ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٤

ماڵپه‌ڕی په‌یام

Print Friendly, PDF & Email

یەکی ئایار بەڕێوەیە، ئەمساڵ کرێکارانی ئێران لە هەلومەرجێکدا بە پێشوازی یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی جیهانی خۆیانەوە دەچن کە لەژێر گوشاری بێکاری، گرانی، حەقدەستی خوارتر لە ژێر هێڵی هەژاریی موتڵەق و سەعات کاری درێژماوە و شوێنی کاری لەڕادەبەدەر نائەمن دا، یەکێک لە دژوارترین قۆناغەکانی ژیانی خۆیان لە ماوەی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا بەسەر دەبەن و لەگەڵ زیانە کۆمەڵایەتییەکانی سەرچاوەگرتوو لە وەها دۆخێکدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن. بەڵام بەم حاڵەشەوە چینی کرێکاری ئێران نەک هەر ملکەچی ئەو هەلومەرجە نامرۆڤانە نەبووە، بەڵکوو بە هۆی بەرفراوان بوون و کەڵەکەبوونی دواکاری و بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانی، لە ناوەندی خەبات و تێکۆشان لەپێناو گۆڕینی ئەو دۆخەی ئێستادا بووە. ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەردەوامی نەیشەکەر، فولاد، چەند بەشێک لە شیرکەتی نەوت و شیرکەتە پەیمانکارییەکان، ناڕەزایەتی خانەنشینان، مامۆستایان و پەرستاران لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، نموونەی بەرچاوی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیی و داواکاری تەوەرانە بوون. ئەگەرچی ئەم ناڕەزایەتیانە ئاکامێکی ئابووری ئەوتۆیان لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانیان هەنگاوێکی گەورە بەرەوپێشەوە بردووە. گرنگی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئەم قۆناغەی چینی کرێکار بە تایبەتی لەوەدایە کە ئەم خەباتانە لە جەرگەی شۆڕشی ژنان، ژیان، ئازادی و لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی ئێجگار سیاسیی کۆمەڵگای ئێراندا بەڕێوە دەچن. بۆ کۆماری ئیسلامی کە لە سێبەری خۆیشی دەترسێت، هەر ناڕەزایەتی و مانگرتنێک بە هەڕەشە بۆ سەر تەواوەتی دەسەڵاتەکەی دەزانێت و هەربەم پێیەش هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکات، لە وەها بارودۆخێکدا هەر چەشنە بزاڤێکی ناڕەزایەتی، بە کردەوە دەکەوێتە سەر ڕێبازی شۆڕشی ژینا.

ئاشکرا بوونی پەروەندەی گەندەڵی و دزی هەزاران ملیارد تمەنی و هەروەها سەپاندنی هەزینەی قورسی دەستێوەردانی سەربازی و پاڵپشتی کردن لە بزووتنەوە تیرۆریستییەکان لە ناوەندەکانی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەر خەڵکی ئێراندا، لە کاتێکدا کە زیاتر لە ٧٠%ی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکراتر، ڕزیوی و پرتووکاوی حکوومەتی جینایەتکاری ئیسلامی دەرخستووە. ئەم دۆخە، بەشە جۆربەجۆرەکانی چینی کرێکاری بەرامبەر بە پرسە سیاسییەکان هەستیارتر کردووە. خێرایی ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان و ئەو بارودۆخە مەترسیدارەی کە لەڕێدایە، بەئاگابوون و وشیار بوونەوەی هەرچی زیاتری جەماوەری کرێکارانی کردووە بە پرسێکی حەتمی. لەم دۆخەدا پێویستە بەمەبەستی یەکگرتوو کردنی ڕیزەکانی کرێکاران و ئامادەکردنیان بۆ خەباتێکی لێبڕاوانەتر و چارەنووسسازتر، هەوڵی زیاتر بەکاربهێنرێت. لەم رێگەیەدا هەماهەنگی و سەراسەری کردنەوەی خەبات و ناڕەزایەتییەکان لەپێناو داواکارییەکانی تایبەت بە بارودۆخی کار، ژیان و خۆش بژێوی کرێکاران، پرسێکی زۆر پێویست و گرنگە. کرێکاران لە پڕۆسەی ئەم ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامە لەگەڵ خاوەنکار و دەوڵەتدا، وشیارییەکی بەکۆمەڵ سەبارەت بە جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان لە خەباتی سیاسیدا بەدەست دەهێنن و خۆیان وەک چینێک بۆ خۆیان، ڕێکدەخەن و بۆ دیفاع لە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان ڕادەپەڕن.

ئەگەر ئەمڕۆ یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی چینی کرێکار، بریتییە لە نەبوونی ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەری و نەبوونی ڕێبەرییەکی سەرتاسەریی، ئەوا بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران، پلاتفۆرمێکی گونجاو و کاریگەرترین میکانیزمە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو خاڵە لاوازانەدا. لەم ساڵانەی دواییدا، لە دڵی ئەم بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەی کرێکاراندا، نەوەیەک لە هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاریی سەریان هەڵداوە و بوونەت پێشەنگی خەبات و ناڕەزایەتییەکان. ئەم هەڵسووڕاو و رێبەرانە، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکاراندا هەبووە. کرێکاران لە درێژەی ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ خاوەنکاران و دەوڵەت لە ئاستێکی جەماوەریدا، دەرک بەو ڕاستییە دەکەن کە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئینسانی، پێویستە نەک هەر لە کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو لەم پەیوەندییە سیاسی و چینایەتییە زاڵەی ئیستاش تێپەڕ ببن. تەنیا چینێکی کرێکاری ڕێکخراو و خاوەن وشیاریی چینایەتی، دەتوانێت ویست و داواکارییە ڕەواکانی خۆی بەسەر سەرمایەداراندا بسەپێنێت. تەنیا چینێکی کرێکاری ڕێکخراو و خاوەن ئاگایی چینایەتی دەتوانێت، ئازادی ڕاستەقینە بۆ جەماوەی خەڵک بەدیاری بهێنێت. تەنیا کرێکارانی ڕێکخراو و خاوەن ڕێبەرییەکی سیاسی دەتوانێت  پێداویستییەکانی ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و پێشڕەوییەکانی شۆڕش گەرەنتی بکات. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕۆژی یەکی ئایار ئەم هێمای هاوپشتییە شکۆدارە چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستییە، لە سەرجەم کرێکاران پیرۆزبایی دەکات و هەوڵ و تێکۆشانی دڵسۆزانە و ماندوونەناسانەی، ڕێکخەرانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لەم ساڵە سەخت و دژوارەدا کە تێپەڕمانکرد، بەرز دەنرخێنێت.

بژی یەکی ئایار

بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی و سۆسیالیزم

کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی ئێران

٧ی گوڵانی ١٤٠٣/ ٢٦ی ئاوریلی ٢٠٢٤

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net