیاندووە کە دەست لە سیاسەتی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین هەڵناگرن، هەروەک چۆن ناتانیاهۆ ڕایگەیاندووە کە دەست لە بۆردومان و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە هەڵناگرێت. حکومەتی ڕەگەزپەرستی بنیامین ناتانیاهۆ لە هەلومەرجێكدا باس لە بەردەوامی بۆردومان و کوشتاری خەڵکی فەلەستین دەکات و مافی خەڵکی فەلەستین بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت ڕەتدەکاتەوە، کە دادگای نێودەوڵەتی لاهە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی سکاڵای دەوڵەتی ئەفریقای باشوور، داوای لە دەوڵەتی ئیسرائیل کرد کە ڕێگری بکات لەو هەوڵ و کردەوانەی کە دەبێتە هۆی جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین. جگە لەوە نامەی زیاتر لە ٨٠٠ بەرپرسی دەوڵەتیی لە ئەمریکا و ئینگلیس و یەکێتی ئەوروپاش، لە دژایەتی لەگەڵ پشتیوانی دەوڵەتەکانیان لە جینۆسایدی ئیسرائیل لە شەڕی غەززەدا، ڕواڵەتی ئەو دەوڵەتانەی هەرچی زیاتر ڕیسوا کرد کە بانگەشەی دێموکراسی دەکەن. ئەوان لە بەیاننامەکەیاندا دەڵێن: “سیاسەتەکانی ئێستای دەوڵەتەکانمان پێگەی ئەخلاقیی ئەوانی لاواز کردووە و لەوانەیە توانایی داکۆکیکردنیان لە ئازادی و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان کەم ببێتەوە“.

چوارەم: ئەگەرشکستومایەپووچبوونیکۆماریئیسلامیلەبواریسیاسەتیدەرەوەداشێوازێکی

ئاشکرای بەخۆیەوەگرتووە، لە بواری ئابووریشدا داماییەکانی ڕژیم هەرچی زیاتر دەردەکەوێت. پڕۆژە یاسای بودجەی وڵات و تەرکیزی دەوڵەت لەسەر زیادکردنی باج بووەتە هۆی ئەوەی کە نەک هەر هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو کەمتر نەبێتەوە، بەڵکوو جگە لە هەڵاوسان، گوشاری باج لەسەر خەڵک، توانایی کڕینی ئەوانی بەڕادەیەکی زۆر کەمکردووەتەوە و لەگەڵ کەمبوونەوەی خواستی کاریگەریشدا، زۆرێک لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان لەگەڵ مەترسی داخران بەرەوڕوو بوونەتەوە. داڕمانی ئابوریی، مەترسی بێکاریی پەرە پێداوە و ژمارەی بێکاران گەلێک زیادی کردووە. لە چوارچێوەی ئەم دۆخەدا، هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ کۆنترۆڵکردنی حەقدەستەکان و ڕێگریکردن لە زیادبوونیان هاوتەریب لەگەڵ ئاستی هەڵاوسانی ڕاستەقینە لە لایەک و وەڕێخستنی تەرحی فریوکارانەی وەک حەقدەستی ناوچەیی، حەقدەست بەپێی ڕێککەوتن و مافی نیشتەجێبوونی ناوچەیی، کرێکارانی لەگەڵ گوشارێکی ئابووری زیاتر بەرەوڕوو کردووەتەوە. جگە لەوەش بێتوانایی دەوڵەت لە ئاست پێدانی مووچەی خانەنشینان و دۆخی مایەپووچبووی حەڤدە سندوقی خانەنشینی، ئەم توێژەی کۆمەڵگای هەرچی زیاتر لەگەڵ نەهامەتی و ماڵوێرانی بەرەوڕوو کردووەتەوە. پێدەچێت تاکە کارێک کە دەسەڵات دەتوانێ بیکات سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری، بریتییە لە چاپکردنی دراوی بێ پشتیوان و زیادکردنی ڕێژەی نەغدینەگی. ڕەوڕەوەی ئابووریی وڵات زۆر بە خێرایی بەرەو داڕمان دەڕوات.

پێنجەم: لە چوارچێوەی داڕمانی ئابووریدا، دۆخی نالەباری کارگە و کارخانە ئابوورییەکان و لەکارکوتوویی ڕەوتی بەرهەمهێنان، سیاسەتی تاڵانچێتی شیرکەتە خوسوڵەتی و شیرکەتە ساختەچییەکان و لەشکری بەرینی بێکاران، دۆخی کرێکارانی لە زۆرێک لە کارگە گەورە و بچووکەکاندا لەگەڵ ناسەقامگیری بەرەوڕوو کردووەتەوە. ئەم بابەتە بووەتە هەوێنی دەستپێکی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی کرێکاریی کە نموونەی بەرچاوی ئەو ناڕەزایەتی و مانگرتنانە، لە مانگرتنی کرێکارانی فولادی ئەهواز، کرێکارانی نەوت و گاز و کرێکارانی یەکەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری لە زۆرێک لە شارەکان، ناڕەزایەتی ڕێکخراو و بەردەوامی خانەنشینان و هەروەها ناڕەزایەتی پەرستاران و کەمئەنداماندا بەرچاو دەکەوێت. جەوهەری ئەم ناڕەزایەتیانە بریتییە لە هەوڵدان بۆ پاراستنی پێگەی پیشەیی و وەرگرتنی حەقدەست و مافە پێشێل کراوەکانیان. دروشمی “ئێمە کرێکارانی فولاد لەدژى ستەمکاری و بێداد دەجەنگین” یان “عەداڵەتمان نەبینی، ئیتر دەنگ نادەین” کە لەلایەن خانەنشینەکانیشەوە گەلێک جار بەرزکرایەوە و یان دروشمی “نە سندوق، نە دەنگدان، بایکۆتی هەڵبژاردن“، ئەوە نیشان دەدات کە کرێکاران و خانەنشینان و خەڵکی هەژاری شارەکان بە دروستی دەرکیان بەو ڕاستییە کردووە کە کێشەکەیان چارەسەری ئابووریی نییە و پێویستە بەدوای چارەسەری سیاسیدا بگەڕێن. هەوڵدان بۆ ڕێکخراوبوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە چوارچێوەی ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتی و مانگرتنانە، هەنگاونان بەرەو یەکگرتن و پێکهێنانی ڕێکخراوی یەکێتی سەرتاسەری و سەرەنجام پێکهێنانی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، دەتوانێت کاریگەریی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان زیاتر بکات. هاوهەنگاوبوون لەگەڵ بەشەکانی تری بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان؛ بزووتنەوەی ژنان لەپێناو جلوبەرگی ئازاد، بزووتنەوەی گشتگیری دادخوازی بە دروشمی “نا بۆ سزای لەسێدارەدان” و بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی کە تايبەتمەندييەکی جەماوەریی بەدەست هێناوە، دەتوانێت لە هەلومەرجی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا توانایی و پۆتانسێلی خەباتگێڕانەی کۆمەڵگا بەخێرایی بهێنێتە مەیدانی خەبات و ڕێگای گۆڕانکارییەکی سیاسی–کۆمەڵایەتی لە بەرژەوەندی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ئێران بە گشتی خۆشتر بکات.

بڕوخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێ شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

سێشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢/ ٦ی فێوریەی ٢٠٢٤

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net