ئەمڕۆ هەینی ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵەیە. هاتنی ئەم ڕۆژە لە هەموو هاوڕێیانی حیزبی و سەرجەم هۆگرانی ئامانج و ئارمانەکانی کۆمەڵە پیرۆزبایی دەکەین. ڕێز دەگرین لە یادی ئازیزی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و ڕێز و پێزانینی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە سەربەرز و خۆڕاگرەکانیان دەکەین.کۆمەڵە کە لە ئێستادا ٤٦مین ساڵی دەستپێکی چالاکیی ئاشکرای جێژن دەگرین، پەنجا و پێنج ساڵ لەمەوبەر لە پاییزی ساڵی ١٣٤٨دا و لە جەرگەی بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیی ڕوو لە ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگای ئێراندا، لە لایەن ژمارەیەک خەباتکاری شۆڕشگێڕەوە کە زۆربەیان لە زانکۆکانی ئێران دەیانخوێند دامەزرا. کۆمەڵە لە باروودۆخێکدا پێکهات کە داڕمانی نیزامی فێئۆدالی و زاڵبوونی نیزامی سەرمایەدری لە ماوەی دە ساڵدا پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی شار و گوندەکانی ئێرانی بەخێرایی گۆڕیبوو. ملیۆنان کەس لەو خۆشنشین و زەحمەتکێشانەی کە سەهمێکیان لە ڕیفۆرمی ئەرزیی شا نەبردبوو، لەگەڵ ملیۆنان جووتیاری هەژار کە توانایی دانی قیستی ئەو زەوییانەیان نەبوو کە دەبوو بیدەنە ئەربابەکانی پێشوو، ڕوویانکردە شارەکان و بە هیوای دیتنەوەی کار و بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتی شاری، لە پەراوێزی شارەکان و “حەڵەبی ئاوا و مەجبوورئاواکاندا” نیشتەجێ بوون. بەمجۆرە ئەوان بوونە هێزی کاری هەرزانی بۆنگاکانی سەرمایەداریی نوێ. پەرەسەندنی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە و چڕبوونەوەی لە شارەکاندا، سیمای سیاسیی کۆمەڵگاشی گۆڕی. هەموو پرسە کۆمەڵایەتییەکان کەوتبوونە ژێر کاریگەریی ئەم ئاڵوگۆڕەوە. ناتەبایی نوێ سەریان هەڵدا. خەڵکی هەژاری پەراوێزی شارەکان، خوازیاری سەرپەنای گونجاو و خزمەتگوزاریی سەرەتایی شاری بوون، کێشمەکێشی کرێکاران لە کارگەکان، کارخانەکان و ناوەندەکانی کار لەگەڵ خاوەنانی دەسەڵات و سەروەت، لەسەر سەرەتاییترین مافەکانیان و بەهرەمەندبوون لە پێداویستییەکانی ژیانێکی شیاوی ئینسان، بە پانتایی هەموو ئێران لە ئارادابوو. وەها باروودۆخێک پێویستی بە وڵامێکی شایستە بوو.
هەستە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە پێکهاتوو لە ڕووناکبیرانی شۆڕشگێڕ کە سۆسیالیزمی زانستی و ئاگایی مارکسیستییان کردبووە ڕێنمای چالاکییەکانی خۆیان و لەگەڵ خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان هاودڵییان هەبوو، هەوڵیاندا تا بە خۆڕێکخستن لەناو ڕێکخراویکی سیاسیدا، بارتەقای توانایی خۆیان وڵامی پێداویستییەکانی خەباتی ئەو قۆناغە بدەنەوە. هەڵوێستی چالاکانی کۆمەڵە هەر لە سەرەتاوە گرێدراوی ژیان و خەباتی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا بوو. کەم نەبوون ئەو چالاکانەی کۆمەڵە کە کاروانەکانی کرێکارانی کوردستانیان تا کانەکانی سمنان و دامغان، تا بارەندازەکانی بەندەرعەباس، ئەهواز و ئابادان، کرمان و ڕەفسەنجان، تا تاران و ئیسفەهان، هاوڕێیەتی دەکرد و شان بە شانیان کاریان دەکرد و لەناویاندا تۆوی وشیارییان دەچاند، ئەوانیان لەگەڵ ڕیشەکانی دەرد و ڕەنج و نەهامەتییەکانی دنیای سەرمایەداری و ڕێگاکانی ڕزگاربوون لە چنگ ڕەنج و ستەم و چەوسانەوە، ئاشنا دەکرد. مانگرتن و خەباتیان ڕێکدەخست و ڕێبەرییان دەکرد. بە وەها پێشینەیەک لە ٩ ساڵ چالاکی لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ڕژیمی پەهلەوی بوو کە کۆمەڵە پێی نایە ناو قۆناغی شۆڕشگێڕانەی ساڵی پەنجا و حەوتەوە. کادر و چالاکانی ڕیزەکانی کۆمەڵە بەخێرایی لەناو زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازدا بوون بە کەسایەتیی ناسراو و پێشڕەو و جێگای متمانەی جەماوەری ڕاپەڕیو و بوون بە ڕێبەری خەباتی جەماوەریی لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان.
ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ هاوڕێ محەممەد حسێن کەریمی لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە حاڵێکدا کە ڕاپەڕێنێ خەڵکی سەقزی دژبە ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی شا ڕێبەری دەکرد، لەلایەن چەکدارانی ڕژیمی شاوە تەقەی لێکرا و لە ٢٦ی ڕێبەنداندا بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستتی بۆ ڕزگاریی کرێکاران و زەحمەتکێشان، گیانی بەختکرد. هەر لەو ڕۆژەدا کۆمەڵە دەستپێکی چالاکیی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند. لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران کەس لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەباتکارانی شۆڕشگێڕ بە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە پەیوەست بوون. ڕێبەرانی کۆمەڵە بوون بە هەوێنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی مەزن لە سەرتاسەری پارێزگا کوردنشینەکانی ڕۆژاوای ئێران. ناوبانگی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی لە کوردستان سنوورەکانی ئەم ناوچەیەی تێپەڕاند و ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسووڕاوانی کۆمۆنیست لە سەرتاسەری ئێرانەوە ڕوویانکردە ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوە.
ڕێبەران و چالاکانی کۆمەڵە بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، کەسایەتییەکی نەناسراو نەبوون. بەڵکوو هەمان یارانی دێرینی ئەوان، خەباتکارانی خۆڕاگری ناو زیندانەکانی ڕژیمی شا، هەڵسووڕاوان و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کریکاران و جووتیاران، ڕێبەرانی خاوەن نفووزی جەماوەری بەرینی خەڵک و ڕێبەرانی سەردەمی ڕاپەڕین و شۆڕشی ئەوان بوون. کۆمەڵە پاش ڕووخانی ڕژیمی شا لە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧، ڕێکخستنی خەباتی گشتی و جەماوەریی، ڕێبەریی موقاومەت و خۆڕاگریی لە بەرامبەر هێرشی دژەشۆڕشی کۆماری ئیسلامی، خۆڕاگری لە بەرامبەر کۆنەپەرستانی خۆجێیی، دیفاع لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراوی کۆمەڵگای کردە ئەولەوییەتی کار و چالاکییەکانی خۆی. ئەوەیکە لەدوای ڕاپەڕینی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧، چارەنووسی ئەم ڕێکخراوەی بە چارەنووسی ملیۆنان ئینسانی ستەملێکراو و تینووی ڕزگارییەوە گرێدا، خۆڕاگریی کۆمەڵە لە بەرامبەر دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا بوو. دیفاع لە جووتیاران لە بەرامبەر خاوەن مڵک و دەرەبەگەکان، دیفاع لە زەحمەتێکشانی گوندەکان لە بەرامبەر داگیرکردنی زەوییەکان، دیفاع لە ژنان لە بەرامبەر کۆنەپەرستیی زاڵ و کلتوور و سوننەتی پرتووکاوی پیاوسالاری، دیفاع لە کرێکاران لە بەرامبەر سەرمایەداران، دیفاع لە چەکدارمانەوەی خەڵک و هەوڵ بۆ چەکدارکردنی زەحمەتکێشان، پێکهێنانی جەمعییەتە دیمۆکراتیکەکان، پێکهێنانی شۆڕای شاری سنە کە بەڕەسمی، بوونی خۆی بەسەر دەوڵەتی کاتیدا سەپاند، پێکهێنانی شۆڕای گەڕەکەکان (بنکە)، پێکهێنانی یەکێتیی جووتیاران، شۆڕاکانی ژنان و خوێندکاران، لە زومرەی بوارەکانی چالاکیی کۆمەڵە لەم دەورەیەدایە. ڕێکخستنیحەرەکەتێکیگەورەیوەککۆچیمێژووییخەڵکیشاریمەریوانوڕێکخستنیباقیخۆپیشاندانوڕێپێوانەکانیدیکە،کەسەمبۆلیبەشداریکردنیڕاستەوخۆیخەڵکلە
خەباتی سیاسیدا بوون، بووە هۆی ئەوەیکە کۆمەڵە بتوانێ پاش هێرشی نیزامیی ڕژیمی ئیسلامیش، ببێتە ئاڵاهەڵگری خۆڕاگریی جەماوەریی و چەکدارانەی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە پەلاماری هێزی داگیرکەر و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی.
هێرشی ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بۆسەر کوردستان بەزەبری خۆڕاگریی فیداکارانەی خەڵک و هێزەکانی پێشمەرگە تێکشکێندرا. پاش ئازادکردنی شارەکان لە خەزەڵوەری ١٣٥٨دا، ڕژیم بەچۆک داهات و ڕیاکارانە دەستیدایە وتووێژکردن. لێبڕاویی و کارزانیی کۆمەڵە لە وتووێژکردن لەگەڵ ڕژیم لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی بزووتنەوە و بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و پەرەپێدانی دیمۆکراسی، ڕێکخستنی هەرچی بەرینتری چالاکیی وشیاریدەرانە لە ماوەی دوو لەشکرکێشیی ڕژیم بۆسەر کوردستان، بۆ جارێکی دیکە توانایی کۆمەڵەی لە هێنانە مەیدانی جەماوەر و لە ڕێبەریکردنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، بەڕوونی نیشان دا.
ئەمڕۆ کۆمەڵە بە هەموو تواناوە هەوڵ دەدات کە پرسی بزووتنەوە و خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەباتی ڕزگاریبەخشی چینی کرێکار و خەڵکی هاوچارەنووسی ستەملێکراو و بێبەش لە ئاستی سەرتاسەریدا بەیەکەوە گرێبدات. بێگومان کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی هاوڕێ و هاوشان لەگەڵ خەباتی جەماوەری چەوساوە و مافخوازی کوردستان، ئەم ڕێگایە تا کۆتایی و تا گەیشتن بە دواڕۆژی سەرکەوتن، سەربەرزانە درێژە پێدەدات.