ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٣٠ی به‌فرانبار، حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ڕاگه‌یاندنێكی هاوبه‌ش دا خوازیاری به‌شداری به‌رینی خه‌ڵكی ئازادیخوازی كوردستان له مانگرتنی گشتی ڕۆژی چوارشه‌ممه ٣ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٣ دژ به حوكمی ئێعدامی په‌خشان عه‌زیزی و وریشه مورادی بوون.
له به‌شێكی ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌دا وێڕای ئاماژه‌دان به باردووخی خراپی ڕژیم له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاماری ئێعدامه‌كان له ئێران هاتووه، ئه‌و بانگه‌وازه وڵامێكی مه‌ده‌نی دژ به سیاسه‌تی سه‌ركوتی كۆماری ئیسلامییه و به مه‌به‌ستی پشتیوانی له به‌ندكراوانی سیاسی به‌شدار له كارزاری سێشه‌ممانه‌ی نا بۆ ئێعدام ڕێك خراوه. حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوایان له خه‌ڵكی ئازادیخوازی كوردستان كردووه به شێوه‌یه‌كی به‌رین په‌یوه‌ست به‌و مانگرتنه گشتیه دژ به نادادپه‌روه‌ری بن و هه‌نگاوێكی به‌هێز بۆ ڕزگاركردنی گیانی مرۆڤه‌كان هه‌ڵ بگرن.