ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە حوکمی نامرۆڤانەی ئێعدام بۆ پەخشان عەزیزی و هەڵسووڕاوانی تری سیاسی
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، خولێکی نوێی دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدانی بۆ هەڵسووڕاوانی زیندانی، دەست پێکردووە. لە نوێترین نموونەدا حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵاوە پشتڕاستکراوەتەوە و ئێستا ئیتر لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، مەترسی جێبەجێکردنی ئەم حوکمە جینایەتکارانەیە، زیاتر دەبێت.
پەخشان عەزیزی ژنێکی تێکۆشەرە کە بەشێک لە ژیان و چالاکییەکانی لە ڕۆژئاوا لە پێناو یارمەتی خەڵکی ستەملێکراوی ئەو ناوچەیە و لە دژی گرووپی جینایەتکاری داعش بەسەر بردووە. ئەم ژنە تێکۆشەرە چەندین مانگە لە زیندانەکانی ڕژیمدا ئەشکەنجە دەدرێت و لەبەرامبەر پەروەندەیەکی هەڵبەستراوی کە لەژێر ئەشکەنجەدا لە دژی دروستکراوە، خۆڕاگریی دەکات. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێران خەبات و تێکۆشانی ئەم ژنە گەنجە بەرز دەنرخێنن و ڕێزی لێدەگرن. لە ڕوانگەی خەڵکی کوردستانەوە ناوبراو قارەمان و تێکۆشەرێکی پێشڕەو بووە کە لە پێناو گەیشتن بە ئارمانە ئینسانییەکانیدا تەنانەت سنوورەکانی ئێرانیشی تێپەڕاندووە.
ڕێژیمی ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا حوکمێکی لەم چەشنە لەدژی پەخشان عەزیزی لە دادگای باڵای نیزامە ڕزیوەکەیدا پشتڕاست دەکاتەوە کە بەهۆی خەبات و خۆڕاگری جەماوەریی کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران، ژنانی ئازادپۆش و دادخوازان، تەنگی پێ هەڵچنراوە و ترسی ڕووخان و داڕمان، خەوی لە چاوی زڕاندووە. ڕێژیم پێی وایە کە بەم هەوڵانە دەتوانێت مەترسی داڕمان و ڕووخان لە خۆی دوور بخاتەوە، بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئەمڕۆ ئیتر خەڵک دیوارەکانی سیاسەتی ترس و تۆقاندنی تێکشکاندووە و دەرکردنی حوکمی نامرۆڤانەی لەم چەشنە، نەک هەر خەڵک چاوترسێن ناکات بەڵکوو ئاگری ڕق و تووڕەیی جەماوەر خۆشتر دەکات و کابوسی کۆماری ئیسلامی لە واقیع نزیکتر دەکاتەوە.
واقیعییەت ئەوەیە، لە هەلومەرجێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە هەر بوارێکەوە لەگەڵ بنبەستی سیاسیی بەرەوڕوو بووەتەوە، توندتر کردنەوەی ئەم ڕێوشوێنانە، بەشێکن لەو هەوڵە بەربڵاوە سەرکوتگەرانەی کە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بەرنامەڕێژی کراوە. دەسەڵاتێکی کە لەناو زۆرینەی دانیشتوانی کۆمەڵگادا هیچ شەرعیەتێکی نییە، دەسەڵاتێکی کە ژیانی لە کرێکاران و زەحمەتکێشان کردووە بە دۆزەخ و دەیان ملیۆن کەسی بە چەندین قات خستووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، دەسەڵاتێکی کە هیچ پلانێکی بۆ داهاتووی ملیۆنان گەنجی بێکار و خوێندەواری زانکۆ نییە، دەسەڵاتێکی کە سیستەمێکی نامرۆڤانەی ئاپارتایدی جێندەری بەسەر نیوەی کۆمەڵگا واتە ژناندا سەپاندووە و بەردەوام بەپێی یاسا و ڕێسای کۆنەپەرستانە، سووکایەتییان پێدەکات و ئەزیەت و ئازاریان دەدات،
دەسەڵاتێک کە بە سەپاندنی سیستماتیکی ستەمی نەتەوەیی بەسەر خەڵکی کورد و نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی ئێراندا، گوشارەکانی ئەم هەژاری و بێ مافیانەی بەسەریاندا دوو هێندە کردووە، دەسەڵاتێکی کە بە میلیتاریزەکردن و بێ پلانی و ڕانتخۆری و گەندەڵی، ژینگەی وێرانکردووە، دەسەڵاتێکی کە تەنانەت توانای دابینکردنی گاز و کارەبای پێویستی هاوڵاتیانیشی نییە و دەیان ملیارد دۆلاری لە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە و بەرهەمی ڕەنج و چەوسانەوەی ئەم خەڵکەی، لە پێناو ئامانجە کۆنەپەرستانە ناوچەییەکانی و هەروەها دەستەبەرکردنی قووڵایی ستراتژیک بە مەبەستی مانەوەی خۆی بەفیڕۆداوە، هەوڵی لەم چەشنە نیشانەی داماوی و سەرلێشێواوی ئەم دەسەڵاتەیە و لەڕاستیدا بە دەستی خۆی، پێویستییەکانی لەناوچوونی خۆی فەراهەم دەکات.
ئێمە، ئەم کردەوە سەرکوتگەرانەی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بە توندی ئیدانە دەکەین و داوا لە سەرجەم حیزب و ڕێکخراو و لایەنە سیاسییە پێشڕەو و پێشکەوتنخوازەکان دەکەین کە لە بەرامبەر دەرکردنی سزای کۆنەپەرستانەی ئێعدام بۆ هەڵسووڕاوانی سیاسیی، لەوانە پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، بێهروز ئێحسانی، مێهدی حەسەنی، موجاهد کورکور، عەباس دریس، مێهراب عەبدوڵڵازادە و زیندانیانی تری مەحکووم بە ئێعدام، بێدەنگ نەبن و بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن لە دژی دەسەڵاتدارێتی ئیسلامی و جێبەجێکردنی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە، خۆڕاگریی بکەن.
هەروەها ویستی ئازادی تەواوی دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییانە و سەرجەم زیندانیانی سیاسی، بکەن بە ویست و داواکارییەکی گشتی. ئەوەی لە کۆماری ئیسلامی ماوەتەوە، تەنیا بریتییە لە دام و دەزگا سەرکوتگەرەکەی، کە ئەوەش بە خەبات و بەرخۆدانی جەماوەریی و ڕێکخراو، پووچەڵ دەکرێتەوە. ئێمە هەروەها داوا لە هەموو حیزبەکان، ڕێکخراوەکان و ناوەند و کەسایەتی و هێزە پێشکەوتنخوازەکان دەکەین بە هەر شێوەیەک کە دتوانن لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان، ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، کۆتایی هێنان بە گرتن و لێپێچینەوە و گوشار بۆ سەر هەڵسووڕاوان و بنەماڵەکانیان تێبکۆشن. بەتایبەت هەوڵی بەپەلە و لە ئاستێکی بەربڵاو و جەماوەریدا بۆ ڕزگارکردنی گیانی پەخشان عەزیزی کە لە سەروبەندی لەسێدارەداندایە، گەلێک پێویستە.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی
١٢ی ژانویەی ٢٠٢٥ی زایینی