
✍️: کەریم ئەمانی
زیاتر لە چوار دەیە بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت کە خومەینی، تەنها چەند مانگ دوای ڕووخانی ڕژیمی سەڵتەنەتی و لە بەرزترین ئاستی دروشمی “ئازادی” و “بەرابەریخوازانە»ی شۆڕشدا، فەرمانی جیهادی لەدژی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەرکرد. ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ خاڵێکی وەرچەرخانە کە نیشانی دا کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاریەوە، بەرامبەر بە ویست و داواکارییە ئازادیخوازانەکانی جەماوەری خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی، هیچ زمانێک جگە لە زمانی تۆپ و تانک و لەسێدارەدان و سەرکوت نازانێت. وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕووداوە، تەنها یادکردنەوەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بەم ڕاستییە کە خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بەم هێرشە، دەستپێکی خۆڕاگرییەکی چل و چەند ساڵە بوو کە تا ئەمڕۆش، لە شێوازی خەباتی چەکدارانە و مانگرتنی گشتی و ڕاپەڕینی سەرشەقامدا بەردەوامە.
هاوکات لەگەڵ ڕووخانی دەسەڵاتی سەڵتەنەتی لە بەفرانباری ١٣٥٧، کوردستان یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە جەماوەرەکەی، لە دەرەوەی دروشمی ڕووخانی شا، خوازیاری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە پێکهاتەی دەسەڵات و پەیوەندییەکانی ناوەند–پەراوێزدا بوون. بە لەناوچوونی دەسەڵاتی ستەمکارانەی پێشوو، کەشوهەوایەکی تاڕادەیەک کراوە و شۆڕشگێڕانە لە شار و گوندەکانی کوردستان پێکهات: شۆڕای گەڕەکەکان، ڕێکخراوە سیاسی و پیشەیی جۆراوجۆرەکان، لەوانە هێز و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکان، بە ئاشکرا دەرفەتی چالاکییان بۆ ڕەخسا و خەڵک بۆ یەکەم جار دوای ساڵانێکی زۆر، مەجالی دەربڕینی ویست و داواکارییە نەتەوەیی و چینایەتییەکانی خۆیان بەدەست هێنابوو. ئەم کەشوهەوا ئازادە، کە بە ڕادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەری و ڕێکخستنی هێزە چەپ و کۆمونیستەکان و لەوانە کۆمەڵەدا شکڵی گرتبوو، بۆ ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی ئیسلامی، هەم مەترسییەکی سیاسی و هەم نموونەیەکی مەترسیدار بوو بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران.
فەرمانی جیهادی خومەینی بەبێ لەبەرچاوگرتنی دوو ئامانجی هاوتەریب لەگەڵ یەکتر شیاوی تێگەیشتن نییە: یەکەم، سەرکوتی دەستکەوتە شۆڕشگێڕانەکانی کوردستانی ئازادکراو، دەستکەوتێکی کە ناوەڕۆکەکەی ئەولاتر لە خواستی نەتەوەیی، بەرەو دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەچوو، و دووەم، جێگیرکردن و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی زاڵبوونی ناوەند بەسەر پەراوێزدا، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی تازەی کە دەیویست لە هەمان سەرەتاوە سنوورەکانی دەسەڵاتی خۆی بە زەبری زۆر و سەرکوت دیاری بکات. لەگەڵ ئەمانەشدا، ڕێبەرایەتی تازەی کۆماری ئیسلامی، بەرامبەر هەر هێزێکی سەربەخۆ و بەتایبەت هێزی چەکدار یان ڕێکخراوی چەپ، هەستیارییەکی ئایدیۆلۆژیکی هەبوو، کوردستان لەم ڕوانگەوە، هەم خاوەن “قەزییەیەکی نەتەوەیی“ی چارەسەرنەکراو بوو و هەم ببووە سەنگەر و پەناگەیەکی بەهێز بۆ لایەنە چەپەکانی ئێران.
ئەگەرچی بە ڕواڵەت بیانووی ڕاستەوخۆی دەرچوونی فەرمانی جیهاد، بریتی بوو لە ڕووداوەکانی شاری سنووریی پاوە، بەڵام خێرایی و بەرفراوانی وەڵامدانەوەی خومەینی، فەرمان بە “هەموو هێزە ئینتیزامییەکان” بۆ هێرشی خێرا بە “تۆپ و تانک و هێزی سەرکوتگەری چەکدارەوە” بۆ سەر پاوە، سنە و “کوردستان بەگشتی“، بە ڕوونی نیشانی دا کە ئامانج نەک کۆنترۆڵکردنی کێشەیەکی ناوچەیی، بەڵکوو تێکشکاندنی یەکجاری هەموو بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان بوو. میدیا حکومییەکان، هاوکات لەگەڵ ناردنی هێز، بە بڵاوکردنەوەی درۆ و چەواشەکاری سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی کۆمەڵێک لە ژنانی موسوڵمان لەلایەن “کۆمۆنیستەکان“ەوە، بیروڕای گشتییان بۆ ئەم هێرشە ئامادە دەکرد، نموونەیەک لەو درۆ و چەواشەکارییە میدیاییانەی کە ڕاستەوخۆ خزمەتیان بە پڕۆسەی سەرکوت کردووە و کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چواردەیەی ڕابردوودا زۆرجار دووپاتی کردووەتەوە.
ئەرتەش و سپای پاسدارانی تازە دامەزراو، بە پشتیوانی تۆپخانە و هێزی ئاسمانی، هێرشیان کردە سەر شار و گوندەکانی کوردستان. ئەمە تەنها دەستپێکی زنجیرەیەک لە سەرکوتگەرییەکی ڕێکخراو بوو: تەنها چەند ڕۆژ دواتر، سادق خەڵخاڵی وەک قازی شەرع ڕەوانەی ناوچەکە کرا و بە وەڕێخستنی دادگایەکی سەحرایی و بەبێ ڕەچاوکردنی کەمترین ڕێشوێن و پێوەرەکانی دادوەری، دەیان کەس لە خەباتکاران و هەڵسووڕاوانی کورد سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا و بەشێوەیەکی دڕندانە گوللەباران کران. گەمارۆدانی شارەکان، دەستگیرکردنی کوێر کوێرانە و بەکۆمەڵ، و کوشتاری خەڵکی بێتاوان، وێنەیەک بوو لەو پڕۆسەیەی کە کۆماری ئیسلامی بە ناوی “کۆتاییهێنان بە ئاژاوەگێڕی کوردستان“، دەستی پێکرد، ناوێکی کە لە ئەدەبیاتی فەرمیی حکومەتدا، خەبات و خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی بۆ ئازادی، بە “ئاژاوەگێڕی” و “یاخیبوون” لەقەڵەم دەدات.
بەڵام ئەوەی کە ڕژیم پێی دەوت “کۆتاییهێنان“، لە ڕاستیدا بوو بە دەستپێکی خۆڕاگرییەکی شۆڕشگێڕانە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لە بەرامبەر هێرشی بەربڵاوی نیزامیدا، خەڵکی کوردستان، هەر لە کرێکار و جوتیارەوە بگرە تا موعلیم و خوێندکار، لە بری تەسلیمبوون، دەستیانکرد بە ڕێکخستنی خۆڕاگرییەکی چەکدارانە و مەدەنی سەرتاسەری. هێزی پێشمەرگە، کە پێشتریش لە نەریتی خەباتکارانەی کوردستاندا ڕیشەی هەبوو، لەو قۆناغەدا بووە باسکی چەکداری ئەو خەبات و خۆڕاگرییە جەماوەرییە، هەڵبەت نەک وەک هێزێکی جیاواز لە خەڵک، بەڵکوو وەک فراوانبوونی هێزی چەکداریی هەمان ئەو ئیرادە کۆمەڵایەتییەی کە لە شۆڕا و یەکێتییەکاندا شکڵی گرتبوو. ئەم پێوەندییەی نێوان خەباتی چەکداری و ڕێکخستنی جەماوەرییە، یەکێکە لە تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی خەبات و خۆڕاگریی جەماوەری خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی.
جێگەی ئاماژەیە کە کۆمەڵە، وەک لایەنێکی چەپ و کۆمۆنیست، لە ڕێکخستنی ئەو خەبات و خۆڕاگرییە جەماوەرییەدا ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری بینی. کۆمەڵە لە هەمان کەشوهەوای ئازادی پێش فەرمانی جیهادی خومەینییەوە، نەک هەر تەنها دروشم و خواستە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردی بەرز نەکردبووە، بەڵکوو بەیەکەوە گرێدانی ئەو خواستانەی لەگەڵ ویست و داواکارییە چینایەتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانی خستبووە بەرنامەی کاری خۆیەوە، خەبات و خۆڕاگرییەکی کە هەم لەدژی ستەمی نەتەوایەتی و هەم لەدژی چەوسانەوەی چینایەتی ڕێکدەخرا. ئەم ڕوانگەیە، ئاسۆیەکی ئەولاتر لە تەنیا کاردانەوەیەکی بەرگرییانەی بەڕووی خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە هێرشی ٢٨ی گەلاوێژدا کردەوە: خۆڕاگرییەکی کە هاوکات لەگەڵ بەرگریی چەکدارانە، تیشکی خستە سەر ڕێکخستنی شۆڕایی، پرسی یەکسانی ژنان لە ڕیزی هێزی پێشمەرگە، چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و چەپ لە سەرانسەری ئێران. بەردەوامیی ئەم ڕوانگەیە لە نەریتی مانگرتنە گشتییەکان لە کوردستاندا بەڕوونی بەرچاو دەکەوێت، مانگرتنێکی کە لە ماوەی چل و چەند ساڵی رابردوودا لەسەر بانگەواز و بە بەڕێبەرایەتی کۆمەڵە بەڕێوەچووە و زۆرجار بووەتە نموونەیەک بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش.
فەرمانی جیهاد و ئەو خۆڕاگرییەی کە بەدوایدا شکڵی گرت، کەشوهەوای سیاسیی کوردستانی بۆ هەمیشە گۆڕی. ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەیویست بە سەرکوتی خوێناوی، کوردستان بێدەنگ بکات، ئەنجامەکەی بەکردەوە بە پێچەوانەی ئەوە بوو: یادی خۆڕاگریی قارەمانانەی ٢٨ی گەلاوێژ، و ناوی ئەو قوربانییانەی لەو ڕۆژانەدا و لە دادگا سەحراییەکانی خەڵخاڵی جینایەتکاردا گیانیان لەدەستدا، بووە بەشێک لە بیرەوەریی کۆمەڵایەتی و پێناسەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان. نەوەکانی دواتر، لە خەباتکارانی دەیەی شەستەوە بگرە تا چالاکوانانی ئەمڕۆ، خۆیان بە میراتگری هەمان ئەو خەبات و خۆڕاگرییە دەزانن کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا شکڵی گرت. ئەم بەردەوامییە مێژووییەیە کە کوردستانی لەماوەی چل و چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای قورسترین و بێبەزەییانەترین سەرکوتەکان، هەروا کردووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی خۆڕاگری مەدەنی و ناڕەزایەتیی سەرانسەری لە ئێراندا.
کۆماری ئیسلامی لەم چل و چەند ساڵەدا هەرگیز نەیتوانی کوردستان بە تەواوی بەچۆکدا بێنێ. سیاسەتی ئەم ڕژیمە بەرامبەر بە کوردستان، بەردەوام تێکەڵەیەکی جێگیر بووە لە نیزامیگەری، ئەمنییەتیکردنی ژیانی ڕۆژانە، و لەسێدارەدان و سەرکوت، سیاسەتێکی کە نەک تەنها کێشەکەی چارەسەر نەکرد، بەڵکوو لەگەڵ هەر شەپۆلێکی ستەم و سەرکوتدا، کەلێن و کەلەبەری نێوان دەسەڵات و خەڵکی کوردستانی قووڵتر کردووەتەوە. ئەمڕۆ، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی لەڕادەبەدەر لە سەرانسەری ئێراندا دەست و پەنجە نەرم دەکات، خۆی لە ناو گێژاوی شەڕێکی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلیشدا دەبینێتەوە، شەڕێکی کە لە کۆتایییەکانی زستانی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە و ڕێبەرایەتی و پێکهاتەی نیزامیی ڕژیمی خستووەتە ژێر زەبرێکی قورس و کاریگەر. ئەم هەلومەرجە، ڕژێمێکی کە لە جەرگەی ئەم قەیرانانەشدا هێشتا پشت بە سەرکوتی ناوخۆیی دەبەستێت، خستووەتە لاوازترین دۆخ لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە تاکو ئێستا.
بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران، ئەم دۆخە، سەرلەنوێ ئەو پرسیارە دێرینە دەوروژێنێتەوە کە: قەیران و شەڕ لە سەرەوە، لە بری ئەوەی بیانووێک بێت بۆ پاشەکشە لە ویست و داواکارییە دیموکراتیک و چینایەتییەکانی خەڵک، دەبێت دەرفەتێک بێت بۆ بەهێزکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆی جەماوەریی، لە شۆڕای گەڕەکەکانەوە بگرە تا یەکێتییە کرێکارییەکان و کۆڕ و کۆمەڵە مەدەنییەکان. ئەو خەبات و خۆڕاگرییەی کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا دەستی پێکرد، لە ڕاستیدا وەڵامێک بوو بەم پرسیارە، و بەردەوامیی ئەوە، لە شکڵ و شێوازە جۆراوجۆرەکان، واتە لە خەباتی چەکدارانەوە بگرە تا مانگرتنی گشتی، ئەمڕۆش هەمان ڕۆڵ دەبینێت: نیشاندانی ئەوەی کە ئالتەرناتیڤێک و جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی، نەک لە ناو جەرگەی شەڕی زلهێزەکانەوە، بەڵکوو لە هەناوی خۆڕێکخستنی جەماوەری و خەباتی چینایەتی و ئازادیخوازانەوە سەرهەڵدەدات.
لەم ڕووانەشەوە، کوردستان وەک هەمیشە سەنگەری پڕجۆش و خرۆشی ئازادیخوازی دەمێنێتەوە. کۆمەڵگای کوردستان بە پشتبەستن بە نەریتێکی دوور و درێژی ڕێکخستن و ئەزموونی خەباتکارانەی چەپ و ورەی بەرزی خەبات و خۆڕاگریی، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە قووڵکردنەوەی قەیرانی مەشروعیەتی ڕێژیم و زەمینە خۆشکردن بۆ ڕووخاندن و لەگۆڕنانی لەلایەن جەماوەری ئازادیخوازەوە.
بڕیار بوو فەرمانی ٢٨ گەلاوێژی ٥٨ خاڵی کۆتایی ئازادیخوازی لە کوردستان بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە بوو بە دەستپێکی بزوتنەوەیەکی کە تا گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری و دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی، درێژە بە ڕێبازی خۆی دەدات.
بەرز و بەڕێز بێت یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، هەر لە قوربانیانی دادگا سەحراییەکانی خەڵخاڵییەوە بگرە تا هەموو ئەو خەباتکارانەی کە لەناو زیندانەکانی ڕێژیم و لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەدا و لە پێناو دیفاع لە ئازادی و بەرابەریدا گیانی ئازیزیان لەدەستدا. ڕێگای ئەوان، لە خەباتی ئەمڕۆی خەڵکی کوردستان و ئێران بۆ نان، کار، ئازادی و یەکسانی بەردەوامە.