ڕاگەیەندراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ۱۱ی خەرمانانی ۱۴۰۵

چل و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

یازدەی خەرمانانی ۱۴۰۵، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران چل و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆی بەرز ڕادەگرێت و پێدەنێتە ناو چل و چوارەمین ساڵی ژیان و خەباتی خۆییەوە. لەم ڕۆژەدا، بەر لە هەر شتێک، یاد و بیرەوەریی سەرجەم ئەو هاوڕێیانە بەرز ڕادەگرین کە لە ڕێگەی ئازادی، یەکسانی، ڕزگاریی چینی کرێکار و کۆتایی هێنان بە ستەم و چەوسانەوە، گیان و ژیانی خۆیان بەختکرد. دروود دەنێرین بۆ ئەو کەسانەی کە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دا، بۆ ئەوانەی کە لەبەرامبەر پەتی سێدارە و دەستڕێژی گوللەی جەلاداندا وەستانەوە و هەروەها بۆ ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە لە سەنگەرەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، لە ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە نه‌بەرد لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمدا گیانیان بەختکرد. ئەوان نوێنەری ئامانجێکی زیندوون: ئامانجی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان، ئینسانیی و بەدوور لە چەوسانەوە. سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵە خۆڕاگر و سەربەرزەکانیان و ڕێز دەگرین لە خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی، هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، چالاکوانی ژنان، خوێندکاران، موعەلیمان، دادخوازان و سەرجەم ئەو مرۆڤانەی کە لە بەرامبەر دام و دەزگای سەرکوتدا ڕاوەستاون.

بەڵام ئەمڕۆ ئەم ساڵیادە لە دۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە خەڵکی ئێران لەگەڵ یەکێک لە دژوارترین و وێرانکەرترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیان ڕووبەڕوون. کۆماری ئیسلامی لە ململانێی شەڕێکی مەترسیدار لەگەڵ ئەمریکا، ئیسرائیل و ژمارەیەک لە دەوڵەتانی ناوچەکەدا گرفتار بووە. ئەم شەڕە، بەبێ ڕەچاوکردنی ناو و ڕوایەتگەلێکی کە لایەنە بەشدارەکان بەمەبەستی پاساوکردنی بەڕای گشتی دەگەیەنن، بەر لە هەر شتێک گیان، ئەمنییەت، بژێوی و داهاتووی خەڵکی ئاسایی دەخاتە مەترسییەوە. خەڵکێکی کە هیچ ڕۆڵێکیان لە بڕیارە شەڕخوازانەکاندا نەبووە، ئەمڕۆ بە لەدەستدانی ئەمنییەت، گرانی، بێکاریی، وێرانبوونی ژێرخانەکان و بێبەشیی بەردەوام باجەکەی دەدەن.

گەمارۆ و تێکچوونی چالاکیی بەندەرەکان، وەستان یان دابەزینی هەناردەی نەوت بۆ ئاستی سفر، پەرەسەندنی سزاکانی پێشوو، ئاستەم بوونی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان، تێکچوونی ڕەوتی هاوردەکردنی کەلوپەلی پێویست و زیادبوونی تێچووی گواستنەوە، ئابووریی قەیران‌لێدراوی ئێرانی بەرەو قۆناغێکی نوێ لە داڕمان بردووە. حکومەتێکی کە بە دەیان ساڵ سەرچاوە و سەروەتی گشتیی کۆمەڵگەی لەپێناو دام و دەزگای سەربازی، دامەزراوە ئەمنییەکان، پڕۆژە ئایدۆلۆژییەکان، گەندەڵیی پێکهاتەیی و سەرکێشییە ناوچەیییەکاندا بەفیڕۆ داوە، ئێستا هەوڵ دەدات بارگرانیی قەیرانەکە بە تەواوی بخاتە سەر شانی کرێکاران، مووچەخۆران، خانەنشینان، بێکاران، ژنانی سەرپەرشتی بنەماڵە و هەژارانی شار و گوندەکان.

هەڵاوسان ئیتر تەنیا وشەیەک نییە بۆ وەسفکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکان، بەڵکوو بووەتە پێناسەی دۆخی ڕۆژانەی ملیۆنان ئینسان. سفره‌ی خەڵک بچووکتر بووەتەوە، بەشێکی زۆری کۆمەڵگە ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە گۆشت، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، میوە، دەرمان و زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نەماوە. حەقدەستێکی کە پێشتریش وەڵامدەرەوەی تێچووەکانی ژیان نەبوو، ئێستا لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی خۆراک، کرێی خانوو، ئاو، بڕق، سووتەمەنی، دەرمان و پەروەردەدا، هێندەی تر بەهاکەی لەدەستداوە. ملیۆنان بنەماڵە بۆ دابینکردنی کرێی خانوو، کڕینی دەرمان یان خۆراکی منداڵەکانیان، ناچار بوون پەنا ببەنە بەر قەرزکردن، فروشتی کەلوپەلی پێویستی ناوماڵ، لابردنی دەرمان و پەروەردە و چەند جۆر ئیش و کاری تاقەتپڕوکێن.

لە ئاوا دۆخێکدا، یارانەی کەم و بەڵێنە بێ بنەماکانی حکومت نە تەنیا دەردێک دەوا ناکات، بەڵکوو بێڕێزییەکی ئاشکرایە بە کەرامەتی خەڵکێکی کە تێچووەکانی ژیانیان بەردەوام چەن هێندە بەرز دەبێتەوە. یارانەیەکی کە تەنانەت بەشێک لە هەزینەی ئاو و بڕق یان تێچووی هاتووچۆی خێزانێک دابین ناکات، ناتوانێت جێگەی حەقدەستێکی عادڵانە، دەستەبەری کۆمەڵایەتیی گشتگیر، دەرمانی خۆڕایی، پەروەردەی خاوەن کوالیتی و شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بگرێتەوە. کێشەی خەڵک سەدەقە و یارمەتیی دارایی نییە، بەڵکوو مەسەلە مافی ڕەوای ئەوانە بۆ بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی شایستە و ئینسانی.

کرێکارانێک کە چەندین مانگە حەقدەستیان پێنەدراوە، ئەو کرێکارە پەیمانکار و گرێبەستانەی کە بەردەوام لەگەڵ مەترسیی دەرکردن بەرەوڕوون، ئەو موعەلیمانەی کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ئەو پەرستارانەی کە بە حەقدەستێکی کەم و سەعات کاری تاقەتپڕوکێن، تەندروستیی کۆمەڵگە دەپارێزن، خانەنشینانێکی کە بەرهەمی تەمەنێک ڕەنج و کاریان بووەتە هەژاری و نیگەرانی و هەروەها ئەو گەنجانەی کە دوای چەندین ساڵ خوێندن هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کار و داهاتوو بەدیناکەن، هەموویان لە زومرەی قوربانیانی نەزمی ئابووری و سیاسیی زاڵن. پەراوێزنشینانێکی کە لە سەرەتایی‌ترین خزمەتگوزارییە شارییەکان بێبەشن، ژنانی سەرپەرشتی بنەماڵە کە لە بازاڕی کاری بێ حەقدەست و نائەمندا بەجێهێڵدراون، و منداڵانێکی کە لەگەڵ بەدخۆراکی و وازهێنان لە خوێندن بەرەوڕوو بونەتەوە، سیمای ڕاستەقینەی ئەم قەیرانە نیشان دەدەن.

کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات هۆکاری هەموو قەیرانەکە بگێڕێتەوە بۆ گوشارەکانیدوژمنی دەرەکی، بەڵام خەڵک بە دروستی ئەوە دەزانن کە سزاکان، شەڕ و گوشاری دەرەکی، لەسەر بەستێنی گەندەڵی، سەرکوت، ئابووریی ڕانتی، تاڵانکردنی سەروەت و سامانە گشتییەکان و ناکارامەیی پێکهاتەیی، کاریگەریی وێرانکەریان داناوە. بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخەی ئێستا تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ هێزە شەڕخوازە دەرەکییەکان، بەڵکوو بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆ و سەرەکی لە ئەستۆی حکومتێکە کە ژیان و داهاتووی خەڵکی لەپێناو مانەوەی خۆیدا بە بارمتە گرتووە. حکومتێکی کە توانای دابینکردنی ئاو، بڕق، دەرمان، کار و ئەمنییەتی ئابووری نییە، بەڵام بۆ پەرەپێدانی دەزگای سەرکوت، زیندان، سانسۆر و هێزە سەربازییەکان بەردەوام بودجە و ئیمکاناتی پێویستی هەیە.

لە بەرامبەر قەیرانی ئابووری و ناڕەزایەتیی بەربڵاودا، کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی نەک قبووڵکردنی مافی ناڕەزایەتی و وەڵامدانەوە بە ویست و داواکارییەکانی خەڵک، بەڵکوو بریتییە لە توندکردنەوەی کەشوهەوای پۆلیسی و ئەمنییەتی. دەستبەسەرکردنی چالاکوانی مەدەنی، کرێکاری و خوێندکاری، پەروەندەسازی، دەرکردنی سزای قورس، گوشار بۆ سەر بنەماڵە دادخوازەکان، سانسۆری ڕاگەیاندن، هەڕەشە لە ڕێکخراوە سەربەخۆکان و بەکارهێنانی سێدارە بەمەبەستی دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن، بەشێکن لە سیاستە بەردەوامەکانی ڕژێم. دەسەڵاتداران بە باشی دەزانن کە هەژاری، بێکاری و سووکایەتیی بەردەوام، بۆ هەمیشە تەحەمول ناکرێت. لەمڕووەوە، لەبری چارەسەرکردنی سەرچاوەی قەیرانەکە، هەوڵ دەدەن دەنگی ناڕەزایەتی کپ بکەن.

بەڵام سەرکوت نەک هەر نیشانەی هێز و هەیمەنەی ڕاستەقینە نییە، بەڵکوو نیشانەی ترسە لە کۆمەڵگەیەکی کە ئیتر ئامادە نییە ژیان و کەرامەتی خۆی بکاتە قوربانیی مانەوەی سیستەمێکی گەندەڵ و سەرکوتگەر. ئەزموونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بزووتنەوە کرێکارییەکان، خەباتی موعەلیمان و خانەنشینان، خەباتە سیاسی و مەدەنییە بەردەوامەکان لە کوردستان، ناڕەزایەتییەکانی ژنان و خەبات و خۆڕاگریی گەنجان نیشانی داوە کە کۆمەڵگەی ئێران تەژییە لە هێز و پۆتانسێلی زیندوو، وشیار و ئازادیخواز. ئەم خەباتانە، سەرەڕای هەموو گوشارەکان، نیشانیان داوە کە داواکارییە ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەکان بە زیندان و گوللە لەناو نابرێن.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ڕێگەی ڕزگاریی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بریتی نییە لە گەڕانەوە بۆ ستەم و زۆردارییەکانی ڕابردوو، بڕواکردن بە بەڵێنی هێزە ڕاستڕەو و سەرمایەدارەکان، بوون بە پاشکۆی هێزە دەرەکییەکان و سازشکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. ئازادیی ڕاستەقینە بەبێ یەکسانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەردەوام نابێت، و مافێکی لەو چەشنە بەبێ بەهرەمەندبوون لە ئازادییە سیاسییەکان، مافی ڕێکخستن، مافی مانگرتن، مافی ناڕەزایەتی، ئازادیی بیروڕا و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە ژێردەستەکان، هرگیز دەستەبەر نابێت.

ئێمە لەپێناو دامەزراندنی حکومەتی شۆڕایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بۆ وەدیهێنانی ئازادی و سۆسیالیزم خەبات دەکەین. سۆسیالیزم بۆ ئێمە دروشمێکی دوور لە واقیع نییە، بەڵکوو وەڵامدانەوەیە بە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەیەکی کە سەروەت و سامانەکەی لە دەستی کەمینەیەکی بچووک و دامەزراوە تاڵانچییەکاندا کەڵەکە بووە، لە حاڵێکدا زۆرینەی خەڵک لە سەرەتایی‌ترین ئیمکاناتی ژیان بێبەشن. سۆسیالیزمواتەسەرچاوەسروشتییەکان،پیشەسازییەگەورەکان،بانکەکان،زەوییوزار

وسامانەگشتییەکاندەبێتلەخزمەتبەرژەوەندییهاوبەشیکۆمەڵگەدابێت،نەکقازانجودەسەڵاتیکەمینەیەک.

سۆسیالیزم واتە کۆتایی هێنان بە ئابوورییەکی کە مرۆڤ بە ئامرازی قازانج دەزانێت. واتە بەرنامەرێژییەکی دیموکراتیک و وشیارانە بۆ بەرهەمهێنان و دابەشکردن لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی کۆمەڵگە، نەک بڕیاردان لە پشت دەرگا داخراوەکان لەلایەن سەرمایەداران، بوروکراتەکان و دامەزراوە نیزامییەکانەوە. واتە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، دەرمان، پەروەردە، بیمەی بێکاری و خانەنشینیی شایستە بۆ هەمووان، واتە یەکسانیی تەواوی ژن و پیاو لە یاسا، کار، لەناو بنەماڵە و کۆمەڵگەدا، واتە جیاکردنەوەی بەتەواوەتی ئایین لە دەوڵەت و پەروەردە، واتە هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە، ئەشکەنجە و هەر چەشنە سەرکوتکردنێکی بیروباوەڕە، واتە بەفەرمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە ژێردەستەکان و کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی نەتەوەیی، ئایینی و زمانیی.

سۆسیالیزم واتە ڕێکخستنی کار و بەرهەمهێنان بە جۆرێک کە گەشەی تەکنەلۆژیا لەبری بێکارکردن و هەژارترکردنی مرۆڤەکان، بکەوێتە خزمەت کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار، زیاترکردنی کاتی پشوو، پەروەردە، فەرهەنگ، تەندروستی و گەشە و پشکوتنی تواناکانی مرۆڤ. واتە کۆمەڵگەیەکی کە تێیدا منداڵان نەبنە قوربانیی هەژاریی بنەماڵە، بەساڵاچووان بەوپەڕی ڕێز و کەرامەتەوە بژین، نەخۆشەکان بەهۆی دەستکورتیی دارایی لە دەرمان بێبەش نەبن و هیچ کەسێک ناچار نەبێت بۆ زیندومانەوە هێزی کاری خۆی لە دۆخێکی سووکایەتی ئامێزدا بفڕۆشێت. ئاسۆی ئێمە کۆمەڵگەیەکە کە تێیداگەشەی ئازادی هەر تاکێک، مەرجی گەشەی ئازادی همووانبێت.

ڕێگەی گەیشتن بەم ئاسۆیە لە ڕێکخستنی وشیارانە و یەکگرتووانەوە تێدەپەڕێت. بزووتنەوەی کرێکاریی، بزووتنەوەی ژنان، خەباتی موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینان، خوێندکاران، گەنجان، خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی تر، هێزی بەرینی وەرچەرخان و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی داهاتووی ئێرانن. بەیەکەوە گرێدانی ئەم بزووتنەوانە، هاوپشتیی و هاوخەباتی نێوانیان، هێنانەئارای ویست داواکارییە هاوبەشەکان و پێکهێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆ و بەردەوامەکان، پێویستییەکی سەرەکی و حاشاهەڵنەگرە. چینی کرێکار، بەهۆی جێگە و پێگەی لە بەرهەمهێنان و توانای بۆ لەکارخستنی ڕەوڕەوەی قازانج و چەوسانەوە، خاوەنی ڕۆڵێکی دیاریکەرە لەم ئاراستەیەدا.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران خۆی بە بەشێک لە هەوڵدان بۆ شکڵگرتنی ڕێبەرییەکی سەراسەری، ئینتەرناسیۆنالیست، غەیرە سێکتاریست و پشتبەستوو بە سۆسیالیزمی زانستیی گونجاو لەگەڵ واقیعەکانی سەدەی بیست و یەکەم دەزانێت. ڕێبەرییەکی کە بتوانێت خەباتە لێکدابڕاو و پرشوبڵاوەکان بکات بە هێزێکی ڕێکخراو، بەرگری بکات لە سەربەخۆیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێگەچارەی ڕوون بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی بخاتە ڕوو، و ڕێگری بکات لەوەی کە بەرهەمی خەبات و فیداکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵک جارێکی تر لەلایەن هێزە کۆنەپەرست، سەرمایەدار و پاشکۆکانەوە دەستی بەسەردا بگیرێت.

لە چل و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، جارێکی تر لەگەڵ سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگەی ئازادی و سۆسیالیزم پەیمان نوێ دەکەینەوە کە لەسەر درێژەدان بە خەبات لەپێناو ڕزگاریی مرۆڤ لە ستەم و چەوسانەوە، هەڵاواردن، هەژاری و زۆرداری بەردەوام دەبین. ئێمە بڕوای تەواومان هەیە بە هێزی ڕێکخراوی جەماوەر، بە هاوپشتیی چینایەتی، بە خەباتی وشیارانە و بە داهاتوویەکی ئازاد و یەکسان.

بژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران!

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم!

کۆمیته‌ی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران خەرمانانی ۱۴۰۵

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net