
لەبەردەم یەکی مانگی مەی رۆژی جیهانی کرێکار داین. بەم بۆنەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بە کرێکارانی کوردستان، ئێران و سەراسەری جیهان دەکەین. ئه‌وه‌ڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی چینی کرێکار، گرنگترین بۆنەی جیهانی لە سەردەمی سەرمایەداریدایە. ئەم ڕۆژە مەزنە هەموو ساڵێک لە سەرتاسەری دنیادا لە لایەن بەملیۆن کەس لە کرێکاران و بێبەشان و خەڵکی ئازادیخواز لە سەر زەوی، ڕێزی لێدەگیرێ. لە کوردستانی شۆرشگێریش سوننەتی ڕێز گرتن لەم ڕۆژە پێشینەیەکی دەیان ساڵەی هەیە. هەلسوراوانی کرێکاری لە کوردستان به حەق شانازی بەوە دەکەن کە ژێر زەختی توندترین دیکتاتوری و سەرکوتیش دا ئالای سوری رۆژی جیهانی کرێکاریان شکاوە راگرتووە، زیندانی کراون، ئەشکەنجە دراون، قوربانیان داوه و سەربەرزانە ئەم نەریتەیان زیندوو راگرتووە. با بزانین ئەم سەرسەختی و کۆڵنەدانە لە پێناوی چیدا بووە؟
رؤژی جیهانی کرێکار بۆنەیەکی دانەبڕاوە لە خەباتی رۆژانە و بەردەوامی چینی کرێکار. کرێکارانی پێشرەو و هەڵسوراوانی کرێکاری لە کوردستان بە تەواوی لەو راستیە گەیشتون کە سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ته‌كانیان ئه‌گه‌ر خۆفی خه‌باتی ڕۆژانه و ڕاپه‌ڕینی ئه‌و چینهیان له دڵدا نه‌بێ، بێگومان مل به هیچ ئیسلاحات و رێفۆرمێك ناده‌ن. كه‌وابوو هه‌رچی پێشكه‌وتنی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له جیهانی ئه‌مڕۆدا ده‌یبینین، هه‌مووی له سه‌ر ده‌ستی ئه‌و چینه و به هیمه‌تی خه‌باتی سه‌نگه‌ر به سه‌نگه‌ری ئه‌و هاتووه‌ته سه‌ر گۆڕه‌پانی ژیانی ئینسانی ئه‌مڕۆوه.
سه‌رمایه‌داران و روناكبیرانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌و كورت بینانه‌ی كه به ئاواتی ئه‌وه‌ی رۆژێك ئه‌وانیش ده‌ستیان به به‌رهه‌می ڕه‌نجی شانی چینی كرێكار بگات له نۆبهدان، هه‌موویان له هاوپه‌یمانییه‌كی بهكردهوهدا به‌رده‌وام پێمان ده‌ڵێن كه: “بتانهه‌وێ و نهتانههوێ نیزامی سه‌رمایه‌داری چاره‌نووسی چاره ههڵنهگرتانه.” سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌م یا ئه‌و شۆڕشی كرێكاریمان بیر ده‌خه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تۆوی بێ هیوایی و بێ ئاسۆیی له ناوماندا بچێنن. ئازادیی راده‌ربڕین و ڕێكخراو بوونمان لێ زه‌وت ده‌كه‌ن ، ده‌وڵه‌ته‌كانیان ده‌خه‌نه گیانمان و زیندانهكانمان لێ پڕ ده‌كه‌ن، ئه‌شكه‌نجه‌مان ده‌ده‌ن، شهلاقمان لێ ده‌ده‌ن، هه‌ڕه‌شه‌مان لێ ده‌كه‌ن و له سێداره‌مان ده‌ده‌ن ، هەموی ئەوانە بۆ ئه‌وی بێ خه‌به‌ر و پڕژ و بڵاو ڕامانگرن.
به‌ڵام بۆ چی واده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وه‌نده له لێكدانه‌وه‌كه‌ی خۆیان خاترجهمن و باوه‌ڕیان به‌وه هه‌یه كه ده‌یڵێن، بۆچی وا نیگه‌رانن و ده‌ست و پێی خۆیان ون كردووه؟ بۆچی مانگرتنێكی كرێكاریی خه‌ویان ده‌شێوێنێ و ئۆقره‌یان لێ هه‌ڵده‌گرێ و دهیانشڵهژێنێ؟ بۆچی هه‌وڵێكی هه‌رچه‌ند بچووكی كرێكارانیش بۆ به‌رپا كردنی جێژنی یه‌كی مەی به مه‌ترسی بۆ سه‌ر «ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی» و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌زانن؟ بۆچی به فڕۆفێڵ و گرتن و ئه‌شكه‌نجه و كوشتن، تێده‌كۆشن هه‌وڵه‌كانی كرێكاران بۆ رێكخراو بوون له بار به‌رن؟
ئه‌مرۆ له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژیمی ئیسلامی‌دا به‌ڕێوه‌بردنی رێوره‌سمی سەربەخۆی رۆژی كرێكار قه‌ده‌غه كراوه. ده‌كرێت بێ زه‌حمه‌ت پێمان بڵێن هۆی ئه‌م خۆف و وهحشهتهیان له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی وه‌له‌و بچووكی ژماره‌یه‌ك كرێكار چییه؟
بێگومان ئه‌و ترس و خۆفهی كه نیشووهته دڵیانه‌وه و ئه‌و كاردانه‌وه‌ی كه به‌رانبه‌ر به هه‌ر حه‌ره‌كه‌تێكی كرێكاران لێیان ده‌بینین، بێ هۆ نییه. ئه‌وان بۆنی بووژانه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی چینی كرێكار و بۆنی خه‌باتی وشیارانه و رێكخراوی ئه‌و چینهیان، دوای چه‌ندین شكست و پاشه‌كشه كه به سه‌ری هاتووه، سه‌ر له‌نوێ بۆ هاتۆه. ئه‌وان له‌گه‌ڵ به بنبه‌ست گه‌یشتنی دوایین هه‌وڵه‌كانی نیزامی سه‌رمایه‌داری بۆ هاتنه‌ده‌ر له قه‌یرانێكی به‌رین كه سه‌رتاپای ئه‌و نیزامه‌ی داگرتووه و بوته هۆی گرانی و برسێتی، و شه‌ڕی خویناوی لێره و له‌وێ، ده‌ست پێكردنی ده‌وره‌یه‌كی نوێ له بووژانه‌وه‌ی ئاوات و ئامانجه‌كانی چینی كرێكاریان له ئاستی جیهانیدا، هه‌ست پێ كردووه.
ئه‌وان له‌و كاته‌وه كه به له خۆبایی بونێكی ساویلكانه وتیان، مێژوو كۆتایی هاتووه خۆشبه‌ختی و ئاسایشی جیهان تەنیا له ژێرده‌ستی ئه‌وان دا مه‌یسه‌ر ده‌بێ و سۆسیالیسم باوی نه‌ماوه، تا به ئه‌مڕۆ خه‌ڵكیان برسیتر كردووه، ئاسایشیان زیاتر له جیهان هه‌ڵگرتووە. بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ی ده‌رباز بوون، له قه‌یرانێكی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه بۆ قهیرانێكیتر، له تاریكی دا په‌ل ده‌كوتن.
ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕاستیه زیاتر له هه‌میشه ده‌ركه‌وتووه كه به‌رانبه‌ر به‌م نیزامه و به‌رانبه‌ر به‌م مهینهتانهی كه سه‌رمایه‌داری تووشی به‌شه‌رییه‌تی سه‌رده‌می ئێمه‌ی كردووه، به‌دیل و رێگا چاره‌یه‌كی دیكه غه‌یری سۆسیالیزم بوونی نییه. سوسیالیزم واته به‌هره‌مه‌ند بوونی یه‌كسان و تێر و ته‌سه‌لی هه‌موان له به‌رهه‌می بیر‌و بازوی ئینسان، له كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئازاد و سه‌ربه‌ست دا. رزگار بوونی كۆمه‌ڵگا له شه‌ڕ و كوشتار و سته‌مكاری و هه‌ڵاواردنیش هه‌ر لەم رێگەیەوە مەیسەر دەبێت.
رۆژی جیهانی كرێكارانی ئه‌مسال له كاتێك دایه كه سه‌رباری بێكاری و گرانی و هه‌ژاری، كۆمه‌لانی خه‌ڵك لە ئیران و لە كوردستان له‌گه‌ڵ شەرێکی کاوڵکار بەرەورووبوون، کە شەری خەڵک نییە. بۆ ئامریکا و ئیسراێیل شەری سەپاندنی هێژمونیه به سەر ناوچەکەدا و بۆ کۆماری ئیسلامیش شەری مانەوەی دەسەڵاتێکی کۆنەپەرەست و دژ بە خەڵکە. ئومێدبەستن بە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، تەنیا هەڵەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو وەهمێکی مەترسیدارە. پڕۆژەی ئەم دوو دەوڵەتە ڕزگاریی خەڵکی ئێران لە مەینەتیەکانی نییە، بەڵکوو سەپاندنی نەزمێکی دەستەمۆ و گونجاوە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا.
ئەمڕۆ ئەرکی هەلسوراوانی کرێکاری لە کوردستان پتر لە هەر کاتێکی دیکە، بریتییە لە گرێدان و لێک هەڵپێکانی خەباتی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە خەباتی سەرتاسەری لە هەموو ئێران، بەهێزکردنی خۆڕێکخستنی جەماوەریی، دوورکەوتنەوە لە وەهم و خۆشباوەڕیی مەترسیدار و خۆ ئامادەکردنی وشیارانە بۆ سبەینێ دوای شەر و پەرەپێدانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.
بارودۆخەکە ئەگەرچی دژواره بەڵام بێگومان بەزوویی تێپەر دەبێت. به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌ها باروودۆخێكی راگوزاردا، زیاتر له هه‌میشه ئیراده‌ی پته‌و و وره‌ی به‌رز و ڕیزی یه‌كگرتووی لێمان ده‌وێت. كرێكارانی پێشره‌و و ههلسووڕاوانی كرێكاری له كاتی ڕووداو و كاره‌ساتی سرووشتیدا، هه‌وێنی خه‌مڵینی گه‌لێك دیمه‌نی شكۆدار له یه‌كگرتوویی و هاوپشتی و به‌هانای یه‌كتره‌وه چوون بوون، ئه‌وان له‌م ڕێگه‌یه‌وه ڕه‌نج و ئازاره‌كانی ئه‌م جۆره كاره‌ساتانه‌یان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵانی خه‌لك سووك كردووه و یهكگرتووانە و به‌ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ندتر تێپه‌ڕیان كردووه. با رۆژی جیهانیی كرێكار زیاتر ئیلهام به‌خشی ئیمه و هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه بێ كه رێگه‌ی خه‌بات به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنمان گرتووه‌ته به‌ر.
پێرۆز بێت یه‌كی مه‌ی رۆژی جیهانی كرێكاران.
كومیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه
رێكخراوی كوردستانی حیزبی كومونیستی ئیران
٢٤ ی ئاوریلی ٢٠٢٦،
٤ی گوڵانی ١٤٠٥