برینداربوونی پێنج کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و سەوڵاوا
12:40 – 13 March 2024
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣
پێنج کۆڵبەر بە ناوەکانی مەنسوور عەزیزی، زانیار ئیسماعیلپوور، سەید ئەنوەر هاشمی، لەتیف ڕەشیدی و ئەنوەر قەدەمی لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری (حرسالحدود) عێراق و هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بریندارکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٢ی مارسی ٢٠٢٤)، مەنسوور عەزیزی، کۆڵبەری خەڵکی شاری سەوڵاوا، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکانی تەتەی هەورامان بە سەختی بریندار بووە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو کۆڵبەرە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بە ئۆرژانسی هەوایی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە گواستراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١١ی مارس)، زانیار ئیسماعیلپوور، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، لە سنووری هەنگەژاڵی بانە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور (حرسالحدود) ی عێراقەوە دەستبەسەرکراوە و دراوەتە بەر لێدان و کوتانی ئەو هێزانە و دەستی ڕاستی بریندارکراوە.
هەروەها و هەر لەو ڕۆژەدا (١١ی مارس)، لە ڕەوتی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرەکان، سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی سەید ئەنوەر هاشمی تەمەن ٤٠ ساڵ، لەتیف ڕەشیدی و ئەنوەر قەدەمی تەمەن ٤٢ ساڵ، هەر سێ خەڵکی بەشی زێویەی سەر بە شاری سەقز بریندارکران.