ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن

ماڵپەری پەیام

Print Friendly, PDF & Email

نزیکبوونەوەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن بە سەرجەم ئازادیخوازان و یەکسانیخوازانی جیهان پیرۆزبایی دەڵێین و یاد و ناوی ئەو کچ و کوڕە لاوانەی کە لە شۆڕشی ژینادا بەبێ سڵ کردنەوە لە مەرگ، لە شەقام و زیندانەکاندا گیانی ئازیزیان لە پێناو بەدیهێنانی ئارمانی ژن، ژیان، ئازادیدا بەخت کرد، بەرز ڕادەگرین. نەریتی ڕۆژی جیهانی ژن لە خەباتی فیداکارانەی ژنانی کرێکاری ڕستن و چنین لە نیویۆرک لە ساڵی ١٨٥٧ی زایینی لەپێناو بردنەسەرەوەی حەقدەست و کەمکردنەوەی سەعاتی کار و باشتر بوونی دۆخی نامرۆڤانەی چەوسانەوەی هێزی کاری ژنانی کرێکارەوە دەست پێدەکات. دوابەدوای ئەوە ژنانی هوشیار و شۆڕشگێڕی ئوروپا لە دووەمین ئینتێرناسیۆناڵدا و بە هیمەتی ژنە خەباتکار و سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی جیهانی “کلارازتکین” و بە ئیلهام وەرگرتن لە نەبەردی قارەمانانەی ژنانی کرێکار لە ئەمریکا، لە کۆنفرانسی دووەمی ژنانی سۆسیالیست لە ساڵی هەزار ٩١١دا، پێشنیاری دیارکردنی ڕۆژێکیان وەک “ڕۆژی جیهانی ژن” هێنایە ئاراوە. دوای دوو ساڵ و لە ساڵی ١٩١٣دا دەبیرخانەی نێونەتەوەیی ژنان (یەکێک لە ناوەندەکانی ئەنتەرناسیۆناڵ سۆسیالیستی دووەم) ڕۆژی ٨ی مارسی وەک “ڕۆژی جیهانی ژن” دیاریکرد و ڕایگەیاند. ١١١ ساڵ بەسەر دیاریکردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژن دا تێدەپەڕێت. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا ژنانی ئازادیخواز بە پشتیوانی پیاوانی خەباتکار و یەکسانیخواز کە لە بنەڕەتدا لە بەرەی چەپ و سۆسیالیستی کۆمەڵگادا خەباتیان کردووە، بە فیداکاری و گیانبازی و قوربانیدانێکی زۆر، گەلێک ماف و داخوازیی جیهانییان بەدەست هێناوە. ئەگەرچی هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژمان لەپێشە تا سەرکەوتنی کۆتایی و نەهێشتنی یەکجاری پەڵەی ڕەشی هەڵاواردنی ڕەگەزی بە ڕوخساری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە، بەڵام ئەم دەستکەوتانە وزە و هێزێکی زیاتری بە ئێمەی ژنان بەخشیوە بۆ درێژەدان بەم ڕێبازە.

لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا ژنانی ئێران بەردەوام لە پێناو بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی خۆیاندا خەباتیان کردووە و هەنگاو بە هەنگاو بەشێک لە مافە ئینسانی و پێشێلکراوەکانی خۆیان بەدەست هێناوە. 

به‌ڵام بە هاتنەسەرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٧دا، سەرجەم ئەو دەستکەوتانە لەگەڵ مەترسی جیددی دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرست و دژە ژنی ئیسلامی ئێران بەرەوڕوو بوونەتەوە. لەو کاتەوەی کە “تاهیرە قەرە العەین” لە ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی گشتیی “بەدەشت”دا جیجابی فڕێدا و ڕوو بە ژنان و پیاوان قسەی کرد، تا بەدەسەڵات گەیشتنی حکوومەتی ئیسلامی لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ و لەو کاتەشەوە تا چوونە سەر سەکۆی ویدا مووەحد لە ڕۆژی شەشەمی بەفرانباری ١٣٩٦ لە کاتێکدا کە سەرپۆشەکەی بە دارێکەوە هەڵواسیبوو، تا شۆڕشی شکۆمەندی ژن، ژیان، ئازادی، خەبات و ناڕەزایەتی لە دژی بێ مافی ژنان بەردەوام بووە. لە ئاکامی ئەم خەبات و تێکۆشانە پڕ هەزینە و فیداکارانەدا، بە دڵنیاییەوە دەبێ بوترێت کە ڕژیم سەرەڕای کەڵک وەرگرتن لە هێزێکی پۆلیسی ڕێکخراو و گەشتی جۆراوجۆر و هێزی سەرکوتی ڕاهێنراو و هەروەها بەکارهێنانی هەموو جۆرە وەحشیگەری و دڵرەقییەک، لە زۆربەی بوارەکاندا و لەوانە سەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ژناندا، ڕسوا و شکستخواردووە.

هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی ژن، مەیدان و شەقامی شارەکانی جیهان ڕەنگ و بۆنێکی جیاواز بەخۆوە دەگرن. بەو هیوایەی کە ئەمساڵیش ئەرتەشی ملیۆنی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بڕژێنە سەر شەقامەکان و لە ڕیزی لێک هەڵپێکراودا، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە کوشتاری ژنان و منداڵان و خەڵکی بێ دیفاعی غەززە لە لایەن دەوڵەتی مەزهەبی و فاشیستی ئیسرائیلەوە هەڵبڕن و لە دژی هەڵسوکەوتی ستەمکارانە و نامرۆڤانەی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان لە ئەفغانستان و دیفاع لە خەباتی ژنانی ئازادیخوازی ئێران کە بوێرانە بەرەنگاری ڕژیمێکی کۆنەپەرست و مرۆڤکوژ بوونەتەوە، ناڕەزایەتی دەرببڕن و مژدەبەخشی جیهانێکی بەدوور لە شەڕ و کوشتار و ستەم و سەرکوت بن. کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتی وەحشیانەی ژنان و سیاسەت و فێڵ و فریوی هەڵاواردنی جێندەری، لە سەرجەم بوارەکاندا هەوڵیدا کاتژمێرەکانی زەمەن بەرەودواوە بگەڕێنێتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵە کۆنەپەرستانە، ڕەوتی بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی مێژوو بەردەوام بووە و بە حوکمی ئاڵوگۆڕە جیهانییە گرنگەکان و ئاستی بەرزی وشیاری مرۆڤەکان سەبارەت بە مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان، ئەم ڕژیمە کۆنپەرست و دژە ژنە، لەسەر ئاستی جیهاندا هەرچی زیاتر ڕسوا بووە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خستە ڕیزی دزێوترین حکومەتەکانی جیهانەوە. ئاڵوگۆڕێکی لەم چەشنە، ئەگەرچی بە قوربانی بوونی گەلێک مرۆڤی دڵ پڕ لە هیوا بە دواڕۆژێکی باشتر، هاتووەتە ئاراوە، بەڵام ئاسۆی سەرکەوتنی ژنانی ئێرانی لەم نەبەردە درێژخایەنەدا ڕووناکتر کردەوە.

 

کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە

 

٥ی مارسی

٢٠٢٤

 

 

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net