کۆمۆنی پاریس، شکۆی ئەزموونێکی کرێکاری و وانەکانی شکستهێنانی

هەفتەی کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢٦ هاوکاتە لەگەڵ سەد و پەنجا و پێنجەمین ساڵیادی شکستی کۆمۆنی پاریس، ڕووداوێکی کە تەنانەت دوای زیاتر لە سەدە و نیوێک، هێشتا لە یادەوەریی مێژوویی بزووتنەوەی کرێکاری و عەداڵەتخوازی جیهاندا بە زیندوویی ماوەتەوە. کۆمۆنی پاریس یەکەمین ئەزموونی گەورەی چینی کرێکار بوو بۆ گرتنەدەستی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی سیاسی و ڕێکخستنی کۆمەڵگەیەکی نوێ لەسەر بنەمای یەکسانی، دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و بەشداریی جەماوەریی. هەر ئەم تایبەتمەندییەشە وای لێکردووە ببێتە یەکێک لە درەوشاوەترین و لە هەمانکاتدا بەئازارترین وەرزەکانی مێژووی خەباتە کۆمەڵایەتییەکان.

کۆمۆنی پاریس لە بۆشاییدا دروست نەبوو. سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەندین دەیە خەباتی چینایەتی، قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی فەڕانسە، شۆڕشەکانی ١٨٤٨، گەشەی بزووتنەوە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان دژ بە دەسەڵاتی بۆرژوازی. لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٨٥٠ تا کۆتایی دەیەی ١٨٦٠، فەڕانسە شایەتی مانگرتن، خۆپیشاندان و پێکهاتنی ناوەندە کرێکارییەکان بوو. چینی کرێکاری شاریی، بەتایبەت لە پاریس، چیتر تەنها هێزێکی بێدەنگ و پرشوبڵاو نەبوو؛ بەڵکوو بەرەبەرە دەبووە هێزێکی سیاسی کە خوازیاری دەخالەتی ڕاستەوخۆ بوو لە چارەنووسی کۆمەڵگەدا.

بەڵام سەرەنجام چەخماخەکەی لە قەیرانی شەڕی نێوان فەڕانسە و پڕۆسەوە لێدرا. شکستی قورسی سپای فەڕانسە لە بەرامبەر پڕۆس، ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ناپۆلیۆنی سێیەم و پێشڕەویی هێزەکانی پڕۆس تا نزیک پاریس، کۆمەڵگەی فەڕانسەی خستە ناو قەیرانێکی قووڵەوە. دەوڵەتی بۆرژوازی فەڕانسە لە بەرامبەر ئەم قەیرانەدا، لەبری ئەوەی پشت بە جەماوەر ببەستێت، پایتەختی جێهێشت و بەرەو ڤێرسای ڕایکرد. بەڵام کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، ڕۆشنبیرانی ڕادیکاڵ و خەڵکی پاریس خۆیان بەدەستەوە نەدا. ئەوان ئەرکی بەرگریکردن لە شارەکەیان گرتە ئەستۆ و لە دڵی ئەم خۆڕاگرییەدا، کۆمۆنی پاریس لەدایکبوو.

دەوڵەتی فەڕانسە کە تا دوێنێ لەگەڵ پڕۆس لە شەڕدا بوو، بەمەبەستی سەرکوتکردنی کرێکارانی پاریس لەگەڵ هەمان دوژمنی دوێنێیدا هاوپەیمانی بەست. پڕۆسییەکان دەیان هەزار دیلی شەڕی فەڕانسەیان ئازاد کرد تا دەوڵەتی ڤێرسای بتوانێت سپایەکی تازەنەفەس بۆ هێرشکردنە سەر پاریس ڕێکبخات. ئەم هاوپەیمانییە چینایەتییە فرەنەتەوەییە، یەکێک بوو لە گرنگترین وانەکانی کۆمۆن: کاتێک نەزمی سەرمایەداری و خاوەندارێتی چینایەتی دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆرژوازی تەنانەت سنوورە نەتەوەییەکان و دوژمنایەتییە سیاسییەکانی خۆشی وەلا دەنێت تا بزووتنەوەی کرێکاری تێکبشکێنێت.

کۆمۆنی پاریس لە بەهاری ١٨٧١دا گەیشتە دەسەڵات و لە ماوەی نزیکەی حەفتا و دوو ڕۆژدا، وێنەیەکی لە کۆمەڵگەیەکی جیاواز پێشکەش کرد. ئەم ئەزموونە کورت بەڵام قووڵە نیشانی دا کە کرێکاران و خەڵکی ئاسایی نەک هەر توانای ناڕەزایەتی دەربڕینیان هەیە، بەڵکوو دەتوانن کۆمەڵگەش بەڕێوە ببەن. کۆمۆن سپای پیشەیی هەڵوەشاندەوە و ئەرکی بەرگریکردن لە شاری سپارد بە جەماوەری چەکدار. حەقدەستە زۆر و زەوەندەکانی بەرپرسان هەڵوەشێندرایەوە و بڕیار درا کە هیچ بەرپرسێکی دەوڵەتی نابێت لە  کرێکارێکی لێهاتوو زیاتر حەقدەست وەربگرێت. بەرپرسانی جێبەجێکردن و دادوەری دەبوو لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دیاری بکرێن و لە هەر خەڵک ئیرادەی کردبا دەکرا لەسەر کار لابرێن. ئەم ئەسڵە، کەلێنێکی بنەڕەتی لەگەڵ دەوڵەتە بیرۆکراسییەکانی جیاواز لە خەڵکی دروست دەکرد.

کۆمۆن هەروەها سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندەوە و گیووتین، کە هێمای توندوتیژیی دەوڵەتی بوو، لەبەرچاوی خەڵک ئاگری تێبەردرا. خوێندنی بێبەرامبەر و سیکۆلار خرایە بەرنامەی کارەوە. دەستی کەنیسەکان لە خوێندن و دادوەری کورتکرایەوە و ئایین بۆ پرسێکی تایبەتیی کەسەکان. ئەو کارگانەی کە خاوەنەکانیان لە پاریس هەڵاتبوون، سپێردران بە ئەنجومەنە کرێکارییەکان. ئەم هەنگاوانە ئەگەرچی لە ماوەیەکی کورت و لەژێر فشاری شەڕی ناوخۆییدا ئەنجام دران، بەڵام نیشاندەری ئاسۆیەکی تەواو جیاواز بوون لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەکی کە تێیدا دەسەڵاتی سیاسی، سامان، خوێندن و بەرهەمهێنان دەکرا لە قۆرخی چینە باڵادەستەکان بێتە دەرێ.

پێکهاتەی سیاسیی کۆمۆنیش لەگەڵ دەوڵەتەکانی پێش خۆی جیاوازییەکی بنەڕەتی هەبوو. ئەندامانی کۆمۆن لە گەڕەکەکانەوە هەڵدەبژێردران، لەبەردەم خەڵکدا وەڵامدەرەوە بوون و هەر کاتێک خەڵک بیانویستبایە دیانتوانی لەسەر کار لایان ببەن. سنووری نێوان یاسادانان و جێبەجێکردن تا ئاستێکی زۆر لەناوچووبوو. بە واتایەکی تر، کۆمۆن هەوڵێک بوو بۆ تێکشکاندنی دەزگای کۆنی دەوڵەتیی و جێگرتنەوەی بە شێوازێک لە دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و شۆڕایی. کارڵ مارکس دواتر هەر ئەم تایبەتمەندییەی بە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی کۆمۆن زانی: “چینی کرێکار ناتوانێت تەنها دام و دەزگای دەوڵەتیی ئامادەک کۆنتڕۆڵ بکات و بیخاتە خزمەت خۆیەوە، بەڵکوو دەبێت شێوازێکی نوێ لە دەسەڵاتی سیاسی بخوڵقێنێت.

بە هەموو ئەمانەشەوە، کۆمۆن شکستی هێنا. شکستهێنانەکەی تەنها ئاکامی هێزی سەربازیی دوژمن نەبوو، هەرچەندە ئەم هۆکارە زۆر یەکلاکەرەوە بوو. سپای ڤێرسای بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی پڕۆس، هێرشی کردە سەر پاریس و لە هەفتەی خوێناویی مانگی ئایاری ١٨٧١دا، کۆمۆنارەکانی لە شەقامەکاندا خەڵتانی خوێن کرد. هەزاران کەس کوژران، دەوترێت نزیکەی حەفدە هەزار کرێکار و خەباتکار لە شەقامەکاندا کۆمەڵکوژ کران و هەزاران کەسی تریش لەسێدارە دران، زیندانی کران یان دوورخرانەوە. بەڵام بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی شکستەکە، پێویستە بدرێتە سەر خاڵە لاوازە ناوخۆییەکانی کۆمۆنیش لەبەرچاو بگیرێت.

یەکێک لە گرنگترین خاڵە لاوازەکان، نەبوونی ڕێکخراوێکی سیاسیی یەکگرتوو و سەرتاسەری بوو. کۆمۆن لە چەندین هێزی جیاوازی وەک سۆسیالیستەکان، ئەنارشیستەکان، کۆماریخواهانە ڕادیکاڵەکان، کرێکارانی ڕێکخراو و ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕ پێکهاتبوو. ئەم جیاوازییە لە لایەکەوە خاڵی بەهێز بوو، چونکە نیشاندەری بەشداریی بەربڵاوی هێزە کۆمەڵایەتییەکان بوو، بەڵام لە لایەکی ترەوە، لە ساتە هەستیارەکانی بڕیارداندا، ڕێگر بوو لە گرتنەبەری سیاسەتێکی لێبڕاوانە و هاوئاهەنگ. کۆمۆن نەیتوانی بە خێرایی و بە یەکگرتوویی پێویستەوە، دەستپێشخەریی سەربازی و سیاسی بگرێتە دەست.

خاڵی لاوازی دووەم، بریتی بوو لە دوودڵی و ڕاڕایی سەبارەت بە ڕووبەڕوبوونەوە بە شێوەیەکی لێبڕاوانە لەگەڵ دەوڵەتی ڤێرسای. کۆمۆن دوای سەرکوتنی سەرەتایی، دەرفەتی ئەوەی هەبوو کە پێش لە خۆڕێکخستنەوەی دوژمن، هێرش بکاتە سەر ڤێرسای و ناوەندی دژەشۆڕش لەکار بخات. بەڵام ئەم کارە زۆر درەنگ و بە دوودڵی و ناهەماهەنگییەوە ئەنجام درا. هەر ئەمەش دەرفەتی دا بە دەوڵەتی هەڵاتوو بۆ ئەوەی سپاکەی خۆی سەرلەنوێ ڕێکبخاتەوە و بە یارمەتیی پڕۆس، خۆی بۆ هێرشی کۆتایی ئامادە بکات.

هۆکاری سێیەم، گۆشەگیریی ڕێژەیی کۆمۆن بوو. ئەگەرچی پاریس دڵی شۆڕشگێڕیی فەڕانسە بوو، بەڵام بزووتنەوەکە بە پێی پێویست شار و ناوچە کرێکارییەکانی دیکەی نەگرتبۆوە. لە شارەکانی وەک لیۆن و مارسێی هەندێک هەوڵ دران، بەڵام بەردەوام نەبوو. بەبێ پەرەسەندنی شۆڕش بۆ سەرتاسەری وڵات، پاریس کەوتە ناو گەمارۆیەکی سیاسی و سەربازییەوە. ئەم ئەزموونە نیشانی دا کە تەنانەت ڕادیکاڵترین و پێشڕەوترین بزووتنەوەکانیش ئەگەر لە سنوورێکی جوگرافیاییدا گۆشەگیر ببن، لە بەرامبەر هێزی یەکگرتووی دەوڵەت و سەرمایەدا لاواز دەردەکەون.

وانەکانی کۆمۆنی پاریس بۆ ئه‌مڕۆش هێشتا زیندوون. جیهانی ئێستا، سەرەڕای جیاوازییە مێژووییە گەورەکان، سەرلەنوێ لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی قووڵی سەرمایەداری بەرەوڕوو بووەتەوە. نایەکسانیی ڕۆژلەدوای ڕۆژ، شەڕ  ململانێ وێرانکەرەکان، بەتایبەتکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، تێکدانی ژینگە، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکان و پەرەسەندنی شێوازی نوێی هەژاری، بوونەتە دیاردەیەکی ئاسایی. وەک چۆن لە ساڵی ١٨٧١دا بۆرژوازی فەڕانسە و پڕۆس بۆ سەرکوتکردنی کرێکاران یەکیان گرت، ئەمڕۆش دەوڵەتەکان و هێزە سەرمایەدارییەکان، سەرەڕای کێبڕکێ سیاسی و ژیۆپۆلەتیکییەکانیان، لە بەرامبەر بزووتنەوە ڕادیکاڵە کرێکاری و جەماوەرییەکاندا، لۆژیکی هاوبەشیان بریتییە لە پاراستنی نەزمی هەبوو.

کۆمۆن ئەو وانەیەمان فێر دەکات کە خەبات لەپێناو عەداڵەتی کۆمەڵایەتی ناتوانێت تەنها لە ئاستی ناڕەزایەتیی پرشوبڵاودا بمێنێتەوە. ڕێکخراوبوون، لێک هەڵپێکانی ویست و داواکارییە ئابووری و سیاسییەکان، دروستکردنی دامەزراوە سەربەخۆ جەماوەری و کرێکارییەکان و پەرەپێدانی هاوپشتیی و هاوخەباتییەکی واوەتر لە سنوورە لۆکاڵی و نەتەوەییەکان، مەرجی مانەوە و پێشڕەویی بزووتنەوەکانە. کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، ژنان، گەنجان، بێکاران و پەراوێزنشینان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئەگەر لە جیا لە یەکتر بن، ئاسانتر سەرکوت دەکرێن، بەڵام ئەگەر ویست و داواکارییەکانیان بە ئاسۆیەکی هاوبەشەوە گرێ بدەن، دەتوانن ببنە هێزێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە.

کۆمۆن هەروەها گرنگیی دیموکراسی لە خوارەوەمان بیردەخاتەوە. ئەزموونی ئەو نیشانی دا کە ئەڵتەرناتیڤی نەزمی هەبوو تەنها بریتی نییە لە گۆڕینی دەموچاوەکانی ناو بازنەی دەسەڵات، بەڵکو دەبێت شێوازی دەسەڵات، شێوازی بڕیاردان و پێوەندیی خەڵک لەگەڵ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا بگۆڕدرێت. هەڵبژێردراوبوونی بەرپرسان، وەڵامدەرەوەیی هەمیشەیی، مافی لەسەرکار لابردن، سنووردارکردنی مووچەی بەرپرسان، کۆنتڕۆڵی جەماوەری بەسەر سەرچاوە گشتییەکاندا و دەخالەتی ڕاستەوخۆی زەحمەتکێشان لە بڕیارەکاندا، بابەتگەلێکی سەر بە ڕابردوو نین، ئەمانە هێشتا لە زومرەی بنەڕەتیترین داواکارییەکانی هەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریبەخشن.

لە هەمان کاتدا، شکستی کۆمۆن هۆشداری دەدات کە بوێری و فیداکاری بەتەنیایی بەس نییە. بزووتنەوە جەماوەرییەکان بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن، پێویستیان بە ڕێکخراو، ستراتیژی، ئامادەیی، پێوەندی سەرتاسەری و توانای بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی خۆیان هەیە. دوژمنانی ئازادی و یەکسانی، کاتێک بەرژەوەندییەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە، لە هیچ توندوتیژییەک دەست ناپارێزن. هەفتەی خوێناویی پاریس بیرهێنەرەوەی هەر ئەم ڕاستییە تاڵەیە.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، کۆمۆن شکستی هێنا، بەڵام لەناو نەچوو. ئەوەی لە شەقامەکانی پاریسدا خەڵتانی خوێن کرا، لە یادەوەریی مێژوودا بە زیندوویی مایەوە و بووە ئیلهامبەخشی نەوەکانی دواتر. کۆمۆن نیشانی دا کە جیهانێکی تر مومکینە، جیهانێکی کە تێیدا کرێکاران و خەڵکی بێبەش نەک بابەتی بەزەیی، بەڵکوو سازێنەرانی وشیاری چارەنووسی خۆیان بن. لە ساڵیادی شکستی کۆمۆندا، یادکردنەوە لە کۆمۆنارەکانی پاریس بانگەوازێکە بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ئه‌مڕۆ و دروستکردنی داهاتوویەکی مرۆییتر، یەکسانتر و ئازادتر.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net