بەرز و بەڕیز بێت سالیادی مانگرتنی گشتی ٢٣ ی گوڵانی

ئامادە کردنی: پەیمان

رۆژی ٢٣ی مانگی گوڵان، ساڵیادی  مانگرتنی شکۆداری گشتی جەماوەری خەڵکی کوردستانە. ١٤ ساڵ لەمەوبەر لەوەها رۆژێکدا، لاپەڕەیەکی دیکە لە مێژووی درەوشاوەی خەباتی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان هەڵدرایەوە. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە باکوور تا باشوور، وەڵامی بانگەوازی مانگرتنی گشتیان دایەوە و لە حەرەکەتێکی هاوئاهەنگ و لێبڕاوانەدا، دەنگی زوڵاڵی خۆیان دژبە ئێعدامی« فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، مێهدی ئیسلامیان، شیرین عەلەم هولی، و فەرهاد وەکیلی» بەرز کردەوە و کوردستان شاهیدی مانگرتنێکییەکگرتوانە بوو. بانگەوازی کۆمەڵە بۆ مانگرتنی گشتی لەم رۆژەدا، لەگەڵ پشتیوانی و هاوئاهەنگی حیزب و هێزە سیاسیەکانی کوردستان و پێشوازی و هاوڕێیەتی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ئێران بەرەوڕوو بوو. کرێکارانی کارگاکان و ناوەندەکانی بەهەرم هێنان و خزمەتگوزاری، مانیان گرت. کاسبکارانی بازاڕ دوکانەکانیان داخست، کارمەندەکان لەبەشی دەوڵەتی و خسوسی نەچوونە سەر کارەکانیان، خوێندکاران لە مەدرەسەکان و زانکۆکان کەلاسەکانی دەرسیان تەعتیل کرد.

بڕیاری ئێعدامی« فەرزاد کەمانگەر» و ٤ تێکۆشەری سیاسی بەندکراو، لە سەرووترین ئاستی حکومەتیدا و لەلایەن شەخسی خامنەییەوە دەرچووبوو. هەڵبژاردنی ساڵیادی سەفەری خامنەیی بۆ پارێزگای کوردستان، بۆ بەڕێوەبردنی ئەم جینایەتە، بە هەڵکەوت نەبوو. چەند رۆژ پێشتری، بەرپرسانی رژیم، لە پارێزگای کوردستان، بە شار و دێهاتەکاندا دەگەڕان و تەبلیغی ساڵیادی هاتنی خامنەیی‌یان بۆ کوردستان دەکرد و وەکوو « مانگی گوڵانی بۆن خۆش» ناویان لێ دەبرد و بەمجۆرە زەمینەی خوڵقاندنی ئەم کارەساتەیان خۆش دەکرد. بەرپرسانی رژیم بەباشی، دەیانزانی کەیەک ساڵدوای سەفەری پڕ هەراوهوریای خامنەیی بۆ پارێزگای کوردستان، کاربەدەستانی رژیم نەک هەر نەیانتوانیوە وەڵامی بێزاری خەڵک بدەنەوە، بەڵکوو زیاتر لە جاران تەریک کەوتۆتەوە.

بەرپرسانی رژیم رێک لە ساڵیادی ئەم سەفەرەدا، پلانی« گوڵانی خوێناویان » داڕشت و بە ئاکامیان گەیاند. دەرکردنی حوکمی کوشتنی لاوان لەلایەن خامنەییەوە نیشانیدا، ئەوەی بەناوی« گوڵانی بۆن خۆش » بیریان لێ کردبۆوە، لایەنێکی دیکەی هەر ئەو سیاسەتەیە کە ساڵی پێشتری گرتبوویانە بەر.

بەڵام مانگرتنی گشتی ٢٣ی مانگی گوڵانی ١٣٨٩ هەموو حیساباتەکانی رژیمی جینایەتکاری تێکدا.

کوشتنی ٥ لاوی زیندانی سیاسی نەک نەیتوانی خەڵکی کوردستان چاوترسێن بکات بەڵکوو، ئاوری توڕەیی ئەوانی، بڵێسەدارتر کرد. خەڵکی کوردستان دەیانزانی کە ئەگەر هیوایەک بۆ نەجاتی گیانی ئازیزانی دیکەی ئەسیری دەستی رژیمیان هەبێ، هەر لەم رێگایەوە تێپەڕ دەبێت. مانگرتنی گشتی ٢٣ی مانگی گوڵان، وڵامێکی ددان شکێن بوو کە خەڵکی کوردستان بە خامنەیی و بە سەرجەم رژیمی کۆماری ئیسلامیان دایەوە. ئێعدامی ئەم ٥ تێکۆشەرە ئەسیرە، شەپۆلێک لە نەفرەت و بێزاری لە دژی رژیم لەناو خەڵکی کوردستان و سەراسەری ئێران و لە ئاستی جیهانیدا خستە رێ. ئەم حەرەکەتە بەرباڵاو و لێبڕاوانەیە کەڕێک لەکاتی پێویستی خۆیدا بەڕێووە چوو، نیشانیدا کە رژیم تووشی چ هەڵەیەک بووە، لەوەدا کە ئاستی کاردانەوەی جەماوەری بە کەم گرتووە. خەڵکی کوردستان نیشانیاندا کە پەلامار بردن بۆسەر گیانی رۆڵەکانی ئەسیری ئەوان هەزینەیەکی قورسی بۆ خامنەیی و دارودەستەکەی لەناو حکومەتدا دەبێت. بەم حەرەکەتە رژیم ئەو راستیەی لێ حاڵی بوو کە ناتوانێ زیندانیانی سیاسییەک بەیەک و دەستە دەستە ئێعدام بکات بۆ ئەوەی جەماوەر لە دەرەوەی زیندان پێ بترسێنێت و خۆی لە دەرئەنجامەکانی دەرباز بکات. کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز و خەباتکار لەکوردستان و لە سەراسەری ئێران، لاوانی ئەسیری خۆیان لە داوی ئەو رژیمەدا بەتەنیا بەجێناهێڵن.

مانگرتنییەکگرتوانە، رێکخراو و بوێرانەی خەڵکی کوردستان نیشانیدا کە ئەو دەورانە تێپەڕیوە کە بە فەرمانی خومەینی ٥ هەزار زیندانی سیاسی لە ماوەی ٢ مانگدا لە ساڵی ١٣٦٧ ئێعدام بکرێن و خەڵکی ئازاردیتوو لەشەڕ و لە دیکتاتۆریەتی رژیم ئیمکانی کاردانەوەیەکی بەربڵاو و بەهێزیان نەبێت. مانگرتنی گشتی لە کوردستان و پەرەسەندنی بۆ هەندێک لە شارەکانی دەوروبەری پارێزگا کوردنشینەکان، کە هاودەردیەکی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی لە باقی شوێنەکانی ئێران بەشوێنەوە بوو، نیشانیدا کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لاوانی ئەو خەڵکە لە زیندانەکاندا لەمافی ژین بێبەش کات و خۆی وەکوو بەرزەکی بانان بۆی دەرچیت.

بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەم مانگرتنە گشتیە پێوەندی خۆی لەگەڵ خەباتی سەراسەری کرێکاران، ژنان، خوێندکاران و هەموو خەڵکی ئازادیخوازی ئێران پتەوتر کرد. خرۆشی خەڵکی کوردستان لەڕێگەی ئەم مانگرتنەیەکگرتوانە و لێبڕاوانەیە بە گوێی هەمووخەڵکی ئێران و جیهان گەیشت. ئەم حەرەکەتە بە دوژمنی نیشاندا کە نوقمی چ دەریایەک لە نەفرەت و بێزاری خەڵک بووە.

لە حاڵێکدا کە خۆپێشاندانی سەر شەقامەکان بەرامبەر بە وەحشیگەری رژیمێکی بریندار لە رووی خەسارەتی ئینسانیەوە هەزینەیەکی زۆری هەبوو، مانگرتن وەکوو شکڵێک لە دەربڕینی ناڕەزایەتی کە تێیدا دروشم و سیاسەتەکانی لە رێگەی کردەوەیەکی گشتی و جەماوەری دەبێت بە هێزێکی ماددی، رێگایەکە بۆئەوەی رژیم بکێشێنێتە جەرگەی شەڕێکی فەرسایشی و زەوینگیری بکات، و زەمینەی هەڵگرتنی هەنگاوەکانی دوایی خۆشبکات. خەڵکی کوردستان بە بەکارهێنانی تاکتیکی مانگرتنی گشتی ئیمکانی حەرەکەتی هێزەکانی دوژمنیان بەرتەسک کردەوە و رێگای پووچەڵ کردنەوەی توانایی هێزی سەرکوتگەری رژیمیان بە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران نیشاندا.

  نمونەکەشی لە ئاخێزەکانی دواتر، و بەتایبەت، لە ئاخێز و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، کە دوای کوشتنی جەنایەتکارانەیژینا ئەمەینیلە کوردستان و لە سەرتاسەری ئێراندا کەوتە ڕی، دەتوانین ببینین.

لە ساڵیادی ئەم رۆژە شکۆدار و مێژوویەدایادی« فەرزاد کەمانگەر» و هاو زەنجیرانی کە دلێرانە بەرامبەر بە دوژمنی هار و دەڕەندە خۆڕاگریان کرد و گیانی خۆیان لە پێناوی ئەم خۆڕاگریەدا دانا، و سەرجەم گیانبەخت کردوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان رێز لێدەگرین و دروود دەنێرین بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان کە بەمجۆرە و بە شێوەیەکی وەها شکۆدار رێزیان لە رۆڵە گیانبەختکردووەکانیاندەگرن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net